شێرزاد شێخانی : نوكتەی كاراكردنەوەی پەرلەمان .
نزیك بەساڵێكە كوردستان بەحزب و میللەتەوە سەرقاڵی كێشەی پەرلەمانن .. دوای پەكخستنی بەبریارێكی مەكتەبی سیاسی پارتیەوە ، رۆژ نیە دەیان و سەدان لێدوانی فەرمی و نافەرمی نەبیستین سەبارەت بەكاراكردنەوەی پەرلەمانەوە . هەریەك لەلایەكەوە فرمێسك بۆ پەرلەمانە پەكخراوەكە ئەڕێژێت . لەولاشەوە میدیای فەرمی و سێبەرەكانیش وەزعەكە وا وینا ئەكەن گوایە بەكاراكردنەوەی پەرلەمان ئیدی كوردستان ئەبێتەوە شامی شەریفەكەی جاران خێروبێر ئەرژێت بەسەر میللەت و قەیرانی دارای بایبای ئەكات ، میللەت ئەبوژێتەوەو لەسەر شەقامەكاندا شایی هەڵپەركی ئەبەستن ، لەمزگەوتەكانیشەوە دوعای سەرفرازی بۆ سەركردەكانمان بەرزئەبێتەوە ، پرۆژەكان ئەكەونەوە كار ، كۆمپانیای نالیاش قەرزی خاوەن پشكەكان ئەداتەوە . حكومەتیش چاو لەو كۆمپانیایە ئەكات و ئەو ملیاران دینارەی بەناوی پاشەكەوتەوە لەقوتی مناڵەكانمانی بڕی هەمویان ئەگێرێتەوە . ئاشتی هەورامیش عاقڵ ئەبێتو ئیدی لەترسی پەرلەمان ناوێرێت لەمە زیاتر سامانی میللەت بدزێت ، سەرۆكی هەرێمیش لەعینادییەكەی دێتە خوارەوەو لەسەر داوای حزبەكان و بەبریارێكی پەرلەمان دەستبەرداری پۆستەكەی ئەبێت ، سەرۆكی حكومەتیش دێتەوە هۆش خۆی ئەویش بۆ هەمو شتێك هانا بۆ ئەنجومەنی دادوەری نابات و رێز لەبریارو یاساكانی پەرلەمان ئەگرێت ، ئیدی ئاو بێنەو دەستت بشۆ ..
ئەمە لەخەونی چۆلەكە زیاتر هیچی تر نیە .
چونكە نەپارتی تازە دەستبەرداری سیاسەتی برسیكردن ئەبێت دوای ئەو بێدەنگییەی میللەت و حزبەكان ، نە ئەو پەرلەمانەش رۆڵی ئەبێت لەچاكردنی وەزعی میللەت ، چونكە ئێستا تەنانەت واقیعی پەرلەمانیش گۆڕانی بەسەردا هاتوەو پارتی بوەتە كەمینە ، لەمەولا سەدان شەڕی ناو پەرلەمان ئەبینین لەسەر بچوكترین شت . لەولاشەوە حكومەتە موفلیسەكەمان رۆژبەرۆژ نوقمی ناو قەیرانی دارایی ئەبێت ، چاوەڕوان ئەكرێت پاش دوو مانگیتر چەند ملیار دۆلارێكی تریش لەكەیسەكانی نەوت بدۆرێنێ ، بەمەش ناتوانێت وەزعەكە چاكبكاتەوە هەر لەموچەوە بۆ بەگەرخستنەوەی پرۆژەكانوچاكردنی وەزعی خزمەتگوزارییە زەرورەكانی وەك ئاوو كارەبا ورێگاو بان . نەئاشتی هەورامیش دەستهەڵئەگرێت لەدزیو فزییەكانی ، چونكە داهاتەكان بۆ گیرفانی بنەماڵەی بارزانی كۆ ئەكاتەوە ، جا كەی ماڵی بارزانی تێر پارەو سامان ئەبن تا هەورامی دەستهەڵگرێت لەقوتی خەڵك .
لەم وەزعە نالەبارەدا،لەساتەوەختی داسەپاندنی دیكتاتۆرییەتی حزبی پارتی و كۆنترۆڵكردنی جومگەكانی دەسەڵات لەلایەن بنەماڵەی بارزانیەوە ، لەو بێ پارەیی وزەوتكردنی سامانی نەوت و گومرەگەكانەوە ، لەم وەزعە شڕەی پەیوەندیەكانی پارتی دەسەڵاتدار لەگەڵ حزبەكان ، لەم هەمو سیناریۆی تەخوین و رێگری لەچالاكی سیاسي و جەماوەری ، كاراكردنەوەی پەرلەمان چ ئەهمیەتێكی هەیە بۆ میللەت ؟.
موچەی فەرمانبەران ئەبێت چاوەڕوانی رەحمەتی ئاشتی هەورامی بكات ، ئەوەتا وەزارەتی دارایی یەك دیناری نیە سەرفبكات ئەگەر ئاشتی هەورامی پارەی بۆ نەنێرێت ، كاری وەزارەت لەجیاتی ئەوەی داهاتەكانی هەرێم بێنێتە ناو خەزینەی حكومەتەوە بوە بەكاری بانكێكی بچوك كەتەنها دیاریكردنی رۆژانی دانی موچەكانە ئەویش دوای ئەوەی ئاشتی هەورامی لەسەفەرەكانی دەرەوەی ئەگەڕێتەوە !!..
پارتی كاتێك پەرلەمانی پەكخست مەبەستی ئەوەبو دەزگایەكی شەرعی بونی نەمێنێت كە دەست بۆ پۆستەكەی مەسعود بارزانی ببات ، ئەم كێشەیە تا ئێستاش هەڵواسراوەو بارزانیش ئامادە نیە دەست لەو پۆستە هەڵبگرێت ، كەواتە چاومان بەپەرلەمان ناكەوێتەوە تا خودی مەسعود بارزانی رەحمێك بەم میللەتەوە نەكات ، مەگەر هەمو حزبەكان جارێكیتر تەنازول بۆ پارتی بكەن و لەسەر درێژەدان بە پۆستەكەی بارزانی رێكبكەون ئەوسا پارتی كێشەی لەگەل دكتۆر یوسف محمەدیش نامێنێت و پەرلەمانێكی گوێڕایەڵیش بۆ پارتی مسۆگەر ئەبێ ، ئەوسا پارتی بەو مەرجەوە ئامادەیە پەرلەمان كارا بكاتەوە ، بەڵام پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە ئایا حزبەكانیتر ئامادەن ئەمكارە بكەن و پێ لەجەرگی خۆیان بنێنو خۆیان ریسوا بكەن لەپێناو رازیكردنی پارتی و بارزانی ؟. گومانم لەوەدا هەیە بەتایبەت ئێستا یەكێتی و گۆڕان بونەتە هێزی یەكەمی كوردستان و ئەركێكی زۆر گەورەیان كەوتۆتە ئەستۆ بۆ پارێزگاریكردن لەدەسكەوتە دیموكراسییەكان و رێگریكردن لەدروستبونی دیكتاتۆریەت لەكوردستاندا .. كەواتە تا بارزانی لەژیاندا مابێت هیچ دەستپێشخەرییەك و هیچ چارەسەرێك بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان و مەسەلەی سەرۆكایەتی هەرێم مانایەكی ئەوتۆی نامێنێ .
پارتی هەریمەكەمان بەرەو دیكتاتۆرییەت ئەبات ، گرەو لەسەر كات و قوڵكردنەوەی قەیرانەكان ئەكات بەڵكو ئەمە خوایە جەماوەر فشارێك بخەنە سەر حزبەكان بۆ ئەوەی تەنازول بۆ خواستەكانی پارتی و مانەوەی بارزانی لەپۆستەكەیدا بكەن ، ئەگینا ئەوان وەك خۆیان ئەڵێن لەسەر خاكی دو گوندیش بێت دەوڵەتۆكەیەك یا ئیمارەتێكی سەر بەسعودیەو قەتەر دادەمەزرێنن و حوكمی بنەماڵەیی خۆیان ئەسەپێنن ، ئەوەی ناچێتە ژێرباری ئەم حوكمەشەوە فڕێی ئەدەنە پشت بازگەكانی دیگەڵەو پردێوە .
ئەوەی پێویستە لەسەر یەكێتی و گۆڕان ئەوەیە كەوا خۆیان لەم وەهمە رزگار بكەن ، لانیكەم بكەونە سەرچارەسەری وەزعی ئەو بەشەی میللەت لەزۆنەكەیانا ، ئەتوانن بەراگەیاندنی لامەركەزییەتی ئیداری داهاتە ناوخۆییەكانیان بەگەر بخەن بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی زۆنەكە بەو نەوتەی لەناوچەكانی ئەوانیشەوە دەرئەكرێن ، خۆ پێش یەكگرتنەوە فاشیلەكەی دو ئیدارەی هەرێم تەنها بەداهاتی گومركەوە باشترین ئیدارەی ئەم میللەتەیان ئەدا ، ئێستا كە سامانی نەوتیشیان هەیە ئەتوانن لەرێگای تانكەرەوە بینێرنە دەرەوە ، یاخود بیخەنە ناو بۆڕییەكانی سۆمۆوە تا ئەو كاتەی بۆڕییەكەی ئێران تەواو ئەبێت .. بەدیلێكی تریش هەیە ئەویش ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانی زۆنەكەیانە لەگەڵ بەغدا ، كە گومانم نیە بەغدا ئامادە ئەبێت بەشە بودجەی پاریزگاكانی ژێردەسەڵاتی ئەوان بنێرێت ، بەمەش هاوڵاتیانی ئەم زۆنە تا رادەیەك هەناسەیەك هەڵئەكێشن ، با پارتیش بكەوێتە سەر دامەزراندنی ئیمارەتەكەی بادینان واتا هەتا هەتاش بنەماڵەی خوێنخۆری بارزانی حوكمی كویلەكانیان بكەن .
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts