دکتۆر جەبار قادر : چیرۆك و بەسەرهاتی سی و دوو هەزار توركەكەی سلێمانی !
لە عیراقی سەدام حوسێن و دوای ئەویش شتی سەیر و سەمەرە رودەدەن . لەو وڵاتە لێكدانەوە و بۆچوونی وا ئەژنەوین كە بە هیچ سەنگ و پێوانێك ناپێورێن . لە بەر ئەوەی عیراق وا نزیكەی نیو سەدەیە بۆتە لانەی شەر و ئاژاوە و خوێنڕشتن ، هەرچەندە پێش ئەوەش ئەو وڵاتە ئاسودەیی بەخۆە نەبینیوە ، دەڵێم بۆیە هەموو شتێ شەری خۆی هەیە . لە تەك شەری دەستور ، فیدیراڵی ، مافی ژنان , رۆڵی ئیسلام لەو وڵاتە ، شەری ئامار و ژمارەش تا بڵێی گەرمە . لەم بوارەدا توركمانەكان هەموو سنورێكیان بەزاندووە . دەڵێی لە قاری بازاری قۆریەن ، هەر رۆژەی شتێ دەڵێن و ئەو رێژە و ژمارانەی رایدەگەیەنن و بڵاوی دەكەنەوە لە هەڵكشان و دابەزینێكی سەیردان . دەكرێ ئەو ژمارەیە لە سپێدە و سەر لە بەیانی یەك ملیۆن بێ و بۆ ئێوارە خۆی لە سێ ملیۆن و نیو بدا . رێژەكەش بە هەمان شێوە دەكرێ لە 2 % بگاتە 13% . زۆر گوێ بە بەڵگە و ئامار و ئەم شتانەش نادەن . زۆر سەخڵەتیان بكەی دەڵێن خەدیجە ( دەتوانێ ئەیتان و سۆنگوڵیش بێ ) ناوێك لە یەكێك لە زانكۆكانی لۆندەرە ( لەندەن ) لەم بارەیەوە لێكۆڵینەوەی بێ غەل و غەشی ئەنجامداوە و ئەوەی ساخكردۆتەوە , كە هەموو ئامار و سەرژمێرییە فەرمییەكانی دەوڵەتی عیراق لە مەر ژمارە و رێژەی توركمان دروست نین . سەیر لەوەدایە ئەم قسە و قسەڵۆك و بالۆرانە لە سەر ئاستی سیاسی و لە هەموو ئەو بڵاوكراوانەدا كە لایەنگری لە مافی توركمان دەكەن وەكو راستیی و فاكتی مێژوویی و جوگرافی مامەڵەیان لە گەڵدا دەكرێت . هەندێ سیاسەتمەدار و نوسەری شۆڤینی عەرەب بە مەبەستی دژایەتی كردنی مافەكانی كورد و هاندانی توركمانە توندڕەوەكان پشتگیری لەو قسانە دەكەن و لێرە و لەوێ وەكو بەڵگە پیشانی دەدەن . ئەم دەردە ئێستا سوریاشی گرتووەتەوە ، دوای ئەوەی چیرۆکەکانی عیراق بەرهەمێکی ئەوتۆی نەبوو ، ئێستا باس لە ملێۆنەها تورکمانی سوریا دەکەن . ئەوانەی ئەوێش وەکو بەرەی تورکمانی ، چونکە لە هەمان سەرچاوە ئاو دەخۆنەوە ، کە تورکیایە ، هەمان گوتاریان هەیە و بە هەمان شیوە لە دژی کوردی سوریا لە گەڵ دوژمنەکانیاندا هاوپەیمانی دەبەستن و ناوی بزووتنەوەکەیان ڕەش دەکەن .
دەبوایە توركمانەكان بەر لە لایەنەكانی تر پەندیان لە مێژووی نزیكی خۆیان لەم بارەیەوە وەرگرتبا ، چونكە هەندێ لە كەین و بەینەكانی ئەورۆی عیراق و كوردستان دەقا و دەق لەوانەی سەردەمی دوای شەری یەكەمی جیهانی و كێشەی موسڵ دەچن .
هەندێ جار برێمەر پێرسی كۆكس و هێنری دۆبس و ئێدمۆندزی وەبیر مرۆڤ دەهێنایەوە . هەر وەكو ئەوان لە گەڵ دۆزی كوردا هەڵس و كەوتی دەكرد . تۆ بڵێی پۆڵ برێمەر كتێبەكەی ئێدمۆندزی ، كە بە نێوی ( كورد و تورك و عەرەب ) بە وردی نەخوێندبێتەوە ؟ .
هەر بە شێوازی ئەو سەردەمەش گروپە ئەتنیكی و مەزەبیەكان هەوڵدەدەن تا پێیان بكرێ ژمارەی هاوزمان و هاومەزەبەكانیان گەورە بكەن و بەزۆریان پیشان بدەن . وڵاتانی دەر و بەریش و لە سەروی هەموویانەوە توركیا وەكو ئەو دەمە خەریكی پیلان گیران و هەڕەشە و گوڕەشەن . هەڵبەتە كۆمەڵگەی كوردی ئەورۆ گەلێ جیاوازە لە هی ئەو سەردەمە . هەستی نەتەوەیی ئەورۆ لە گەڵ بیستەكانی سەدەی رابردودا بەراورد ناكرێ ، هەرچەندە مرۆڤ ناتوانێ بڵێ كە لە نەخۆشییە خێڵەكی و ناوچەیی و مەزەبیەكان رزگاری بووە .
ئەو كاتەش پرسەكانی پێكهاتەی نەتەوەیی دانیشتوانی ویلایەتی موسڵ و ژمارە و رێژەكانیان یەكێ لە گرێ كوێرەكان بوو و هەر لایەنەی هەوڵیدەدا بەلای خۆیدا بارەكە دابشكێنێتەوە . ئەو كاتەش توركەكان وەكو توركمانەكانی ئەورۆ باسی ئامار و ژمارەو رێژەی سەیر و سەمەرەیان دەكرد . هەردوو لا واتە بەریتانیا وەكو دەوڵەتی خاوەن مەندەیەت لە عیراق و توركیا هەوڵیاندەدا شوێن پێی خۆیان لەو ناوچەیە قایم بكەن و زۆرترین بەڵگە و ئامار پێشكەش بكەن كە دەیانتوانی بۆچونەكانیان پشتراست بكەنەوە . یەكێ لەو بەڵگە و زانیارییە سەیرانەی كە توركەكان پێشكەشیان کرد بە لێژنەی لێكۆڵینەوە لە كێشەی موسڵ و گەلێ پشتیان پێی قایم بوو ، ئەوە بوو گوایە لە لیوای سلێمانی (32000) تورك دەژێن . سەرچاوەی ئەم زانیارییانەش وا دیارە لایەنگرانی كەمالیەكان بوون لە سلێمانی ، بە تایبەتی فەتاح ئەفەنی ژنبرای شێخ مەحمودی حەفید . فەتاح ئەفەنی لە لایەن كەمالیەكانەوە وەكو نوێنەری لیوای سلێمانی كرابوو بە ئەندامی شاندی توركی لەو لێژنەیە . ئەو لێژنەیە بە سەرۆكایەتی جەواد پاشا بوو كە ئەفسەرێكی پایەبەرزی سوپای توركیا بوو . جەواد پاشا سەركردایەتی هێزە سەربازییەكانی توركیای دەكرد لە بەرەی جەزیر و سنورەكانی ئەورۆی عیراق . لایەنگرێكی سەرسەختی مستەفا كەمال بوو . زۆر كینەی لە هاوپەیمانان هەڵگرتبو كە لە كاتی داگیركردنی ئەستەموڵدا لە ساڵی 1920 دەستگیریان كردبوو و بۆ دورگەی ماڵتەیان دوورخستبۆە . كەمالییەكان چەند كەسێكی دانیشتوی ناوچەكەیان قایل كردبوو بۆ ئەوەی بە نێوی لیواكانی ویلایەتی موسڵەوە ببنە ئەندامی شاندی تورك لەو لێژنەیەدا . لە تەك فەتاح ئەفەنی كە بە نێوی لیوای سلێمانیەوە بەشداری كردبوو ، نازم بەگی نەفتچی زادە بە نێوی لیوای كەركوك و كامل بەگیش بە نێوی لیوای موسڵەوە جێگەیان لەو شاندەدا گرتبوو . توركەكان زۆر هیوایان بەم ( نوێنەرانە ) هەبوو و پێیان وابوو كە ئەمانە دەتوانن خەڵكی ناوچەكە بەلای توركدا رابكێشن و كێشەی ویلایەتی موسڵ بە قازانجی توركیا یەکلایی بکەنەوە .
دوای ماوەیەكی كەم جەواد پاشا بۆی دەركەوت كە دەرفەتی لایەنی توركی زۆر لاوازە و ئەم نوێنەرانە رۆڵی خۆیان گەورە كردووە و ئامار و ژمارەی دوور لە راستیان بە لایەنی توركی پێشكەش كردووە . هەر زوو بۆی دەركەوت كە كار لە كار ترازاوە و ئەمانە هیچیان پێ ناكرێ و ئینگلیز شوێن پێی خۆی لە ناوچەكە بە تەواوی قایم كردووە . لە گەڵ ئەوەشدا هیوایەكی بە هەڵوێستی لیوای سلێمانی مابوو ، كە بە درێژایی ئەو چەند ساڵەی دوایی خەڵكەكەی كێشەی زۆریان لە گەڵ بەرێوەبەرایەتی ئینگلیزدا هەبوو . هەڵبەتە ئەوەشی لە بیر نەدەكرد كە ( 32000 ) توركەكەی سلێمانی لایەنگری كردنیان لە داخوازییەكانی توركیا مسۆگەرە !. هەر بە گەیشتنی لێژنەكە بۆ سلێمانی جەواد پاشا عەوداڵی بینینی ئەو هەموو توركە بوو . زۆری لا سەیر بوو كە قەت توشی بە توشی توركێكەوە نەدەبوو و بەتەواوی باورەی بە فەتاح ئەفەنی لەق بوو بوو . گەلێ هەوڵیدا هەندێ لە دۆستە كۆنەكانی توركیا ببینێ ، لێ ئەوان چ لە بەر دڵی ئینگلیز و چ بە هۆی سیاسەتی كەمالییەکانەوە لە دژی کورد ئامادە نەبوون لە گەڵیدا كۆ ببنەوە .
لە بارەی ئەم ( سی و دوو هەزار توركەی سلێمانیەوە !) ئێدمۆندز بە تەوزەوە ئاماژە بەوە دەكا كە لایەنی ئینگلیزی بیرخەرەوەیەكی پێشكەشی لێژنەی كێشەی موسڵ كردبوو و پێی لە سەر ئەوە داگرتبو كە تەنانەت یەك تورك لە لیوای سلێمانیدا نیە و ئەوان داوا لە لایەنی توركی دەكەن نەك سی و دوو هەزار تورك بەڵكو یەك توركیان لە لیوای سلێمانیدا بۆ بدۆزنەوە . ئێدمۆندز زۆر راستی بۆ چووە كە زانیارییەكانی لایەنی توركی لە بارەی پێكهاتەی نەتەوەیی دانیشتوانی سلێمانیەوە نیشانەی گەوجی و بێ ئاگایی توركی دەرئەخست . هەر بە هەمان شێوەش گاڵتە بە جەواد پاشای بەستەزمان دەكا و دەڵێ گوایە ( زۆر دڵی پێی دەسوتا ) . بەلای ئێدمۆندزەوە ئەو سەركردە سەربازییەی توركیا ناچار بوو بەرگری لە دۆزێكی دۆراو بكا .
ئێدمۆندز بەهەمان تەرز و تەوزەوە ئاماژە بەوە دەكا كە بۆ پێرابواردن و كات بە سەربردن ، لایەنی ئینگلیزی بریاریاندا بیرخەرەوەیەكی نوێ بۆ لێژنەی كێشەی موسڵ بنێرن بۆ راستكردنەوەی هەڵەیەك كە لە نامەی پێشوودیاندا روویدابوو . لەوێ وترابوو كە لە لیوای سلێمانیدا تەنانەت یەك تورك نیە ، لێ لە دوای گەران و لێكۆڵینەوە دەركەوت گوایە توركێكیان لە سلێمانی دۆزیوەتەوە . ئەو تاقانەیە لە كاتی خۆیدا لە سەربازگەی سوپای ئۆسمانی لە سلێمانی نۆكەر بووە ( لای ئێمە بە واتای خزمەتكار دێ ، هەرچەندە نۆکەر لە كاتی خۆیدا نێوی فەرمی سەربازانی ئوزون حەسەن ” حەسەنە درێژ ” بووە لە دەوڵەتی ئاق قۆینلو ) . تورکە تاقانەیە دوایی ژنێكی كوردی خواستووە و لە سلێمانی ماوەتەوە و بە وتەی ئێدمۆندز ئەو كاتە واتە لە سەرەتای ساڵی 1925 كرێكاری پاكردنەوە بووە لە شارەكەدا !.
بەو شێوەیە چیرۆكی سی و دوو هەزار توركەکەی سلێمانی بە دۆزینەوەی کارمەندێکی هەژاری پاكکردنەوە لە دارومولكی باباندا پەردەی بەسەردا داخرا و كۆتایی هات .
لەم رۆژانەدا ( بۆ کاتی نووسینی ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە ) نوێنەری بەرەی توركمانی لە لۆندەرە رایگەیاند كە پازدە هەزار توركمانیان گەراندۆتەوە بۆ كەركوك ولە هەوڵی ئەوەدان نیو ملیۆنی تر بگێرنەوە بۆ ئەو شارە ( لە گۆر راگەیاندنەكانی هاریكاری پارێزگاری كەركوك بۆ كار و باری ئاوارە و نیشتەجێكردن حەسیب رۆژبەیانی تاوەكو ئێستا تەنها سێ هەزار خێزانی كورد بۆ ناو شار و هەشت هەزار خێزان بۆ گوندەكان گەراونەتەوە لە كۆی سێ سەد هەزار خێزان كە لە شار و پارێزگای كەركوك لە لایەن بەعسەوە دەركراون ) .
كاتێ گوێم لەم وتانەی نوێنەری بەرەی توركمانی بوو ، یەكسەر كەین و بەینەكانی جەواد پاشا و فەتاح ئەفەنی و ئێدمۆندز و چیرۆكی سی ودوو هەزار توركەكەی سلێمانی و ئەو نۆكەرە هەژارە توركەم بیركەوتەوە و حەزمکرد بیخەمە بەردەم خوێنەران ، بۆ ئەوەی هەموو لایەک ئەو ڕاستییە بزانن کە مێژوو بۆ هەمیشە درۆ ناگرێتە خۆ و کاتێک دێت توڕیدەداتە زبڵکوانی مێژووەوە .