ئاریتما موحه‌ممه‌دی : دیموكراسی له تیئۆرییه‌وه بۆ تێڕوانین ـ به‌شی 10 .
كوموونیسته‌كان و كاپیتالیسته‌كان وه‌ك یه‌ك كۆمه‌ڵگا ده‌چه‌وسێننه‌وه و هه‌وڵی به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵات و كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رمایه ده‌ده‌ن و هه‌وڵ و هیمه‌تی خۆیان بۆ بندهستهكردنی كۆمه‌ڵگه ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ و تێده‌كۆشن كه كۆمه‌ڵ له پێناو مه‌به‌ست و ئامانجی سیاسیی و ئابووریی خۆیاندا به‌كار بهێنن . ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی به‌رژه‌وه‌ندیخواز ، چه‌مك و سیسته‌می چه‌وتی ئابووریی وڵاتانی سه‌رمایه‌داریی و كۆموونیستی له چوارچێوه‌ی ئه‌م ئاماژه‌یه‌دا جێ ده‌گرن ، چونكه پێناسه‌ی سیاسیی و ده‌سه‌ڵاتخوازییان له‌نێو بازنه‌ی ئه‌م هێماگهلهدا خۆڕێك ده‌خه‌ن .
به‌ڵێ ئیستاش كوومونیستهكانی كوردستان پێیان وایه كه ده‌بێ كۆمونیسم پێش ناسیۆنالیسم جێگیر بكرێت ، چونكه ئه‌وان كۆمونیسم به گرینگتر له ناسیۆنالیسم پێناسه ده‌كه‌ن ، ئه‌وه له كاتێك دایه كه ماركس خاوه‌ن هزری كومونیسم و سوسیالیسم پێی وابوو كه هه‌نووكه له ئه‌ورووپا قۆناغی ناسیۆنالیسم تێپه‌ڕ بووه و ئیتر پێویسته كه كۆمه‌ڵگا ببێته كۆمه‌ڵێكی بێ چینایه‌تیی و پێویسته جیاوازیی نێوان چینه‌كانی كۆمه‌ڵگا بنبڕ بكرێت و نه‌مێنێت . سۆسیالیست و كۆموونیستهكانی ئه‌ورووپا پاش شۆڕشی پیشه‌سازیی یه‌كه‌م و دووه‌م پێیان وابوو كه ناسیۆنالیسته‌كان له‌لایه‌ن كاپیتالیسته‌كانه‌وه هزریان داگیر كراوه و باییخ به پێكهاته‌كانی نه‌ته‌وه ناده‌ن ، چونكه ناسیۆنالیسم كه ورووژێنه‌ری هه‌ستیی نه‌ته‌وه‌یی و بزاڤی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌یه ده‌بێ باییخ و گرینگیی به هه‌موو چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا كه زمان و مێژوو و خاكی هاوبه‌ش پێكه‌وه گرێیان ده‌دات و ده‌یانبه‌ستێته‌وه ، بده‌ن . ناسیۆنالیسم كه هه‌ڵگری چه‌مكی كیانی ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌یه ، ئه‌گه‌ر باییخ به هه‌موو چینوتوێژهكانی كۆمه‌ڵگه نه‌دات و ته‌نیا له چوارچێوه‌ی درووشمدا بیهێڵهتهوه ، ئه‌وه به‌و واتایه دێت كه له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌ی چه‌مكی خۆیدا ڕاستگۆ نییه یانخود وه‌ك كوموونیسته‌كان ده‌یانوت ئه‌وه هزریان له‌لایه‌ن كاپیتالیسته‌كانه‌وه داگیر كراوه و سه‌رمایه و ده‌سه‌ڵات هه‌موو شتێكی له‌بیر بردوونه‌ته‌وه .
له ڕاستیدا ناسیۆنالیسته‌كانی ئه‌ورووپا له‌و سه‌رده‌مه‌دا له لیبڕاڵ ، سه‌رمایه‌دار و ده‌ره‌به‌گه‌كان پێك ده‌هاتن و ئه‌وانیش باییخیان به ژیانی كرێكاران و چینوتوێژهكانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگا نه‌ده‌دا كه بارودۆخی ئابوورییان دژوار بوو و له دۆخێكی ئاڵۆزدا ژیانیان تێپه‌ڕ ده‌كرد . بۆیه كۆموونیسته‌كان و سۆسیالیسته‌كان پێیان وابوو كه ئه‌مه ته‌نیا درووشمه و هێنانه‌ئارای پرسی ناسیۆنالیسم هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه به مه‌به‌ستی ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه گرتن بووه . چونكه ئه‌وان له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه بوون كه ئیستا زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌ورووپا خاوه‌ن ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆیانن، كه‌واتا با ئیتر باییخ به ژیانی و گووزه‌رانی كرێكاران ، هه‌ژاران و چینوتوێژهكانی نێو كۆمه‌ڵگا بده‌ین . به‌ڵام ناسیۆنالیسته‌كان كه به‌شێكی زۆریان له پێكهاته‌ی كاپیتالیسته‌كان بوون پێیان وابوو كه له یاسادا مافی هه‌مووان له‌به‌رچاو گیراوه و هه‌ركه‌س به پێی هێز و وزه‌ی خۆی ده‌توانێ له وه‌رگه‌ڕخستن و ده‌ستخستنی سه‌رمایه‌دا ڕۆڵ بگێڕێت . هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه بوون كه یاسا مافی هه‌ژاران و كرێكارانی پاراستووه و له چوارچێوه‌ی یارمه‌تییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا پێداویستیه‌كانیان دابین كراوه و حوكوومه‌ت هه‌موو شتێكی بۆ ته‌رخان كردوون .
واتا كوومونیستهكانی ئه‌ورووپا كێشه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بوو كه ده‌بێ پێش كۆموونیسم ده‌وڵه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی دامه‌زرێت و پاش دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وا پێویسته كه كوومونیسم وه‌ك چه‌مك و پڕۆژه له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌دا جێ بكه‌وێت . ئامانج و پڕۆژه‌ی ئه‌وان له‌مه‌ڕ جێخستنی چه‌مك و پڕۆژه‌ی كوومونیسم باشتركردنی ژیانی چینه هه‌ژارنشینه‌كانی كۆمه‌ڵگه بوو و ئه‌و چه‌مك و پێواژۆیه‌ش تاییبه‌ت به پاش درووستبوونی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی بوو . چونكه ژیانی تووێژه جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌ورووپی له پاش سه‌ده‌ی دووانزهوه هێدی هێدی به‌ره‌وباشتربوون ڕۆییشتبوو و له ده‌سپێكی سه‌ده‌ی شانزه و حه‌ڤده‌دا باشترببوو و پاش شۆڕشی پیشه‌سازیی یه‌كه‌م و دووه‌میش ژیانی چینه جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئه‌ورووپا گۆڕانكاریی قووڵی به‌خۆیه‌وه بینیی و هاتنی چه‌مكی كوومونیسمیش به‌رهه‌می گۆڕانكارییه قووڵه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌ورووپیی بوو، به‌تاییبه‌ت كاتێك كه چه‌رخی پیشه‌سازیی كه‌وته‌كار و خه‌ڵك له گونده‌كانه‌وه به‌ره‌و شاره‌كان كۆچیان كرد و له كارگه‌كاندا ده‌ستیان به‌كاركردن ده‌كرد . ئه‌مه‌ش بۆشاییه‌كی قووڵی له گونده‌كان و به‌تاییبه‌ت له كه‌رتی جووتیارییدا ساز كردبوو ، هه‌رچه‌ند دواتر كه‌رتی جووتیارییش به پیشه‌سازیی كرا ، به‌ڵام كاریگه‌ریی نه‌رێنیی له‌سه‌ر به‌شێكی زۆر له جووتیاران دانا و زۆربه‌یان چوونه ڕیزی هه‌ژاران و بێكارانه‌وه . به‌ڵام له درێژماوه‌دا كاریگه‌رییه ئه‌رێنییه‌كانی به‌پیشه‌سازییكردنی كه‌رتی جووتیاریی به‌ده‌ركه‌وتن .
ئه‌مه‌ش به ده‌رفه‌تێكی باش بۆ كاپیتالیسته‌كان پێناسه ده‌كرا و ئیتر ده‌ستیان به چه‌وساندنه‌وه‌ی چینه كرێكارییه‌كان كرد و تا دره‌نگانی شه‌و كارییان پێ ده‌كردن و مووچه‌كانیشیان له ئاست ئه‌و كاتژمێره كارییانهدا نه‌بوو كه ده‌بووایه كارییان بكردایه. هه‌روه‌ها ژیانی شلوومنشینهكانی نزیك له كارگه‌كان و نه‌بوونی هه‌وای پاك كۆمه‌ڵگه‌ی بێزاركردبوو و خه‌ڵكیش به‌وهۆیه‌وه به ده‌یان نه‌خۆشی مه‌ترسیدار تووشببوون . ئه‌م دۆخه ئاڵۆزه ده‌یان ساڵ درێژه‌ی كێشا، به‌ڵام له ئاكامدا حوكوومه‌ت هه‌وڵی باشتركردنی ژیان و گووزه‌رانی كرێكارانی دا ، ( به‌شێكی زۆر له كرێكاره‌كان له منداڵان و كچانی كه‌مته‌مه‌ن و خوار دووانزه ساڵ پێك ده‌هاتن )، به‌تاییبه‌ت ئه‌و كاته كه ڕێكخراوه‌ی تاییبه‌ت به كرێكاران دامه‌زران و یه‌كێتییه كرێكارییه‌كان ده‌ستیان به خه‌باتی چینایه‌تیی كرد ، ئیتر حوكوومه‌ت كاتژمێرهكارییهكانی كه‌م كرده‌وه و یاسای تاییبه‌ت به دۆخی كرێكارانی په‌سه‌ند كرد و مافه‌كانی له چوارچێوه‌ی یاسادا چه‌سپاند و هه‌وڵی پاراستی مافه‌كانیانی دا، هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆكاری كاڵبوونه‌وه‌ی بۆچوونه ماركسیستییهكان له‌نێو كۆمه‌ڵگای ئه‌ورووپیدا بوو .
به‌ڵام كۆموونیستهكانی كوردستان به‌بێ خوێندنه‌وه‌ی مێژوویی ، سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌و دۆخه‌ی كه كۆموونیسم و سۆسیالیسمی تێدا له دایك بوو ، هاتن باسی دوایین قۆناغی جێبه‌جێ كردنی كۆموونیسمیان كرد . ئه‌وه له‌كاتێك دابوو، كه خوێندنه‌وه‌ی سۆسیالیسم و كۆمۆنیسم له پاش هاتنه كایه‌ی شۆڕشی پیشه‌سازیی یه‌كه‌م و دووه‌م هاوپێچكراوی پێكهاتنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیی و ناسیۆنالیسم بوو . واتا پڕۆژه‌ی كۆمۆنیسم و سوسیالیسم بۆ قۆناغی پاش ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ئاماده كرابوو و له ئه‌ورووپاش له‌پاش درووستبوونی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی چالاك كرا و هه‌وڵی چوونه بوواری جێبه‌جێكردن و جێگیركردنی درا. به‌ڵام دانیشتووانی ئه‌ورووپا زۆر زوو له چه‌مكی كوومونیسم گه‌ییشتن و ئیزنیان به‌و چه‌مكه نه‌دا كه ڕیشك له‌نێو كۆمه‌ڵی ئه‌ورووپیدا بچه‌قێنێت .
ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر چه‌مكی كوومونیسم دانا و خۆری ئه‌و پێواژۆیه‌ش به‌ره‌و ئاوابوون ڕۆییشت ، به تاییبه‌ت ئه‌و كاته‌ی كه ڕوون بووه‌وه كه كۆموونیسته‌كان ده‌یانهه‌وێت له ڕێگای شۆڕشی كوومونیستییهوه ، یانخود به كووده‌تا كه له ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌ورووپا و له چهكوسولڤاكیا جێبه‌جێكرا ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه بگرن، لێره‌دا به‌و ئه‌نجامه ده‌گه‌ین كه هه‌ردوو چه‌مكی كاپیتالیسم و كوومونیسم له بنه‌ڕه‌ته‌وه به ئامانج و مه‌به‌ستی به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵات هاتوونه‌ته كایه‌وه . تاكه هۆكاری كه‌وتنه قه‌یرانی ئه‌و دوو چه‌مكه‌ش له سه‌رده‌می ئه‌مڕۆدا بۆ زێدهخوازییهكانیان ده‌گه‌ڕێته‌وه ، هه‌روه‌ها كاپیتالیسم و كوموونیسمیش له خزمه‌ت كۆی گشتیی كۆمه‌ڵگه‌دا نه‌بوون ، به‌ڵكوو یه‌كێكیان كۆمه‌ڵێكی بچووكی به‌ده‌سه‌ڵات ده‌گه‌یاند و ئه‌ویتریشیان ده‌ستی چینێكیتری بۆ هه‌میشه به سه‌رمایه‌وه گرێ ده‌دا . بنه‌مای هه‌ر دوو چه‌مكیش گرێدراوی بیری سه‌رمایه‌داریی ، ده‌سه‌ڵاتخوازیی و خۆسه‌پاندنی سیاسیی و كاپیتالیستیی بوو . چونكه هه‌ردوو چه‌مك باییخیان به سه‌رمایه و ده‌سه‌ڵات ده‌دا ، به‌ڵام به چه‌شن و شێوه‌ی جیاواز .
كوموونیسته‌كان درووشمی ئه‌وه‌یان به‌رز ده‌كرده‌وه كه ژیانی كرێكاران و هه‌ژاران باشتر ده‌كه‌ن و ده‌وڵه‌تی كرێكاریی ساز ده‌كه‌ن ، به‌ڵام ئه‌و وڵاتانه‌ی كه كۆموونیسمیان تێدا گیرسایه‌وه و گه‌شه‌یان پێكرد دۆخی ئابووریی و ژیان و گووزه‌رانی كرێكاران و هه‌ژاران ئاڵۆزتر بوو و سه‌ركرده‌كانی حیزبی كۆموونیسم له كۆریای باكوور ، كووبا و وڵاتانی دیكه‌ی كوومونیستیی جمهگهكانی به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتیان بۆ هه‌میشه بۆ خۆیان دابڕیی و مافی به‌شداریی كردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیان له چینه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگه و ته‌نانه‌ت له كرێكارانیش سه‌ند و له به‌شداریی سیاسیی دووریانخستنه‌وه . له وڵاتانی سه‌رمایه‌دارییش كه‌سێ كه خاوه‌ن سه‌رمایه نه‌بێ مافی به‌شداریكردنی له ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی‌دا نییه ، یانخود ڕێگره‌كان هێنده زۆرن كه ته‌نیا كه‌سانی خاوه‌ن سه‌رمایه ده‌توانن هه‌وڵی به‌شداریكردن له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا بده‌ن . واتا ئه‌وه سه‌رمایه‌یه كه ڕۆڵی سه‌ره‌كیی له به‌ده‌سته‌وه گرتنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا ده‌گێڕێت . چونكه كه‌ره‌سته‌كانی پێوهندییگرتنی وه‌ك مێدیا و تێڤێ و ڕۆژنامه‌كان له‌ژێر كاریگه‌ریی چه‌مكی سه‌رمایه‌داریدان و بۆ كه‌ڵكوه‌رگرتن له‌و كه‌ره‌ستانه و لۆبیكردن پێویست به سه‌رمایه‌ی زۆر ده‌كات كه ته‌نیا له ئۆده و ده‌سه‌ڵاتی كه‌سانی سه‌رمایه‌دار و كاپیتالیست دێت .
درێژه‌ی هه‌یه …