عه‌تا قه‌ره‌داخی : دواى داعش ئاینده‌ى كورد به‌ره‌و كوێ ـ په‌ڕینه‌وه بۆ ده‌وڵه‌ت یان گه‌ڕانه‌وه بۆ لۆزان ؟
بێگومان دواى ده‌ركه‌وتنی داعش و درووستبوونی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ت و ده‌ركه‌وتنی پێگه‌ى لاوازى هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی عێراقی و سوورى وه‌كو دوو داگیركه‌رى كوردستان ، كه شووناسی هه‌ردووكیان هه‌مان شووناسه ئه‌ویش شووناسی عه‌ره‌بیه ، كورد له‌م دووبه‌شه‌دا زیاتر ده‌ركه‌وت به تایبه‌تی كه ئاماده‌گی پێشمه‌رگه‌و شه‌ڕڤانان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هێزه ترسناكه‌دا زیاتر بوونی ئه‌م دوو هێزه‌و هه‌ربه‌و پێیه‌ش بوونی كورد و ئاماده‌بوونی سه‌لماند . ته‌نانه‌ت ڕۆڵی كوردى باكوور‌و رۆژهه‌ڵاتیش له‌م بارودۆخه‌دا زیاتر ده‌ركه‌وت به‌تایبه‌تی به‌شداریكردنی هێزه‌كانی پێكهكه له جه‌نگی دژى تیرۆردا ئه‌و تاوانباركردنه درۆیه‌ى كه ئه‌م هێزه‌ى به تیرۆریست پێناسه كردبوو به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه ده‌بات و نزیك یان دوور جیهانی غهدارى سیاسه‌تی نێودهوڵەتی ، كه ئه‌مه‌ریكا سه‌ركردایه‌تی ده‌كات ناچار ده‌بێت دانبه‌وه‌دا بنێت كه كورد هه‌رگیز تیرۆریست نه‌بووه‌و نیه به‌ڵكو نه‌ته‌وه‌یه‌كی وڵات داگیركراوه‌و داگیركه‌ره خوێنڕێژه‌كانی ناچاریان كردووه په‌نا بۆ چه‌ك و ته‌نانه‌ت بۆ تووندوتیژیش ببات بۆ رێگاگرتن له پرۆسێسی به‌رده‌وامی له‌ناوبردن و جینۆسایدكردنی . ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه تیرۆریست داگیركه‌رانی كوردستانن له عه‌ره‌ب و تورك و فارس نه‌ك كورد كه ته‌نیا به‌رگرى له مانه‌وه‌ى خۆى كردووه‌و ده‌كات . هه‌ر لێره‌شه‌وه نامرۆیی بوونی ده‌وڵه‌تانی بڕیاربه‌ده‌ست ئاشكراتر ده‌بێت كه ته‌نیا له روانگه‌ى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیانه‌وه سه‌یرى دنیا ده‌كه‌ن نه‌ك له ڕووانگه‌ى بنه‌ما مرۆییه‌كانه‌وه . ئێستا درووستكردنی مه‌ترسی بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌وروپاو ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ریكاش له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ته‌وه ئه‌گه‌رچی گریمانه‌ى ئه‌وه‌ش كه ئه‌مه‌ریكا خۆى رۆڵی هه‌بێت له درووستكردن و پاڵپشتیكردنی داعش و زۆرێك له ڕێكخراوه توونڕهوو تیرۆریسته‌كانی جیهاندا گریمانه‌یه‌كه نزیك له دڵنیاییه . به‌ڵام وه‌ستانی كورد به پته‌وى دژى ئه‌و رێكخراوه ترسناكه وه‌كو ئاماژه‌مان بۆ كرد پێگه‌ى كوردى زیاتر به‌هێزكردووه . به‌ڵام پرسیار ئه‌مه‌یه : ئایا له‌گه‌ڵ كۆتایی هاتنی داعشدا یان دواى كۆتاییهاتنی پێگه‌ى كورد چی لێدێت و كورد چی پێده‌بڕێت ؟
ئایا كورد ده‌توانێت له‌پێش كۆتاییهاتنی داعش بڕیارى خۆى بدات و له‌سه‌ر ئه‌و جوگرافیایه‌ى له باشوور‌و رۆژئاوا ئێستا له‌ژێر ده‌ستی خۆیدایه پێكه‌وه دهوڵەتێك رابگه‌یه‌نێت ؟
یان به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه له‌هه‌ریه‌كه له‌م دووبهشهى كوردستاندا دوو ده‌وڵەت درووست بكات ؟
یان هه‌ر هیچ نه‌بێت له باشوورى كوردستاندا ده‌وڵه‌تێك درووست بكات ؟
یان پارتی له سنوورى ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا ده‌وڵه‌تێك درووست ده‌كات و سنوورى سه‌وزو نیلی ده‌بێته‌وه به پارێزگایه‌كی سه‌ربه عێراقی شیعه ؟ ئه‌مانه هەمووى پرسیارن و وه‌ڵامه‌كانیان تاكو ئێستا دیارنین ، به‌ڵام مه‌ترسی گه‌وره ئه‌وه‌یه كۆتایی به داعش بێت و كورد هیچ بڕیارێكی نه‌دابێت . ئه‌و كاته بێگومان پێگه‌ى كورد له‌وه‌ى ئێستای لاوازتر ده‌بێت و مه‌ترسی ئه‌وه‌ش هه‌یه ئه‌و كات ئه‌مه‌ریكا وه‌كو هێزێكی به‌كرێگیراو سه‌یرى كورد بكات هه‌رچۆن كۆمپانیاى بهكریگیراو پێشتر ناوچه‌ى سه‌وزو حكومه‌تی به‌غداى ده‌پاراست له‌جۆرى بلاك ۆتهر . بێگومكان شتی له‌مجۆره‌ش چاوه‌ڕوانكراوه ئه‌گه‌ر واقیعیانه سه‌یرى سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكی بكه‌ین كه له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی پراگماتیكانه دانراوه‌و له‌هه‌موو توخم و ره‌گه‌زێكی ئه‌خلاقی و مرۆیی رووتكراوهیه . بۆیه بۆ كورد گرنگه به زووترین كات و بێ هیچ چاوهڕوانیكردنێك و پێش كۆتایهاتنی داعش بڕیاری ئایندهی خۆی بدات چونكه دواى داعش ئه‌گه‌رى دووباربوونهووهى سیناریۆكانی كیسنجه‌رو ساڵانی 1974 و 1975 ئه‌گه‌رێكی چاوه‌ڕوانكراوه . به‌ڵێ بۆ كورد ئێستا كاتی بڕیاردانه .
بێگومان ئه‌گه‌ر كورد ئێستا بڕیارى سه‌ربه‌خۆیی و درووستكردنی ده‌وڵه‌ت بدات ، زۆرێك له ده‌وڵەتانی جیهان و ده‌شێ ئه‌مه‌ریكاش به ناچارى مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و دیفاكتۆیه بكه‌ن ، یان به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه بێلایه‌ن بن و رۆڵی نه‌رێنی نه‌بینن . كه‌واته ئاینده‌ى كوردستان له ئێستادا بڕیار ده‌درێت و دواكه‌وتن و چاوه‌ڕوانیكردن دەوەشێ ببێته هۆى له‌ده‌ستچوونی ئه‌و هه‌ڵه‌ى ئێستا هه‌یه ، به تایبه‌تی كه رۆژ له دواى رۆژیش زیاتر شیرازه‌ى نێوخۆى كوردستان تێكده‌چێت و مانه‌وه‌ى زیاتر به‌م شێوه‌یه‌و له‌م بارى شلۆقیهدا زیاتر بارى ناوخۆ به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه ده‌بات و ده‌شێ داگیركه‌رانی كوردستانیش رۆڵی زیاتر ببینن بۆ له‌باربردنی بڕیاردانی چاره‌نووسی كورد له رێگاى موغازهلهكردنی هه‌ندێ لههێزهكوردییهكانهوهو پێدانی هه‌ندێ ئیمتیازاتی كاتی و كورت ته‌مه‌ن ، هه‌مان شێوه‌ى ئه‌و ئه‌زموونه تاڵانه‌ى له‌رابردوودا بینیوومانه كه له‌لایه‌ك یه‌كێتی كوردیان لاوازكردووه له‌لایه‌كی تریش به‌شێك له‌هێزى كوردی‌یان هه‌ره‌س پێهێناوه له‌و روانگه‌یه‌وه له بهكڕیزى كورد دووریان خستوونهتهوهو پاشانیش پشتیان تێكردوون .
كه‌واته هه‌م بۆ كورد خۆى گرنگه هه‌وڵی رێكخستنی ناوماڵی خۆى بدات و ته‌نازولات بۆ یه‌كترى بكه‌ن هه‌م به موغازه‌له‌ى دهوڵەته سه‌رده‌سته‌و داگیركه‌ره‌كانی كوردستان له عه‌ره‌ب و تورك و فارس فریوو نه‌خۆن چونكه ئه‌وانی داگیركه‌ر هه‌میشه له خه‌یاڵ و بیركردنه‌وه‌ى سه‌ركوتكردن و بچووككردنه‌وه‌و سڕینه‌وه‌ى شوناسی كوردى و له نێوبردنی كورددان و له‌م ڕووه‌شه‌وه هیچ جیاوازیه‌ك له نێوان عه‌ره‌ب و تورك و فارس‌دا نیه ، به‌ڵكو جیاواز له ئاستی هێزو پێگه‌ى ئێستاى هه‌ریه‌كه له‌وانه‌دایه . ئێستا كورد له هه‌مان شێوه‌ى دواى جه‌نگی یه‌كه‌مدایه . ئه‌گه‌ر بتوانێت بڕیار بدات ئه‌وا خاڵه‌كانی ڕێكه‌وتنی سیڤه‌ر له‌سه‌ر زه‌مینه‌ى واقیع جێبه‌جێ ده‌كرێن ، ئه‌گه‌ر نه‌شتوانێت بڕیار بدات ئه‌وا ئه‌گه‌رى لۆزانێكی تر چاوه‌ڕوانكراوه .