ڕەسوڵ بۆسکێنى : بارودۆخى عیراق دواى داعش .
ئەمریکا و وڵاتانى ڕۆژئاوا ناهەقى و غەدرێکى گەورەیان لە وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و بەتایبەت کۆمەڵگا ئیسلامیەکان کردووە ، بەوەى هیچ هەوڵى پێشخستن و شارستانى بوونى ئەو کۆمەڵگایانەیان نەداوە، لەکاتێکدا سەرەتاى هێرشە داگیرکارى و هەوڵە کۆڵۆنیالیەکانیان بۆ ئەم ناوچەیە دەست پێ کردووە و تێیدا ماونەتەوە ، نەک هەر بەئەندازەى پێویست هەوڵى ڕۆشنبیرکردن و پێشکەوتنى شارستانى ئەو کۆمەڵگایانەیان نەداوە ، بەڵکو تەنیا بردنى سامان و خێر و بێرى ئەم وڵاتانە مەبەستى سەرەکى بووە ، کۆمەڵگاکانیشیان پشت گوێ خستووە لەناو نەزانینى خۆیان دا بمێننەوە و چۆن دەبێت با وەک خۆى وا بڕوات، لەم دواییانەش بەڕاى زۆرینە دروست بوون و گەشەکردنى گروپە توندڕەو و تیرۆرستەکان لەسەردەستى ئەوان گەشەى کردووە ، لەبەرامبەردا دەرگاى وڵاتانى خۆیان بۆ گەنج و پەنابەرانى ئەم وڵاتانە خستۆتە سەر پشت و لەچاو وڵاتانى خۆیان دا بەهەشتێکیان بۆ خوڵقاندوون ، ئەمە واى کردووە سەرەڕاى دواکەوتویى و ناهوشیارى ئەو کۆمەڵگایانە ژیانى نابەرابەرى هەزاران کەسى دەروون تاریک و مێشک نەخۆش و تیرۆریستى هێناوتە بەرهەم و بەسەر نەتەوەکانى خۆیان و مرۆڤایەتیدا بوونە بەڵایەکى گەورە لەنموونەى قاعیدە و تالیبان …. و دواتریش داعش .
هەر لەدواى ڕێکەوتنامەى سایکس بیکۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستیان پارچە پارچە کرد و بەئارەزووى خۆیان نەخشەى چەند وڵاتێکیان لێ داڕشت لەناویشیان دا هەرسێ ویلایەتى بەسڕە و بەغدا و موسڵى فرە نەتەوە و فرە کەلتوور و پێکهاتە و سەدان کێشە و تەنگژەى سیاسى و ئابوورى و کۆمەڵایەتى چاویان لەهەموو ئەمانە پۆشى و بەزۆرى و بەبێ ویستى خەڵکەکەى هەرسێ ویلایەتیان لەناو عێراقێکى ئاڵۆز و پڕ کێشەدا بەیەکەوە گرێدا ، هەر لەڕۆژى دروست بوونیەوە کێشە و ئاژاوە بەرۆکى ئەم وڵاتەى بەرنەداوە و ژیانێکى ئارام و هێمنى بەخۆوە نەبینیوە ، حکومەتە یەک لەدواى یەکەکانى عیراق نەیانتوانیوە کەشێکى ئارام و لەبار بۆ هاووڵاتیەکانى دابین بکەن ، لەدواى لەناوچونى دەسەڵاتى بەعسیش کابینەکانى حکومەتى عیراق نەیانتوانى کێشە و ململانێى پێکهاتەکانى عیراق چارەسەر بکەن یان لانى کەم ئەوەندەى کاڵ بکەنەوە بەشى پێکەوە ژیان بکات ، بەپێچەوانەوە لەلایەک پیلان لە دژى کورد و لەلایەکى تر بەهۆى خۆ بەمغدوور زانینى سوننە و باڵادەستى شیعە لە عیراق کێشەکانى نێوان سوننە و شیعە گەیشتە ئاستێک داعشى هێنایەبەرهەم و کێشە تائیفیەکان ڕۆژ بەڕۆژ لە زیاد بوون دان ، دەسەڵاتى شیعە کارێکیان کرد خەڵک ئاوات بەڕابردوو بخوازن تاواى لێهات بەهاوکارى سوونە و وڵاتانى ئیقلیمى داعش لەناوچەکە هەڵتۆقى و بەماوەیەکى کەم بەشێکى عیراق و سوریاشى گرتەوە و داعش نیگەرانیەکانى سوننەشى قۆستیەوە و خۆى پێ تەیار کرد و بووە هەڕەشەیەک نەک هەر بۆ سەر کورد و سوننە و پێکهاتەکانى تر بەڵکو بۆ سەر مرۆڤایەتیش .
بارودۆخى ئاڵۆزاوى ناوچەکە بەنائارامیەکى پێش بینى نەکراودا تێپەڕ دەبێت ، هەندێک لایان وایە دۆخێکى ئەرێنى یە و باشیەکەى لەودایە دەبێتە هۆى ڕووخان و لەناوبردنى دەسەڵاتە توتالیتار و دیکتاتۆرەکان، هەندێکى تر لایان وایە بۆتە هۆى سەرهەڵدانى تەنگژەى سیاسى و ئابوورى و ئاوارەیى و کوژران و لە ناوچوونى سەدان هەزار کەس لە خەڵکى عیراق و سوریا و ناوچەکە، کەبەشێکە لە تەنگژەکانى ناوچەى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست .
لە ئێستا دا بەهۆى گوشارەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانان و کورد و شیعەش بۆ سەر داعش لەهەرسێ بەرەى ڕەقە و موسڵ و فەلوجە بەهۆى ناهاوسەنگى هێز پێناچێت داعش بتوانێت سەرکەوتو بمێنێتەوە، ئەگەر گوشارەکان بەردەوام بن بێ گومان داعش تێکدەشکێت ، ئینجا کارەکتەرەکەى کێ یە هیچ گرنگ نیە ئەوەى جێگاى باسە لەدواى کۆتایى هاتنى دەسەڵاتى داعش چ هێزێک فەرمانڕەوایى ئەو ناوچانە دەکات، لەکاتێکدا حکومەتى عیراق لەوپەڕى لاوازیدایە و بینیمان لە ئازادکرنى فەلوجە و ناوچەکان ڕۆڵێکى نیە و تەنیا بەشدارى کردنى ڕەمزى هەیە ، حەشدى شەعبى و ئێران کارئەکتەرى سەرەکى بوون ، دیارە ئەگەر حەشدى شەعبى بەسەر ناوچەکە ڕابگات واتا ئاڵۆز بوونى کێشە تائیفیەکان و باڵادەستى ئێران ، ئەوا ئێران سەرکەوتنى گەورە لەعیراق بەدەست دێنێ ، چونکە مەبەستى ئێرانیش ڕوونە لە بەئایین کردنى کۆمەڵگاى عیراق و سەرکوت کردنى عەرەبى سوننە ، لەکاتێکدا ئەمریکا سەرەڕاى بوونى لە عیراق و بەهۆى هێرشە ئاسمانیەکانى لەپرۆسەى ئازادکردنەکەدا ئامادەیى تەواوى هەیە و ئەمەش بۆخۆى کێشەیەکى ترە .
لەلایەکى تریش بەهۆى گوشارەکانى هاوپەیمانان و هەڵمەتەکانى پێشمەرگەى کوردستان سنوورەکان لەداعش بچوک کراونەتەوە ، دواى لەدەستدانى خاکى ژێردەسەڵاتیان لەدرێژایى سنوورى لەگەڵ هەرێمى کوردستان و ڕزگار کردنى فەلوجە و مەنبەج و ئامادەکارى بۆ ڕزگارکردنى موسڵ ڕێکخراوى داعش بەرەو لاوازى دەچێت و خەریکە جەنگەکانى لە عیراق و سوریا بەرەو کۆتایى دەچێت و قۆناغى فەرمانڕەوایى داعش بەرەو ئاوابوون دەڕوات، هەندێک لەشارەزایان پێیان وایە ئەمە ئاماژەیەکە بۆ داڕشتنەوەى نەخشەى تازەى ناوچەکە ، بەڵام ئەگەر واش بێت بێ گومان ماوەیەکى ترى پێویستە تا ئەو کارە ڕوو بدات ، ئایا بەئاوابوونى خۆرى داعش چ هێزێک فەرمانڕەوایى ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى داعش دەکات ، لەکاتێکدا ئەمریکا و هاوپەیمانان لەناوچەکە خۆیان بەخاوەنى کارەکە دەزانن و ئێران و تورکیاش بە دوو تێڕوانین و دوو بەمەبەستى جیاوازەوە لەناوچەکە ئامادەییان هەیە .
داعش هێزێکى تیرۆرست و قێزەونە و مرۆڤایەتى لەکردەوەکانیان بێزارە، هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەدەچن داعش پاشەکشە بکات یاخود لەناو بچێت ، بەڵام ناکۆکیەکان لەناوناچن ناتوانین باوەڕ بەخۆمان بێنین بە کۆتایى هاتنى داعش تەنگژەکانى عیراق کۆتایى بێت ، بێ گومان ئەو کێشانە بۆچەندین ساڵى تر بەردەوام دەبن . زۆر لەشارەزایانى ئەو بوارە ڕایان وایە هیچ دوورنیە دواى کۆتایى هاتنى داعش لە عیراق سیستەمێکى تاکڕەوى و دیکتاتۆرى بێتە ئاراوە ، لە کاتێکى وادا دانیشتوانەکەى دابەش دەبن بەسەر گروپ و ڕاى جیاوازدا ، چونکە هەموومان لەبیرمانە ئەو هۆکار و توڕەبوونەى سوننە داعشى پێ هێنایە عیراق وەکو خۆیەتى و کڵپەى ئەو توڕەبوونە هێشتا دانەمرکاوەتەوە ، بە ڕزگار کردنى موسڵیش کێشەکان قوڵتر دەبنەوە ، ئەو ناکۆکیانەى لەنێو پێکهاتەکانى عیراق و ناکۆکیەکانى نێوان سوننە و شیعە زیاتر پەرە دەستێنێت ، بۆیە دەتوانین باوەڕ بەخۆمان بێنین داعش کۆتایى نایەت و دواییەکانى لە عیراق هەردەمێنن بەناوى جیاجیاوە ، چونکە داعش لە ئەنجامى چەندین کێشە و ململانێى نێوان سوننە و شیعە و پێکهاتەکانى ترى عیراق سەرى هەڵداوە ، تائێستاش ئەو هۆکارانە لەشوێنى خۆیانن و چارەسەر نەکراون ، ڕزگارکردنى موسڵ و فەلوجە و ناوچەکانى ژێر دەسەکاتى داعش کۆتایى هێنان بەشەڕ نیە ، بەڵکو بازدانە لەشەڕێکەوە بۆ شەڕێکى تر ، چونکە سوننە لەناوچەکانى خۆیان هیچ متمانەیان بە فەرمانڕەوایى حکومەتى عراق نیە کەلە باڵادەستى شیعەدا خۆى دەبینێتەوە ، چونکە تائێستا حکومەتى عیراق لەگەڵ هێزە میلیشیا شیعەکان لە دژایەتى سوننە درێغیان نەکردووە بەتایبەت لەکاتى ئازاد کردنەوەى فەلوجە شێوەیەکى هێندە ناشیرین و دڕندانەیان پیشاندا لە کوشتنى خەڵکى مەدەنى لە ژن و منداڵ و لەڕابردووش شێوەیەکى سیستەمى حوکمڕانى وایان پێشکەش نەکرد ترس و نیگەرانیەکانى سوننە بڕەوێنێتەوە و پێیان وانەبێت داعش باشترە لەحکومەتى عیراق ، ئیتر هۆکارەکانى ترس و نیگەرانى عەرەبى سوننە لەبەرچاون و هەست پێ کراون ، لەکاتێکدا هەزاران دانیشتوانى سوننەى ئەو ناوچانە هێشتا ئاوارەن و هیچ دوور نیە ڕێگایان پێنادرێت بگەڕێنەوە سەر جێگا و ڕێگاى خۆیان .
بارودۆخى عیراق ئەنجامەکەى بەوە گەیشتووە جگەلە کوردستان وەک لە ڕواڵەت دا هەیە حزبى سیاسى بوونى نیە و هەر گروپ و کەسێک کەوتۆتە شوێن ڕێبەرى ئاینى خۆى ، حکومەت و پەرلەمان تەنیا ناوێکە و بینیمان بە هێمایەکى موقتەدا سەدر شکۆى پەرلەمان و حکومەتیان شکاند، دیموکراتى و هەڵبژاردن و سیستەمى بەڕێوەبردن مانایەکیان نیە ، حکومەتى عیراق بارودۆخێکى ئاینى بەخۆوەگرتووە بەتایبەت لەم کاتەدا ناتوانێت وەکو حکومەتى هەموو خەڵکى عیراق خۆى بناسێنێ ، بێ گومان دۆخێکى لەم جۆرە ڕێگا خۆشکەرە بۆ لێک ترازان و هەڵوەشانەوە ، هیچ مەودایەک بۆ پێکەوە ژیان یان لانى کەم فیداڵى ناهێڵێتەوە ، هەر نەبێت بۆ ماوەیەکى تر .
بوونى داعش لەناوچەکە بووەتە هۆکارى خەریک بوونى هێزەکان بەشەڕى بەداعشەوە ، بەڵام وا پێ دەچێت لەگەڵ ڕزگارکردنى موسڵ و دەرپەڕاندنى داعش لەخاکى عیراق چیتر داعش وەک پەردەیەک نامێنێتەوە تاکێشە گەورە و مەترسیدارەکان لەژێرى دا حەشار بدرێن ، ئیتر حەشدى شەعبى وەک هێزێکى کاریگەر لە داهاتوودا ئاراستەى لوولەى چەکەکانى دەکاتە سوننە و کورد و ئەوانى تریش. مەترسیدارترین قۆناغ لەسیاسەت دا بۆشایى سیاسیە ، ئایا لایەنە سیاسیەکانى کورد ئامادەکارى چیان کردووە بۆ ئەو قۆناغە ، لەکاتێکدا ڕۆژ بەڕۆژ سنوور لە داعش بچوک دەکرێتەوە و باسى ئازادکردنەوەى موسڵ گەرمتر دەبێت ، دیارە قۆناغى دواى داعش قۆناغێکى ناهەموار دەبێت ، هیچ دوور نیە ئەمریکا و هاوپەمانانیش بۆ ماوەیەکى تر دۆخەکە بەم شێوەیە بهێڵنەوە ، بێ گومان کێشەکانى عیراق تەنیا بەیەکلایى بوونەوەى سیاسیانەى نوێ چارەسەر دەبن .