کاوسێن بابەکر : نوسین ، ڕەخنە ، بۆڵەبۆڵێکی بێ ئەنجام !
ئەرێ نوسین هیج کەڵکی ماوە ؟ زۆرجار ئەم پرسیارە لەخۆم دەکەم و دەستی قەلەمەکەم شل دەبێ ! چەندین فەردە کاغەز ڕەشکراونەتەوە ، چەندین سایت و ڕۆژنامە گۆڤار نەخشێنران ، چەندین تی ڤی پڕکران لە گلەیی و بۆلەبۆڵ ! کەهەموویان روویان لەبەرپرسانی ئەم ووڵاتە بوو ، ناوەرۆکی هەموو ئەو نوسینانە ، ڕەخنەو توانج وپێشنیارو ئامۆژگاری بەجێ و بەڵاش بوو بۆیان ، هەرهەمووشیان لەیەک خاڵدا یەکیان دەگرتەوە کە بریتی بوو لە ؛ سیاسەتمەداران پارتە سیاسیەکان ڕێککەون و ئەو کارەنایاساییانە لەگەندەڵی و دزی و پەکخستنی پەرلەمان و قۆرخکاری ئیداری و دارایی ، بوەستێنن و زەمینەیەکی نوێ بۆکاری سیاسی و پەرلەمانی و ئیداری و دادوەری لە کەشوهەوایەکی دۆستانەو بەرپرسانەدا بەپێی پرەنسیپە دێموکراسیەکان بخوڵقێنن .. دۆخەکە ناسکە با ئەوەی بەدەستمان هێناوە بەخوێن و فرمێسک و کیماباران و جینۆسایدکردنی گەلەکەمان لەدەستمان نەچێ و نەگەڕێینەوە خاڵی سفر وەک ، شۆڕشەکانی ڕابردوو . بەڵام کام بەرپرسە گوێی گرت و ووتی ووتاری فڵان کەس بهێنن و بۆ بەڵگەو ڕاستیەکان بەدواداچوون بکەن ! کامەیان ووتی ئەو بەڵگەنامانەی ئەو نوسەرو ئەندام پەرلەمانانە ئابڕووبەرەن و بەزووترین کات ڕوونی بکەنەوە ، ئەگەر راست دەرچوون خاوەنەکەی خەڵات بکەن ، ئەگەر بوختان و درۆ بوون بیدەنە دادگا باکەسانی تریشی پێوە تەمبێ بکرێ !
سەیرە زۆر سەیرە ئەندام پەرلەمان لەسەر تی ڤیەکان هاواردەکات دەڵێ 821 فایلم لەبەردەستە کە گومانی گەندەڵی و دزی لێدەکرێ ، لەوانە چەندین فایلم لێکۆڵینەوە تێداکردووە و ساغم کردونەتەوە بەشاهیدو بەڵگەی تەواو کەڕاست و دروستن وپێویستە بدرێنە دادگا ، لێپرسراوان وەرن لێم وەرگرن ، ئەگەر راست نەبوون سزام بدەن !! کەچی بەرپرسان خۆیان دەکەنە کەڕەی شەربەت و وەک لەگەڵ ئەوانیشیان نەبێ تەنانەت داواکارانی گشتی وەک لەو ووڵاتە نەژین خۆیان کڕکردووە ! ئاخر ئەو قسانە پڕکێشیەکی گەورەیەو بەرپرسیارەتی قانوونی دەکەوێتە سەر تۆ بێی کەسانێک تۆمەتبار بکەی ، دەبێ داواکاری گشتی ، وەزیری مەعنی،سەرۆکی حکومەت ، سەرۆکی هەرێم ئەوتەحەدییەیان بەسەرا تێپەر نەبێ !! ئاخر ئەوان بەرپرسی قانوون ودادو ژیان وسەروماڵی ئەم خەڵکەن !
ئیدی پرسیارەکە لێرەدا دووبارە دەبێتەوە ، ئەگەر نوسین ، بەڵگە ، ڕەخنە ، توانج تۆمەتبارکردنی بەرپرس ، ئاماژەکردن بۆدز،بۆ گەندەڵ ، بەڵگەو شاهیدو …. هیچ کەڵکێکی نەبێ هەموو ئەوانە ببەسترێتەوە بە میزاجی کەسێکەوە کەی حەزی کرد یان کەی بەباشی زانی و لەقازانجی خۆی یان حزبەکەی بوو ملی گەندەڵێکی پلە سێ و چوار بگرێ ، دەنا هیچ وڵامێک بۆ ئەو هەموو پرسیارە ، بۆئەو هەموو هاوارە ، ئەوهەموو گلەیی و بۆلەبۆڵە نەک هەر نەبێ بەڵکو لەسایت و ڕۆژنامە و گۆڤارە سێبەرەکانی حزبدا دەیان سوکایەتی و تۆمەتیان ڕووبەڕوو بکرێتەوە لەجیاتی ڕووبەڕووبوونەوەی بوێرانە بۆ ساغکردنەوەی راستیەکان و ڕاکێشانی تۆمەتباران بۆبەردەم دادگا و دەسوتخۆشی لەوانەی لەپێناوخەڵکدا خۆیان ماندوودەکەن و بەدوای دزی و فزیەکانەوەن .
لێردا نوسین و ڕەخنە جگە لە بۆڵەبۆڵێکی بێ ئەنجام و بێ سەمەر هیچی ترنییە ! خەڵک ناچاردەبێ بیر لەڕێگاچەرەی تریش بکاتەوە ، ڕێگای خۆپێشاندان و مانگرتن و دەربڕینی ناڕەزایی بەشێوازی جۆراوجۆری مەدەنیانە . ڕەخنەو نوسینەکانیش دەبێ و پێویستیشە توندترو گورچکبڕدەبن .