ئاریتما موحه‌ممه‌دی : ئایا ڕاگرتنی خه‌بات وه‌ك ده‌سپێكردنه‌وه‌ی له‌و چه‌شنه درووست بوو .
ئیستا ده‌بێ وەڵامی پارته‌كانی ڕۆژهه‌ڵات و به‌تاییبه‌ت دیموكراته‌كان بۆ هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی خه‌باتی چه‌كداریی له دژی ڕژیمی ئێران بۆ هێزه‌كانی باشوور ئه‌وه بێ ، كه ئێوه بۆخۆتان ڕێز له سه‌روه‌ریی هه‌رێمه‌كه‌تان ناگرن و خه‌ریكن ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی كه به‌هۆی هه‌لومه‌رجی ناوچه‌یی و به تاییبه‌ت له‌به‌ر هه‌ڵه‌كانی ڕژیمی ڕۆخاوی ئێراق به‌ده‌ست هاتوون له‌نێوی ده‌به‌ن و چه‌ندین مانگه حوكوومه‌ت و پارلهمانهكهتان په‌كخراون و توانای ئیداره‌كردنی هه‌رێمه‌كه‌تان نه‌ماوه و هه‌ر پارت و ڕێكخراوێكیشتان باڵبه‌ستی وڵاتێكی دراوسێیه و سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌ییتان پێشێل كردووه ، هه‌روه‌ها هه‌رێمه‌كه خاوه‌ن یاسای بنه‌ڕه‌تیی نییه و ئیستاش به یاساكانی سه‌رده‌می ڕژیمی پێشوو ژیانی ڕۆژانه‌ی كۆمه‌ڵگا به‌ڕێ ده‌كه‌ن . ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵگای باشوورتان جیره‌خۆر بارهێناوه و به‌مه‌ش ئابووریی ئه‌م هه‌رێمه‌تان ڕۆخاندووه ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌وت ده‌فرۆش و ته‌نانه‌ت ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی كه له ڕێگای باجه‌وه له هه‌رێم ده‌ستتان ده‌كه‌وێت ناتوانن مووچه‌ی پێ دابین بكه‌ن .
ئیستا چۆن ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌تان له هێزه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات هه‌یه كه جارێك له‌به‌ر ناسكیی دۆخی سیاسیی و ئابووریی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستیان له خه‌باتی خۆیان كشانده‌وه ، ڕه‌خنه بگرن و بڵێن كه ئێوه خه‌ریكن ئارامی هه‌رێمی كوردستان ده‌خه‌نه مه‌ترسییه‌وه و پێویسته كه جارێكی دیكه ده‌ست له خه‌باتی خۆتان هه‌ڵبگرنه‌وه . له ڕاستیدا ئێوه خۆتان ئارامیی ، ئاشتیی و ئاساییشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌م هه‌رێمه‌تان خستووه‌ته مه‌ترسییه‌وه ، نه‌ك ئێمه هێزه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات . ئه‌وه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان نیین كه په‌كی داموده‌زگای هه‌رێمیان خستووه و پارله‌مانیان هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه و هێزه‌كانی باشووریان باڵبه‌ستی وڵاتانی دراوسێ كردووه ، ئێوه چۆن هێزه‌كانی دیكه به ئاڵۆزكردنی دۆخی هه‌رێم تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن ! دڵنیابن كه دۆخی هه‌رێم له‌وه زیاتر ئاڵۆز نابێ و ئه‌وه‌نده به‌سه كه ئاسۆی گه‌شی ئه‌و هه‌رێمه به‌ره‌و لێڵی ببه‌ن .
هه‌ر له سه‌ره‌تادا ده‌ست هه‌ڵگرتنی پارته‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له خه‌باتی خۆیان له دژی ڕژیمی ئێران له‌به‌ر هه‌رێمی كوردستان و پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی باشووری كوردستان هه‌ڵه بوو . چونكه ده‌ستكه‌وته‌كانی باشووری كوردستان به‌رهه‌می خه‌بات و تێكۆشانی پارته‌كانی هه‌رێمی كوردستان نه‌بوو ، به‌ڵكوو ئه‌وه‌یكه هۆكاری سه‌ره‌كیی هاتنه‌ئارای ئه‌و ده‌رفه‌ته بۆ باشووری كوردستان بوو ، هه‌ڵه ستراتیژییه‌كانی ڕژیمی سه‌ددام حسێن بوو . ئه‌گه‌ر ڕژیمی ئێراق هێرشی نه‌كردایه سه‌ر كۆیت و هه‌ڕه‌شه‌ی داگیركردنی وڵاتانی كه‌نداوی نه‌كردایه ، بێگومان درووست بوونی هه‌لومه‌رجی له‌و چه‌شنه بۆ باشوور چاوه‌ڕوان نه‌كراو بوو . به تاییبه‌ت ئه‌و كاته‌ی كه تێكڕای پارته‌كانی باشووری كوردستان كه له دژی ڕژیمی ئێراق خه‌باتی چه‌كدارییان ده‌كرد ئاودێوی سنووره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ببوون و له‌نێو خاكی باشووری كوردستاندا بوونیان نه‌مابوو .
هیوادارم ده‌ستكه‌وته‌كانی باشووری كوردستان له ئاسته جیاوازه‌كانی سیاسیی و دیپلۆماسیی وه‌ك ئه‌م په‌نده كوردییه نه‌بێ كه ده‌ڵێ ؛ نانێ با هێنابێتی هه‌ر باش ده‌یبا . واتا ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌ی باشووری كوردستان خۆكرد نه‌بوون ، به‌ڵكوو به‌رهه‌می ئاڵۆزیی ناوچه‌كه و هه‌لومه‌رجی ناوچه‌یی هێنانییه كایه‌وه و له پاش ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی كه به‌ده‌ستی ڕژیمی پێشووی ئێراق تووشی نه‌ته‌وه‌ی كورد بوون و ڕژیم پلانی قڕكردنی نه‌ته‌وه‌ی كوردی داڕشت. لووتكه‌ی سیاسه‌تی فاشیستییانه‌ی ڕژیمی ئێراق ده‌رهه‌ق به نه‌ته‌وه‌ی كورد كۆچڕهوهكهی هێنایه‌كایه‌وه و ئه‌مه‌ش ژیانی سیاسیی له هه‌رێمی كوردستان به ئاره‌سته‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی سیاسی‌دا برد . لێره‌دا مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه هه‌ڵه‌كانی ڕژیمی پێشووی ئێراق هۆكاری سه‌ره‌كیی درووست بوونی هه‌رێمی باشووری كوردستان بوو ، ئه‌و هه‌رێمه‌ی كه دواتر به پیلانی ناوچه‌یی و نه‌بوونی یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی تووشی شه‌ڕی برا كوژیی بوو و هێزه سیاسییه‌كانی پتر له داگیركه‌رانی كوردستان ڕۆڵه‌ی كوردیان له‌نێوان خۆیاندا و به ده‌ستی خۆیان كوشت و به كوشت دا . ئیستاش كێشه و ئاڵۆزیی نێوان لایه‌نه‌كانی باشوور بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌كه خۆری ئه‌و هه‌رێمه به‌ره‌و ئاوابوون بڕوات و گه‌نده‌ڵیی سیاسیی ، ئابووریی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی له ئاسته جیاوازه‌كان گه‌ییشتووه‌ته لووتكه .
كێشه‌ی سه‌ره‌كیی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه كه یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌ییان نییه و هه‌ر لایه‌نێك باڵبه‌ستی وڵاتێكی هاوسێیه ، به تاییبه‌ت وڵاتانی داگیركه‌ری كوردستان له درووستكردنی ئاڵۆزیی و نانه‌وه‌ی تۆی ئاژاوه و دووبه‌ره‌كیی له نێوان حیزبه‌كانی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان ڕۆڵی سه‌ره‌كیی ده‌گێڕن، هه‌موو لایه‌نه‌كانیش ئاگاداری ئه‌و ستراتیژییه‌ی وڵاتانی دراوسێن ، به‌ڵام له‌به‌ر دابه‌شبوونی هێزه ناوچه‌ییه‌كان هه‌ر لایه‌نێكی سیاسیی باشوور كه‌وتووه‌ته به‌ره‌ی جیاوازه و ئه‌م دابه‌شبوونه‌ش كاریگه‌ریی نه‌رێنیی له‌سه‌ر خه‌باتی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و حیزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات داناوه ، به‌ڵام نه‌بوونی ستراتیژیی سیاسیی و نه‌ته‌وه‌یی هۆكاری قووڵبوونه‌وه‌ی كێشه و قه‌یرانه‌كانی باشووری كوردستانه و ئه‌مه‌ش وزه‌ی سڕ كردوون و پتر له قه‌یراندا چهقاندوونی .
له‌به‌ر ئه‌مه هه‌ر له سه‌ره‌تادا دهشتنشینبوونی لایه‌نه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات له باشوور ، خه‌باتی ڕۆژهه‌ڵاتی له گۆشه‌نیگای هێزه‌كانی باشووره‌وه بێباییخ كرد ، چونكه هیچكام له پارته‌كانی باشوور ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌یان له هێزه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات نه‌بوو كه له‌به‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌ست له خه‌بات و تێكۆشان له دژی ڕژیمی ئێران هه‌ڵگرن . بۆیه كاتێ كه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان ده‌ستیان له خه‌باتی چه‌كداریی كێشایه‌وه و ئارهستهكهیان به‌ره‌و گه‌رمه‌سێر و پێده‌شته‌كانی باشوور گۆڕیی ، هێزه‌كانی باشوور وا تێگه‌ییشتن كه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان هیوایان به خه‌بات نه‌ماوه و ئیتر ناتوانن وه‌ك جاران له دژی ڕژیمی ئێران ده‌ست به خه‌باتی چه‌كداریی بكه‌نه‌وه ، واتا هه‌ستیان كرد كه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان نسكۆیان به شۆڕشه‌كه‌یان هێناوه . چونكه ئه‌وان له‌به‌ر ڕۆژهه‌ڵات قه‌د ده‌ست له خه‌باتی خۆیان هه‌ڵناگرن و ته‌نانه‌ت بۆ زه‌بر وه‌شاندن له ڕۆژیمی ئێراقی ئه‌و كات ده‌ستیان له گه‌ڵ ڕژیمی ئێران تێكه‌ڵ كرد ، ( كردارێك كه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان نه‌یانكرد و پێیانوابوو كه ئه‌خلاقیان له سیاسه‌تدا به‌كار هێناوه ) .
به‌ڵام ئه‌م پرسه له چه‌مكی سیاسیی له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا جێی نابێته‌وه و بۆ مشت‌ومڕ نابێ و كه‌سیش باوه‌ڕی پێی نییه . چونكه تاكوو ئیستاش سیاسه‌ت وه‌ك كه‌ره‌سته‌ی خزمه‌تكردن به كۆمه‌ڵگا پێناسه ناكرێت ، به‌ڵكوو به هێمای ده‌سه‌ڵاتخوازیی و سهرمایهكۆكردنهوه هه‌ژمار ده‌كرێت ، زۆرجار سیاسییه‌كان به‌هۆی به‌ڵێنی بێبنه‌ما و جێبه‌جێنه‌كردنی بهڵێنییهكانیان له‌هه‌مبه‌ر كۆمه‌ڵگه هێما و پێناسه‌یه‌كی دیكه‌یان به سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات به‌خشیوه كه ئه‌ویش درۆیه ، هه‌نووكه شه‌قام وه‌ك كهسایهتیگهلی بێمتمانه سه‌یری سیاسییه‌كان ده‌كات ، چونكه نه‌یانتوانیوه بهڵێنییهكانیان له به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگا جێبه‌جێ بكه‌ن . ئه‌مه ڕوانگه‌ی چینه‌كانی كۆمه‌ڵگا له هه‌رێمی كوردستان ، ئێران و زرۆبه‌ی وڵاتانی ئه‌فریقایی و ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاسته به‌ده‌ر له وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بیی .
به‌ڵام ده‌بێ له پێوه‌ندیی به هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی خه‌باتی چه‌كداریی له ڕۆژهه‌ڵات ئاماژه به‌وه بكه‌م كه ئیتر دۆخی سیاسیی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئه‌وه ناخوازێت كه هه‌ر هێزێك به ته‌نیا ده‌ست به خه‌باتی چه‌كداریی بكاته‌وه . ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی خه‌باتی چه‌كداریی له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئه‌وه‌یه كه گیانێكی نوێ بكهنهبهر خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی كورد له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و پاشه‌كشێ به ڕژیم بكرێ و ستراتیژییه‌كانی ڕژیم له دژی نه‌ته‌وه‌ی كورد تێكشكێنرێ ، ئه‌وا پێویسته كه به‌ره‌ی كوردستانیی پێكبێت یانخود هه‌موو هێزه‌كان له‌ژێر چه‌ترێكی نه‌ته‌ویی و هاوبه‌شدا كۆبكرێنه‌وه و هه‌مووان پێكه‌وه یه‌كده‌ست و یه‌كهه‌ڵوێست هێزی پێشمه‌رگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان پێك بهێنن و حوكوومه‌تێكی كاتیی نوێ بۆ ڕۆژهه‌ڵات درووست بكه‌ن و له چوارچێوه‌ی ئه‌و حوكوومهتهدا هێزه‌كانیان یه‌كبخه‌ن و ئه‌وكات له دژی ڕژیمی ئێران خه‌باتی سیاسیی و دیپلۆماسیی ده‌ست پێبكه‌نه‌وه .
ئه‌گه‌ریش مه‌به‌ست كۆكردنه‌وه‌ی باجه بۆ بره‌ودان به خه‌باتی سیاسیی حیزبیی و پاش ماوه‌یه‌كی دیكه‌ش كه ئاو له ئاش نیشته‌وه ، كۆتایی به‌و گرژییانه ده‌هێنرێ ، كێشه‌یه‌كی ئه‌وتۆ پێش نایه‌ت ، ته‌نیا ژیانی ده‌یان پێشمه‌رگه و ڕۆڵه‌ی كورد ده‌بێته قوربانیی ، ئه‌مه‌ش پێویستی به ده‌ست پێشخه‌ریی سیاسیی و نه‌ته‌وه‌یی نییه . به‌ڵام پێویسته هه‌موو كات ئه‌وه له به‌رچاو بگیردرێت كه چه‌ندین پارتی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان خاوه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌ی حیزبین و زۆربه‌ی ئه‌و هێزانه‌ش كه خاوه‌ن پێشمه‌رگه‌ی چه‌كدارن هه‌ر له‌و پارتانه جیابوونه‌ته‌وه كه چه‌ندین ساڵ ئه‌زموونی خه‌باتی سیاسیی و چه‌كدارییان له ڕۆژهه‌ڵات هه‌یه ، ئه‌مه‌ش به مه‌ترسیی بۆسه‌ر گیانی پێشمه‌رگه‌ی حیزبه‌كان هه‌ژمار ده‌كرێت ، چونكه زۆربه‌ی ئه‌و هێزانه پێوه‌ندیی ئاساییان له‌گه‌ڵ یه‌كتر نییه و به‌شێكیشیان له‌سه‌ر نێو و نێۆڕۆك و مێژووی سیاسیی حیزبه‌كه‌یان كێشه‌یان پێكه‌وه هه‌یه ، ئه‌گه‌ر به‌و چه‌شنه هێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌موو حیزبه‌كان كه هه‌ركام خاوه‌ندارێتی له پڕۆژه‌یه‌كی سیاسیی و ستراتیژیی ده‌كات بگه‌ڕێنه‌وه ڕۆژهه‌ڵات به تاییبه‌ت ئه‌و حیزبهكانهی كه دانوویان پێكه‌وه ناكوڵێ ، ئه‌گه‌ری شه‌ڕی براكووژی و دووپات بوونه‌وه‌ی ئه‌زموونی باشووری كوردستان له ئارادایه . به‌مه‌ش ته‌نیا ماڵی كورد وێران ده‌بێ و نه‌یارانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان پتر دڵخۆش ده‌بن و ڕۆڵه‌ی كوردیش خوێن و ژیانی به‌فیڕۆ ده‌چێت .
كورد هه‌میشه خۆی ڕۆڵ و هێزی خۆی لاواز كردووه و وزه‌ی خۆشی بۆ ستراتیژیی و پلان و پڕۆژه‌ی بێ باییخ به فیڕۆ داوه . بێگومان خه‌باتی سیاسیی و چه‌كداریی له‌و چه‌شنه‌ش ده‌بێته هۆی ئاڵۆزیی زێتر له نێوان حیزبه‌كان و پتر كاریگه‌ریی نه‌رێنیی له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی كورد داده‌نێت و مه‌ترسییدارترین كاریگه‌ریی نه‌رێنیی ئه‌و شه‌ڕه نێوخۆییهش ئه‌وه‌یه كه كۆمه‌ڵگا دابه‌ش ده‌كات و ئه‌مه‌ش له باشووریی كوردستان ده‌بینین كه چۆن درزی نێوان پارته‌كان پڕ نابێته‌وه و داگیركه‌ران و نه‌یارانی كوردیش به‌رده‌وام له‌و درزه كه‌ڵكی نابه‌جێ وه‌رده‌گرن و له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و دژبه بزووتنه‌وه‌ی كورد به‌كاری دێنن . به‌ڵێ ، ئاڵۆزییه‌كانی باشوور ، نه‌بوونی یه‌كێتی و ستراتیژیی نه‌ته‌وه‌یی به‌رهه‌می ئه‌و زام و برینانه‌ن كه حیزبه‌كانی كوردستان له‌سه‌ر له‌ش و جه‌سته‌ی یه‌كتر به‌جێیان هێشتوون و تیماركردن و ساڕێژكردنی ئه‌و برین و زامانه‌ش خه‌یاڵێكی دووره . نابێ سه‌ركرده‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتیش وه‌ك هندێك سه‌ركرده‌ی باشوور پێیان وابێ كه شه‌ڕی براكووژی شتێكی ئاساییه و له زۆربه‌ی وڵاتان ڕووی داوه و با له‌نێو نه‌ته‌وه‌ی كوردیشدا ڕوو بدات . كه‌واتا هه‌ر هه‌وڵێك له‌و پێوه‌ندییه‌دا پێویستی به وردبینیی زیاتره و گرینگه كه به ئه‌سپاییه‌وه هه‌نگاو هه‌ڵگیرێن ، نه‌كا دۆخه‌كه بشڵه‌قێت و وه‌ك مین پێمان‌دا بته‌قێته‌وه ، چونكه هه‌ر خۆمان تێدا ده‌چین .