عوسمان عومەر : ڕەنگ تێکەڵکردن یا تێکەڵکردنى ڕەنگەکان و شۆرشى رەنگەکان .
مامۆستا دڵشاد نەجیب یادى بەخێر گەر ماوە ، گەر نەشماوە روحى شاد لە قۆناغى یەکەمى ناوەندى مامۆستاى هونەرى ئامادەیی کۆیەى کۆڕان لە حەفتاکانى سەدەى ڕابوردوو دەرچوى هونەرەجوانەکانى بەغدابوو ، خاوەنى چەندین تابلۆى نایابى هونەرى بوو . هەموو سەرەتاى ساڵێکى خوێندن چەند بابەتیکى گرنگى بە خوێندکارانى ئەو قۆناغە دەنوسیەوە بۆئەوەى خوێندکار کە لەقۆناغى سەرەتاییەوە هاتۆتە ناوەندى هەست بە گۆڕانکارى بکات لەخوێندن دا ، وەک لە یادمە یەکەم وانەى کە بۆ نوسینەوە تێکەلکردنى رەنگەکان بوو , دواتر شێوەى وێنەکێشانى جەستەى مرۆڤ بە شیوەیەکى زانستى ئامانجى لەو وانانە شارەزا کردنى خویندکاران بەزانستى وێنە کیشان و دۆزینەوەى بەهرەکان بوو ، ئینجا بابەتەکانى وێنەکێشانى دەستنیشان دەکرد هەر بابەتە لەکات و وەرزى خۆى , لەیادمە مانگى رەمەزان داهات داواى لیکردین وێنەى کابراى دەهۆڵ ژەن بکێشین کە شەوانە دەهۆڵى دەکوتا و بەکۆڵانەکاندا دەگەڕا . بابەتەکەم باسى وێنەکیشان و هونەر نیە بەلکو بابەتێکى سیاسی رۆژانەیە .
شۆرشى پرتەقالى
لە کۆتاییەکانى سالى ٢٠٠٤ لە ئەنجامى هەلبژاردنى پەرلەمانى بۆ سەرۆکایەتى ، شۆرشێک لە ئۆکرانیا بەرپا بوو ناونرا شۆرشى پرتەقالى و دواى خۆلى دووەمى هەلبژاردن ئەنجامدرا کاتێ سەرۆک وەزیرانى ئەوکات و سەرکردەى ئۆپۆزسیۆن ڤیکتۆر یانکۆفیتش و سەرکردەى رکابەرى ڤیکتۆر یۆشینکۆ دانى بە سەرکەوتنى دا نەنا بۆیە زۆربەى هاوولاتیان ڕژانە گۆرەپانى ئیستقلال لە کییفى پایتەخت بە پۆشینى رەنگى پرتەقال بۆ پشتگیرى یۆشینکۆ , خەلکەکە داواى گۆرینى سیستەم و چارەسەرکردن و بنەبڕکردنى گەندەڵى و چارەسەرکردنى مامەڵەى خراپى پۆلیس لەگەڵ هاوولاتیان و … هتد ، ئۆکرانیا لەو ووڵاتانە ئەژمار کرا بوو دواى سۆماڵ پڕ گەندەلێ بێ .
شۆرشەکانى کورد لە قۆناغە جیاجیاکانى مێژوودا هەریەکە خاوەن دروشمێکى خۆی بوو ، لەپیناوى دا شۆرشى چەکدارى بەرپاکراوە ، ئەویش کورد ناچاربوە چەک هەڵگرێ و شۆرش بەرپابکات بەهۆى زوڵم و زۆردارى و ناعەدالەتى و داننەنان بەمافە سەرەتاییەکانى وەک گەلێک . دوا شۆرشى نوێى گەلەکەمان بەرابەرایەتى ی ن ک سەرەتا دروشمەکەى دیموکراسیەت بۆ عیراق و ئۆتۆنۆمى راستەقینە بۆ گەلى کورد , دواتر بە پێشکەوتنى شۆرشەکە دروشمەکە گۆردرا بۆ دیموکراسیەت بۆ عیراق و مافى چارەى خۆنوسین بۆ گەلى کوردستان . مافى چارەى خۆنوسین ماناکەى بەربلاوە هەر لە فیدرالیەت و کۆنفدرالیەت و تەنانەت جیابونەوەش دەگرێتەوە ، واتە هەر شـتێک گەل بریارى لەسەربدات لە ڕیگەى ریفراندۆم .
ناچمە ناو باسى راپەرین و چونیەتى و رۆڵى بەرەى کوردستانى پێش هەلبژاردن و دامەزراندنى پەرلەمان و یەکەم حکومەت بخەمە بەرباس چونکە زۆر لە نوسەران و روناکبیران و سیاسەتمەداران لەسەرى ئاخاوتون و نوسیویانە تەنها ئەوە دەڵێم دامەزراندنى ئەو حکومەت و پەرلەمانە لەئەنجامى کشانەوەى حکومەتى بەعس بوو لە کوردستان و وەک سیاسەتى دیفاکتۆ ئەو دام و دەزگایانە هاتنە ئاراوە بۆ دروست نەبونى بۆشایی ئیدارى لە هەریمى کوردستان و ئەو حکومەت و پەرلەمان و دام و دەزگایانە بەدەریایەک خوێن هاتنە ئاراوە بۆیە سەرکەوتنى ئاواتى هەمو کوردێکى دڵسۆز بوو . بەڵام دەتوانم بڵێم هەر لەسەرەتاوە بە ئیفلیجى لەدایک بوو چونکە سیاسەتى فیفتى فیفتى پەیرەوکرا , کەدەبوایە بناغەى دەستاو دەستکردنى دەسەلات بەبونى لایەک بە ئۆپۆزسیۆن بۆ ئەوەى بزانرێ کام لایەنە بۆ بەرژەوەندى گەل و دیموکراسیەت و ئازادى و لەگەڵ رادەربرێنە تا وێنەیەکى جوان پێشانى ئەو زلهێزانە بدەین کە کورد شایستە حوکمرانى و دەولەتى خۆیەتى و ئێوە زولمتان لێکردوە بە دابەشکردن و لکاندنى بەو دەولەتانەوە . هەرچەندە چەند رایەک هەبوو بەلام نەچووە سەر ئەمەش ئیفلیجى زۆرى بۆ وەزارەت و تەنانەت سەرۆکایەتى وەزیران و دامودەزگا بەڕیوەبەریەکان دروست کردو ، لەگەل زۆرێک کەموکوڕى و کەمى ئیمکانیاتى ماددى ئەوکات هەرچەندە چەند بوارێک هەبوو لەکوردستان وەک کارگەکانى چیمەنتۆ , نەسیج , جگەرە , کارگەى دۆشاوى تەماتە لەحەریر ود هۆک و مەڕمەڕ و نەوت دوا فاکتەر بێ لەگەل کۆمەلێ سەرچاوەى داهاتى تر , لە جیاتى فرۆشتنى ئەو کارگەو دامەزراوانە دەبوایە بۆ بوژانەوەى ژێرخانى ئابورى سودى لێوەربگیرایە ، لەهەمان کاتدا گرنگى بە بوارى کشتوکال بدرایە لە رێگەى ئاوەدان کردنەوەى دیهاتەکان و بنیات نانەوەیان و پشتبەستن بە داهاتى گومرگە سنوریەکان کە دواتر بوون بەکیشە . هەرچەند ئابلوقەى ئابورى لەلایەن عیراق و نیۆدەولەتى لەسەر هەرێم هەبوو بەلام دەکرا ئەو کارگانە بهێلدرێنەوە …. تا ڕادەیەک خەلک دڵى بە حکومەتە خۆمالیەکەى خۆش بوو بەرەنگارى زۆرى نەهامەتى گرت بەداخەوە دواتر ناخۆشیەکان زیاتر بوو کۆتا گەیشتە شەرى براکوژە .
تەنها لایەک تاوانبار نییە بەلکو هەردوولا بەلام تاوانبارى یەکەم دیارە کە کێ بووە تا گەیشتە رادەى پەلکێشکردنى سوپاى داگیرکەرى عیراق لە ٣١ ى ئابى ١٩٩٦ و لە ١٩٩٧ یش سۆپاى داگیرکەرى تورک بۆ بەرەنگار بونەوەى رکابەرو پشتن بەستن بە دوژمنان بۆ حوکمرانى . هەرچەندە کەمێ لە بابەتە سەرەکیەکە لامداوە ئەویش شۆرشى پەمەییە کە مەبەستمە بیخەمە روو …. پێش ئەوەى بچمە سەرباسى شۆرشى پەمەیی خوێنەرى بەڕیز بزانێ رەنگەکان چ مانایەکیان هەیەو کاریگەرى بەسەر دەرونى مرۆڤەوە بزانێ , رەنگەکان لە زانستى دەرونناسى پەیوەندى و کاریگەریان بەسەر دەرونى مرۆڤەوە هەیە هەروەها کاریگەرییان بەسەر ئەو گۆرانکاریە دەرونیانەى بەسەر مرۆڤدا دێت , زانا دەرونناسیەکان رەنگەکانیان کردووە بە دوو بەشەوە رەنگى نێگەتیڤ و رەنگى پۆزەتیڤ . رەنگەکان یەکیکە لە بنەرەتیەکانى ژیانى مرۆڤ و رۆلیکى گرنگ دەگێرێ لە بلاوکردنەوەى ئاسودەیی و ئارام بەخشى وجوانى وگەر ئەو رەنگانە نەبونایە خەلک توشى بێزارى و لەبازنەیەکى رۆتینا دەمایەوە . لەسەرەتاوە ئەو پرسیارە دەخەمە روو ئایا هیچ پەیوەندیەک لە نێوان رەنگەکان و دەرونناسى هەیە ؟ زاناو پسپۆرە دەرونیەکان توانیویانە پەیوەندى نێوان رەنگەکان دیارى و کاریگەریان لەسەر کەسایەتى مرۆڤ و ئارەزوەکانى بکەن و ، تەنانەت میزاجى کەسەکان و بارى تەندروستىان , ئەوەشیان دەرخستوە بە شیوەیەکى راستەوخۆ رەنگەکان کاریگەرییان بەسەر دەرونى مرۆڤەوە هەیە هەندێ جارێش دەبنە هۆى نەخۆشى . هەندێ لە رەنگەکان ئارامى بەخشن بەدەرون کە دواتر لە رەنگەکاندا دەیخەمە روو . گەر هەڵەنەبم ئەو بابەتە یەکێک بوو لەو بابەتە دەرونناسیانەى خوێندومانە لە سەردەمى پەیمانگا .
رەنگى سەوز هێماى سروشت و هیواو ئاشتى و ئازادی و کەسایەتى سادەو ساکارو لێبوردەو جێى متمانەو برواو خاوەن کەسیایەتیەکە هەوڵى تیگەیشتن و چارەسەرکردنى کێشەکان وحەز بەجموجول و چالاکى دەکات . زانا دەرونیەکان لیکدانەوەیان بۆ رەنگى شین یا نیللى و ئەوانەى حەز بەو رەنگە دەکەن , کەسانێکى هەستیارو خاوەن ویژدان و دۆستایەتى و ریکخستن و هیمنى و سادەو ساکارى و هێماى پلان و گورینى سیستەم و بەهێزیان پێوە دیارە .
رەنگى زەرد رەنگێکە پەیوەندى بە روناکى و خۆرو ئاڵتونەوە هەیە بۆیە فیرعەونەکان چ بۆ چارەسەرى نەخۆشى چ لە دروستکردنى هەرمەکانیان بەکاریان هێناوە و هیماى دەولەمەند بون و خۆبەزلزان و دەسەلاتدارى و هیماى پایز و گەڵارێزانیش دەدات , هەرچەندە هیماى زیرەکى و دیتنى شتەکان بەواقیعى تێدایە , بەلام لاى خۆمان رەنگى زەرد بۆتە رەنگێکى بێزراو و خیانەتکارو خۆفرۆشى بۆیە گەلەکەمانى توشى دەردى سەرى کردووە ..
لێکۆلەرە دەرونیەکان رەنگى سوور بە نیشانەى شۆرشگێرى و چالاکى و ئازایەتى و خۆراگرى و پارێزگارى لە بیروباوەرەکانیان و زیاتر گرنگیان بە لایەنى هەستیارى دەدەن نەک لایەنى مەعنوى ..
رەنگى سپى بێخەوش نیشانەى عەقلانیەت و هاوسەنگى فکرى هیچ کێشەو ئاڵوزیەکیان نییە لە دەرون دا ئارەزوى هاورێیەتى بەتایبەت ئەوانەى سەرکەوتون هەرچەندە لاى خۆمان هیماى خۆبەدەستەوەدان و بەزین دەگریتەوە .. لە بەرەنجامى تیکەلکردنى رەنگى سوورو سپى رەنگى پەمەیی دروست دەبێ . دکتۆر مۆرتون ۆکەر لە کتێبى ووزەى رەنگ دەڵێت : رەنگى پەمەیی یەکێک بووە لەو رەنگانەى میسریە کۆنەکان لەپەرستگاکانیان بۆ چارەسەرى نەخۆشیە جیاوازەکان بەکاریان هێناوە , هەروەها لێکۆلەرانى دەرونى بوارى رەنگ بە رێگەى زانستى ئەوەیان سەلماندوە کە مێشکى مرۆڤ لەگەل رەنگى پەمەیی تەفاعول دەکات بۆ بەتاڵکردنەوەى هۆرمۆنى ئەدرینالین ، لیرەدا لەو بابەتە دەگەمە ئەوەى ئایا کورد پێویستى بە شۆرشێکى پەمەیی هەیە بۆ رزگار بوون لەو عەقلیەتە حوکمرانىە تاکرەو و بنەمالەیی و خۆسەپێنەرو لوتبەرز و گەندەل و پارە پەرست و خیانەتکارو خۆفرۆش و نۆکەرایەتى بۆ دوژمنانى گەلەکەمان هەیە ؟
ناونانى شۆرشى پەمەیی لە چیەوە هات ؟
شۆرشى پەمەیی لەعیراق داکەوت لە 15 – 12 – 2005 کاتى هەلبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عیراق هاتە پێشەوە کە تیرۆریست و تێکدەران و هەندێ لایەنى مەزەبى هەولى پوچەڵکردنەوە و رێگرى کردن بەترس وتۆقاندنى هاوولاتیان بۆ نەچونە سەر سندوقەکانى دەنگدان دواى ساڵێک لە شۆرشى پرتەقاڵى ئۆکرانیا هات .
شۆرشى پەمەیی لەم کاتەى ئێستادا بەراى بەندە بە زەرورەتێک دەزانم بۆ پارێزگارى لە خوێن و رەنجى دەیان ساڵەى پێشمەرگەو خەلکى دلسۆزى ئەم ووڵاتە و بەهەدەر دانى سەروەتى نیشتیمانى سەرزەوى و ژێر زەوى و بەرقەرار بون و سەروەرى یاساو شەفافیەتى دارایی و دەست نەبردن بۆ قوتى فەرمانبەران و موچەخۆران و لەولاشەوە هەریەکە فرۆکەى تایبەتى خۆى بەسەدان ملیۆن دۆلار بۆبکردرێ و سەدان ملێۆن دۆلار بە بەدزى لە بانکەکانى ئەوروپا دابنرێ , ئەوەى پیاوى خۆفرۆش و چڵکاوخۆرى بەعس بووە و پێشمەرگەى شەهید کردووە ، ئێستا لە ناو ئەو لایەنە موچەکەى لەپێشمەرگەیەک کە بەخوێن و تەمەنى خۆى پارێزگارى لەخاک و نیشتیمان کردووە زیاتربێ . شۆرشى پەمەیی بۆ عەدالەتى کۆمەلایەتى و پاڕیزگارى لەو دام ودەزگایانەى کە بەخوێن هاتۆتە بەرهەم ئەوەى سەیریشە کە دەم دەکەنەوە باسى دەولەتى سەربەخۆ وخۆراگرى لەخەڵکى ئەم هەرێمە دەکەن و لەولاشەوە ئاسایشى خۆراک و نەتەوەیی کە گرنگترین دوو شتن بۆ هاوولاتى بەرەڵلا کرابێ . گەر ئەمجارە رەنگى سەوز ونیلى پاش ئەو رێککەوتنە سیاسیەى نێوان ی ن ک و گۆڕان ناوى چ شؤرشێکى لێ بنێین وچ ماناو مەدلولاتىکى دەبێت ؟ ئایا خێرو خۆشى و ئاشتى و تەبایی یەکریزى ویەکخستنى ماڵى کورد و چارەسەرکردنى قەیرانەکان دەکات ؟
چ رەنگێ لەبەرەنجامی تێکەڵکردنى ئەو دوو رەنگە دروست دەبێ و بە شۆرشى چ رەنگێ ناودەبرێ ؟ و کۆتایی بە تاکرەوى و خۆسەپاندن و دزى و گەندەڵى و بەهەدەردانى سامانى وولات و بوژانەوەى بارى دارایی خەلک و ئاوەدان کردنەوەو بنیات نانەوەى سیستەمى حوکمرانی و کۆتایی هێنان بەخۆشلکردن و گوێرایەڵى بۆ دوژمنانى گەلەکەمان بە شێوەیەکى عەقڵانى و واقیعیانەو گوێ لە یەکتر گرتن و پشت بەیەکتربەستن یامکوربون لەسەر سزادانى خەلکى هەرێم یاتێکچونى یەکجارى و سەرکەوتنى ئیرادەى خۆفرشى و جاسوسى بۆ دوژمنەکانمان سەردەکەوێ کە ئاوات بەو رۆژە ناخوازین ، بەلام دلنیام چۆن ستەمکاران و فیرعەونەکان بەو هەموو دەسەلاتەیانەوە یا گوێ رایەل بوون بۆ گەل یا لەناوچون . ئاواش ئیرادەى گەل گەر بەهێزبێ شۆرشێکى تر بەرەنگێکى تر بەرپا دەبێ بەلام ئومیدەوارم شؤرشێکى هیمانەو بەدیالۆگ و گفتوگۆ بیرکردنەوە بەلۆژیکى عەقلبێ بێکوشت وبڕو تالان و بڕۆ .. شۆرشى پرتەقالى یا پەمەیی یا بەرەنجامى تێکەڵکردنى ئەو دوو رەنگەى لە پێشەوە ئاماژەم پێداوە بۆ ئێمەى کورد پیویستە ..
بۆ زانیاریە دەرونیەکان سەبارەت بەرەنگ سودم لەچەند سەرچاوەیەکى ئەنتەرنێت وەرگرتووە .