muhamad-genawi

دکتۆر محەمەد گەناویی : کورد لەنێوان خەلافەت و ویلایەتدا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تێبینی : ئەم بابەتە ساڵی 2014 بڵاوکراوەتەوە ، لەئێستادا بەدەستکاری نوێی نوسەرەوە ، بۆتان بڵاو دەکەینەوە 

دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت پێش چارەکە سەدەیەک کۆتایی بەجەنگی ئایدۆلۆجی هات کەجیهانی کردبوو بە دوو بەرەوە ـ دوو بلۆکی دژبەیەک . بەکۆتایی هاتنی جەنگی ئایدۆلۆجی وڵاتان و میللەتان گەرانەوە سەر جەنگی سروشتی کەبریتیە لەجەنگ بۆ بەرژەوەندی میللی و نیشتمانی خۆیان ئیتر لەبری هاوپەیمانی ئایدۆلۆجی ، هاوپەیمانی بەرژەوەندی ئابوری ، شارستانی ، ئاینی ، ( نەژادی ) بوونە پێوەری پەیوەندی هاوپەیمانیان .

لەگەڵ کەوتنی یەکێتی سۆڤیەت ، وڵاتانی ڕۆژئاوا بەسەرۆکایەتی ئەمریکا جێگای یەکێتی سۆڤیەتیان لەم شوێنانە گرتەوە کەلەڕوی ئابوری بەتایبەت وزە ، جیۆستراتیجی و جیۆپۆڵەتیک گرنگن وە ئەم داشانەیان لابرد کەببونە سمبولی نوێنەرایەتی بلۆکی روسیای سۆسیالستی لەپێش هەمویانەوە سەدام و عێراق ئەمجار لبیاو قەزافی ، وەک ئێستاش نۆرەی سوریایە کە نازانرێ سەرنەوشتی بەکوێ ئەگا بەهۆی گەڕانەوەی روسیا بەهێزەوە بۆ سەرهێڵ و ڕۆڵ بینینی لەسیاسەتی جیهانی . لەگەڵ ڕوخانی سەدام و قەزافی و لاوازبونی سوریا و مێر بۆشایی هێز لەناوچەکە دروست بوو کە هەموو لایەک هەوڵ دەدەن ئەم بۆشاییە پڕبکەنەوە .
لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی لاوازی و کەنەفت بونی وڵاتانی عەرەبی هەریەکە لەتورکیا بەپاشخانی خلافەتی سوننەی ئیسلامی و خەونی ژیانەوەی دەورانی عوسمانی ، ئێران بە پاشخانی شۆڕشی ئیسلامی و هیوای دروست بونی ویلایەتی فقیە لەسەربنەماى مەزهەبی شیعی وە هەروەها ئیسرائل و ڕۆژئاواش بەپاڵنەری ڕاگرتنی هاوسەنگی هێزو ئاسایش و پاراستنی هێڵەکانی وزە ، بەگەرمی لەپێش بڕکێدان و چالاکانە کار ئەکەن بۆ دروستکردنی پایەکانی خۆیان . یەکەم خاڵی نەبەردی یەکلابونەوەی زۆرانبازی هێزە تورکی و ئێرانی و ئیسرائلی لەگەڵ ڕۆژئاواییەکان ئێستا لەسوریا و عێراقە . هەرچی ئێرانە بەهێزو بازوی ئابوری نەوت و گروپە شیعەکان و توانای سەربازی و هەواڵگری لەحاڵی بەرگری دایە لەسوریاو لوبنان و عێراق وە لە یەمەن لە حالى هێرش دایه . ئێران بۆ بەهێزکردنی بەرەی سوریا و عێراق راستەوخۆ لەدەرەوەی سنورەکانی خۆی لەجەنگدایە لەگەڵ تورکیای سوننی بەڵام لەگەڵ ئیسرائل و ڕۆژئاوا لە ڕێکەوتندایە چونکە لەهەندێک شوێن بەرژەوەندیان یەکە وەکو لەعێراق بەڵام لەیەمەن و لوبنان بەپێچەوانەوە . هەرچی تورکیای عەلەم داری دنیای سوننەو خلافەتە پشتیوانی قوڵی ستراتیژی گەورەی دنیای سوننەی هەیە ، تورکیا هەمو توانای خۆی بەکاردەهێنێ بۆئەوەی بەشۆڕشی ئیسلامی دنیای سوننە بتوانێ شکۆی خەلافەتی عوسمانی ئیسلامی بۆخۆی بگێڕێتەوە ، کْە ئەمساڵ ئەبێتە 90 ساڵەی نەمانی خەلافەتی ئیسلامی سوننەی عوسمانی .
تورکیا بەهۆی ئەندامبونی لەناتۆ ناتوانێت وەکو ئێران لەبریارداندا سەربەخۆ بێ ، بەڵام هیچ گومانی تیا نیە کەبونی گروپە سونیەکان لەوڵاتانی ئیسلامی بۆ تورکیا هیوایەکی زێڕینە و دەستابەرداری نابێت چونکە تورکیا تەنها لە ڕێگەی گروپە سوننە ئیسلامیەکانەوە ئەتوانێ نفوزی خۆی فراوان بکات و خەونەکانی بێنێتەدی بۆیە لەراستی دا گروپە ئیسلامیەکان لەجیهانی سوننەی ئیسلامی دا تەنها گروپێکن کەتورکیا متمانەیان پێ بکات ، وە ئەوانیش زەخیرەی ستراتیجی تورکیان وە تورکیاش لەپێناو ئەم گروپانەدا ئامادەیە هەمو ئەم دەوڵەت و تاقمانە بکاتە قوربانی کەلەوڵاتانی ئیسلامی دەسەڵاتدارن بەڵام بۆ تورکیا جێگای متمانە نین .
ئیسرائیل وەک تەنها وڵاتێک بەفەرهەنگ و بەهای ڕۆژئاواییەوە لەناوچەکەدا ڕاستەوخۆ لەگەڵ هەردو هێزی خلافەتی تورکیاو ویلایەتی فقهی ئێرانی لەڕوبەروبونەوەدایە ، بەڵام لەکاتی ئێستادا هەم هێزی خەلافەت وە هەم هێزی ویلایەت ، وە هەروەها ئیسرائیلیش لەگەڵ هەردووکیان لەقۆناغی پەیوەندی تاکتیکی دان چونکە هیچیان بۆ یەکتر جێگای متمانە نین . هەریەکەیان بچوکترین فرسەتی بۆ بڕەخسێ لایەنی تر لاواز ئەکات وە هە تا لەناوی ئەبات .
ئەوەی گرنگە تائێستا روسیاو چین وەک دوو هێزی گەورەی جیهانی زیاتر ڕۆڵی سەیرکەری هەستیار ئەبینن ، وە ئەشێ لەهەر گۆڕانکاریەکی چاوەڕوانەکراو ئەوانیش بەگەرمی بۆ بەرژەوەندی خۆیان بێتە ناو هاوکێشەی هێزو بەرژەوەندیەکانەوە بەدژایەتی خەلافەت و ویلایەت یان پشتگیری یەکێکیان دژی ئەمی تر، . ئەوەی جێگەی باس و لێکۆڵینەوەو شرۆڤە بێ ڕۆڵی گەلی کوردە لەنێوان خەلافەت و ویلایەت .
ئایا کەلی کورد هەمان رۆڵی کۆن ئەبینێتەوە کە لەسەدەی (16) وە بینیویەتی ، واتە دابەش بون بەسەر هەردوو هێزی خەلافەت و ویلایەتدا ? . تائێستا گەلی کورد بەتایبەت ئەوەی پێی ئەڵێن دەسەڵات و حکومەت لەکوردستانی باشور بەهۆی هەژاری فکری و قاتی بون لەهەموو عەقڵێکی دروست کەر نەیان توانیوە ناسنامە بۆ دەسەڵات و حکومەت دروست بکەن بۆیە بۆ هیچ کام لەهێزەکان وەکو لایەنی خاوەن فکرو ئایدیاو سیاسەت و ئامانج سەیر ناکرێ بەڵکو وەکو ڕاگوزەرێکی بازرگانی قاچاخ سەیری هەرێم و حکومەتی هەرێم ئەکرێ کەبەگوێرەی بەرژەوەندیان مامەڵەی لەگەڵدا ئەکەن بەڵگەش بۆ ئەمە ئەمەیە :
لەعێراق تەنها کورد دژی داعش ئەجەنگێ و قوربانی ئەدا وەکو میلەت بەڵام هەموو مامەڵە سیاسی و ئابوری و ستراتیجیەکان لەگەڵ بەغداو ئەنقەرەو تارانا ئەکرێ وەهەر وەک ئیستا / ئه مرۆ 20-7-2016 که له ئەمریکا کۆنفڕانس ئـەکرێت به بەشدارى 66 ولات و 46 وەزیری بەرگری بۆ بەرەنگابونەوه‌ی داعش بێ بەشداری کورد له کاتیکا هەم قوربانى وەهەم شەرکەرى هەره سەرەکى داعش لەسەر ئاستى دنیا کورده ، که ئەمەش بۆخۆى شکسته بۆ دەسەلات و حکومەتى میلشیایی کوردى گەندەڵ وە بێباک بەرامبەر ژیان و داهاتووى گەل و ولات .
دابەش بونى هەرێم بەسەر میلشیاى حزبى و نەبوونى هیچ یەکییەتیەکى نەتەوەیی و نیشتیمانى وه بەرژەوەندى هاوبەشى میللى هەروەها نەبوونى هیچ خاوەنداریەتى و بەر پرسیاریەتیەک بەرامبەر خەڵک و ولات واى کردوه ، که بەحوکمى جگرافیا هەریەکه له میلیشیاى کوردى ڕۆڵى مرتەزقه ببینێ جا هەیە کەم هەیه زۆر مرتەزبقەیه (جاشه) بۆ خلافەتى تازەى عوسمانى تورکیا یا ویلایەتى فەقهى ئیرانى ، واتە کورد ـ دیسان یا لەخیلافى خەلافەتیه یا لەوەلائى ویلایەتیەوە له هەندێ کا ت وشوێنا لە خزمەتى هەردوکیانا وەیان هەموو لایەک لەیەک کاتدا وە هەتا بۆ زۆر هێزى تر ، نەتەنها خلافەت و ویلایەت ۰
لەکاتى ئیستادا نەبونى هیج ئامانح و پێناسەیەک بۆ به ناو دەسەلات و حکومەتى هەرێم بۆخۆى شکستێکی گەورەی بەناو ئەم حکومەتی هەرێمەیه لەهەموو روویەکەوه ، بۆیە ئەگەر ئەم سستەم و حوکمڕانیەی کوردستان هەرچی زوتر گۆڕانى ریشەیى بەسەرا نەیەت ئەوا کورد ئەبێتەوە قوربانی کێشەی وه شەرى نێوان خەلافەت و ویلایەت کەهەردوکیان بۆ کورد یەک تێڕوانینیان هەیە ئەمەش ئەمەیە کە کورد وەکو مرتەزەقە / جاش بەکاربێنن بۆ بەرژەوەندی خۆیان وە وەک هەمیشە کورد ببێتەوە قوربانی جەنگێک کە خێری بۆ کورد نیە لەسوتان زیاتر که بەداخەوه لەمەدا ئەزمونى تالمان زۆره له مێژویی تازەو کۆنمانا ، بۆیه ئەبێ ئیستا هەموان بەم ئاراستەیه کار بکەن ، که ئیتر جاری تر ، کورد نەبێته جاش و وه سوتەمەنى و قوربانى بەربەرژەوەندی هیچ هێزو ولاتێ ۰

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت