کاوسێن بابەکر : بانگەوازەکەی بارزانی دەرفەتێک بۆ ئاشتبوونەوە .
ئێستا هەرێم بەدۆخێکدا تێدەپەڕێ کە بارگاوییە بە گرژی سیاسی و قەیرانی ئابوری ، دۆخێک هەموان خۆیان بەلەسەر هەق و بەرانبەراکانیان بە تۆمەتبار دەزانن و کەسیش ئامادە نییە بەرپرسیاری هیچ نەبێ بەشێک لە کەم و کوڕیەکان هەڵگرێ .
پارتی دێموکرات و خودی بارزانی بەو حوکمەی زۆربەی دەستەڵاتەکانیان لەدەستە و ئەوان هۆکاری سەرەکی پەکخستنی پەرلەمان و ، وە دەرنانی وەزیرەکانی گۆڕان بوون ، بە پلەی یەکەم ئەرکی ئاسییکردنەوەی دۆخەکەو چالاکردنەوەی پەرلەمانیش هەر لەئەستۆی ئەوان دایە ، ناکرێ خۆیان بە بەرپرسی سەرەکی ئەم دۆخە نەزانن . لەو ڕوانگەیەوە ئەگەر ئەم بانگەوازەی بارزانی هەڵسەنگێنین ، وەڵامدانەوە و بەپیرەوە چوونی زەمینەیەک دەبێ بۆ گفتوگۆ لەسەر کێشەکان و قسەکردن لەسەر ئەو ئالیەتانەی دووبارە ئاشتەوایی دەخوڵقێنن و سەرلەنوێ یەکڕیزی نێو ماڵی کورد دەبێتەوە ئامانجی سەرەکی هەموان .
خۆدزینەوە لەوەڵامدانەوەی ئەم بانگەوازە بەئەرێنی بەهەر بیانوویەک بێ من پێموایە دۆخەکە خراپترو دەرفەتەکان کەمتر دەکاتەوە . ئەم بانگەوازە هەرچەند لەناوەرۆکدا تەنها بۆ قسەکردنە لەسەر مەسەلەی ڕیفڕاندۆم بەڵام خودی ڕیفڕاندۆم پێویستی بە لێککەگەیشتن و ئاشتەوایی نیشتمانی هەیە چونکە ئەم پرسە پرسێکی هەمەکیەو هیچ کەس و حزب و لایەنێک یان چەند لایەنێک ناتوانن بیخەنە ڕێ ئەگەر تاک تاکی هاوڵاتیان پشتیوانی لێ نەکەن ، ئەوە بەرپرسیارەتیەکی مێژووی و گەورەی وایە کەس ناتوانێ بۆخۆی قۆرخی بکات یان بیکاتە دروشم و دەستەواژەیەک بۆ مەبەستی تاکتیکی سیاسی ، ئەو پرسە ـ پرسێکی چارەنوسسازەو سەدان ساڵە ئەم گەلە قوربانی بۆدەدات و ناکرێ کەسێک یان حزبێک یان چەند حزب و لایەنیک بیکاتە ماڵی خۆی و حزبەکەی ، بارزانی بەم بانگەوازەی پێمان دەڵێ با پێکەوە قسە لەم پرسە بکەین ، ئێوەش دەکرێ زەمینەسازی ئەم پرسەی بۆ شیبکەنە ، ئەوەش سەرەتا پێویستی بەوەهەیە سەرچەم لایەنە سیاسیەکان تەباو و رەبابن و پێکەوە کار بۆ پرسەکە بکەن ، ئەوەش ئەوکاتە دێتە دی بارزانی گوێ لەلایەنە سیاسیەکان بە گۆڕانیشەوە بگرێ و کێشەو عینادیە کەسی و حزبیەکان وەلانێن و ئاشتەوایی نیشتمانی بکەن بەدروشمی ئەم قۆناخە کە بناغەی ڕیفڕاندۆمێکی سەر کەوتو فەراهەم دەکات .
یەکێتی نیستمانی لەدواکۆبوونەوەی مەکەتەب سیاسیەکەیدا ، دووبارە جەختی لەسەر مەبدەئی ڕیفڕاندۆم وەک مافێکی ڕەوای خەڵکی کوردستان بۆ مافی چارەنوس کردەوە ، کەهەمیشە بەدرێژایی خەباتی شاروشاخ دروشمی سەرەکی یەکێتی بووە .. جەختیشی لەوە کردەوە کەدەرگاکانی یەکێتی هەمیشە کراوە دەبن بۆ گفتوگۆو دیالۆگی جدی لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و پتەوکردنی برایەتی و تەبایی نێو ماڵی کورد .