دکتۆر جەبار قادر : لێکەوتەکانی ئاشتبوونەوەی تورکیا لە گەڵ ڕووسیا و ئیسرائیل ـ بەشی دووەم .
پەلاماری هاوپەیمانی خوێنڕێژ
پەلامارەکەی داعش لە فڕۆکەخانەی ئەستەموڵ بۆ چەندەمین جار ئەو ڕاستییەی بۆ هەموو لایەک دووپات کردەوە ، کە یاریکردن بە ئاگری هێزگەلی تیڕۆریست و خوێنڕێژی ئیسلامی زۆر نابات بە دەستی یاریکەراندا دەتەقێتەوە . کاتێ ئەردۆگان و هاوبیرانی لە پارتی داد و گەشەپێدان لە هەوڵی ئەوەدا بوون داعش و گروپە خوێنڕێژەکانی تری توندڕەوانی ئیسلامی بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکاربێنن ، بیریان لەوە نەدەکردەوە ڕۆژێک دێت ئەم گروپانە بەو شێوەیە لێیان هەڵدەگەڕێنەوە و وەک مار پیانەوە دەدەن . فۆبیای کورد ، خەونی لەنێوبردنی ڕژێمی بەشار ئەسەد و جێگیرکردنی دەسەڵاتی برایانی موسڵمان لە سوریا و وڵاتانی تر کوێری کردن و ڕێگەی ئەوەی لێگرتن ڕاستییەکان وەک خۆیان ببینن و دەست بۆ ئەم یارییە ترسناکە نەبەن . ئەزمونی گروپە ئیسلامییەکان لە نیو سەدەی ڕابردوودا ئەوەی بە ڕوونی دەرخستووە کە کەس ناتوانێ یارییان پێبکات ، بەڵکو ئەوە ئەوانن لە کۆتاییدا یاری بەهاپەیمان و هاوئامانجە کاتییەکانیان ئەکەن .
هاریکاری گروپە ئیسلامییەکانی ئەفغانستان لە دژی سوپای داگیرکەری سۆڤیەت ، یاریکردنی ئەنوەر سادات لە گەڵ گروپە ئیسلامییەکانی میسر و … تاد ، ئەم بۆچوونە پشتڕاست دەکەنەوە . لە شەڕی نەگریسی براکوژیشدا پارتی و یەکێتی دەستیان بۆ ئەم ئامرازە ترسناکە برد و دواتر پێیاندا تەقییەوە . ئێستاش لە ژێر ناو و دروشمی جیاوازدا بیر و بۆچوونی ئەم گروپانە پانتاییەکی فراوانی کۆمەڵگەی ئێمەیان داگیرکردووە .
کاتێ ئەردۆگان لە دژی ئیسرائیل وتاری ئاگرینی دەدا و پشتگیری خۆی بۆ فەلەستینییەکان ڕادەگەیاند مێگەلانی جەماوەری وڵاتانی عەرەبی وەک سوڵتان و خەلیفەی موسڵمانان پێشوازییان لێدەکرد ، ئەویش ڕێگەی بە خۆی دەدا ڕێنمایی ڕابەرانی برایانی موسڵمان لە میسر ، تونس و لیبیا بکات کە دەبێ چی بکەن و چۆن دەستورێک بۆ وڵاتەکانیان دابنێن . کاتێکیش پشتگیری خۆی بۆ چێچانەکانی ڕووسیا ، تەتارەکانی کڕیم، ئویگورەکانی چین ، موسڵمانانی بۆسنە و ئازربایجانییەکان لە دژی ئەرمەن لە پرسی نەگۆڕنە – قەرەباخ ڕادەگەیاند ، خەڵکانێکی زۆر بە تاکە ڕابەری خاوەن هەڵوێستیان لە هەموو جیهانی ئیسلامیدا دادەنا .
سەرچاوەی فکریی هەوڵ و تەقەلاکانی ئەردۆگان تێزەکانی ئەحمەد داودئۆگڵو بوو . کرۆکی ” تیۆرییە ” بێ بەرهەمەکەی داودئۆگڵو ئەوە بوو کە بە هۆی پێگەی جیۆسیاسی ، مێژووی هاوبەش، توانای ئابوری و سەربازی تورکیا توانای ئەوەی هەیە کاریگەری مێژوویی خۆی لە دونیای عەرەب و ئیسلامدا زیندوو بکاتەوە . ئەم تێزە زۆر جار بە ” عوسمانیزمی نوێ ” و هەڵگرانی بیرەکەش بە عوسمانییە نوێکان نێودەبران . بە پێی داودئۆگڵو دەبوایە ئەم کاریگەری و هەژموونە لە ڕێگەی هێزی نەرمەوە بەدی بهاتایە ، واتا لە ڕێگەی پەیوەندی ئابوری ، بازرگانی و کلتوری و … تاد . لێرەوە سیاسەتی سفر کێشە لە گەڵ دەوڵەتانی دراوسێدا ، پەیوەندی ئابوری و بازرگانی بەربڵاو ، باسی گەلانی خزمی تورک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بڵاوکردنەوەی زمان و فەرهەنگی تورکی لە ڕێگەی بڵاوکراوە و تەلەفزیۆنەکانەوە ، دەستیان پێکرد .
ئەم تێزانەی داودئۆگڵو لە سەر هەموو ئاستەکان شکستیان هێنا . ڕاستە تورکیا دەوڵەتێکی گەورە و بەهێزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ، بەڵام لە سەر ئاستی دونیا ئەو زلهێزە نیە بتوانێت خواستەکانی خۆی بە سەر هێزە سەرەکییەکانی ئەم سەردەمەدا بسەپێنێ . نە توانای ئابوری، نە هێزی سەربازی ، نە ئاستی پێشکەوتنی زانستی و تیکنۆلۆژی ، نە گەشەی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و … تاد ، تورکیا دەکەن بەو هێزەی خەون و خەیاڵەکانی ئەردۆگان و داودئۆگڵو بەدیبێنێت .
لە سەر ئاستی سیاسەتی نێودەڵەتی و بەهۆی دەستێوەردانەکانی ئەردۆگانەوە لە کاروباری وڵاتاندا پەیوەندییەکانی تورکیا لە گەڵ زۆربەی وڵاتانی هەرێمەکەدا تێکچون . ئاڵۆزییەکان تەنها لە گەڵ وڵاتانی دراوسێدا نەبوون ، بەڵکو ئیسرائیل ، ڕوسیا و تەنانەت دەوڵەتانی هاوپەیمانیشیان لە ناتۆ و یەکێتی ئەوروپاش گرتەوە .
پێموایە تێزە بێ بەرهەمەکانی داودئۆگڵو تەنها لەو هەرێمە بێ سەر و بەرەی ئێمەدا دەسکەوتی هەبوو . تێبەردانی کۆمپانیاکانی تورکیا بە گیان کوردستان ، بەتاڵانبردنی نەوت و سامانە سروشتییەکانمان ، تاڵانکردنی کورد لە ڕێگەی کاڵای بێ کەڵکەوە کە بازارەکانی کوردستانیان تەنیوەتەوە ، داگیرکردنی هۆش و هەستی بینەرانی کورد لە ڕێگەی زیجیرەی تەلەفزیۆنی بێ تامەوە ، بردنی پارەیەکی زۆر بۆ تورکیا لە ڕێگەی گەشتیاران و ئەوانەی لە ڕێگەی قاچاخچی تورکەوە دەیانەوێت بگەنە ئەوروپا ، سەرباری دەیان هەزار کوردی دەوڵەمەند کە خەریکی خانو و ئەپارتمان کڕینن لە تورکیا ، هەموو ئەمانە کوردستانیان کرد بە باخچەیەکی دواوەی تورکیا .
باری ئاڵۆز و پڕ لە مەترسی تورکیا و هەرێمەکە ئەردۆگانیان لە خەونەکانی ڕاچەڵەکاند . هاوسەنگی هێزەکان، بەرژەوندییە باڵاکانی دەوڵەت و واقیعییەتی سیاسی تێزەکانی داودئۆگلویان توڕهەڵدایە سەبەتەی کەمتەرخەمییەوە (سلة المهملات بە وتەی برادەرێکی زمانزان ) و خۆشی کرا بە قۆچی قوربانی . ڕاستییە تاڵەکان خۆیان بە سەر ئەردۆگان و یاوەرە نوێکەیدا سەپاند و ناچاریان کردن شەرابی پەشیمانی بنۆشن و بکەونەوە مەراییکردن بۆ ئیسرائیل و ڕووسیا .
هەرچەندە میدیای تورکیا هەوڵیدا وای وێنا بکات کە ئەردۆگان تەنها دڵگرانی خۆی بۆ کوشتنی فڕۆکەوانە دیلەکە دەربڕیوە ، بەڵام کەس باوەڕی بەم لێکدانەوەیە نەکرد و خەڵک بۆ خۆی ، وەک دەڵێن کاغەزی سپی دەخوێننەوە. تەنها دوو ڕۆژ دوای ئەوە ئەردۆگان و پوتین بۆ ماوەی چل خولەک بە تەلیفۆن قسەیان لە گەڵ یەکدا کرد . لەو پەیوەندییە تەلیفۆنییەدا لە سەر یەک بینین و هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان رێککەوتن .
بە بۆچوونی ڕووسەکان دەبێت ئەردۆگان کۆمەڵێک مەرج بە جێبێنێت پێش ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات ئاسایی ببنەوە . بەر لە هەموو شتێک ڕووسەکان چاوەڕیی ئەنجامی دادگاییکردنی ئەو کەسانە دەکەن کە فڕۆکەوانە دیلە ڕووسەکەیان بەو شێوە دڕندانە کوشت ، لە دوای ئەوەش پرسی قەرەبووکردنەوە دێتە کایەوە . ڕووسیا داوای ئەوە لە تورکیا دەکات واز لە دەستێوەردان بێنێت لە نیمچە دورگەی کڕیم ، ئاڵۆزیی نێوان ئەرمەن و ئازەرییەکان لە نەگۆڕنە – قەرەباخ و زۆر شوێنی دیکەی کەفکاز و دەریای ڕەش . نزیکبوونەوەی تورکیاش لە ئۆکراینا خاڵێکی هەستیارە بۆ ڕووسیا . لە کێشەکانی سوریادا هەڵوێستەکانیان نەک هەر ناکۆکن ، بەڵکو دژ بە یەکن . بۆ شەڕی دژە تیڕۆریش ، ڕووسیا داوای شەڕ لە دژی داعش و هەموو ڕێکخراوە توندڕەوە ئیسلامییەکان دەکات ، لە کاتێکدا شەڕی دژە تیڕۆڕ بۆ تورکیا تەنها شەڕی کوردە ، ئەمەش بەلای ڕووسەکانەوە مایەی قەبوڵکردن نیە .
پێموانیە لە مەودایەکی زۆر کورتدا پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات بگەڕێنەوە دۆخی جارانیان ، هەرچەند هەردوولا لە ژێر باری کۆمەڵێک فشاری ئابوری ، کێشەی ناوخۆیی و دەرەکیدا دەناڵێنن کە ناچاریان دەکەن پەیوەندییەکانیان ئاسییبکەنەوە .
هەوڵەکانی تورکیا بۆ ئاسییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ڕووسیا و ئیسرائیلدا بە لای داعشەوە خیانەتێکی ئەوەندە گەورەیە کە نابێت بە بێ سزا تێپەڕێت . پەلامارەکانی فڕۆکەخانەی ئەستەموڵ وەڵامی توند و بەپەلەی داعش بوو بۆ ئەردۆگان و هاوبیرانی لەم بوارەدا . خیانەت لە برایەتی خۆێن لە نێوان هێزگەلی تاوانکاردا ، هەمیشە سزاکەی خوێنڕشتنی زیاترە . بە لای داعشەوە دەستێکەڵکردن لە گەڵ ڕووسیای کافەر و ئیسرائیلی جولەکدا ، ئەردۆگان دەباتە خانەی هەڵگەڕاوانەوە لە ئاینی ئیسلام و شەڕکردنی دەبێتە ئەرکێکی پیرۆزی ئاینی ئەم ڕێکخراوە خوێنڕێژە .
پێموایە هێشتا داعش شەڕی تەواوی لە دژی ئەردۆگان ڕانەگەیاندووە . ڕەنگبێ هەر لە بەر ئەمەش بێت تا ئێستا هیچ یەک لەم پەلامارانەی نەگرتۆتە ئەستۆی خۆی . هێشتا لە دژی کورد ، ڕژێمی ئەسەد ، ڕووسیا ، شیعە و هەموو دوژمنانی هاوبەش پێویستییان بەیەکدی ماوە . بەڵام ئەگەر ئەردۆگان خۆی بە تەواوی یەکلا بکاتەوە ، ئەوا ئەو دەمە شەڕی ڕاستی داعش لە تورکیا دەستپێدەکات . کردنەوەی دەروازەکانی تورکیا لەم ساڵانەی دواییدا لە بەردەم داعش و ڕێکخراوە توندڕەوەکاندا، دەرفەتی زێڕینیان بۆ ئەم ڕێکخراوانە ڕەخساند بۆ ئەوەی سەدان شانەی نوستوو و تۆڕێکی بەربڵاوی ڕێکخستن و بڵاوکردنەوە لە نێوخۆی تورکیا و دەوروبەریدا دروست بکەن . ئەمانە لە کاتی پێویستدا دەتوانن ئاگر بەردەنە هەموو تورکیا .
ڕەنگبێ ئەمە یەکەمین لێکەوتەی ڕاستەوخۆی هەوڵی ئاسییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا بێت لە گەڵ ڕووسیا و ئیسرائیلدا . بەر لە هەموو شتێک ئەم کردەوانە گورزی کوشندەن بۆ دۆخی ئەمنی و سێکتەری گەشتیاری و وەبەرهێنان لە تورکیا . ڕێژەی گەشتیاران لە تورکیا بە شێوەیەکی دراماتێکی دابەزیوە : گەشتیارانی ڕووسیا بە ڕێژەی ٩٣٪، ئیتاڵیا ٥٥٪، ژاپۆن ٤٢٪ و ئەڵمانیا بە ڕێژەی ٣٥٪ .