شەماڵ عادل سەلیم : هەتا خاوەنی ئێوە بین حاڵمان لەوە باشتر نابێت .
دوای ئەوەی نووری مالیكی لە فڕۆكەخانەی سلێمانی لەلایەن پارێزگاری سلێمانی ، و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پێشوازی گەرمی لێكرا ، زۆنی زەرد دەنگی ناڕەزایی خۆی بەرامبەر هاتنی مالیکی بەرزکردەوە ، و بووە هەراو دۆڵ کوتین و تۆمەت بەشینەوە وهاوار و هاشووهوشێکی زۆر ، تا کار گەیشتە ئەوەی کە بلێن : ئامانج لە سەردانەکەی مالیکی بۆ شاری سلێمانی دەستوەردانە لە کاروباری نێوخۆی هەرێمی بەتەمای خودا ، و هەوڵێکە بۆ لێکترازنی نێو ماڵی کورد .
من لێرەدا دەمەوی بەکورتی و بەکوردی رووی دەمم ئاڕاستەی ئەو بەریزانە بکەم کە سەردانەکەی ئاغای مالیکیان بۆ شاری سلێمانی بە دەستوەردان و لێکترازانی نێو ماڵی کورد وەسف کرد ، و پێیان بڵێم : ئێوە وادەزانن کە خەلکی هەرێمی بەتەمای خودا هێندە کاڵفام و بێ زاکیرەن هەتا باوەڕ بەم پرۆپاگەندانە بکەن ؟
نا بەرێزان ، خەلکی بەشمەینەتی هەرێمی بەتەمای خودا باش دەزانن ئەوە خۆمان بووین سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی سەر بە بزووتنەوەی گۆڕانمان ئاودیوی زۆنی سەوز کردو پەرلەمانمان ئیفلیج کرد و سەنگەرەکانمان جارێکی دیکە ئاوەدان کردەوە .
بەڵێ ، هەموومان باش دەزانیین ئەوە خۆمانیین ماڵی خۆمانمان وێران کردوە ، و هەرێمی بەتەمای خوداشمان دوای ئەم هەموو ساڵە جاریکی دیکە بەسەر سەنگەرە کۆنەکانی شەڕی ناوخۆدا دابەش کردەوە .
بەڵێ ، ئەوە خۆمانیین کەوتوینەتە گیانی یەکتر، پارتی لە سەنگەرێک بەتەنیا و چوار حیزبە سەرەکیەکەی دیکەش لە سەنگەری بەرامبەر هەڕەشە ی مان و نەمان لە یەکتر دەکەن .
ئێ باشە ، مادەم ئەوەیە حاڵمان بۆ دەستی چەوری خۆمان بە مالیکی بسڕینهوه و کاتی خۆمان بە شین و ڕۆ ڕۆ و تەخوین کردن و گومانكردن و بەخائین دانانی ئەویتر بەفیرۆ بدەین ؟
بەرێزانی زۆنی زەرد ، دڵگران مەبەن ، دوێنی سلێمانی بوو، بەیانیش نۆرەی هەولێرە بەفەرشی سور پێشوازی لە مالیکی دەکات ، لێدوانەکەی کاک نێجیرڤان بارزانیش کە گوتی : ( ئەگەر مالیکی بیویستبا بێتەھەولێر ئێمە پێشوازیمان لێدەکرد ) …!! باشترین بەڵگەو دەلیلە بۆ سەلماندنی ئەم راستییە .
دووریش مەبینن لەداهاتوەکی نزیکدا ، مالیکی ببێتە کۆتری ئاشتی و چادرێکی پان و بەرین ، ئێوەی شەڕکەر و ناتەبا بە ( دوعایەک ) کۆبکاتەوە ، و کێشە و ناکۆکییەکانتان بۆ چارەسەربکات ، و ماڵە وێرانەکەشتان بۆ رێک بخات ، و بزوتنەوەی بەرەو ریفراندۆمیشتان بۆ پێکبهێنێت .
بۆ نا ، مادەم ئیوە بەبێ بێگانە رێک ناکەون ، و هەتا ئێستا لە ئازاری پێوەدانی مار تێنەگەیشتوون ، یان باشتر بڵێم ناتانەوێ تێبگەن ، با مالیکی ئەم جارە لەبری ( مادلین ئۆلبرایت ) تەشریف بهێنێت و کێشەکانتان بۆ چارەسەر بکات ، هەرنەبێت ئاغای مالیکی سەرکردەیەکی عەرەبی عێراقە ، ( گۆشتیشتان بخوات ئێسقانەکانتان ناشکێنێت ) ……؟! (والله اعلم ) .