دکتۆر سەردار عەزیز : ئەم هەڵبژاردنەی ئەمریکا .
ئەم هەڵبژاردنەی ئەمریکا له چەند ڕویەکەوە جێگای سەرنجە :
یەکەم } له ئاستی کاندیدەکانەوە ( کاندییاتەکانەوە ) .
دوەم } له ئاستی دۆخی ناوخۆیی ئەمریکا ، سێیەم له ئاستی جیهاندا .
ئەمڕۆ دونیا له ئاستی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی لە دۆخێکی ڕاگوزەردایە لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی تر . کێشە زۆرە لە سەر ناونانی ئەم قۆناغە . سەردەمانێکی زۆرە باس لە جیهانگیری دەکرێت ؛ ئایا دونیا بەرەو جیهانگیری دەچێت ، بەڵام ئەوەی ئێستا ڕودەدات بریتیه له قەیرانی جیهانگیری؟ ئایا ئەم قەیرانی جیهانگیریە پاشەکشیی جیهانگیریە یان گۆڕینی ئاراستەیە ؟
سەردەمانێکی زۆر ئەمریکا باوەڕی وەهابو که له باوەشی دو زەریادایە و پارێزراوە لە دونیا . بەڵام چیدی ئەم دۆخە وەهانیە . ئەمڕۆ نە ئەمریکا دابراوە لە دونیا و نە دونیا دابڕاوە لە ئەمریکا . ئەمریکا بە ئامانجی ئیدارەکردنی دونیا له دونیادا ئامادەیە ، دونیاش بە مەبەستی سودمەندبون له ئەزمونی ئەمریکی لە لە ئەمریکا ئامادەیە .
بۆیە کێ دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا ڕوداوێکی جیهانیە .
پاش کێبڕکێیەکی ئاڵۆزی ناوخۆی هەردو پارتە گەورەکەی ئەمریکا ئەمساڵ دو کاندید له کێبڕکێدان ؛ پیاوێک و ژنێک . هەریەک لەم دو کاندیدە له چەند ڕویەکەوە جیاوازن و له چەند ڕویەکی تریشەوە هاو شێوەن . له ئاستی ڕوکەشدا هیلەری کلینتۆن ئافرەتە . هەوڵدەدات یاری بەم کارتە بکات و دەنگی ئافرەتان بەدەست بهێنێت ، بە تایبەت کە کاندیدەکەی تر ، دۆناڵد ترامپ له ناو ئافرەتاندا وەزعی باش نیە .
بەڵام ئەوەی لە ئافرەتێتی خۆی بە ئاگابێت هیلەری کلینتۆن ناخاتە خانەی ئافرەتانەوە چونکە بەشێکە لەو سیستەمە دامەزراوەی کە هەیە . بەڵام وەک کوردستان ڕوکەش لە ئەمریکاش گرنگە . گرنگی ڕوکەش زیاتر گەورەیە بە تایبەت کاتێک روداوەکە هەڵبژاردنە و بۆ جەماوەرە . زۆرینەی زۆری خەڵک تاقەت و توانای ئەوەیان نیە له ئاڵۆزیەکان تێبگەن . ئەمە زۆر بە تایبەت کە ئاین ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە له داڕشتنی دونیابینی مرۆڤی ئەمریکیدا . مرۆڤی ئایندار ناتوانێت ئاڵۆزی دونیا ببینێت . چونکە ئاین خۆی سیستەمێکی سادەگەرایی زارەکیە ، که دڵنیایی و سەکینە دەبەخشێت بەڵام عەقڵ پەکئەخات .
هیلەری کاتێک له کۆنگرەی دیموکراتدا لە گەڵ کلینتۆنی مێردی و کچەکەیدا له شانۆکە باوەشیان بە یەکدا کردبو ، وەک سیتڤ کول ، نوسیبوی ، دیمەنەکە لە ئەمریکا نەدەچو ، هێندە لە وڵاتێکی وەک ئەرجەنتین دەچو . خێزان و مێرد و کچ و بون بە نەنک هەمو ئەمانە بون بە بەشێک لە خیتابی هەڵبژاردن ، که ڕەنگە کاریگەری هەبێت بۆ ناوخۆی ئەمریکا ، بە تایبەتی لە کارکردن لە سەر یاساکانی پەیوەست بە خێزانەوە ، بۆ ئاستی جیهانی وێنە و نمونەیەکی خراپە . بنەماڵەیی وەک یەکەیەکی سیاسی دوژمنی دیموکراسیە . بەڵام لە لایەکی ترەوە ئەوەی جێگای سەرنجڕاکێشان بو ڕۆڵی کوڕنەبو لەم هەڵبژاردنەدا ، هێندە کچ ڕۆڵی هەبو . ئەمەش یەکێتی ترە لە دەرکەوتە ڕوکەشەکان بۆ فریودانی جەماوەر . کچ له هەردو خێزانەکەدا ڕۆڵی سەرەکی بینی له ئاراستەکردنی خیتاب . ئەمە هێندە کاریگەری بە رەگەزی دەنگدەرەوە هەیە هێندە پەیوەست نیە بە مێینەبونی سیستەمەی سیاسی .
هەرچی تڕەمپە وەها دەردەکەوێت کە کەسێكی خۆ پەرستی، خودئەڤینی ( نارسیست ) هەرزەی بێ مەعریفەبێت . بەڵام تڕەمپ دەربڕی ڕقە له سیستەمی سیاسی ئەمریکی ، بە خرۆشانی رق . دەنگدەری تڕەمپ دەنگدەرێکن که بێزارن لە سیستەمی سیاسی و ئابوری ئەمریکی ، بە دەستیەوە دەناڵینن ، بەڵام رقەکەیان زیاتر ئاراستەی ئەویتر دەکەن ، کە بە بەرپرسی قەیرانی ئەمریکی دەبینن نەک سیستەمی ئەمریکی خۆی . بۆیە پێیان باشە کە ئەمریکا لە دونیا داببڕێت ، نەک تێوەگلێت. لای ئەوان وەها بەباش دەزانن که ئەمریکا تەنها کاتێک دەستوەرداتە دونیا که بەرگری لە خۆی بکات . لەو کاتانەشدا دەبێت بە گورزی کوشندە و بە پارە و کاتی کەم کێشەکە کۆتایی پێبهێنێت .
هەمو ئەمە دەرئەنجامی سادە تێگەیشتنە لە دونیا . بە ڕەش و سپیکردنی دونیایە. وەک جۆرج لاکۆف ڕونی دەکاتەوە ، باوەڕی دەنگدەری پارێزەر لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە سزادان جۆرێکە لە دیسیپلین . سزا و ئازاردان پیویستە بۆئەوەی کەسەکان ببنە کەسێکی باشتر . بۆیە سزادان و ئازاردانی ئەوانەی کە وەها دەبینێت که خراپن کارێکی ئەخلاقی پێویستە . بەم پێیە دیدی کەسێکی دینی ئەمریکی بە باوک بینینی ئەمریکایە بۆ دونیا . باوکیش دەبێت لە رێگای دیسیپلینەوە ئەخلاق بچەسپێنێت بۆ ئەوەی ئەولادەکانی ببنە کەسی سەرکەوتو .
ئەم دیدی بە باوک بینینی کەسی سەرۆک له هەناو دونیای کوردیشدا باوە ، کە هەمان ڕەگی ئاینی هەیە، بە تایبەت کاتێک کە سەرچاوەی تێگەیشتنی دونیا خێزانە ، نەک دونیا خۆی . هەر ئاوڕێک له زاراوەکانی ناو دونیا سیاسی کورد بدەرەوە دەبینێت که چەندێک خێزان زاڵە بە سەر پرۆسەی دونیا بینیدا . ئەمە جۆرێکە لە ئایدەلۆژیا . ئایدەلۆژیا بە گشتی دو جۆرە ، جۆرێکی مرۆڤەکان بە ئاگاییەوە خاوەنین ، جۆرێکی تر بەبێ ئاگا . زۆرینەی کورد خاوەن دیدێکی ئایدەلۆژیە بەبێ ئەوەی ئاگایی لێبێت ، بەڵکو وەک دەرهاوێشەی کەلتور و دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی . زۆر ئەستەمە ئەم مرۆڤە ڕەخنە بکەیت . چونکە ئەو بێئاگایە لەوەی کە بڕوای پێیەتی ، هەرگیز بە ئاگاییەوە وەرینەگرتوە . بە مانایەکی تر خەڵكی یان خۆیان خاوەنی ئایدەلۆژیایەکن ، یان ئایدەلۆژیایەک خاوەنیەتی .
دواین شت باسی بکەین زمانە ، زمانی ترەمپ زمانی جەماوەرە . زمانی جەماوەر سادەیە ، بەڵام هەڵەیە . بەڵام سەرباری هەڵە زمانی ترەمپ زمانێکی بریندارکەری بێئەخلاقە . ئەخلاق مەبەستمان ئەوەیە کە له پێناوی دەستکەوتی خۆیدا ئامادەیە هەمو زیانیک بدات . دەبینین کە لە ئەنجامی زمانی ترەمپ کۆمەڵگا شپرز و پەرت پەرتە . ناتوانین باس لە کۆمەڵگای کوردی نەکەین ، کە دێتە سەر ئەم زمان و سادەیی ، دونیای کوردی لە ئاستێکی زۆر نزمدا دەدوێت ، دەربڕین بە جۆرێکە که نابێتە هۆی ئەوەی گەشە بە فیکر و دیدت بدات بەڵکو بێزارت دەکات . زمانی جنێو و بازاری ئاراستەی هەستە ، بە هەمو شێوەیەک دژ بە پرۆسەی دیموکراسیە . چونکە پرۆسەی دیمۆکراسی پێویستی بە دانوستان و لەیەک گەیشتن ، پاشان رازی بونە ، چونکە هەرگیز هیچ سیستەمێک نابێت کە هەموان پێی ڕازی بن .
له هەناو زمانی جنێودا خەڵک هەیە . کرۆکی دیموکراسی ئەمریکی چەمکی خەڵکە . خەڵک چەمکێکی زۆر ئاڵۆزە ، ئەگەر لە هەردو کۆنگەری دو حیزبەکە بنواڕیت دەبینێت زۆرترین ئاماژەی پێدراوە . چەمکی خەڵک دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی سیانزە ، یەکەم جار لە بەریتانیا هاتە ئاراوە . چەمکی خەڵک بەرامبەر خودایە . ئایا ڕەوایەتی دەسەڵات له خەڵکەوەیە یان لە خوداوە. ئەمەشیان لە کوردستان هێشتا لە سەرەتادایە . هەتا ئێستا خەڵکێکی زۆر دژ بە عەلمانیەتن . دژایەتی عەلمانیەت یانی دژایەتی خەڵک و شەرعیەت وەرگرتن لە خوداوە . ئەمرۆ خەڵکی ئەمریکی دژ بەیەکن ، هەریەکەیان خۆی بە خەڵک دائەنێت و ئەویتریان دژ بە خەڵک . لە ئەنجامدا دۆراو خەڵکە .
دیمۆکراسی سەرمایەداری دو چەمکی بە زۆر پێکەوە گرێدراون . پەنجا ساڵی ڕابوردو وەها دەوترا کە پەیوەندیان پێکەوەنیە ، ئەمرۆ ناتوانین نکوڵی لێبکەیت . هەڵبژاردنی ئەمریکا هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی جۆرێکی تر لە پەیوەندی .