ڕەسوڵ بۆسکێنى : هەرێمى کوردستان دواى ڕزگارکردنى موسڵ .
بەدرێژایى پرۆسەى فەرمانڕەوایى و بوونى حکومەت لە عیراق ، ڕەنگە بتوانین بڵێین خراپترین بارودۆخى حوکم لەم وڵاتە ئەوە بووە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لەدواى حوکمى سەدام عیراقى لەناو کێشە و وێرانکاریەکانى جەنگدا بەجێ هێشت ، سەرەڕاى ئەوەى ئەم وڵاتە لەئەنجامى جەنگدا تووشى وێرانکاریەکى گەورەوە بوو ، لەوەش خراپتر ئەمریکا عیراقى لە حکومەتێکى پێکهاتە لاواز لەناو کۆمەڵێک کێشە و تەنگژەى ئاڵۆزدا بەبێ ڕەچاوکردنى چین و توێژەکانى عیراقى لەناو بەردەوامى شەڕدا بەجێ هێشت ، لەکاتێکدا هەر یەک لەو پێکهاتانەش فەرمانڕەوایى بەمافى ڕەواى خۆى دەزانى ، کورد دەیویست دەسەڵاتە خۆماڵیەکەى پارێزراو بێ و سوننەش بەخەونى فەرمانڕەوایى ڕابردوو خۆى بەخاوەنى فەرمانڕەوایى عیراق دەزانى ، زۆرینەى شیعەش سەرەڕاى ئەوەى نایانەوێ مامەڵەى دروست لەگەڵ کورد و سوننەدا بکەن ، خۆشیان نەیانتوانى بەیەکگرتوویى و پێکەوە ببنە هۆى پێکهێنانى حکومەتێکى وا کەتواناى بەڕێوەبردنێکى شیاوى هەبێ ، لە کاتێکدا سوننەکان ئامادەبوون تاڕادەى مردن بجەنگن بۆ ئەوەى فەرمانڕەوایى شیعەیان بەسەرەوە نەبێ .
هەموو ئەم کێشە و ئاڵۆزیانە کۆمەڵێک تەنگژە و ئاستەنگى لێ کەوتەوە تا ئەنجامەکەى بەسەرهەڵدانى داعش گەیشت ، لەمانگى شەشى 2014 داعش سەرى هەڵدا و بەهاوکارى سوننە و دەوڵەتانى ئیقلیمى بەخێرایى پانتاییەکى زۆرى ناوچەکەى گرتەوە، کارە قێزەونەکانى داعش نەک هەر کاریگەرى لەسەر کورد و سونە و شیعە و پێکهاتەکانى ترى ناوچەکە هەبوو ، بەڵکو کاریگەرى و هەڕەشەکانى مەترسى لەسەر ئاسوودەیى جیهانیش دروست کرد ، پاش پەل هاویشتن و هەڕەشەکانى داعش لە عیراق و سوریا و کۆنتڕۆڵ کردنى ناوچەیەکى فراوان و دروست کردنى مەترسیەکى گەورە بۆ سەر ناوچەکە و جیهان ، ئەمریکا پێداچوونەوەى سیاسەتەکانى لەعیراق بەپێویست زانى، بەتایبەت ئێستا کەوتونەتە سەر ئەو ڕایەى پێویستە داعش لەموسڵ دەربکرێت ، لەلایەکى تر هێزە عیراقیەکانیش ئامادەکارى دەکەن بۆ کۆنتڕۆڵ کردنەوەى ئەو ناوچانە، ئاڵۆزیەکانى عیراق و ناوچەکە زۆر لە دەوڵەتانى جیهان و کۆمەڵگاى ئەمریکیش بیرلەچەند شێوەى فەرمانڕەوایى دواى داعش دەکەنەوە ، جێرى کۆنۆلى ئەندامى کۆنگریس ڕایگەیاندووە ” ڕەنگە پێویست بکات بیر لە گۆڕانکارى لەو بیرۆکەیە بکەینەوە کە لەماوەى دوازدە ساڵى ڕابردوو هەوڵى بۆ دەدەین ، ئەویش بوونى حکومەتێکى ناوەندى بەهێزە لەعیراق کە بتوانێت دەسەڵاتى بەسەر هەموو ناوچەکاندا هەبێت ” لەوەش زیاتر بەهۆى نەبەردیەکانى پێشمەرگە و ئەو ڕووە ئەرێنیەى دەسەڵاتى هەرێمى کوردستان پێشتر پیشانى جیهانى دا زۆر لەسیاسەتمەدار و کەسایەتیەکانى جیهان هاوسۆزى بۆ کورد دەردەبڕن ، نابێت چیتر نەهامەتیەکانى نەتەوەى کورد بەدەست حکومەتى عیراقەوە بەردەوام بێت ، بۆ نموونە ئەلیۆت ئەنگل ئەندامێکى ویلایەتى نێۆیۆرکە ئاماژە بەوە دەدات ” نابێت چیتر کورد ناچار بکەین بەردەوام بێت لە پشتگیرى حکومەتى ناوەندى، ئەوە نادادپەروەرانەیە ، دەبێت ڕێگایان بدەین بەئاواتى خۆیان بگەن ” چەندین هاوشێوەى ئەمە بۆ پشتگیرى سەربەخۆیى هەرێمى کوردستان دەنگدانەوەیەکى بەهێزە ، بەڵام تائێستاش ئیدارەى ئەمریکا لەگەڵ مانەوەى یەکپارچەیى خاکى عیراقدایە ، لەلایەکى تر تورکیا و ئێران و هاوپەیمانەکانیان و زۆر لەوڵاتانى عەرەبى لەسەر مانەوەى یەکپارچەیى عیراقن .
گریمان بەهۆى ناوبانگى گرنگى باشى هەرێمى کوردستان و پەیوندەیەکى بەهێز لەگەڵ هەندێک لە وڵاتانى عەرەبى و بوونى کونسولخانەیان لە هەرێم ، و مەترسیان لە هەژموون و سیاسەتى ئێران و هاوپەیمانەکانى لە ناوچەکە ، لەترسى پێشهاتە چاوەڕوان کراوەکانى ناوچەکە بەتایبەت دابەش کردنى عیراق و سوریا و کاریگەرى هێزە کوردیەکان لە بەرهەڵستى داعش ، هەندێک لە دەوڵەتانى ناوچەکە و عەرەبیش بۆ ڕاکێشانى کورد بەلاى خۆیاندا هاوکارى کورد بکەن هەرێمى کوردستان سەربەخۆیى ڕابگەیەنێت بەمەرجێک مەرام و بەرژەوەندیەکانى ئەوان لەبەرچاو بگیرێت ، بێ گومان مەرجى سەرەکى سەرکەوتنى ئەم بیرۆکەیە هاوڕایى و تەبایى سیاسى کورد خۆیەتى لەسەر ئاستى هەرێم و نەتەوەیش .
ڕزگارکردنى موسڵ لەژێر دەسەڵاتى داعش خەمى گەورەى لایەنە بەشدارەکانى شەڕى داعشە ، کورد وەک بەشدارێکى سەرەکى لەشەڕى داعش لە ڕزگارکردنى موسڵ و یەکێک لە پێکهاتەکانى حکومەتى عیراق ، ئەوەى گرنگە ئەوەیە دواى ڕزگارکردنى موسڵ بارودۆخى عیراق و چارەنووسى هەرێمى کوردستان بەرەو کوێ هەنگاو دەنێ ، چونکە هەرێمى کوردستان نایەوێ دەسەڵانى ناوەندى حکومەتى عیراق و حەشدى شەعبى و هاوشێوەکانى دەرفەت بقۆزنەوە و جارێکى تر بگەڕێنەوە ناوچەکە و هەوڵ بدەن دەسەڵاتى خۆیان بەسەر هەرێمدا بسەپێنن ، یاخود ئەو ناوچانەى لە ئەنجامى شەڕى داعش ئازاد کراون ببنەوە ناوچەى شەڕ و کێشە و ململانێ لەنێوان هەرێم و بەغدا . لەلایەکى دیکە هەرچەندە کورد و عەرەبى سوننە لەوەدا کۆکن بەغدا کاریگەرى خراپى بەسەریانەوە هەیە ، بەڵام سەبارەت بەپارچە پارچە بوونى عیراق و مانەوەى وەک دەوڵەتى یەکگرتوو یەک هەڵوێست نین .
هەڵمەتەکانى هێزى پێشمەرگەى کوردستان و قوربانیەکانى کورد لەشەڕى داعش بووە هۆى دیارى کردنى سنوور و بەدەستهێنانەوەى ئەو خاکەى لەڕابردوو کورد لەدەستى چووە و ئێستا هێزى پێشمەرگەى کوردستان ئەو سنوورانە دەپارێزێت ، بەڵام ئایا چارەنووسى ئەو ناوچانە لەدواى شەڕى داعش چى دەبێت ، لە پانێڵێکدا لە هەولێر لەسەر ڕەوشى کوردستان دواى شەڕى داعش پڕۆفیسۆرێکى کەنەدى ڕایگەیاند ” دواى شەڕى داعش هەموو ئاماژەکانى بۆ ئەوە دەچن عێراقێکى بەهێز دروست بێت و کە عێراقێکى بەهێزیش دروست بوو شەڕێکى گەورە لەدژى کورد ئەنجام دەدەن بۆ وەرگرتنەوەى ئەو خاکەى کورد دواى شەڕى داعش بەدەستى هێناوەتەوە .
لەئێستادا هەرێمى کوردستان کۆمەڵێک کێشەى هەیە چ لەسەر ئاستى عیراق چ لەگەڵ وڵاتانى ناوچەیى بەتایبەت تورکیا دەربارەى تێڕوانیى بۆ دۆسیەى کەرکوک ، لەلایەکى تریش ناهاوسەنگى دەسەڵات لە بەغدا پێدەچێت وەک پێشتر گوشارەکانى بڕینى موچە و دۆسیەى نەوت و چەندین کێشەى ترى عیراق لەگەڵ هەرێم لەمەودوا گوشارەکانى لەسەر هەرێم زیاتر بکات، بەمەبەستى ڕادەست بوون و کۆنتڕۆڵ کردنەوەى کەرکوک و ناوچەکانى تر بۆ سەر عیراق ، ئەمەش سەرهەڵدانى قۆناغێکى مەترسیدارە لەنێوان هەرێم و بەغدا، لەسەرەتاوە بێ دۆزینەوەى چارەسەرێکى ڕیشەیى بۆ ئەم مەترسیانە بڕینى پەیوەندى لەگەڵ بەغدا هەڵەیەک بوو بەسەر لایەنە سیاسیەکانى هەرێمدا تێپەڕى، ئێستا پێویستە کورد بەدواى چارەسەردا بگەڕێت پێش ئەوەى تەنگژەکان بەردەرگاى لێ بگرن .
خەڵکى هەرێم و لایەنە سیاسیەکانیش یەکتر تاوانبار دەکەن بەوەى دەوڵەتە ناوچەییەکان دەست لەکاروباریان وەردەدەن ، کێ دەتوانێ نکوڵى لەوە بکات ئەمریکا ، بەریتانیا ، ڕوسیا ، فەڕەنسا ، تورکیا و ئێران ڕۆڵ و کاریگەریان نیە لە دەست وەردان لەناوخۆى وڵاتانى ناوچەکە و یارى کردن بەحوکمى فەرمانڕەوایى ئەو وڵاتانە ، ئێستا هەموومان ئەو ڕۆڵ و کاریگەریانە دەبینین، کەواتە کوردیش لەم تەپکەیە دەرناچێت ، بەڵام ئەوەى گرنگە لایەنە سیاسیەکانى کوردستان چۆن دەتوانن لەم بارودۆخە ئاڵۆزە دا بەرژەوەندیەکانى کورد بپارێزن و هەرێم بگەیەننە کەنارێکى ئارام . بەداخەوە لە دۆخێکى وا هەستیار و ناسک لەم کاتەدا لایەنە سیاسیەکانى هەرێم بەشێوەى پێویست گفتوگۆیان لەنێواندا نیە ، پێویستە لایەنە سیاسیەکان واز لە وەهم و ملهوڕى و عینادى و ناکۆکى و ململانێکانیان بێنن و هەماهەنگى و تێگەیشتنى زیاتر و خوێندنەوەى وردیان بۆ قۆناغەکە هەبێت ، هاوهەڵوێست و یەک دەنگ بن بۆ چارەسەى کێشەکان .
هەڵبەت بۆ ئەو یەک دەنگى و نزیک بوونەوەیە یەکێتى نیشتمانى کوردستان هەمیشە نەرمى نواندووە بۆ لێک تێگەیشتن و سەرخستنى ڕێکەوتنامەى ستراتیجى و پاراستنى پەیوەندیەکان قوربانى بەخۆى داوە و زیاتر نەرمى نواند ئەوەش کادر و ئەندامانى یەکێتى توڕە کرد و گەیشتە ئاستى ئەوەى نیوەى سەرکردە و کادر و ئەندام و لایەنگرانى تۆران و بووە هۆى دروست بوونى بزوتنەوەى گۆڕان، خۆشبەختانە بەهۆى خۆنەویستى و سیاسەتى حەکیمانەى سەرکردایەتى یەکێتى جارێکى تر جەماوەر ئاوڕیان لەحزبەکەیان دایەوە و لەدەورى ئاڵاکەى کۆبوونەوە ، یەکێتى هێزێکە هەمیشە کاریگەرى بەسەر ڕووداوەکانى ناوچەکەوە هەیە . بۆ ئاشتى و پێکەوە ژیان یەکێتى قوربانى و باجى گەورەى بەخۆى دا ، ئێستا کاتى ئەوەیە هەموو خەڵکى هەرێم و ئەندامانى بەڕێزى پارتیش لەگەڵ من دا ڕووى دەمیان بکەنە پارتى دیموکراتى کوردستان بەتایبەت کاک مەسعود بارزانى بۆ ڕێزگرتن لە ئیرادەى گەلەکەیى و شکاندنى تەوقى وەهمى و ئامادەیى بۆ گفتوگۆ و لەیەک تێگەیشتن بەمەبەستى چارەسەرى کێشەکان ، چونکە هەرێمى کوردستان بەدۆخێکى ئاڵۆز و هەستیاردا تێدەپەڕێت خەڵک لەوپەڕى بێزارى و نیگەرانى دایە هیچ دوورنیە جڵەوى کارەکان لەدەستى حزب و لایەنە سیاسیەکان دەرچێت و لەمەودوا ئەوان نەتوانن چارەسەرى کێشەکان بکەن ، ئیتر تا کاتى ماوە و کار لەکار نەترازاوە ، بەپرسیارێتى مێژوویى مەخەنە ئەستۆى خۆتان ، لەسەر مێزى گفتوگۆ کێشەکانتان یەکلایى بکەنەوە و هەموو شتێک لەبەرژەوەندى کورد چارەسەر بکەن و ئەم بارودۆخە هەستیار و مەترسیدارە لەبەرچاوبگرن .