دڵشاد حامید دەروێش : شۆپنهاوەر و خوێندنەوەیەکی دیکە بۆ نۆستالۆژیا .
ڕابووردووی دوورمان به خۆشی و ناسۆریهکانیهوه وه‌ک کانیاوی قه‌دپاڵی چیا ڕوون و بێگه‌رده ، سه‌رابێکه جه‌سته‌ی وشکههڵاتومان فریوده‌دات . خودان هێزێکه عه‌یارانه به‌ره‌وخۆی که‌مه‌ندکێشمان ده‌کات ، لوقمان ئاسا هه‌توانی برینه‌کانی ئێستامان ده‌کات . هێزێک به‌رده‌وام کار له‌سه‌ر به دهعجانکردنى هه‌نووکه و تهمتومانکردن و لێڵکردنی نهامان ده‌کات . وه‌کچۆن ئاین مرۆڤ ڕایهڵبهند ده‌کات به به‌هه‌شتی له‌ده‌ستچووه‌وه . به‌وشێوه‌ش ئەو گرێماندهدات به سه‌رده‌مانی به‌سه‌رچووه‌وه .
به‌کورتی مرۆڤ بوونێکی نۆستالۆژیه ، که‌منین ئه‌وانه‌ی سه‌رجه‌م نه‌هامه‌تیه‌کانیان ده‌ده‌نه‌پاڵ ئامێره ئاڵۆز و سیستمه ته‌ونی و باڵه‌خانه تولانیهکان و له‌وبڕوایه‌دان باپیرانیان له خانووه قورهکاندا خۆشنوودتر و خاترجهمتر بوون . پێویستمان به قوڵبوونه‌وه‌یه‌کی زۆریش نیه تاکو دڵنیابین سیاسه‌ت و ئاین و فه‌لسه‌فه و ژانره جیاوازه‌کانی ئه‌ده‌ب و هونه‌رمان سیخناخ و که‌یل و تژیين له‌م سۆزینه .
تا ئه‌و شوێنه‌ی وەک خوێنەرێکی هەرزەی فەلسەفە ئاگاداربم هیچ فه‌لسه‌فه‌یه‌کی دیکه وەک فه‌لسه‌فه‌ی ( ئارسەر شۆپنهاوه‌ر 1788 – 1860 ) پۆتاسیون و قودره‌تی کێو‌ماڵی فه‌لسه‌فیانه‌ی ئه‌م هه‌سته‌ی نیه . ئێمه‌ش له‌م کورتیلە باسه‌دا ده‌ست و په‌نجه له‌ته‌ک نۆستالۆژیا نه‌رمده‌که‌ین له ناوکۆیی و ڕه‌وتی فه‌لسه‌فه‌ی شۆپنهاوه‌ردا .
بۆ ئەمەش سه‌ره‌تا پێویسته خوێندنه‌وه‌یه‌کی ڕه‌وته‌نی و تێپه‌ڕ بۆ ( ویست/ اراده/ will ) وه‌ک چه‌مکێکی سه‌نتڕاڵی نێو فه‌لسه‌فه‌ی شۆپنهاوه‌ر بکه‌ین . که زێده‌گۆیی نیه گه‌ر بڵێین سه‌رجه‌م فه‌لسه‌فه‌ی شۆپنهاوه‌ر به‌رزکردنه‌وه‌ی به‌یداخی دۆزینه‌وه‌ی جه‌وهه‌ری نۆمیناو تهماهیپێکردنیهتی ( هۆمۆگینیهت ، هاوشوناسیکردن ) له‌ته‌ک چه‌مکی ( ویست ) دا .
بۆ تێگه‌یشتن له چه‌مکی ویست به‌ر له‌هه‌ر شتێک ده‌بێت ئه‌و ئینتیباعەی که له خه‌یاڵدانی زۆرینه‌ماندا ڕسکاندویهتی وه‌ک جوڵێنه‌رێکی عه‌قڵانی توڕههڵدهین . ویست لێره‌دا ئه‌و کرۆک و چیه‌تی و پاڵنەرە جاویدانە نائاگایەیە که له‌پشت سه‌رجه‌م دیاردهکاتهوه ئاماده‌گی هه‌یه . گەر مرۆڤ وه‌ک دیارده‌یه‌ک وەرگرین دەبینین کە مانیفێستهیشنی گه‌لێک خواست و مه‌یل و ئاڕه‌زوو و ڕه‌مه‌که ( غریزة ) ، وه‌ک ڕه‌مه‌کی خواردن که له ده‌م و گه‌ده و ڕیخۆڵه و کۆمدا خۆی به‌رجه‌سته ده‌کات . وڕەمەکی سێکس لە چووک و زێدا . بە واتایەکی دیکە جەستە ویستی منە و جەستە و ویست یەک شتن .
تایبه‌تمه‌ندیه‌کی ئه‌م ویسته ئه‌وه‌یه هه‌میشه ڕوو له ژیانه. به واتایه‌کی دیکه ویست ، ویسته بۆ ژیان. ڕه‌مه‌کی سێکسیش له مرۆڤدا ئه‌رکی پاراستنی جۆری مرۆڤایه‌تی له‌خۆ ده‌گرێت . له خاسیه‌ته‌کانی دیکه‌ی ویست نه‌گۆڕیه . له یه‌که‌م جۆری مرۆڤه‌وه تا دەگاتە ئێمە ، مرۆڤ ده‌خوات و دهڕێت و ڕادهموسێت . (١)
به‌کورتی مرۆڤ ویسته ، ڕستێک ئاره‌زوو و خواست و مه‌یل و ڕه‌مه‌که که‌وه‌ک سێبه‌ر به‌دوامانه‌وه‌ن و تێرکردنیان لە هۆرم ( خەونی ناو خەون ) و ماسیگرتن دەچێت لە سەرابدا . هەر لێرهشهوهیە تراژیدیای بوونی مرۆیی سه‌ر ڕێگا ده‌که‌وێت .
ئه‌و پرسیاره‌ی که لێره‌دا خۆی قوتده‌کاته‌وه ئه‌وه‌یه ، که ڕۆڵی عه‌قڵ و هونه‌ری ئهرگومێنتسازی و به‌رزه‌فتکردنی ڕه‌مه‌که چه‌مووشه‌کان له‌لایه‌ن عه‌قڵه‌وه له کوێی ئه‌م دیمه‌نه‌دایه ؟
به‌بڕوای شۆپنهاوه‌ر ئێمە شتێکمان ناوێت لەبەر ئەوەی دەزانین چیە ، بەڵکو تەواو بەپێچەوانەوە ئێمە تەنها ئەو شتانە دەزانین کە دەمانهەوێت . (٢) کەواتە ئاوەز ده‌سته‌وستانه له ئاست ڕه‌مه‌که‌کان ، نه‌ک هه‌ر ئەوە بگره له ڕاستید عه‌قڵ کۆیله‌ی ڕه‌مه‌ک و ئارهزووهکانمانه . ئه‌وه‌تا له سایه‌ی عه‌قڵه‌وه له‌سه‌ر مێز ( نانده‌خۆین ). له‌بان چرپا ( ده‌خه‌وین ) . شوێنى تایبه‌ت بۆ ( ڕاموسان ) چێ ده‌که‌ین . بە واتایەکی دیکە مرٶ لەوە بوودەڵەترە کە توانای گٶڕینی ڕەمەک و مەیلەکانی خۆی هەبیت ، ئەو تەنها پێکاری ( وسيلة ) تێرکردنیان بەرەو پێش دەبات .
ئێستا با برانین چه‌مکه‌کانی ( نۆستالۆژیا) و ( ویست ) له سیاقی فه‌لسه‌فه‌ی شۆپنهاوه‌ردا چۆن په‌یوه‌ندی له‌ته‌ک یه‌کدا ده‌به‌ستن . زۆر به کورتی ئه‌وکاته‌ی خه‌یاڵ خوروژم ده‌دات و ده‌که‌وێته جۆش و خرۆش و پیاسه‌یه‌ک به داڵانه‌کانی ڕۆژگاره دێرینه‌کاندا ده‌کات ، ویست له خه‌وێکی قوڵدایه ، ئێمه یادی ڕه‌مه‌ک و ئاره‌زوو و خواسته‌کانمان له‌و ساتانه‌دا ناکه‌ینه‌وه . یاخوود با بڵێین ئەو ویستەی هۆکاری سەرجەم جووڵەیەکمان بووە لە ڕابوودوودا نها لەم گەشتەدا هاوەڵی خەیاڵمان نیە . هه‌ر ئه‌مه‌شه وا ده‌کات که ڕابووردوو ته‌لیسماوی و ئهفسونئامێز بێت . (٣) گه‌ر به ئالیگۆرییهک ساده‌تر بدوێین ده‌ڵێم ، ئه‌وکاته‌ی بیر له ڕابووردوو ده‌که‌ینه‌وه وه‌ک بینه‌ری فیلمێک وه‌هاین ، فیلمه‌که به هه‌ر ئاقارێکدا بڕوات ئێمه هه‌ر له‌سه‌ر کورسی به‌رده‌م شاشهکهداین . ته‌نانه‌ت وەک ماغوت دەڵێت ((ئه‌و ژنه خزمه‌تکاره کاڵفامهی ، که ئه‌میره‌ی ناو زنجیره‌یه‌کی ته‌له‌فیزیونی دیل ده‌کرێت ، سه‌رینه‌که‌ی له فرمێسکدا نقوم ده‌کات)) . (٤) دواجار هه‌ر به‌شێک نییه له فیلمه‌که . وه‌لێ له ئێستادا ئێمه پاڵه‌وانی تراژیدیای راسته‌قینه‌ی ژیانی خۆمانین ، سیزیفۆسانە گابه‌ردی جەستەمان ( ڕه‌مه‌ک و ئارەزوو و خۆزگە ) بەسەر لوتکە تولانیەکانی ژیانماندا سەردەخەین .
سەرچاوەکان
١- بۆ زانیاری زیاتر لەسەر چەمکی ویست لای شۆپنهاوەر بڕوانە : د . السيد شعبان حسن , فكرة الارادة عند شوبنهاور , دار التنوير , بيروت , 1993, ص 81 وما بعدها .
٢- وفيق غريزي , شوبنهاور وفلسفة التشاؤم , دار الفارابي , بيروت , 2008 , ص 104.
٣- فواد كمال ، الفرد في فلسفة شوبنهاور ، الهيئة المصرية العامة للكتاب , 1991, ص 54.
٤- محمد ماغوت ، خیانه‌ت له نیشتیمان ده‌که‌م ، وەرگێڕانی : کارزان عەلی و حسەین لەتیف ، ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەری ئەندێشە ، ٢٠١٥، ل ١٢٩.