عیماد عەلی : ئێران و تورکیا و روسیا دژ بەکورد رێکدەکەون ؟
سەرەرای بوونی جیاوازیە زۆر و هەمەجۆرەکان و ناکۆکیە گەوەرکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە . لەم کاتەدا سێ وڵاتی ناکۆک خەریکی جموجوڵی فراوانن و تارادەیەک ئەمریکا و ئۆرپاش چاودێری وەزعەکە دەکەن و چاوەرێی دەرهاویشتەی وتوێژە هەمەچەشنەکانی نێوان ئێران و تورکیا و روسیا دەکەن و ، رۆڵی وڵاتانی جیهان و مامەڵەیان لەگەڵ پرسەکە بە پێی خوێندنەوەی لێکەوتەکانی هاوکێشە نوێکان و چونێتی بەدەستهێنانی بەرژەوەندیەکانیان لە قۆناغە نوێکە ، هەنگاوەکانیان دیاری دەکەن . دیارە ئاڵوگۆرێکی یەکجار گەورە بەسەر هاوکێشە ناوچەییەکانی رۆژهەڵاتی ناورەاستدا بەدیدەکرێت و ئەوەی لە جێگەی خۆی لەنگەری بەستووە و لەئاست گۆرانکاریەکاندا متقی لەخۆی بریوە و گۆرانکاریەکان ناخوێنێتەوە و لە کێشە ناوخۆییەکانیدا چەقی بەستووە، تەنها کوردە .
پاش سەردانەکەی ئەردۆگان بۆ روسیا و زەریفی وەزیری دەروەی ئێران بۆ تورکیا و هەڵوێستی نوێی پاش کودەتاکەی تورکیای ئەردۆگان لەمەر کوردی ناوخۆی تورکیا و ، لیدوانەکانی ئێران لەمەر پرسی کورد لە ناوچەکە و ، ئەو دەنگۆیانەی دزە دەکەن بۆ میدیا جیاهینەکان و ئەوە دەردەخەن کە هەماهەنگیەکی ناوچەیی بەرێوەی بۆ لەناوبردنی پرس کورد لە هەرسێ کوردستانی باکوور و باشوور و رۆژئاوا ، ئەم وڵاتانەش ئەگەر لە زۆرینەی بابەتەکانی نێوانیان ناکۆک بن ، کەچی مەسەلەی کورد خاڵێکی هاوبەش و سەرەکی رێککەوتنی ئەو لایەنانە دەدردەخەن ، کە لە نەهێشتنی دروستبونی کیانێکی کوردی لەناوچەکە هاورا و هاوبۆچونن . بەڵام قسە لەسەر ئەوەیە ئایا ناکۆکیەکانی تر رێگە دەدەن لە نێو ئەم جەنجاڵیەی لە نێوانیاندا هەیە ، ئامانجە هاوبەشەکەیان بەدیبهێنن . دیارە رۆڵی ئێران لە نزیککردنەوەی روسیا و تورکیا بە روونی دەردەکەوێت و ئەوەی لە قازنجی سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا دەبینێت کە بتوانێت ستراتیجیەتی تورکیا لەمەر روخانی رژێمی ئەسەد لەم وەزعە لاوازەیدا بگۆرێت و لەم کاتەدا بە کارێکی مەیسەری دەزانێت .
ئەوەی روونە کە هەر سێ لایەن ئێران و تورکیا و روسیا لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ رەورەوەی وەزعی سیاسی ناوچەکە بە گشتی و سوریا بە تایبەتی ، پێویستیان بەیەکە . لەو نێوەندەشدا نە روسیا و نە تورکیا و نەش ئێران ئامادە نین پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئەمریکا بەهەر شێوەیەک بێت تێک بدەن ، بۆیە بە بێ هەماهەنگی و ئاگادارکردنەوەی ئەمریکا کەسیان ناتوانێت تولە رێگەی تایبەتی خۆی بگرێتە بەر و قوربانی بدات بە بەرژەوەندیەانی لەگەڵ ئەمریکا و تەنانەت وڵاتانی ئۆرپاش . بۆیە ، ئەگەر هاوکێشەکان گۆرانکاریەکی تێدا بکەوێت ، لەوە دەچێت لە ئەمرۆ بە دواوە تەنها لە قازانجی کورد نەیەتەوە ، وەک زۆرینەی چاودێران دەیبینن .
ئەگەر ئێمە بە گەشبینیەوە لە وەزعی کورد بروانین، ئەوە لە باشترین حاڵەتدا ، دەتوانێت تەنها لە شەری داعش رۆڵی خۆی ببینێت ، بەڵام لە پاش هەرەسهێنانی چاورەوانکراوی داعش ، کورد کارتەکانی بەدەستەوە نامێنێت و، حاڵی نێوخۆیی بەم شێوەیە بێت، چارەنوسی نادیار دەبێت . ئەوەی بەدەستیەوە دەمێنێت ، پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەمریکا و هەندێک لە وڵاتانی ئۆرپایە ، بەڵام لە کارەکە بگاتە ئەوە حاڵەتەی پەیوەندی بە بەرژەوەندی گەورەی ئەمریکا لەگەڵ روسیا و تورکیا و ئێرانەوە بێت ، ئەمریکا هیچ بوارێکی بۆ دەمێنێتەوە کە لەسەر هەڵوێستی خۆی بەردەوام بێت ، یان ئەویش مامەڵە لەگەڵ ئەرزی واقیعدا دەکات .
چەند پرسیارێکی گرنک لەم کاتەدا خۆی فەرز دەکات، ئایا ئەمریکا سازش لەسەر پەیەدە و کانتۆنەکان و هەرێمی کوردستانیش دەکات ، کە تورکیا و روسیا و ئێرانیش لەمرۆ بەدواوە پێیان خۆش دەبێت ئەگەر هێزەکانی سوپای ئەسەد بە یارمەتی هاوکارانی باڵ بەسەر ئەو ناوچانەدا بکێشێت کە کورد بەرێوەیان دەبات . ئایا هێزی ناوەندی عیراق فشاری خۆی زیاتر بۆ باکوری عیراق و هەرێمی کوردستان دەکات و ناوچە دابراوەکانیش دەبنە قوربانی هاوکێشە تازەکانی دوای داعش . هاوسەنگی هێز لە نێوخۆی عیراق و ناوچەکە لە بابەت جەمسەرگیری شیعە و سونە بە لای کێدا دەشکێتەوە و لە ئاست بەرژەوەندیەکانی کورد چۆن دەبێت .
واتە ، دەکرێت هەڵوێستی نوێی ئەم سێ وڵاتە لە سێ خاڵدا خۆی ببینێتەوە :
یەکەم : شەر لەگەڵ داعش و ئەگەر بکرێت تورکیا رازی بکرێت شەر دژ بە بەرەی نوسرەش بگرێتەوە .
دووەم : پاراستنی یەکێتی خاکی سوریا و عیراق و رەتکردنەوەی هەر کیانێکی کوردی لەم دوو وڵاتەدا .
سێیەم : وتوێژ کردن لەپێناو چارەسەرکردنی هەر قەیرانێکی سیاسی لەم ناوچەدا هەیە ، بۆ ئەوەی ئامانجە گەورەکانیان بەدیبێت .
لەم حاڵەتانەشدا تەنها زەرەمەند کوردە و بەس و هەموو لایەک دەزانێت ئەمریکاش خۆی لەقەرەی هیچ بابەتێک نادات کە لە بەرژوەندیەکانی نەدات و ئەم خاڵانەش نەک زەرەری لێ نادەن بەڵکو بارەکەیشی سوک دەکەنەوە و ، لەو بارەشەوە دەتوانێت لەگەڵ ئەم سێ لایەنەدا لێکتێگەیشتنی هەبێت .