دکتۆر ئەحمەد خەليل : گەمەی تۆرانچێتی ـ كورد بە كورد بكوژن .
وەرگێڕانی : ئەســـعەد قەرەداخـــــــــی
لە گۆشەنيگای فەلسەفەی تۆرانچێتی ـيەوە ، كورد بۆ سێ بەرە پۆلێنراوە :
1- كوردی گێلۆكە ، ئائەمە ، دەبێت باش بپارێزرێت و پەروەوردەبكرێت ، زۆر بەسوودە بۆ تێپەڕاندنی نەخشە و پلانە تۆرانييەکان . ئاوا زۆر بە ئاسانی دەستی بەسەردادەگيردرێت ، زۆر بەئاسانی وەك ڕيمۆت كۆنترۆڵ جموجووڵی پێدەكرێت . دەكرێت جاروبار ڕێی پێبدرێت بەناوی دروشمەكوردييەكانەوە خەڵكانی كوردی پێ هەڵبخەڵەتێنرێت ، خۆشەويستی و دۆستايەتی بەسەردا بپرژێنرێت ، بە دروشمە بريسکەدارەكانی وەك برايەتی ئيسلامی ، ديموكراتی ، مافی هاونيشتمانی ، ئاشتیخوازی و … هتد ، هەڵيبفريوێنرێت . ئا بەمانە خێرا واز لەو پڕۆژەی ڕزگاركردنی كوردستان دەهێنێت ، زۆر بە پەرۆشەوە خۆی بۆ خزمەتی گەورە تۆرانچييەكان تەرخاندەكات بەبێئەوەی بير لە دووربينێنتی خۆی بكاتەوە .
2 – كوردی جلخوار( سيخوڕ ) ، ئەمەيش دەبێت باش بپارێزرێت ، بەڵکو دەبێت هەميشە بلەوەڕێنرێت و دابەستە بكرێت . جاش و جەردە و تاڵانچی ، باشترين تابووری پێنجەمن بۆ لێدانی يەكدەنگی و كۆبەندی كورد لە ناوخۆيدا . كورد واتەنی ؛ کەوی ناو قەفەز دەسەمۆترە لە كەوی كێوی. ئەمەيش باشترين بەرەيە كە تۆرانچييەكان بە درێژايی نۆ سەتە ( هەر لە دەسپێكی شاڵاوە سەلجوقييەكانی خۆراوای ئاسياوە ) سووديان لێوەرگرتووە .
3 – كوردی نەژاد ڕەسەن ، مەترسيدارترين و گەورەترين بەڵان بۆ سەر سياسەتە تۆڕانچييەكان . بۆچی ؟ چونكە هەرگيزاوهەرگيز نەك هەر لە خۆبەكوردستانی بوونی خۆی ، بەڵكو لە زێد كوردستانی و كوردستانپارێزی سازشناكات . ئەو كوردستان ويستييەی وای لێدەكات كە هەرگيز نەكەوێتە گیژاوی ناكۆكی و ستێزەی ڕێبازگە دينی و تۆباوييەكانەوە . ئەو هۆشمەندييە ئاوێزاوەی بە كوردستانێتی وای لێدەكات كە ببێتە قەڵايەكی سەرکەش و سەرکێش لەدژی گێلبوون و سيخوڕی و بەژێرپێ خستنی ئەو گەرا پيسانەی دەنرێنەوە لەنێو چين و توێژە زۆر زوو هەڵخەڵەتاوەكاندا ، بەتاڵكردنەوەی ئەو تەڵە و پيلانانەی تۆرانپەرستەكان دەنێننەوە . سـوور بێت لەسەر مافەكانی و بژی لە چوارچێوەی دەوڵەتێكدا بەناوی كوردستان نەوەك بەناوی تۆرانيا ( توركيا ) .
باشە ، ئەگەر ئەم كوردە ڕەسەنانە پێداگربن لەسەر خەباتيان و دەوڵەتی كوردستان دامەزرا . ئيتر چی لەبۆ توركيا دەمێنێتەوە ؟ چۆن تۆرانچييەكان دەتوانن دەست بەسەر ڕوبارەكانی دەچڵە و فرەهات و چەندين ڕوباری ديكەی كوردستانی باكووردا بگرن ؟
چۆن وەك بزگوڕێكی ( سلعة ) تۆرانی ، بازاڕ بەو ئاوە كوردستانييانەوە بكەن و بە دەوڵەتانی كەنداوی بفرۆشن بەرابەر بە نەوت . هەر وەكو لە سەردەمی سلێمان دێميرێل ـدا ئەو هەوڵەدرا ؟
ئەگەر دەوڵەتی كوردستان دامەزرا ، چۆن تۆرانچييەكان دەتوانن بەردەوام بن لە تاڵانكردنی سامانە مادەنی و كشتوكاڵی و ئاژەڵیيەكان ؟ چۆ دەتوانن بەردەوام بن لە گەمەكردن بە سوارچاكانی كورد و هێزوبازووی كورد ؟
چۆن دەتوانن ئاوەز و بيرمەندیی و هونەر جوانەكانی كورد بتەنن و بيخەنە خزمەت بيری تۆرانێتی ـيەوە ؟
ئەگەر كوردانی نەژاد ڕەسەن ، سوور بن لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان ، ئايا ئەوە ناگەيێنێت كە توركيا دەبێتە چێوەيەكی كورتە باڵای گەمارۆدراو بە كورد لە باكووری خۆرەڵات و لە خۆرەڵات و خۆراوا ؟
ئيدی چۆن تۆرانچييەكان دەتوانن ئەو دوو پڕۆژە گرنگە جێبەجێبكەن ، كە بە نيازن ، ئەوانيش :
1 – پڕۆژەی تۆرانيای گەورە ، ئەم پرڕۆژەيە لە خۆرەڵاتەوە ( توركمـانستان ) تاكو دەگاتە خۆراوا ( بۆسنيا ) .
كاتی خۆی سەلجوقييەكان لە سەتەی دوانزەدا ، خەريكی پيادەكردنی ئەم پڕۆژەيە بوون و بە دواياندا عوسمانلييەكان هاتن و سەربەرشتييان دەكرد تاكو تەواويان كرد . دوای عوسمانلييەكانيش سەرلەنوێ لە سايەی ڕژێمی ئەتاتوركی دا بوژايەوە و ئينجا بە دواياندا تۆرانپەرستە ئيسلامييەكان لێيان وەرگرتن و بەنياز و سوورن لەسەر جێبەجێكردنی .
2 – پڕۆژەی عوسمانلی نوێ : ئەم پڕۆژەيە ، كرۆكی سياسەتی پارتی داد و گەشەی تۆرانــپەرستە ، بگرە زۆر لە پرۆژەی يەكەم فراوانترە ، نەخشەڕێژی ئەم پڕۆژەيەيش سەرەك وەزيران ئەحمەد داود ئۆغڵۆ يە دانەری كتێبی ” عوسمانلی نوێ ” ، پيشەوای ئەم پڕۆژەيەيش سەرەك كۆمار ڕەجەب تەيب ئاردۆخان ی جۆرجــی نەژادی خۆبەتوركزانە ، دەرچووی ئامۆژگای ئيمام و وتاربێژی دينی .
بەڵــــێ …. ئەگەر دەنگ و هەناسەی كوردی ڕەسەن كپ نەبێ ت، ئەو پڕۆژەی ڕزگاركردنی كوردستانە هەر لە لانكيەوە زەوت نەكرێت ، دەبێت ئايندەی تۆرانچييانی تورك چی يان لێ بەسەر دێت ؟
نرخيان لە پەيمانی ناتۆ و سەنگی هەرێمی و نێودەوڵەتی يان بە چ لايەكدا دەگيرسێتەوە ؟
ئايا مانای ئەوە نييە كە ئیتر لەبەردەم تۆرانچييەكاندا هيچ بژاردەيەك نەمێنێت ، تەنيا بەرگريكردن نەبێت لە بوونی داگيركردنيان ، ئيتر بە هەر شێوازێك بێت ؟
تاكە ڕێبازێك کە زۆر لەبار بێت و ئەزموونێكی مێژووييان لەگەڵدا بردبێتە سەر و تێيدا بەرهەرمی باشيان لێوە چنیبێت پيادەكردنی ( گەمەی كورد بە كورد بكوژن ) .
تۆ بڵێیت لەم جيهانی گڵۆباڵيزمەدا ( بەهەموو ماناكانييەوە ) ديسان ئەم گەمەيان بۆ بچێتە سەر ؟ .
خۆ ڕاسان لە ڕووی ئەم گەمە چەپەڵە نەگريسەدا ، دەكەوێتە سەر ئاستی هوشياریی و دڵسۆزی هەر تاكێكی نەژادڕەسەن كە لە كوردستاندا دەژی و بە ڕەچەڵەك نيشتەجێيە تێيدا بەبێ ئاوارتە .