شێرزاد شێخانی : پاشەكەوت ـ پشەكه خواردی .
عەجیبترین ئومورو غەریبترین قەزییەی ئەم سەردەمە ، قەزییەی موچەی فەرامانبەرانی هەرێمی كوردستانی عیراقی فیدڕاڵە .. ئەوكاتی هێشتا نەوتەكەمان لەژێر ئەرزا خەوتبو ، موچەیەكی باشو بێ غەلو غەشمان وەرئەگرت بەشی قەیماغو هەنگوێنی بەیانیان و قۆزی و ماستاوی نیوەڕۆ و نەفەر كەبابی ئێواران بەدو نانی گەرمیشەوە ئەكردین ، ئێستا موچەكە بەفەزلی سیاسەتی حەكیمانەی ئەندازیاری ئاوەدانی كاكە نێچیرڤان بارزانی خوا لێی رازی بێت و وەكو مەلایەكەتەكانیش بیپارێزێت بەشی نیو لەفەی فەلافلیش ناكات .. لەسایەی خێرو بەرەكەتی سیاسەتی نەوتی كاكە ئاشتی هەورامیەوە ، مامۆستاو حەماڵی عەلوەكان بەیەكەوە شانیان داوەتە بەر مەیسەركردنی كاری رۆژانەی هاوڵاتیان .. مامۆستای زانكۆ لەگەڵ سایەق تەكسیەكان لەم عوتڵەی هاوینەدا هەماهەنگی یەكتر ئەكەن ، خانەنشینی عەسكەری و مەدەنی بەیەكەوە لەبەر دەركی بانكەكانا باس لەسەربوردەی ژیانیان ئەكەن ، كابرای تەزبیحفرۆشی بەردەركی مزگەوتی گەورەش لەگەڵ مودیری زاتییەكان بونەتە هاوڕێ و هاودەم ..
بەقسەی حوكمەت بێت لەفەزڵی سیاسەتی كاكە ئاشتی هەورامییەوە مانگانە زیاتر لە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت ئەفرۆشرێت ، دونیا بوە بەشامی شەریف و خۆشگوزەرانی و رەفاهییەت گەیشتۆتە ئاستێكەوە میللەتەكەمان بەتڕان بوەو بەفەردە برنج فرێئەداتە ناو تەنەكەی خۆڵەوە .. لەسایەی عەبقەرییاتی كاكە ئاشتی و ئەندازیارە سەرپەرشتیكارەكەی سیاسەتی نەوت كاكە نێچیرەوە ، بازاڕ جوڵاوەو چەرخی لایت دەستناكەوێت ، بەنزینی تیجاری هاوردە ئەكرێت ، نەوتی سپیش كەس پێویستی پێوە نەماوە ، ماشاڵڵا دارودررەختی ئەم وڵاتە ئەوەننە زۆرن بەشی چێشتلێنان و سۆبە گەرمكردنەوەشمان ئەكات .
لەخوا بەزیا بێت هەمو شتێكمان هەیە و لەهیچمان نوقسان نیە ، تەنها نوقسانی موچە نەبێت ، ئەویش حوكمەت وا خەریكە بۆمان پاشەكەوتی ئەكات ، ئەو باشتر بیر لەموستەقبەلی ئێمە ئەكاتو ئەزانێ ئەم سامانە نەوتییە رۆژێ دادێ كۆتایی پێ بێت وبیرەكان وشك ئەبنەوە ، بۆیە بەحیكمەتی خۆی ئەم پاشەكەوتەی داهێناوە پارەی سپی ئەمرۆمان بۆ رۆژی رەش هەڵئەگرێت . واتە ئەو رۆژەی كە لەئێستا زۆر رەشترو تاریكترە . لەوە ئەچێ جەنابی كاكە نێچیرڤانی حەكیم دەرسو عیبرەتی لەشۆرشی ئەیلول وەرگرتبێت كاتێك خەزینەی شۆرشیان هەڵگرت و لەگەڵ خۆیان بردیانە ئەمریكاو ئێرانەوە ، ئەی نەتابینی لەدوای راپەرینەكە هەمو پارەكەیان گێڕایەوەو بەحەددی فلس بۆ هەڵبژاردنەكەی پەرلەمان سەرفكرایەوە و دەنگی میللەتی پێ كڕدرا ، خۆ ئەگەر ئەو پارەیە نەبوایە ئەسڵەن كەس نەئەچوە هەڵبژاردنەكەوە ، بەمەش ئەو پارە گلدراوە لەپێناو دیموكراسیدا سەرفكراو ، بەچاوی خۆشتان ئەبینن چۆن ئەم وڵاتەی ئێمە لەسایەی دیموكراسیەتەكەی كاكە نێچیرو ئاشتی هەورامییەوە گەیشتۆتە ئاستێكەوە ئەمریكا بەو زەبەلاحییەی خۆیەوە كرنوشمان بۆ بەرێت .
هەواڵێكی بەپەلە :
ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە تا مانگی دوانزەی ئەم ساڵ كۆتایی بەسیستەمی كارتی ئەلكترۆنی دێت و ئەو كارتانە دەگەنە دەست فەرمانبەرانەوە . بەگوێرەی زانیاریەكانیش موچە فەوتاوەكان ناخرێنە سەر ئەم كارتانەوە لەبەر ئەوەی پاشەكەوتكراوەو لەمەولا موچەی فەرمانبەران دەخرێتە سەر ئەو كارتانەو دەتوانن لەبانكەكانەوە وەریبگرن “. بۆ زیاتر رۆشنایی خستنە سەر ئەم بابەتە سەرچاوەیەكی بەپرس لەحوكمەت پێیڕاگەیاندین ” ئەمە تازەترین دەسكەوتی حوكمەتە بۆ فەرمانبەران و دەتوانن لەمەولا موچەكانیان لە بانكەكانەوە وەربگرن ، بەمەرجێك كاكە ئاشتی هەورامی پارەی تێبكات . راستە ئێستاش موچە هەر لەبانكەكانەوە ئەدرێتە فەرمانگەكان بەڵام ئەمە گۆرانكاڕییەكی تازەیەو داهێنانێكی نوێی حوكمەتە . ئەمە بەنیسبەت دەسكەوتی سیستەمی كارتی ئەلكترۆنی ، ئەمما سەبارەت بە مەسەلە ئەسڵییەكەی خۆمان كە سیستەمی پاشەكەوتە ” مولاحەزە بكەن ئەم وڵاتە بەبێ سیستەم نەبێ ئیش ناكات “، ئەوە بەپێی زانیاریەكانی ئێمە ئەم پاشەكەوتانە پشەكە خواردی ونۆشی گیانی كردو كەس بەتەمای نەبێت “.
لەپاساوی پشە خواردنەكەشدا ئەم بەرپرسەی حوكمەت وتی : كاكە مەعقول نیە حوكمەت ئیلزام بكرێت بەگێڕانەوەی ئەو پاشەكەوتانە ، چونكە ئەساسەن حوكمەت موفلیسەو لەقەیراندایە “. تەئكیدیشی لەوە كردەوە ” ئەم پرۆسەیە بەهەڵە ناونراوە پاشەكەوت ، چونكە ئەمە لەقتوی هیچ حوكمەتێكدا نیە ، خۆی لەئەساسدا ئەم سیستەمە بۆ كەمكردنەوەی موچە بوە میدیاكان ناویان ناوە پاشەكەوت ، بیرتان نەچێ ئێمە حوكمەتایەتی ئەكەین و كابانی ساڵانی پەنجاكان نین ئاوی تەماتە لە هاوینان بگرینەوە بۆ زستان ، حوكمەت كار بەسیستەم ئەكات كابانی ماڵ نیە تا هەنجیرو مێوژ وشكبكاتەوەو پاشەكەوتی بكات “. ئەو سەرچاوەیە كە پۆستێكی باڵای لەناو حوكمەتا هەیە بەمەرجی بڵاو نەكردنەوەی ناوەكەیەوە ئاماژەی بەوەدا ” تۆ بێنە بەرچاوت ، مۆزەفیك موچەكەی نیو ملیۆنی لێ پاشەكەوتكرابێت ، دیسان بیهێنە بەرچاوت حوكمەت بەهۆی ئەو قەرزانەی كەڵەكە بونە بەسەریەوە ئەم سیستەمی پاشەكەوتە بۆ پێنج ساڵیتر بەردەوام بێت ، كەواتە ئەم فەرمانبەرە پاشەكەوتی ساڵانەی شەش ملیۆن دینارە ، شەش ملیۆنەكە زەربی پێنج ساڵی بكە یساویە بە 30 ملیۆن دینار ، سی ملیۆنەكەش زەربی ملیۆنێكو چوار سەدو حەفتاو سێ هەزار و دووسەد مۆزەف بكە ، كۆی پارەكە یوساویە بەزیاتر لە 50 ملیار دۆلار ، ئێ خۆ ئەگەر ئاوەكەی دوكان و دەربەندیخانیش بفرۆشینە وڵاتێكی ئەفریقاوە ئەو پارەیەمان دەستناكەوێتەوە ، ئیدی ئەم خەونە حوشتریانە چییە ئەم خەڵكە شەوانە ئەیبنن ؟؟. بۆیە باشترین بژاردە لەبەردەم میللەتەكەماندا ئەوەیە فاتیحایەكی گەرم و نەرم بخوێنن بۆ ئەم سیستەمی پاشەكەوتە ” الی روح المغفور لە هدیەتەن الفاااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااااتیحە .
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts