barzani_qasim

مستەفا بەرزانی : من ژەنەراڵ نیم ، كوردەكان لەخۆیانەوە پێم دەڵێن ژەنەراڵ .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دیدار لەگەڵ گورگێكی ناو شاخەكان
ئێمە بۆ بینینی ( مەلامستەفا بارزانی ) رابەری كوردەكانی عێراق ، چەندین رۆژ بەبەردەوامی بە رێوەبووین . ئامانجی ئێمە گەیشتنبوو بە شاری ( ڕانیە ) پایتەختی شاراوەی بەرگریكارە كوردەكان و شوێنی تایبەتی ( مەلامستەفا ) .
پاش ئەوەی شۆرشە نوێیەكەی عێراق ، كاسەی كوردەكانی سەرەوژێر كرد . دەسەڵاتدارەكانی عێراق ، لە داهاتی نەوتەكەیان ، دینارێكیان بۆ ناوچە كوردییەكان خەرج نەدەكرد . لە هەمان كاتدا ، هەر پۆلیسێكی عێراقی بۆ خۆی یاساو دەسەڵات بوو ، دەیتوانی بە كەیفی خۆی و بێ‌ هیچ بەڵگەیەك كوردێك بگرێت و رەوانەی ناو زیندانی بكات .
ئەو رێگایەی ئێمەیان بەرەو لای ژەنەراڵ ( مەلامستەفا بارزانی ) دەبرد ، رێگایەكی باریك و هەوراز و نشێو پڕ مەترسی بوو . رێگاكە زۆر بەوردی چاودێری دەكرا ، چونكە حوكومەتی عێراق (3) ملیۆن دۆلاری تەرخانكردبوو بۆ خەڵاتی ئەو كەسەی ( مەلامستەفا بارزانی ) دەكوژێت .
گورگی ناو كێوەكانی باكوری عێراق ، رێك لە نزیك شاخی ( كاروخ ) نیشتەجێ‌ بوو . چەندین سەدە پێش ئێستا ، كاتێك لەشكری یۆنانییەكان لێرەوە تێپەری ( زەنیەفۆن ) لە كتێبەكەیدا باسی ئەم شاخە دەكات .
كوردەكان قەومێكی كێونشینن . بەبروای ئێمە چەند بوونەتە هۆی پەرێشانی عێراق و حوكومەتەكەی ( عارف ) ، هێندەش بوونەتە دیوارێك بۆ ئێرانییەكان .
هێزەكەی كورد لەو ناوچەیەی ئێمە بۆی چووین ، بریتبوو لە چەند چادرێك و چەند كوخێك . ( مەلا مستەفا ) بەهەمان شێوەی چەكدارەكان لەناو چادرێكدا رابەرایەتی شەرەكەی دەكرد دژی حوكومەتی عێراق .
ئەو پیاوێكی ( 64 ) ساڵەی موسڵمانە . ( 3 ) ژنی هەیە . دووانیان لە شوێنی زادگەی خۆی لە گوندی ( بارزان ) نیشتەجێن . ( 11 ) منداڵی هەیە . ( 10) هەزار چەكدار و نزیكەی سەد كەسێك وەك پاسەوانی تایبەتی خۆی لە دەوروبەرین . بۆیە خۆی هەست بەترس ناكات و ئاسودەیە .
دوای سێ‌ كاتژمێر لە چاوەروانی ، ( مەلا مستەفا ) لە چادرەكەی هاتە دەرەوە و ، بەخێرهاتنی كردین . بە وەرگێڕەكەی خۆی وت : من ئامادەم وەڵامی پرسیارەكانی ئەمانە بدەمەوە . دەنگێكی قورسی گڕی هەبوو . چل ساڵی تەمەنی لەشەركردن بەسەربردووە . ساڵی (1946) دوای سەركوتكردنی كوردەكان ، بەهاوكاری (700)* كەس بە تێكشكاوی بەرەو خاكی یەكێتی سۆڤیەتی كۆمەنیست رۆیشت و لەوێ‌ نیشتەجێ‌ بوو .
لپێم پرسی : هەوڵی تۆ بۆ بەكۆمەنیستكردنی كوردستانی عێراقە ؟
مەلامستەفا : من كوردم و ، هیچ پەیوەندییەكەم بە كۆمەنیستەوە نیە .
پرسیار : بەڵام سۆڤیەتیەكان پلەی ژەنەراڵیان پێدایت ، مەگەر وانیە ؟
مەلامستەفا : هیچ كەس پلەی ژەنەراڵی بەمن نەداوە ، كوردەكان هەر لەخۆیانەوە پێم دەڵێن ، ژەنەراڵ .
پرسیار : ئایا حەزدەكەی ئەم شەڕە كۆتایی بێت ؟
مەلامستەفا : من ئامادەم ، بەڵام بەغداد ئامادەنیە كۆتایی پێبهێنێت .
پرسیار : قسەیەك هەیە دەڵێن : (17000) هەزار چەكداری پرچەكت هەیە ؟
مەلامستەفا : ئێمە تەنها خاوەنی ئەو چەكانەین ، لەشەرەكاندا لە سوپای عێراقدا دەستگیریان دەكەین .
پرسیار : ئەی لەدەرەوە هاوكاریتان ناكرێت ؟
مەلامستەفا : نا دونیا ئێمەی لەبیركردووە . ئێمە ناچارین تاك و تەنیا لەم كێوانە بەرگری بكەین .
پرسیار : یانی هیچ لایەك هاوكاری ئێوەی نەكردووە ؟
مەلامستەفا : ئێمە نامەمان بۆ هەموو دەوڵەتەكان ناردوە بۆ هاوكاری . باسی دۆخی خۆمانمان بۆكردوون . بۆ دەوڵەتەكەی ئێوەش ( ئەڵمانیا ) ناردومانە .
پرسیار : ئایا تۆ بڕوات بەسەركەوتن هەیە ؟
مەلامستەفا : هیچ كات چاوەروانی سەركەوتن نیم . تەنها دەتوانین لەم كێوانە بەرگری لەخۆمان بكەین .
پرسیار : ئەی باشە لەبەر خاتری چی شەردەكەیت ؟
مەلامستەفا : لەبەر خاتری بەدەست هێنانی ئۆتۆنۆمی . عێراقییەكان دەبێ‌ لە كۆتایدا ئۆتۆنۆمی بە ئێمە بدەن . ئێمە نامانەوێت دەوڵەتی سەربەخۆ دروست بكەین ، بەڵام تەنها دەمانەوێت ئیدارەدانمان بەدەست خۆمان بێت .
پرسیار : یانی دەتانەوێت لەناوچەكانی خۆتان ، لە روی ئابوورییەوە بكەوێتە دەست خۆتان و خۆتان ئیدارەی بدەن ؟
مەلامستەفا : لە زۆربەی ناوچەكانی كوردستانی عێراق ، نەوت هەیە . ئێمە چاومان نەبریوەتە هەموو نەوتەكە ، ئێمە (3) ملیۆن كەسی كوردیین لە عێراق . عێراق جگە لە ئێمە (5) ملیۆن كەسی تێدایە لە نەتەوەكانی كە . قسەی ئێمە ئەوەیە ، داهاتی نەوتەكە دابەشبكرێت . پێنج بەشی ببەن بۆ خۆیان و ، سێ‌ بەشەكەی ئێمەش بدەنە دەست خۆمان ، تا خۆمان ئیدارەی خۆمانی پێبكەین .
دوای دیدارەكە بۆمان دەركەوت ، ( مەلامستەفا بارزانی ) لەناو هەموو دامودەزگاكانی حوكومەتی عێراقدا سیخوری هەیە ، زانیاری بۆ دەنێرن .
وەرگێڕانی : نەبەز گۆران
تێبینی : كۆمەڵێك دیداری رۆژنامەوانی ( مەلامستەفا بارزانی ) لەكتێبیكدا چاپ بووە بە فارسی ، هەموویانم وەرگێراوە ، یەك یەك بڵاویاندەكەمەوە .

سەرچاوەكان
– كارڵ برایر _ پیتەرلئوگفلد ، پەیامنێرانی گۆڤاری (كوئیك) ئەڵمانی ، پێداچوونەوە و ئامادەكردنەوەی (ئیسماعیل رائین _ ئەحمەد مرعەشی )
-چاپ بوونەوەی بە فارسی، گۆڤاری (تهران مصور) ژمار (1171) هەینی(22)بهمن ماه (1366) – 11 فێبریوەری 1966
– كتێبی : بهرام ولدبیگی ، (برتارك طوفان) لاپەرە (348-349) چاپ اول تهران ، گویا . (1395)

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت