عیماد عەلی : بریاری سەربەخۆیی لەسەر نەبونی زەمینەی لەبار لە فیدراڵیزمەکەشت دەکاتەوە .
تاکە کوردێک نیە ئاواتی پێکهێنانی دەوڵەتی کوردستانی نەبێت ، مەگەر خۆی بە پان دەوڵەتداری بزانێت و بە دەزگایەکی سەرکوتکەر و دژە مرۆڤایەتیی لەقەڵەم بدات ، ئەویش زۆر کەمن لە کوردستاندا . بەڵام بۆ ئەوەی بۆمان روون بێتەوە کە خوێندنەوەی کێ راستترە بۆ وەزعی کوردستان و ، کێ سیاسەتی گونجاو پەیرەو دەکات ، نەک لە سەر حسابی ستراتیجیەتی میلەت و دژایەتی یەکتر هەنگاو دەنێت ، دەبێت بە دراسەتێکی زانستیانەی دوور لە شیعار و عاتیفە مامەڵە لەگەڵ ئەرزی واقیعدا بکەیت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئامانجە سەرەکیەکە بخوێنیتەوە .
ماوەیەکە زۆر بە گەرموگوری پارتی و بنەماڵە بە بێ ئەوەی روونی بکەنەوە بنەما و پایگا توندەکانی دروستبونی دەوڵەت و بەرگریکردن و مانەوەی لە کوردستاندا لە کوێە و چۆن بەرگەی تەنانەت شنە بایەکیش دەگرێت ، باسی سەرزاریان ریفراندۆم و پێکهێنانی دەوڵەتی کوردستانی باشوورە . ئەوەی مێژوویان بناسێت دەزانێت تەنها وەک ئامرازێک بۆ ململانێی سیاسی و موزایەدە نەبێت هیچ مەبەستێکیان نیە و تەنانەت بە خودموختاریە کۆنەکەش رازین ، بە مەرجێک حوکمداری پارتی و بنەماڵە بمێنێتەوە . دەیانەوێت بەو شیعارەوە خەڵکێک بخەڵەتێنن و وای پیشان بدەن کە تەنها ئەوان مەبەستیان پێکهێنانی دەوڵەتە و ئەوانی تر دژین و ، لەوانەیە زۆرێکیش باوەریان پێ بکات ، بەتایبەتی کە دەبینن ئەو حزبە سەرەکیەکانی تر بە تایبەتی یەکێتی و گۆران لەم کاتەدا نەک لە دژی سەربەخۆیی بن ، بەڵکو بەشێکیان بە خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ کات و قۆناغەکە و بەشێکی تریشیان لە رکابەری پارتیدا ، ئیدیعای ریفراندۆم و بریاریدانی سەربەخۆیی ناکەن و ، لە کاری سیاسیاندا خۆشپەیوەندین لەگەڵ تەرەفەکانی عیراقدا، کە بە دژایەتی سەربەخۆیی کوردستان و میلەتی کورد ناویان هەیە و بودجەی خەڵکیان بریوە و بەشێکی زۆریان لە بنەرەتدا تەنانەت دژی فیدراڵیزمیشن و بۆیان بکرێت لە دەستوریشدا دەیسرنەوە و ، تەنانەت دوژمنی گەلی کوردستانیشن .
دیارە بریارێکی ستراتیجی لەم جۆرەی سەربەخۆیی کوردستان و بە وەزعێکی سیاسی ناوخۆیی و دەرەکی و باری ئابووری ئاواوە ، جگە لە خۆ خەڵەتاندن هیچ شتێکی تری تێدا سەوز نابێت . بەتایبەتی لەم دواییانەدا هەڵوێستی وڵاتانی بریار بەدەست بۆ هەموان روون بووەوە ، کە تۆزقاڵێک بەلای سەربەخۆیی کوردستاندا ناروات و ئەوەی دەیکەن زیاتر لە گەڵ پێویستیەکانی شەری داعش نەبێت هیچ هەنگاوێک ئەولاتر نیە . ئەگینا هۆشیاری نەتەوەیی زۆرینەی رەهای خەڵک لە هەر دەڤەرێک بن لەوە زیاترە کە بارودۆخەکە لەبار ببینێت و بزانێت لایەنێک لە پێناو ململانێدا ئامانجێکی گەورەی وا فەرامۆش دەکات . ئەگەر سیاسەتی هەڵەی یەکێتی و گۆران بواری ئەوە بدات لە دەرئەنجامی ململانێیان لەگەڵ پارتیدا موغازەلەو پەیوەندیەکانیان لەگەڵ لایەنە عیراقیەکان بەو شێوەیە بکەوێتەوە و پارتیش بە شێوەیەکی چەواشەکاری ئیستیغلالی ئەم حاڵەتە بکات ، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کەوا تەفسیر بکرێت خەڵک و جەماوەری ئەم دەڤەرە دژی دەوڵەتن .
ئەگەر وردبین و بارودۆخی قۆناغەکە و گۆرانکاریەکان وەک خۆیان ببینین ، ئەوە بەم حاڵەوە بریارێکی سەرەرۆیانەی وا لە فیدرالیزمەکەشمان دەکاتەوە و دەکەوینە هەڵوێستێکەوە کە دوژمنان بتوانن زەفەری زیارتمان پێ بەرن و ئەم ئەزمونە هەڵەشەیەش لەناوبەرن . با پەند لە وردەکاریەکانی ئەزمونی بۆسنا و تەیموری رۆژهەڵات و باشووری سودان وەربگرن و جیاوازیە خودی و بابەتیەکانیان لەگەڵ کوردستاندا بخوێننەوە و بەراوردی بکەن، ئەوسا قسە لەم بارەوە بکەن .