شێرزاد شێخانی : بەدیلەكانی مەسعود بارزانی .
لەدوای كۆتاهاتنی ویلایەتەكانی مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم،قەیرانێكی سیاسی قول لەكوردستان سەریهەڵدا كەرۆژ بەدوای رۆژ ئالۆزترو سەختتر ئەبێت .. هەڵبەت سەرجەم ئەو كێشانەی ئێستا میللەت بەدەستیەوە ئەناڵێنێ هەر لە چەقبەستنی پرۆسەی سیاسیو پەككەوتنی پەرلەمان و ئیفلیجبونی حكومەتەوە ، تا ئەگاتە گەورەبونی كێشە خزمەتگوزارییەكانی ئاوو كارەباو رێگاوبان و … هتد . ئەمانە بەگشتی پەیوەندییان بە كێشە سەرەكییەكەی پۆستەی سەرۆكی هەرێمە هەیە كە مەسعود بارزانی وحزبەكەی ئامادەنین دەستبەرداری بن . پارتی مەسعود بارزانی وەكو خواو كورسیەكەشی بەعەرشی ئەم خوایە ئەزانن ، بۆیە ئامادە نین تا مانەوەی بارزانی لەژیاندا تەنانەت ئەو پۆستە رادەستی یەكێك لەكوڕەكانیشی بكەن ، چ جای كەسێكیتر لەسەركردە یا هەر هاوڵاتیەكی ئەم كوردستانە كە مافی دەستوری ویاسایی خۆیەتی خۆی كاندید بكات بۆ ئەم پۆستە .
كاتێك كێشەی یاسایی كەوتە سەر پۆستی سەرۆكی روسیا ، سەرباری میراتی دیكتاتۆرییانەی سیستەمی سیاسی لەم وڵاتەدا ، بەڵام حزبەكەی فلادیمیر بوتین سەرۆكی وڵات دوای تەواوبونی ویلایەتەكانی بەدوای دەرەچەیەكی یاساییدا گەرا تا گەیشتە ئەو چارەسەرەی بوتین واز لەپۆستی سەرۆك بێنێت ببێتەوە بە سەرۆك وەزیران بۆ ماوەی چوار ساڵ و میدیدیفی جێگرەكەی ببێتە سەرۆكی روسیا . بەمەش هەم دەرەچەیەكی یاسایی بۆ پۆستەكە دۆزرایەوە هەم وڵاتانی دونیاش رێزیان لێگرت تا ئەمرۆش لەپۆستەكەیدا بەردەوامە . بەڵام پارتی نەك هەر ئامادە نیە ئەم پۆستە رادەستی كەسیتری غەیرە پارتی بكات ، بەڵكو سەركردەكانی ناوێرن تەنانەت باسی ئەم دەرەچەیانەش بكەن بۆ رێزگرتن لەیاسا وبنەماكانی دیموكراسی،ئەیانەوێ بەشەرەشەقو پێشێلكردنی یاساو پەكخستنی پەرلەمانیش بێت مەسعود بارزانی تا رۆژی حەشر لەپۆستەكەیدا بهێڵنەوە .
لەمڕۆژانەدا لەگەڵ كادیرێكی پارتیدا كەوتینە قسە لەسەر پۆستی سەرۆكی هەرێم . ئەو پێی وتم كەوا : كاك مەسعود شەوی تەواوبونی ویلایەتەكەی بریارێكی نوسراوی خۆی ئامادەكردبو بۆ ئەوەی دەستبەرداری پۆستەكەی بێت ، هەر ئەو شەوە ناردویەتی بەدوای سكرتێری مەكتەبی سیاسی و بەشێك لەسەركردایەتی حزبەكەی و كوڕەكانی پێیوتون : ئەمە بریاری منەو برۆن ئێستا چاپی بكەن و بڵاوی بكەنەوە با كەسێكیتر لەشوێنی من دابنێن . ئەم هەڵوێستەی بارزانی ئەگەر بەراوردی بكەینەوە لەگەڵ هەڵوێستە توندەكانی خۆی و حزبەكەی و ئەم هەمو قەیرانەی بەسەر میللەتەكەماندا هێناویانە ، لەدرۆیەكی شاخدار هیچیتر نیە ، چونكە ئەگەر راستگۆ بونایە وەزعی ئەم میللەتەیان نەئەگایندە ئەو حەددەی ئێستا نان نیە بیخوات ، خۆ ئێستاش نەچوە بچێت بارزانی ئەگەر راستگۆ بێت لەگەڵ خوای خۆی و میللەتەكشی دەستبەرداری ئەو پۆستە ئەبێت و كیشەكان چارەسەر ئەكات ، بەڵام ئەویش وەك هەر دیكتاتۆرێك كورسی جێناهێلێت تا ئەچێتە ناو قەبرەوە ، یا وەك دیكتاتۆرەكانی پێشوی خۆی لەكونە مشكێك قۆڵبەست ئەكرێت . ئەو كادیرەی پارتی وتی : كاتێك كاك مەسعود بریاریدا واز بێنێ ، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی لێی پاڕانەوە كەوا لەم زروفە سەختو تاریكەدا ناكرێت جەنابیان لەمەسئولیەت رابكات ، دەستەو دامێنی بون كەواز لەپۆستەكەی نەهێنێ چونكە بەدیلی نیە . ئەوەبو كاك مەسعود رازی بو بەوەی بەردەوامبێت لەهەڵگرتنی ئەم مەسئولیەتەی سەرشانی .
پارتیەكان باس لەزەرورەتی مانەوەی بارزانی ئەكەن بەچەند بیانویەكەوە . لەسەرویانەوە شەڕی ئێستای داعش . كاتێك ویلایەتەكەی بارزانی لە 2013 دا تەواوبو هێشتا داعش دروست نەببو ، بەڵام ویلایەتەكەی بەسەفقەیەكی خیانەتكارانەی هەندێ لەسەركردەكانی یەكێتیەوە بۆ دو ساڵ درێژكرایەوە .. دوای دو ساڵیش كە ویلایەتە درێژكراوەكە كۆتاییهات دیسان پارتیەكان كەوتنە سەر بەیتو بالۆرەی بونی داعش و هەرەشەكانی بەسەر كوردستاندا . ئەوان پێیان وایە كەوا لەمەسعود بارزانی بترازێ كەسیتر نیە فەرماندەیی هێزی پێشمەرگە بكات لەشەڕی دژ بەداعش . ئەمەش لەكاتێكدایە بارزانی بەدرێژایی تەمەنی پێشمەرگایەتیشیەوە تەقە لەتفەنگی نەهاتوە ، هیچكات لەسەنگەری پێشەوەی جەبهەكانی شەڕی دژ بەداعشدا نەبینراوە ، هێزەكانیشی ئەو هێزە شەڕكەرە نین بتوانن دیفاع لە گوندێك بكەن ، خۆ بینیمان چۆن شەنگالیان بەبێ تەقە رادەستی داعش كرد ، چۆن هێزە ” قارەمانەكانی ” پارتی فركان فركان رایانكرد و نیوەی ناوچە دابڕینراوەكانیشیان تەسلیمی دەستی داعش كرد .
كاتێك باس لە فەرماندەیی پێشمەرگە ئەكەین نابێ دەیان فەرماندەی ئازاو دلێری ئەم كوردستانەمان لەبیر بچێت كە لەرۆژانی سەختی خەباتی نەتەوەییماندا دژ بەگەورەترین سوپای دیكتاتۆری دونیا لەسەنگەری پێشەوە بونە كە سوپای سەدام بو . كەسێكی وەكو كاك نەوشیروان مستەفا كە ئەندازیارو پاڵەوانی راپەرینە جەماوەرییەكەی سەرتاسەری كوردستان بو زۆر شایستەترە لەمەسعود بارزانی بۆ سەركردایەتی كردنی هێزی پێشمەرگەو روبەروبونەوەی داعش .. یەكێكی وەكو كاك كۆسرەت كە لەدوای خیانەتەكەی پارتی لە31 ئابدا بەهێزێكی پەرتەوازەی بچوكی پێشمەرگەی یەكێتییەوە هەڵمەتی هێناو لەسنوری ئێرانەوە تا سنوری دێگەڵە بەماویەكی زۆر كورت هەموی لەدەست خیانەتكاران دەرهێناو هێزەكانی پارتی راماڵی ، ئەگەر هەڕەشەی سەدامیش نەبوایە پارتی ناردبوە باوەشی ئاغاكانی لەودیو توركیاوە .. ئەم كاك كۆسرەتە ئێستاش بەم تەمەنەو بەهەمو نەخۆشییەكانیشیەوە زۆر لەمەسعود بارزانی شایستەترە بۆ فەرماندەییكردنی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان . پێموایە تەنانەت كەسایەتی عەسكەریتری وەكو مام روستەم وكاك حەمەی حاجی مەحمودیش زۆر لەمەسعود بارزانی ئازاترو شارەزارترن بۆ سەركردایەتی هێزەكانی پێشمەرگەو شەڕی دژ بەداعش .
جگە لەوەش بەپێی بەڵگەنامەكانی ویكلیكس بێت مەسعود بارزانی كە فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە لەگەڵ داعشدا دانیشتوەو رێكیش كەوتەوە لەگەڵیاندا ، كەواتە مەسعود بارزانی سەركردەیەكی خائینەو بەخۆرایی رۆڵەكانی خۆی بەكوشت ئەدات ، سەركردەیەك كە خائین بو چۆن شایەنی فەرماندەییكردنی پێشمەرگە ئەبێت .
ئەمە لەروی عەسكەریەوە ، ئەمما لەروی سیاسیەوە ئەوان باس لەكێشەو قەیرانە سیاسیەكان ئەكەن و ئەڵێن بەكاك مەسعود نەبێ ئەم كێشانە چارەسەر نابن ، ئەمە لەكاتێكدا خودی كاك مەسعودە بوە بەسەبەبی ئەم هەمو كێشەو قەیرانانە ، بونی ئەو لەپۆستی سەرۆكی هەرێمدا وایكردوە ئەم هەمو كێشانە سەرهەڵدەن و چارەسەرییەكان بگەنە بنبەستەوە ، تەنها بەرۆیشتنی ئەویش كێشەكان چارەسەر ئەبن كەچی ئەو نە رەحم بەم میللەتەوە ئەكات نە ئەشهێڵێ رەحمەتی خوا نازل بێت بەسەریانەوە . كاتێك باس لەكێشەكانی كورد لەگەڵ بەغدا ئەكرێ ، دیسان خودی بارزانی بو كە ئەو كێشانەی گەیاندە مریشكە رەشەو وبەدوربین سەیری سەنگەرەكانی سوپای عیراق ئەكردو خۆی سازدا بۆ پەلاماری سوپای عیراق ، هەر خۆیشی لەگەڵ مالیكی تێكیداو ئامادە نەبو نەوتەكەی كوردستانی رادەست بكات بەپێی دەستور بۆ ئەوەی میللەتەكەمان توشی ئەو قەیرانە داراییە سەختە نەبێت . هەر مەسعودیش بو كە دەیان رێكەوتنی خیانەتكارانەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا بەستو بەشێكی زۆری خاكی كوردستانیشی فرۆشتە كۆمپانیا نەوتیەكان و سامانە نەوتیەكەشمانی تەسلیم بەتوركیا كرد ، ئیدی چی ماوە ئەم سەرۆكە نەیكردبێت دژی میللەتەكەی خۆی و خزمەتی بێگانە،ئایا سەرۆكێكی ئاوا شایستەی ئەوەیە تا هەتا هەتا لەسەر كورسییەكەیدا بهێلرێتەوە ؟.
ئەگەر ئەم سیستەمە تاكەكەسیە سەقەتەی ئێستا لەكوردستان كۆتایی پێبێت و سیستەمێكی تەندروست ودیموكراسیانەتر بێتە دی ، سیستەمی سەرۆكایەتی بگۆردرێت بە سیستەمی پەرلەمانی ئەوسا هیچ قودسیەتێك بۆ سەرۆك نامێنێت و سەرۆكی وڵات ئەبێتە فەرمانبەرێكی ئاسایی كە هەمو كەس ئەتوانێت شوێنی مەسعود بارزانی بگرێتەوە ، كاری سیاسیش بدرێتە دەست ئەو حزبەی زۆرینە بەدەست ئەهێنێت لەهەڵبژاردنەكاندا ، بەمەش دیموكراسییەت ئەگەرێتەوە سەر سكەی خۆی و هیچ پێویست بەوە ناكات مرۆڤی خائین و وڵاتفرۆش ببنە سەركردەو چارەنوسی میللەتێكی ستەمدەیدەی سەدان ساڵ بخرێتە بەردەستیەوە .
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts