ئەحمەد ڕەسوڵ : دین و ناسیۆنالیزم و کوشتارەکان .
ئەو بەربەریەتەی کە تەواوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی داگرتوە تەنها بە پاشەکشەکردنی ناسیۆنالیزم و دین ئیمکانی تێپەڕاندنی هەیە .
ئەو پێشبڕکێ تیرۆریستیەی مەزهەبگەرایی و ئەو کوشتار و قەتڵوعامەی ڕەگی لە قوڵاییەکانی مێژوی خوێناوی ململانێی نێوان مەزهەبەکان و ئاینزاکاندا هەیە تەنها ڕێگەیەک کە ئەگەری خامۆش بونی ئەو جەنگە نەبڕاوەیەمان بخاتە بەردەم پاشەکشەکردنی دینە لە داگیرکردنی سیاسەت ، ئیدارە ، کەناڵ و مینبەرەکانی ئاڕاستە کردن و لەقاڵبدانی سیستمی بیرکردنەوە و ستراکتوری عەقڵیی ئینسانەکان و سیخناخکردنیان بە ئەوهامی تاریک و ئایدیای داخراو و موتڵەق .
هەروەکچۆن پاشەکشەکردنی ناسیۆنالیزم لە تەواوی ناوچەکەدا ئەگەری هەرە بەهێز دەخاتە بەردەم کۆمەڵگای ئێمە بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و شانداداو لەسەر پرەنسیپ و بنەماکانی مافی مرۆڤ و ئینسان بون بە پێچەوانەی ئەو بۆچونە کرچ و کاڵەی کە پێیوایە توندبونەوەی هەرچی زیاتری ململانێی نەتەوەکان و هاتنە ئارای ناسیۆنالیزمێکی توند و پەڕگیرەوە ئەگەری دروستبونی دەوڵەت واقعیەتێکی زیاتری بۆ دەخوڵقێت .
کوشتاری گەورەی قامیشلۆ و کاولبونی کۆبانێ لە ڕۆژاوا لەلایەن ئەو وەحشەی کە ڕویەکی دینە و ڕووەکەی تری ناسیۆنالیزم ، کۆکوژی کوردان لە سوری ئامەد و تەواوی باکورلەلایەن ڕژێمی فاشیستی و سوڵتانخوازی ئەردۆگانی و لەسێدارەدانی هەر ڕۆژەی ئینسانی کورد لە خۆرهەڵات لەلایەن کۆماری سێدارەی ئیسلامی و کارەساتی زۆر و زەوەندی ئینسانی کورد لە مێژووی کوردستانی باشوردا هەمویان قورس و جەرگبڕن ، هەمویان ڕۆحهەژێن و فرمیسک ڕژێنەرن . بەڵام مومکین نیە ئینسان بۆ هەمو ئەمانە خەم و پەژارە دایبگرێ و نەفرەت لە توندوتیژی و ئینسانکوشتن بکات بەڵام بۆ کوشتاری ئینسانەکان بە جەنگ و تەقینەوە و کار و کردەوەی تێرۆریستی لە بەغدا ، ڕومادی ، ئەستەنبوڵ و دیمەشق بکەوێتە شایی و لۆغان و ئاهەنگ بگێڕێ. ئەوە چ جۆرە مرۆڤێکە خۆشحاڵی دەرببڕێت بە جەنگ و خوێن و کاولکاری جا لەهەر پنتێک و هەر کونجێکی ئەم سەرزەمینە بێت .
خۆراوا تەنها لە دوای وەلاخستنی دین و ناسیۆنالیزم توانی گەشە بە فەرهەنگی مرۆڤدۆستی و ژینگەدۆستی و ئاژەڵدۆستی بدات . بەرئەنجامی تێپەڕاندنی ناسیۆنالیزمی توند و وەهمبەخش لەگەڵ تێپەڕاندنی دین و خورافەتپەرستی و موتڵەقگەرایی و ئازادکردنی تەواوی کایەکانی کۆمەڵگا و فەزای گشتی لە جەهل و تەخەللوفی دینی دەکاتە باڵابونی ئاستی ژیاری و فەرهەنگی کۆمەڵگا و گەشەی فیکر و زانست و کرانەوەی مۆڕاڵ و هەرچی ئینسانیتربونی نۆڕم و بەها دەستە جەمعیەکان و بە بنەمایی کردنی مرۆڤ و ڕێز و کەرامەت و ماف و ئازادیەکانی .
- Latest Posts by ئەحمەد ڕەسوڵ
ئەحمەد ڕەسوڵ: فیاسکۆ.
-ئەحمەد ڕەسوڵ: ڕووتبوونەوەی سیاسەت.
-ئەحمەد ڕەسوڵ: خۆڕاپسکاندنی پدک.
- All Posts