کامەران چروستانی : بەعزکردنەکەی منداڵیمان و سیاسەتکردنی حیزبەکانمان .
منداڵ بووین لەگەڵ منداڵی گەڕەک زۆربەی کات لە کۆڵانەکانی نزیک بە ماڵی خۆمان خەریکی یاری بووین . بێگومان هەندێک جار پێکدادان و نەگونجاندن و شەڕ و لێکدانیش لەنێوانماندا دروست دەبوو . ئیتر ئەو دوو منداڵە یان ئەو دوو کۆمەڵە منداڵە قسەیان لەگەڵ یەکتر دادەبڕی و دەیانوت : کامەران لەگەڵ دارادا بەعزە و قسە لەگەڵ یەکتردا ناکەن . ئنجا ئەم هاوڕێ و ئەو هاوڕێ نێوەندگیرییان دەکرد و هەوڵی ئەوەیان دەدا ( ئاشتمان بکەنەوە ) . بێگومان کوردئاسا هەر یەکەمان سەرسەختی خۆمان پێشان دەدا ، چونکە کێشەکە تەنها لە ئاشتبوونەوەکەدا نەبوو ، بەڵکوو : کێ یەکەم جار ناوی ئەوی تر بنێت ؟ ئەمە گەورەترین کێشەی ئاشتبوونەوە بوو . ئنجا نێوەندگیرەکان دەکەوتنە قسەهێنان و قسەبردن و هەوڵی ئاشتکردنەوەمان بۆ ئەوەی ڕێکەوتنێک لەنێوانماندا ساز بدەن . خۆ ئەگەر دوو خێزانەکە لە ماوەی بەعزبوونی ئەو دوو منداڵەدا سەردانێکی یەکتریان بکردایە ، ئەوا دایک و باوکەکان ئەو هەلەیان دەقۆستەوە بۆ ئەوەی ئەوانیش نێوەندگیرییەک بکەن و ئاشتمان بکەنەوە .
بەعزبوونەکەی ئەو سەردەمەی منداڵی خۆمان ـ سیاسەتی ئەم سەردەمەی حیزبەکانی لەمەڕ خۆمان بەبیر دەهێنێتەوە .
لە ساڵی 1991 و هەر لەگەڵ پرۆسەی ئازادکردنی کوردستان هەتا ئەم ساتە وەختە تاکی کورد لەناو بەعزبوونە جیاوازەکانی نێوان حیزب و لایەنە کوردییەکاندا دەژی . سەرەتاکەی بە شەڕی براکوژی دەستی پێ کرد و ئەو شەپۆلی ( بەعزبوونە ) هەتا ئێستا هەر بەردەوامە . نێوەندگیرەکانیش لە کەسایەتی و لایەن و حیزبەکانی ناو کۆڵانی سیاسەتی کوردیی لەمەڕ خۆمان دەست پێ دەکات ، هەتا دەگاتە وڵاتانی دراوسێ و حیزب و کەسایەتییەکانی کۆڵانەکانی لەمەڕ دراوسێکانمان و بەردەوام دەبێت هەتا بە زلهێزەکانی وەکو ئەمریکا و فەرەنسا و بەریتانیا کۆتایی دێت .
کێشە تەنها لە بەعزبوونی نێوان حیزبەکان خۆیان نییە ، بەڵکوو قوڵبوونەوەی ئەو کێشە و دەنگبڕانەیە بۆ توێژ و چینەکانی ناو کۆمەڵگا و کەرتبوونی کۆمەڵگا بۆ چەند بەرەیەک ، کە زۆربەیان نازانن بۆچی لایەنگری ئەم لایەنە و بۆچی دژ بە لایەنەکەی دیکە دەوەستن . کاتێکیش لایەنەکان ( ئاشت ببنەوە و ناوی یەکتر بهێنن ) لایەنگرانی ئەم لایەن و ئەو لایەنەش هەموو ڕۆحێکی ئاشتەوایی دایان دەگرێت ، بەڵام بەبێ ئەوەی لەخۆی بپرسێت : ئەرێ باشە ، من هەتا دوێنێ بە خوێنی سەری لایەنگرانی ئەولا تینوو بووم یاخود ئەرێ باشە هەتا دوێنێ من ئەوەی لە دەستم هاتووە بەو لایەنەی دیکەم کردووە ، چی وای لە من کرد کە ئێستا بەم شێوەیە ببم بە ماستی مەیو و بەرەکەی ئەوبەر بە دۆستی خۆم بزانم ؟
ڕکابەرایەتی نێوان حیزبەکان هەموو لایەنە سیاسییەکانی گرتۆتەوە و لەو باوەڕەدا نیم هیچ لایەنێک لەو بەعزبوونە بەلایەنی کەمەوە لەگەڵ تەنها لایەنێکیشدا بووبێت ، دەرباز بووێت بە تایبەتی زلهێزەکانی ناو مەیدانی سیاسی کوردستان . شێوازی بەعزبوونەکەش هەر لە شەڕ و پێکدادان و قوربانیدان بە ژیانی تاکی کورد لەخۆ دەگرێت هەتا دەگاتە لێکدابڕانی سیاسی و سوکایەتیکردن بە کەسایەتییەی سیاسییەکان ، کە بۆ ئەم لا یان ئەولا سومبوڵی کوردایەتی و شۆڕشگێڕیی و نیشتمانپەروەییە .
لەناو هەموو ئەم کەشە نەگونجاو و ئاوێتە ئاڵۆزەدا ئەوەی شایەنی سەرنجە بریتییە لەوەی کە لەژێر پەروەردەی دەستی ئەم حیزب و لایەنانەدا دەمانەوێت کۆمەڵگایەک بنیات بنێین ، کە ڕۆحی دیموکراسی و ڕای ئازاد و قبوڵکردنی یەکتر تیایدا ئارا بێت ، لە کاتێکدا بە درێژایی بیست و پێنج ساڵی مێژووی سیاسیدا تاکی کورد هەمیشە لەژێر فشاری بەعزبوونی لایەنە سیاسییەکانی کوردستاندا ژیاوە . خاڵێکی دیکەش کە جێگەی سەرنجە ئەوەیە ، هەموو لایەنەکان کێبڕکێی نیشتمانپەروەری دەکەن و هەر یەکەیان سنگی ئەوە دەردەپەڕێنێت ، کە لەوانی دیکە دلسۆزترە ، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی هەموو کێشەیەکدا هەموو لایەنەکان لەناو بیری تەسکی حیزبایەتی خۆیاندا دەتوێنەوە ، هەروەها ناتوانن هەر ئەو ڕۆحی نیشتمانپەروەری و دڵسۆزییە لەو ساتەدا بکەن بە پاڵنەرێک بۆ ئەوەی لە کورتترین ماوەدا و بە سادەترین شێوە کێشە و قەیرانەکانی نێوان خۆیان چارەسەر بکەن ، هەتا دەگاتە ئەو ئاستەی کە خەڵکە سادە و بێلایەنەکانی ناو شەقامی کوردی لە دوو بەرەکە بێزار ببن ، هەرچی لایەنگرانی لایەنەکانیشە ناخیان پڕ دەبێت لە کین و ڕق بەرامبەر بە یەکتر . لە کۆتاییشدا لایەنە بەعزبووەکان سەرلەنوێ باوەش بە یەکتردا دەکەن و ناوی یەکتر دەهێنن و دەچنەوە سەر مێزی گفتوگۆ ، وەک ئەوەی نە بایان دیبێت و نە باران .
بریا سەرکردەکانمان هێندەی بانگەوازی نیشتمانپەروەیی خۆیان ، هێندەی دڵپاکیی منداڵێتی خۆمان دڵیان بەم گەلە و بەم خاکە بسووتایە و بەر لەوەی قەیرانەکان ئێخەی هەموو تاکێکی کورد بە شێوەیەک لە شێوەکان بگرێت باوەشێکی دڵپاکانەیان بە یەکتردا بکردایە و کوردستانێکیان بکردایە بەو ئامانجەی، کە هەموویانی لەژێر سێبەری خۆیدا کۆبکردایەتەوە .