عەتا قەرەداخی : کورد بۆ بەشدارى بکات لە شەڕى موسڵدا ؟
بەشداریکردنی کورد لە شەڕی دەرکردنی داعش لە موسڵ بچووکی کردنی بێبەرامبەرە بۆ عەرەب و بۆ ئەو ئەمەریکایەى کە واپێدەچێت تەنیا وەکو بەکرێگیراو سەیرى کورد بکات .
هەر بەشداریکردنێکی کورد لە شەڕی رزگارکردنی موسڵداو بە فیڕۆدانی خوێنی پیرۆزی پێشمەرگەى کوردستان لەو شەڕەدا خۆهەرزانفرۆشتنی کوردە ، ئەگەر ئەوەى کورد وەکو دەستکەوتی نەتەوەیی ددەستی دەکەوێت لە زیانەکانی زیاتر نەبێت ، بۆیە هیوادارم دەسەڵاتدارانی هەریمی کوردستان هەڵەى واگەورە نەکەن و بەبێ رێکەوتننامەى نووسراو بۆ پاراستنی کورد لە دواى داعش لە داگیرکەرى عێراقی بە تایبەتی و داگیرکەرانی سوورى و تورکی و ئێرانی بەگشتی . با بەجوانی مێژووى کوردو موسڵ بخوێننەوە ئەوسا دەزانن کە موسڵ وەکو مەڵبەندى پارێزگا یان وەکو شارەکە هیچ پەیوەندییەکی بە کوردو کوردستانەوە نیە ، تەنیا ئەوە نەبێت کە جێگای یادەوەرییە تاڵەکانە بۆ خەڵکی کوردستان .
ئێستا ماوەیەکی تا ئەندازەیەک درێژ بەسەر داگیرکردنی موسڵ لە لایەن هێزەکانی داعشەوە تێپەڕیووە . ئێستا ورتە ورت و دەنگۆی ئەوە دەبیسترێت کە گوایە هێزى هاوپەیمانی دژى داعش بەسەرکردایەتی ئەمەریکا بە یارمەتی هێزەکانی عێراق و هێزى پێشمەرگە خۆی بۆ ئەوە ئامادە دەکات کە شەڕی رزگارکردنی موسڵ دەست پێبکات . هەرچەندە ئەوە جێگای گومانێکی گەورەیە کە موسڵ هەروا بەئاسانی لە دەستی هێزەکانی داعش دەربهێنرێت بەتایبەتی کە ئەگەرى ئەوەش هەیە بەشێکی فراوان لە دانیشتوانی موسڵ نەک هاوکارى داعش بن بەڵکو لەگەڵیشی بن ، بەتایبەتی ئەگەر کەسێک شارەزایی لە تێڕوانین و بارى سایکۆلۆجی و سرووشتی پێکهاتەى کەسێتی خەڵکی موسڵدا هەبێت ئەوا ناتوانێت نکوڵی ئەم بۆچوونە بکات . من پێموایە رووبەرێکی فراوان لە خەڵکی موسڵ کە پێشتر بڕبڕەى پشتی سوپاى عێراق بوون و تا سەرئێسقان دژى شیعەن ، لە هەموو هەلومەرجێکدا بۆ ئەوان دەوڵەت خەلافەت کە نوێنەرایەتی سوونەى ئیسلامی دەکات پەسەندترە لە حکومەتی بەغدا کە نوێنەرایەتی شیعە دەکات. بۆیە ئەگەرى ئەوەى کە هێزە عێراقیەکان و پێشمەرگە و هاوپەیمانان لە ناو موسڵ پشتگیرى بکرێن ئەگەرێکی زۆر بەهێز نیە . ئەمە بێجگە لەوەى کە شتێکی چاوەڕوانکراوە مەگەر داعش خۆیان درووستکراوى ئەمەریکا بن و بە ئاماژەو رینومایی ئەمەریکیەکان موسڵ چۆڵ بکەن ، ئەگینا مەگەر بەوێرانکراوی موسڵ لەدەستی داعش دەربهێنرێت هەمان شێوەى کۆبانی و جەلەولاو فەلوجە . دیارە ئەمەش بۆ موسڵاویەکان کارێکی زۆر گران و نەشیاوە کە ئەوان لە کەسانیتر زیاتر شارەکەى خۆیانیان خۆش دەوێت. کەواتە قسکردن لە رزگارکردنی موسڵ لە داعش بە بارێکی تردا ماناى وێرانکردن و خاپوورکردنی ئەو شارەیە .
ئەو تووندوتیژیانەى کە لە ماوەى فەرمانڕەوایی شیعەدا بەرامبەر بە عەرەبی سوونە کراون ، وامان لێدەکەن کە بڵێن رەنگە زۆر بەهەڵەدا نەچووبین ئەگەر پێمان وابێت زۆرینەى سوونەى عەرەبی دەسەڵاتی دەوڵەتی خەلافەتیان پێباشتر بێت لە دەسەڵاتی شیعەی عێراقی . رەنگە زۆرێک لەو ناڕەزاییانەشی کە هەندێ لە خێڵە سوونەکان بەرامبەر بە داعش هەیانە پەیوەندی بەوەوە هەبێت کە ئەو خێڵانە بەرژەوەندیی مادییان لەگەڵ حکومەتی شیعەی عێراقیدا هەبێت . دیارە بوونی پێگەى جەماوەری داعش لە ناوچە سوونەکاندا هۆکاری یەکەمینی سەرکەوتنی ئەو هێزە دڕندەیە تاکو ئێستا . ئەوە ئاشکرایە ئەگەر ئەمەریکا خۆى لە پشتی داعشەوە نەبێت ، ئەوا جەماوەرى سوونە پشت و پایەی داعشە بۆ بەرگریکردن لەو ناوچانەى کە داگیریان کردووە . تەنانەت لەو ناوچە هاوسنوورانەى کوردستانیش کە سوونەى عەرەبی هاوکاری داعشن تاکو ئێستا ئەو هێزە بەردەوامە لە هێرش کردن و دەستبەردارى ئەو ناچانە نابێت هەرچۆن بەعس کاتی خۆى دەستبەردارى نەدەبوو ، هەروەکو چۆن شیعەى عەرەبی دەستبەردارى جەلەولاو بەدرەو جەسان و مەندەلی و … نابێت . بۆیە ئەوە جۆرێکە لە وەهم کە چ ئەمەریکاو چ عیراق و چ کوردیش پێیان وابێت موسڵ رزگار دەکەن ، بەڵکو دەبێ بزانن موسڵ وێران دەکرێت . بەهەرحاڵ ئەمەیان کێشەى ئێمە نیە وەکو کورد هەرچەندە چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت کوردستان ببێت بەژێر پێی ئاوارەى موسڵەوە ، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا کورد چی لەم بەشداریکردنە دەست دەکەوێت ؟ تەنیا ئەو بڕە پارەیەى کە بڕیارە حکومەتی ئەمەریکی بیدات بە پێشمەرگە ؟
بەهەرحاڵ موسڵ و سەلاحەدین و ئەنبار بەشێکن لە نیشتیمانی عەرەبی و سوونەی عێراقیش بەشێکە لە نەتەوەى گەورەى عەرەب و ئاماژەکانی پشتگیری کردنی داعشیش لەلایەن سوونەى عەرەب و جیهانییەوە بە تورکیاشەوە ئاشکرایە . هەر لێرەشەوە دەشێ وەهای لێکبدەینەوە ناکۆکیەکی ئەوتۆ لە نێوان دەوڵەتی خەلافەت و سوونەى عێراقیدا نەبێت و پێدەچێت عەبادی و بەشێک لە شیعەکانیش ئەوەندە گێل نەبن ئەو راستیانە نەزانن و نەبینن ، بۆیە هەر لێرەشەوە لێدوان و قسەکانی حکومەتی شیعەى عێراقی بۆ رزگارکردنی موسڵ و ناوچە سوونەکانی تر لە دەستی داعش وەکو جۆرێک لە سیاسەتی رۆژانە وایەو بۆ سەرفی ناوخۆییە . بەڵام بابزانین ئایا کورد چ پەیوەندییەکی بە موسڵەوە هەیە ؟ هەر ئەو بڕەپارەیە کە گوایە دەدرێت بە پێشمەرگە یان دواى داعش مەسەلەى سەربەخۆیی کوردستان دەبێتە ئەمرى واقیع ؟ تۆبڵێی سەرکردایەتی کورد توانیبێتی زەمانەتێکی لەوجۆرە لە ئەمەریکیەکان وەربگرێت ؟ یان دواى داعش حکومەتی عەربی عێراقی دەستکراوە دەبێت و هەرچۆن ئەوسا ئاغاى مالیکی هەڕەشەى ئەوەى دەکرد کوردستان دەخاتەوە ژێردەستی خۆى ، دواى داعش حکومەتی شیعە ئەو بۆچوونەى مالیکی بەرامبەر بە کورد جێبەجێ دەکات ؟ ئێستا دەبینین کۆبوونەوەى هاوپەیمانی دژى داعش لە ئەمەریکا دەکرێت کەچی کورد وەکو میوانیش بۆ ئەو کۆبوونەوەیە بانگهێشت ناکرێت . بۆیە چاوەڕوانی ئومێدى گەش لە دواى داعش بۆ کورد ناکرێت . لەبەرئەوە ئەگەر کورد دەیەوێت بۆ دواى داعش شتێکی دەست بکەوێت پێویستە ئێستا پێداگرى بکات و رایبگەیەنێت کە بەشدارى دەرکردنی داعش لە موسڵ ناکات و سنوورى کوردستانیش بە رووى موسڵدا دابخات و رێگا نەدات هیچ ئاوارەیەکی عەرەبی موسڵ بێتە کوردستان . دیارە ئاشکرایە بەبێ بەشداریکردنی پێشمەرگە سوپاى عێراق ناتوانێت شووراکانی موسڵ نزیک بێتەوە . هەڵبەت هێزى هاوپەیمانانیش تەنیا لەسەروە دەتوانن ئاپارتمان و پردو ژێرخانی شارەکە وێران بکەن ئەگینا بە هێزى ئاسمانی موسڵ رزگار ناکرێت . ئایا بەرپرسانی کورد بوێری ئەوەیان هەیە رایبگەیەنن بەبێ رێکەوتنێکی نووسراو لە نێوان کورد و ئەمەریکاو عێراقدا بۆ پاراستنی کورد لە دواى داعش بەشدارى شەڕى موسڵ ناکەن ؟ ئەگەر کورد توانی پێداگرى ئەوە بکات و بەڵێنی لەوجۆرە بە نووسراو وەربگرێت ئەوا بەشداریکردنی لەو شەڕەدا پەسەندە ، بەپێچەوانەشەوە هەر بەشداریکردنێک بەبێ رێکەوتنی نووسراو لەسەر ئەوەى کورد دواى داعش چی دەست دەکەوێت جۆرێکە لە ساویلکەیی و خۆشباوەڕى دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان . کە هیوادارم ئەگەر بۆ جارێکیش بێت ئەم دەسەڵاتدارو بەرپرسانەى کوردستان بتوانن بەشێوەیەکی لۆجیکی بیربکەنەوە ئەوسا بڕیار بدەن .
- Latest Posts by عەتا قەرەداخی
عەتا قەرەداخی: کورد لە نێوان رەچەڵەک و پێکهاتەکانی و سەرەتاییبووندا – بەشی چوارەم و کۆتایی.
-عەتا قەرەداخی: کورد لە نێوان رەچەڵەک و پێکهاتەکانی و سەرەتاییبووندا – بەشی سێیەم.
-عەتا قەرەداخی: کورد لە نێوان رەچەڵەک و پێکهاتەکانی و سەرەتاییبووندا – بەشی دووەم.
- All Posts