شێرزاد شێخانی : حەزرەتی عومەر و عەلی و پێشمەرگە دێرێنەكان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

كاتێك پێشمەرگە ، بەتایبەتیش پێشمەرگە دلێرەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەشەوانی ئەنگوستەچاودا ، لەزەمهەریری زستاناندا بەپێلاوی لاستیكەوە هەڵمەتیان ئەبردە سەر معەسكەرەكانی رژێمی دیكتاتۆری بەغداو خەوی شیرینیان لەچاوی گەورەترین سەركردەكانی بەعس لەناو شارەكانی كوردستاندا ئەزڕاند ، كوڕانی بنەماڵەی بارزانی و ئەندامی حزبە ترسنۆكەكەی لەدیوی ئێراندا لەژێر پێخەفی گەرمو گوڕدا رۆژیان ئەكردەوە .. چەكدارەكانی پارتی عەشرەتی بارزانیش لەناو خاكی ئێرانەوە لەبارەگاكانیان خەریكی دروستكردنی دارسەبیلی جگەرە بون . ئەو كاتی پێشمەرگەكانی یەكێتی و سۆسیالست و شیوعی و زەحمەتكێشان ئەرزی ژێر پێی دوژمنی بەعسیان ئەلەرزاندو رۆژانە داستانی قارەمانێتیان تۆمار ئەكرد ، ناوی پارتی لەكولەكەی تەڕیشدا نەبو .

ئەم دەسكەوتە گەورەیەی كوردیش لەدامەزراندنی پەرلەمانو حكومەتی هەرێم شانازییەكی پێشمەرگە دێرینەكانی ئەم حزبانەیە ، پارتی وەكو عادەت پاش ئارامبونەوەی هەمو وەزعێك  ئینجا هاتۆتە سەر حازرەكی ، ئێستا ئەوان ئەیخۆن  خاوەن مافەكانیش مەحروم ومەنكوبن . كوڕانی عەشرەتی پارتی لەوڵاتانی دونیا شەوانی خۆشی بەسەر ئەبەن ، كوڕانی پێشمەرگەو شەهیدەكانیشیان بەپێڵاوی دڕاوو سكی بەتاڵەوە لەبەر دەركی مزگەوتەكاندا عەلاگە ئەفرۆشن . برسیەتی و قاتوقری سەرتاپای كوردستانی پڕ لەسامانی نەوت و گاز و كانیاو و سەوزایی گرتۆتەوە ، بۆ پێشمەرگە دێرێنەكان ئازارەكە قوڕسترە ، چونكە ئەوان بون قوربانیان ئەدا ، كەچی ئەمڕۆ لەخەڵكیتر برسیترن !.

ئیمام عەلی ئەفەرموی : سەیرم لێدێ كەسێك برسی بێت چۆن بەشمشیرەوە ناچێتە سەر ئەو زاڵمانەی برسیانكردوە . پێغەمبەری مەزنیش فەرمویەتی : هەر كەسێك لەداكۆكیكردن لەسامان و خێزانەكەیدا بكوژرێت ، شەهیدە . بەواتای دیفاعكردن لەنان و قوتی خۆی مافێكی رەوای ئایینیشە . كاتێكیش حەزرەتی عومەر بو بەخەلیفەی موسلمانان هاتە سەر مینبەری مزگەوت و لەیەكەم خوتبەیدا داوای لە موسلمانان كرد ئەگەر هەڵەیەكی كرد بۆی راستبكەنەوە . كەسێك لەناو مزگەوتەكە هەڵسایە سەرپێ  وتی : ئەگەر هەڵەت لێ ببینین بەشمشێرەكانمان راستت ئەكەینەوە . ئەویش دەستی بەرز ئەكاتەوە ئەڵێ : زۆر شوكر خوایە لەناو قەومەكەمدا كەسانێك هەن بەشمشێر راستمئەكەنەوە . ئەم پیاوەی ناو مزگەوتەكە لەوانەیە ئەویش پێشمەرگەیەكی دێرینی ئیسلام بوبێت كە بەمافی خۆی زانیوە هەڵەی دەسەڵات بەشمشیرەكەی راستبكاتەوە .

ئێستا پێشمەرگە دێرینەكان نانی خوایان نەماوە بیخۆن ، لەساڵێكدا لەسێ موچە زیاتریان پی ڕەوا نەبینراوە لەكاتێكدا مەسئولانی دەسەڵات بۆ یەك لەحزەش قەیرانی دارایی كاریگەریی بەسەریانەوە نەبوەو ناشبێت . ئەم رەفتارەی دەسەڵاتی پارتی بەرامبەر پێشمەرگە دێرینەكانەوە ئەیكات ، مونتەهای ئیستهتارو بێقییمەتكردنی قوربانیەكانە . گردبونەوەی هەفتانەی ئەم پێشمەرگانەش لەبەردەم مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەسلێمانیدا هیچ لەوەزعەكە ناگۆڕێ ، چونكە بینیمان لە17 شوباتدا نزیكەی دو مانگ سەرجەم خەڵكی سلێمانی و ناوچەكانی رژانە سەر شەقامەكان بەڵام هیچ كاریگەرییەكیان لەسەر دەسەڵات نەبو ، لەهەمو دونیاشدا وابوە پایتەخت نەجولێت كۆنترۆڵی شارو ناوچەكانیتر ئاسانترە بۆ دەسەڵاتداری ستەمكار .

بۆیە لەجیاتی ئەوەی پێشمەرگە دێرینە مافخوراوەكان لەبەردەم مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆ ببنەوەو رێگای فرۆكەخانەو بەردەركی كۆمپانیاكان بگرن ، باشترە بچنە سەر ئەنجومەنی وەزیران لەهەولێرو لەبەردەم ئەنجومەن و ماڵەكەی نێجیرڤان بارزانیدا خۆپیشاندان بكەن ، ئەوسا ئەبینن چۆن دەسەڵاتی پارتی لەترسا كڕنوشیان بۆ ئەبەن و داواكارییەكانیان جێبەجێ ئەكەن . لەجیاتی ئەوەی لەمەسعود بارزانی بپاڕێنەوە چارەسەری كێشەكانیان بكات ، با بەخۆپیشاندانەوە بچنە سەر بارەگاكەی لەسەری رەشدا  . ئەبێ ئەوەیان بیر نەچێ تەنانەت جێگری سەرۆكی حكومەتەكەشمان چاوی لەدەستی ئاشتی هەورامی و نێچیر بارزانییە كەی موچەكەی ئەویش سەرفئەكەن ، ئەوەشیان بیر نەچی كەوا یەكێتی هیچكات شەریكی راستەقینەی بریاربەدەستی پارتی نەبوەو بەشداری پێكردنیشی لەحكومەتدا تەنها بۆ جوانكردن و رتوشكردنی دەموچاوی رەشی حوكمی پارتییە .

پێویستە پێشمەرگە برسییەكان رویان وەرگێڕنە هەولێر ، ئەو هەڕەشانەی لەدەسەڵاتی یەكێتی ئەكەن لەسلێمانی دڵی پارتیەكان خۆشئەكات نەوەك بیانترسێنێ ، دەبا شمشێرەكانیان بەرز بكەنەوە وەك لێیان چاوەڕوان ئەكرێ پێشەنگ بن لە روبەروی بونەوەی دەسەڵاتی ستەمكاری پارتی وپێی بڵێن : بوەستە تا ئێرەو ئیتر بەسە . بەمەش داستانێكی گەورەی مێژوویو سەروەرییەكی تریش بۆ خۆیان تۆمار ئەكەن ودڵی میللەتەكەشیان خۆش ئەكەن و بۆ جارێكی تر رزگاریان ئەكەن لەدەست جەوروستەمی دەسەڵاتی ستەمكارەوە .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت