کاوسین بابەکر : دوای هاوپەیمانێتی ، ڕاگەیاندنی یەکێتی وگۆران بەرەوکوێ ؟
لەپەراوێزی ئەو زمانە زبرەی ڕەخنە لە بەرپرسەکانی یەکێتی دەگرێت بەنمونە کاک مەلابەختیار .
ڕاگەیاندنی یەکێتی و گۆڕان ، تا هەنوکە بەدوو ستایلی جیاواز کاریان کردووە ، سروشتی کاری راگەیاندنی یەکێتی ، نەرم و بەرپرسیارانە بووە بەتایبەت لەسەر کێشەو گرفتەکانی ناوخۆ ، چونکە یەکێتی لەزۆنێکدا بەر پرسە کە دەیان دامودەزگای حزبی و حکومەتی و پۆلیس و ئاسایش و هێزی پێشمەرگەی تێدایە ، هەر گرژیەک ناوچەکە بەرەو دۆخی توندوتیژی دەبات ، هەرچەند زۆرجار زۆر بێ بەزەییانە و دوور لەبەها مۆراڵیەکان و پرەسنسیبەکانی ڕۆژنامەگەریی پەلاماردراوەو ناحەقی بەرانبەر کراوە ، تەنانەت لە سوکایەتی و تۆمەتیش بەرانبەر بە سەرکردەو پیرۆزیەکانی سڵ نەکراوەتەوە بەڵام ، راگەیاندنی یەکێتی زۆر هێمنانە ، بەوپەڕی بەرپرسیارێتی وەڵامی داوەتەوە ، چونکە کێشەی یەکێتی ، پارتە بەرانبەرەکانی هەرێم نیییە ئەوکێشە و گرفتانە وەک شتێکی نۆرماڵ دەبینێ و دەیخاتە ناو بازنەی ململانێی حزبی و لەو چوار چێوەیەدا مامەڵەی لەگەڵ دەکات و چارەسەری بۆدەدۆزێتەوە ، نەک وەک لایەنێکی دوژمنکارانەوکینەبەرانە . بەداخەوە تائێستا تێکەڵبونێک لەنێوان ململانێی سیاسی و ڕکابەرایەتی دوژمنکارانە لەکوردستاندا دەبینرێ .
ڕاگەیاندنی گۆڕان بەحوکمی کاری ئۆپزسیۆن بوونی و هێرش بۆسەر لایەنە ناشیرنەکانی دەستەڵات ، بۆڕاکێشانی زۆرترین دەنگدەروژمارەیەکی زۆر لە جەماوەر، بەزمانێکی توندو هێندێکجار زبر مامەڵەی دەکرد ، دیارە بەرانبەرەکانیشی بەتایبەت راگەیاندنی پارتی کەمتر لەوئاستە لەمەیدانەکەدا نەدەهاتنە وەڵام .
لێرەدا من ناچمە نێو لاپەڕە زەردوزبرەکانی ڕابردوو ، ئێستا ئەم دووراگەیاندنە وەک سەرجەم لایەنەکانی تری کاری ئەم دوو حزبە پێویستە تەنسیق و هاوکاربن ، دەبێ هەردووکلا زیاتر هەست بە بەرپرسیارەتی بکەن هەم ڕاگەیندنی گۆڕان لەم توندیە داشکێنێ و نەرمتر گفتوگۆوڕەخنەکانی دەرببڕێ هەم یەکێتی کراوەتر بێتە نێو قسەوڕەخنە وباسەکان . بەرپرسیارەتی گۆڕان تائاستی یەکێتی بەرزدەبیتەوە مەبەستم ئەو هەموو دامودەزگا ئیداری و هێزی پێشمەرگەیە کە ئیدارەدان و پاراستنی دۆخی سیاسی سەربازی کە یەکێتی و پارتی زیاتر بەرپرسیارەتیان لەئەستۆیە لێرەشدا گۆران هەمان بەرپرسیارەتی دەکەوێتە ئەستۆ مادام هاوپەیمانی یەکێتیە ، واتا ئەم هاوپەیمانەتیە چۆن لەپەرلەمانی عێراق و کوردستان و ئەنجومەنە خۆجێیەکاندا ڕەنگی داوەتە ، زۆر زەروورە لەڕاگەیندنیشدا ڕەنگ بداتەوە . دەبێ کادیرەکانیان جڵەوی ووتەو ڕەخنەکانیان بکەن و بزانن چ بەرپرسیارەتیەکیان لەسەر شانە بۆ سەرخستنی ئەم هاوپەیمانەتیە . بەداخەوە لێرە و لەوی بەئاستی زۆر نزم ڕەخنەو نوسین دەبینین کەنەک هەر لەئاستی ئەم هاوپەیمانەتیە دا نیییە بەڵکو زۆر دوورە لەگیانی پێکەوە کارکردن . ئەوەتا دلاوەری حاجی عوسمان بەزمانێکی زۆر زبر کە هیج بیانوو و بەڵگەیەک نابینم هێشتا ئەم ئاستە لە زمان و قسەکردن کاری پێبکرێ بەرانبەر بە هەر کەسێک نەخوازەڵا بەرپرسێکی وەک کاک مەلابەختیار کە تاکە سەرکردەیە چەندیجار باس لە گەورەبوونی مەترسیەکان و زەروورەتی ئاشتەوایی کردووەو دەکات ، لە کۆڕەکەشدا ، کە لەزانکۆی سلیمانی گێڕای ، جەختی لەو مەترسیانە کردەوە وهەموولایەکی هاندا بۆ هەرچی زووتر ئاشتبوونەوە ، هیچ قسەیەکی وای نەکرد ئەم هەمووکای کۆنە بەباکرێتەوە ! بەلادان و بادانیشەوە !
لەکتێکدا ڕاگەیاندنی هەردووکلا لەدانیشتن و ڕاگۆڕینەوەدان بۆ لێکنزیکردنەوەو یەکخستی ئەوەندەی دەکرێ هەردووک ڕاگەیاندنەکە کەچی ڕێک لەوکاتەدا بەبێ هیچ بۆنەیەک ئەم برادەرە وەک کەسێک لەکەمیندا بێ بۆ ئەم مەبەستە کۆمەڵیک قسە بەبادەکا . من وەڵامی ئەم برادەرە نادەمەوە چونکە لەچەند لایەکەوە وەڵام دراوەتەوە ، تەنها ئەوەندە دەڵێم : هاوپەیمانێتی قوربانی دەوێ ناکرێ بە هەمان ستایلی پێش هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەکتر مامەڵە بکەین ، دەبێ زۆر بەرپرسیارانەتر نەک لەگەل یەکتر بەڵکو بەیەکەوە لەگەل سەرجەم لایەنە سیایەکان و جەماوەریش مامەڵە بکەین و نمونەی کاری نیشتمانی و نەتەوەیی بین ، لەسەرجەم بوارەکاندا بەتایبەت بواری راگەیاندن ، کەباشترین بوارە بۆ ڕەخساندنی کەش و هەوای ئاشتەوایی و بەهێزکردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوە کارکردن .