عیماد عەلی : بۆچی کاک مەسعود و کاک نەوشیروان و هیرۆ خان وادەکەن ؟
ئێسقان هات و پێستی دری ، ئەوەی دەبینرێت ، بەتەواوی لای خەڵک بواری نەهێشتۆتەوە بۆ ئەوەی یەک سەرکردە بە خەمخۆر و دڵسۆزی گەل و نیشتمان و پرسەکە بزانرێت . تۆ وەرە هەموو هاوکێشەکان بە شێوەیەک شکاونەتەوە کە رووداوەکان ئەوەندە بەخێرا دەرۆن بواری ئەوە نەماوەتەوە کە کۆنەقین لە لایەکەوە رێگر بێت و لەلایەکەی ترەوە ئەتەکێتی کاری سیاسی بەکاربێت و ، وەزعەکە ئەوەندە هەستیارە و لە لێواری قۆناغەکەدایە کە تەنها سەعاتێکیش رۆڵی خۆی هەیە لە ئەوەی کێشەی کورد و ئامانچەکانی بە چ لایەکدا بکەوێتەوە لەو دووریانەدا کامەی بەربکەوێت .
وەرە بۆ راو بۆچون و هەڵوێستێک بۆ کارێکی بچوکی سیاسی ، چەندین مانگە ( ئەگەر ساڵ نەبێت ) خۆت خەریک بکەیت و ئێستاش بەلەبەرچاونەگرتنی کاتەکە ، بۆ تەنانەت دانیشتنێکی باڵای یەکلاکەەوە بۆ وشەیەک ئەوەندە کات بکوژیت و ، بەخۆت نەزانیت تاوەکو دەستت لە بنی هەمبانەکەوە دەرەچێت .
ئەوا پارتی و بارزانی بە تەواوی هەستیان بە هەڵەی هەنگاوەکانی پێشویان کردووە و باش دەزانن کە بە کاردانەوە و ملهوری هیچ بریارێکیان بۆ ناچێتە سەر ، مەگەر لەسەر حسابی پرسەکە بە گشتی بێت و تەنانەت بە قازانجی بنەماڵە و حزب و شەخسی خۆیشیان ناکەوێتەوە و ، کێشەکەمان بە دەردی هەرەس دەبەن و ئاشبەتاڵیکی ترمان بەسەردا دێنن . ئەگینا ئەمرۆ بە کرەیی باش بۆیان دەرکەوت و دەزانن نە رۆژئاواو و نەش تورکیا لە وەزعە نالەبارەکەیان دادیان نادات و ئەوا بە بریارێکی جەعفەریەک گرنگترین و هەستیارترین هەڵوێستیان بۆروون بووەوەو ، بۆیان دەرکەوت هەنگاوەکانی ئەمریکاش بەندە بە ناوەندی عیراقەوە زیاتر لەوەی کە پارتی و بارزانی دڵیان پێ خۆش کردبوو .
لەملاشەوە بەرەی گۆران یەکێتی ؛ بە تایبەتی گۆڕان کە ناکۆکیەکە لەسەر پەکخستنی پەرلەمان و دەرکردنی وەزیرەکانی ئەوە ، ئەوەش پاش هەڵویستی راست و دروستیان لەمەر سیستمی سیاسی و سەرۆکایەتی هەرێم و وەزع بارودۆخ و گوزەرانی خەڵک ، وا ئێستا ئەو هاوپەیمانێتیەی لەگەڵ یەکیتیدا وای لێکردووە کە لە هەڵوێستێکی بەهێزەوە مامەڵە بکات ، بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە و نایخوێنێتەوە ئەویش کات و قۆناغەکەیە ، کە تێکدانی بارودۆخەکە لە سەرهەمووان دەکەوێت ، ئەگینا واقعی کوردستانی باشوور بە دوو سێ هەرێمی لێک جیا کۆتایی پێ دێت و لەوەشدا ناوەند بەهێز دەبێت و مەرج نیە دەستور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت ، ئەگەر وەزعێک نەیەتە ئاراوە بەدەردی کوردی رۆژهەڵات نەچین و تەنانەت فیدراڵیزمەکەش کاڵ بێتەوە تاوەکو حەدی ئەگەری لەناوچونیش .
بۆیە ، گەر پارتی و بارزانی لە کاردانەوەیەکی زۆر نەزانانەوە بریارێکی نابەجێیان دابێت و بە پاڵنەرێکی شەخسی و حزبی هەنگاوێکی عەشایەری و کورتبینیان نابێت ، ئەوا دەبێت لایەنەکانی تر دەردانەکانی ئەو هەنگاوە لەبەر چاو بگرن و لە پێناو نەهێشتنی دارمانێکی تر و ، مانەوە لەسەر پێ ی خۆمان قوربانیەک بدەن و لەم کاتەدا حساباتی وردی باری پەیوەندی و ئەتەکێتی سیاسی نەکەن و گەورەیی بنوێنن و ، مێژووش تۆماری دەکات بۆیان و ، هەمووان دەزانین کە هەڵەی گەورە و بچوکی هەموو لایەنەکان بە زەقی لەبەرچاو دەمێننەوە . ئەگینا ئەمرۆ وەکو کوردی کوردستانی باشوور لە دوریانێکی سەختداین و پێویستمان بە کەسێکی سەرکردەی عەقڵفراوان و شیکەرەوەی باشە بۆ قۆناغەکە ، کە بە پێی خوێندنەوەی ئەمرۆ بچێتە پێشەوە نەک بە ناسینی لایەنەکەی تر و لەبەرچاوگرتنی پێداویستیەکانی ئەتەکێتی سیاسی . ئەوەش لەبەرچاو بێت کە لایەنێک لە بریارداندا هیچ شتێکی نەخوێندبێتەوە ، تەنها خۆی و ینەماڵەکەی و حزبەکەی لەبەرچاو بوبێت ، نابێت وەک لایەنیکَ پێشکەوتوخوازی کونجاو بۆ کورد و قۆناغەکە مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت ، کورد وتەنی بە گوێرەی عەقڵی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا بکە تاوەکو خۆت و خەڵکی تریش لەگەڵیدا نەسوتێت .