فەوزی ڕەمزی : ڕەشەکوژییەکەی ناوچەی دەرسیم ، کە کەمالییەکان ناوەکەیان گۆڕی بۆ تونجەلی .
لە مانگی حوزەیرانی 1937 / ەوە تا 1939 تورکە کەمالییەکان هێرشێکی بەربڵاویان کردە سەر ناوچەی دەرسیم دژ بەو شۆڕشەی عەلەوییەکان ” کە عەسمانییەکان بە زۆر ئەو ناوەیان بە سەردا سەپاندن و ئەگینا لە بنەڕەتدا بە ناوی هاڵاڤی/یەکان ناسرابوون ( بڕوانە نووسینێکی دکتۆر جەمال نەبەز ) بە سەرکردایەتی سەید ڕەزای دەرسیمی پەرپایان کردبوو دژ بە دەسەڵاتی تورکان و نزیکەی ( 13 تا 15 ) هەزار کوردی بێتاوانیان گوشت و بێ سەروشوێن کرد و چەندینیان دەبەستنەوە بە موورەدار و ئەیاندان بەدەم ئاوی ڕوبارەکانەوە تا بە ئازارەوە بخنکێن . لەو ساڵەدا کە جەلال بایەر سەرۆکی وەزیران بوو ، ڕاستوخۆ داوای لە عیسمەت پاشا ( وەك دەڵێن کە بە ڕەگەز کوردە ) کرد کە هەرچۆنێك بێت ئەو ( وەك خۆیان دەڵێن ئاژاوەیە ) سەرکوت بکات و چی پێویستە ئەوا ئەمان هاوکاری دەکەن . ئەویش ( عیسمەت پاشا ) چاودەگێڕێت بۆ خوێنڕێژترین سەربازی نێو سوپا کە ئەویش ( ژەنەڕاڵ ئاڵپ دۆگان ) بوو . یەکەم هەنگاو بۆمبۆردوومانی ناوچەکە بوو بە چیا و دۆڵ و ئەشکەوت و ….. زۆر بە سەختی و ئەوجا کەوتە ڕەشبگیری ناوچەکە و ئەوەی تەمەنی لە 24 تا 26 ساڵان بێت دەبێت هاوبەشی ئەو شەڕە بکات . بەوەی کە دەماودەم خەڵکی ناوچەکە باسییان لێوەکردووە ، کە لە ئەشکەوتێکدا نزیکەی 3000 ژن و منداڵ و پیر و پەکەوتەی تێدا بوو گشتیان لە نێو ئەو ئەشکەوتەدا کە زوربەیان زیندوو بوون خنکان و سوتان ، پاشان دەرگای ئەشکەوتەکەیشیان بە دینامێت تەقاندیانەوە . دەسەڵاتی تورکان هەر بەوەوە نەوەستان بەڵکوو کەوتنە کڕینی سەرۆك خێڵ و عەشیرەتەکانی ناوچەکەو بەمە جاشێکی زۆریان خڕکردەوە بەناوی ئەوەی ئەم عەلەوییانە گومڕا و لادەرن لە ئیسلام و عەلی کوڕی ئەبوو تالیب وەك خودێ چاولێدەکەن و … هتد تا سۆزی دینیان بجووڵێنن و کارەکەی خۆیانی پێ مسۆگەرکەن .
سەرانی لەشکری تورک توانیان یەكێك لە کوڕەکانی سەید ڕەزا بە ناوی ( زوبێر ) بە پلەوپارە هەڵخەڵەتێنن و بینێرن بۆلای ” عەلی شێر ” کە ئازا و دلێرانە سەرکردەی لەشکری دەرسیمییەکانی دەکرد و بە فرتوفێڵ توانی عەلی شێر و هاوسەرەکەی پێکەوە بکوژێت و سەرەکەیشی لە توورەکەیکدا بێنێت و لە بەر پێی ژەنڕال ئاڵپ دا دابنێت .
دوای ئەوەی ئەو شۆڕشە بەو دڕاندانەیە بەرهەڵستی لێکرا ، ناچار سەید ڕەزا بەرەو ئارزنجان بڕوات بەڵام جەندرمەکانی تورك دەیگرن و لە ڕۆژی 5 ئەیلوولی 1937 دا زوربەی هەرە زۆری ڕێبەرانی شۆڕش دەسگیرکان و زۆرینەیان لە سێدارە دران . بەڵام ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە کەمالییەکان بەنگوباوی ئەوەیان دوادەخستن کە ئەمانە دەیانەوێت خەلافەت بگێڕنەوە و ئەمانە کۆنەپەرشتن و ….. و بەداخەوە هەندێك لە مێژوونووسانی خوشمان دوای ئەو بەندووباوانە کەوتوون و ئێستایشی لە تەکدا بێت هەر باوەڕیان بەو تورکانەیە و کەسیش نییە دوای ڕاستییەکان بکەوێت .
شێخ رەزای دەرسیمی لە کاتی لەسێدارەدانی دا دەڵێ : من بە فێڵەکانی ئێوە نەوەستام ، ئەوە با بۆ من ببێتە دەرس ، بەڵام منیش چۆکم لەبەر ئێوە دانەدا ، ئەوەش با بۆ ئێوە ببێتە دەرس .
ئێمە کوڕی کەربەلاین ( واتە کوڕی حوسەینی کوڕی عەلی ) کە ئەویش بەبێ تاوان کوژرا . هەروەها لەسەر پەتی سێدارە بە دەنگی شێراسا و بە زوانی کوردی دەڵێت من ئێستە تەمەنم 75 ساڵە و ئیتر دەچمە پاڵ شەهیدانی گەلەکەم ، ئێوە دەرسیمتان گرت بەڵام کورد هەردەمێنیت و بژی کوردستان و لاوان هەر هەڵدەسنەوە و بمری گشت زاڵمان . بە دەستی پیرۆزی خۆی پەتەکەی خستە ملی خۆێ و باقاچی کورسییەکەی لەدا .
لەم دواییەدا ڕەجەب ئەردوگان بۆ مەرامی سیاسی خۆی ئەو کۆمەڵکوژییەی وەك تراژیدییایەکی مێژووی دەوڵەتی تورکیا باسکرد . و هەروەها دەزگا هەواڵنێرە تورکییەکان لە هەواڵەکانیاندا بڵاویانکردۆتەوە کە بڕیارە شاری ئێستای ( تونجەلی ) ناوە کوردییەکەی خۆی ، کە ( دەرسیم ) ـە ، پێ بدرێتەوە .
مانای دەرسیم // ” دەر ” لە کوردیدا بە ” دەرگا ” دێت و ” سیم ” بە مانای ” زیو ” دێت ، کەواتە بە لێکدانی ئەو دوانە دەبێتە ” دەرگای زیوین .