ئەبوبەکر جاف : تیرۆر لە فەرەنسا ـ قسەیەكی تر .
فەرەنسای وێناكراو لای موسڵمانانی فەرەنسی
نەك یەك و دوان و سیان ، نەك دەیان كەس ، بەڵكو سەدان و هەزارانن ئەو كەسانەی خەیاڵێكی جیاوازو ترسناك و وێرانكەریان لە سەر فەرەنسا هەبوو . ئەمانە بەردەوام نەك هەر لەو بڕوایەدابوون كە فەرەنساو فەرەنسییەكان كۆڵۆنیالیست و ئیمریالیستگەلێك بوون هەرچی سەرمایەی ماتریالی و ڕەمزی و مەعنەوەی باكوری ئەفەریقا ، یان ئەوەی پێی دەڵێن ڕۆژئاوای عەرەبی دادۆشی . بەمەوە نەوەستابوون . ئەم هەزاران كەسە كە لە شەقامەكانی پاریس لە باربێس و سان دۆنی و زۆنە پەراوێزبووەكانی ( 18 و 19 و 20 ) ی پاریسدا كۆمیونێتی و جڤاكێكی ( وێناكراوی دابڕاو ) یان دروست كردبوو كە هەم تێیدا دەژیان و هەمیش ستایل و فۆرمی جیاوازی ژیانكردن و پەیوەندی و پەیوەندی بەستن بوو . ئەمانەو پەراویز نشینەكانی پاریس و دەوروبەرو كەناری پاریس لە نانتێرو ….. چۆن پەیوەندییەكیان بە فەرەنساوە هەبوو . بئ خۆم لە دەیان كەسم بیستووە كە بە ئیمانێكی سەیرەوە لەو بڕوایەدابوون كە : كاتی خۆی پاریس هەمووی شاخ و شاخ و بەرزایی بووەو باو باپیری ئەمان تەختی كردووە و كردوویەتی بەشار . بۆ ئەمان پاریس و سەرمایە ماتریالی و ڕەمزییەكانی پاریس بەری ڕەنج و خوێن و ماندوبوون و كرێكاری باب و باپیری ئەمان بوو نەك ( پاریسی سەدەی 18 و 19 و 20 ) كە دڵی دونیاو پایتەختی مۆدێرنیتێ بێت . كۆمەڵێك شوێنەواری دزراوی بە بەهاو ڕەمزی لە چەقی پاریسدا كە ئەوانە بوون لە میسرو میراتی فرعەون و میسری كۆن بوو .
هەمیشە وێنایەك هەبوو ، وێناو ئیماجێك كە ( نەوەی دووەم و سێیەمی ) مسوڵمانە فەرەنسییەكان بەرهەمیان دەهێنایەوە و لە ناویدا دەژیان و پەیوەندی و ئایندەیان لە سەر بینا دەكرد . فەرەنسایەكی كۆڵۆنیالیست و ئیمپریالیست ، فەرەنسایەك كە ئێستاكەش نەوتی جەزائیرو ڕۆژئاوای عەرەبی هەڵدەلوشێت .
زیاتر لە 5 ملیۆن موسڵمانی فەرەنسی ڕۆژانە لە ناو ( نامۆبوون و ئیغتراب و درزكەوتنە خەیاڵیانەوە دەژیان ) . ئەمانە نەوەی دووەم و سێیەمن . بەڵام باب و باپیری ئەمانەش كێ بوون ؟ ئەوانە بوون كە لە گەڵ پاشەكشەی سەربازانی فەرەنسادا وەك نزیك ( جاش ) لە گەڵ هێزی سەربازی فەرەنسادا هاتبوونە فەرەنسا ، یاخود دەستی كار بوون و بۆ كار لە فەرەنسا ژیابوون . نەوەی دووەم و سێیەمی ( فەرەنسی خەیاڵ پچڕاو و درز تێكەوتو ) نەك هەر هاوڵاتی فەرەنسی بوون ، ئەوان لە دایكبووی فەرەنسا بوون . زۆر لەوانە عەرەبییان هەر نەدەزانی . بەڵام ئەمانە زمان و ئەو نەزم و پەیوەندییەی زمان دەیزولقێنێت بەس نەبوو بۆ هۆگر بوون و كەستكردن بە فەرەنسی بوونیان . ئەمان (شێوازی جیاوازی ژیانكردن و پەیوەندی و گردبوونەوەو تەنانەت بازاڕی تایبەت بە خۆیان هەبوو . خواردن و مەتبەخ و شێوازی جلپۆشین و گوێگرتن لە گۆرانی و مۆزیكی جیاواز . هەموو شتێك جیاواز . شۆین و زەمەن و ئیماجیان فەرەنسی نەبوو. تەنانەت دەسكاریكردنی بە ئەنقەستی زمانی فەرەنسی و داهێنان و پێكهێنانی ئاستێكی تایبەتی نوسین و قسەكردن و گۆكردن لە هەناوی زمانی ستانداردو ئەدەبی و ڕەسمی . ژنانێكی تێكشكاو وێرانكراو پارچەپارچەكراو كە بە شێوەیەك بەرهەمهێنرابوو ، بەرهەم دەهێنرایەوە كە بەرهەمی تۆڵەكردنەوەو كینەو ڕق دەچوو . . ئەمە هەموو وێنەكەو دراوەكە نییە ، نەخێر . ئێمە لە فەرەنسادا بەر دەیان فۆرمی ( جیاكاری و جیاكردنەوەو ڕاسیزمی فەرەنسی دەكەوتین بەرانبەرئەوانەی كە گولوا نین ، ئەوانەی كە مێژوویەكی ( ڕەسەنترو حیكایەتی درێژتریان نییە لە فەرەنسادا ) .
ئێمە لە بەرانبەر گوتارێكی سیاسیی و ئیدۆلۆژی فەرەنسیبوون و بە فەرەنسیكردنین كە ئەم پەراوێز بووانەیان ناچار دەكرد كە هەست بكەن فەرەنسی نین . جیاكاری لە دامودەزگای دەوڵەتی و حكومی و بەڕێوە بردن ، جیاكاری لە سلكی سەربازی و ئەمنی ، جیاكاری لەوەی كە ناچاربوون مناڵەكانی ئەم پەراوێز بووانە لە زانكۆ دواكەوتو بێئەرزشەكاندا بخوێنن . ئیكۆڵ و قوتابخانە باڵاكان بۆ ئەمان لە خەون و خەیاڵ تێنەدەپەڕی . جێاكاری لە زۆن و شوێنی نێشتەجێبووندا بە شێوەك گوتارێك سەرپێ خرابوو كە ئەمانە لە گەڕەك و زۆنە هەژار نشین و پەراوێزبوو ۆڕ ئاشوب و فەوزاكاندا ژیانیان بەسەر ببردایە . كاری ئەمانەو كرێی كاریان جیاواز بوو لە فەڕەنسییە ڕەسەنە گوێ بلاو سورو سپییەكان ، ئەم گوتارە جیاكارو ڕاسیستە چی بەرهەم دێنێت ؟ دەس وەردانی بەردەوامی دەسەڵاتی فەرەنسی لە گەڵ ( دیكتاتۆرو ستەمكارانی دونیای عەرەبی و ئیسلامیدا جگە لەم ( درز تێكەوتن و شكاندن و شكانەوەو چوونەوە ناوخۆی مسوڵمانە عەرەبییەكان ) هەر ئەمەی لێچاوەڕوان دەكرێت .