عیماد عەلی : ئەردوگان لە سیاسەتدا هەڵقونە .
برادەرێکم وتی وامەبینە ئەردوگان جەماوەرێکی باشی هەیە و دەتوانێت مانۆری نێوخۆیی بە جوانی بەرێوە ببات ، بەڵام بە وردی تەماشای رەفتارەکانی بکە بۆت دەردەکەوێت کە زۆر هەڵوقنە ، لەگەڵ ئەوەشدا چەند لە هەڵقونی و تورەبون و زووهەڵچونیدا زەرەر دەکات و کاریگەری سەلبی لەسەر وڵاتەکەی دەبێت بەڵام زوو پەشیمان دەبێتەوە و سڵ لە هیچ تەنازولێک ناکات کە بزانێت بەرژەوەنی خۆی و وڵاتەکەی تێدایە، لەو کارەیدا میلەتەکەی دەخاتە پێشەوەی خۆی ، نەک سیاسەتمەدارە تازەپێگەیشتوەکانی خۆمان کە عورف و عادەتی عەشایەری بەکار دێنن و تەنانەت هاتوچۆی یەکتر بە ئابرووە دەبەستنەوە .
وتی تۆ تەماشای ئەردوگان بکە کە زانی دژایەتی ئیسرائیل قازانجی بۆ ستراتیجیە پەیرەوکراوەکەی دەبێت و لە بون بە سوڵتانیزمی تازەدا نزیکی دەکاتەوە وا رەفتاری کرد بە دوژمنی باباکوشتەی ئیسرائیلە ، کەچی لە کۆتاییدا شکستی هێنا ، بە هەڵقونی خۆی لە دارفۆس لە پانێڵەکەی لەگەڵ پێرێزدا تورە بوو و مینبەرەکەی بەجێهێشت و هەوڵیدا عەرەب رازی بکات و خۆی بکاتە برا گەورە و لە رەفتارێکی پیشاندانی ماسولەکەی سیاسی خۆی ئاسا ویستی هێڵی سوری ئیسرائیل ببرێت ، کەچی پوزی خۆی شکاند و دواتر لە پێناو خۆی و ڵاتەکەیدا تەنازولی کرد و بێ هیچ دەستکەوتێک لە گەڵ ئیسرائیلدا ئاشت بووەوە و هاتەوە سەر لێدانی قەوانە کۆنەکەی خۆی .
لە حاڵەتێکی سەرکێشی و خۆ بە پاڵەوانی مەیدانەکەدا ، فرۆکەیەکی روسیای خستە خوارەوە و بە بوغراییەوە باسی لێوەکرد و ، کەچی دواتر وەک راگۆرین و تەنانەت هەندێک خەڵک لەو بروایەدان لە ستراتیج گۆریندا و لە دەرئەمجامی کودەتا شکستخواردووەکە ، بەخۆی ملکەچ بوو و تەنانەت خۆی گەیاندە ئەو ژوورەی کە پلانی شەری دژ بە عوسمانیەکانی تێدا دانروە و لەگەڵ پوتین دانیشت و ئەو ئیهانەشەی قبوڵ کرد .
لە نێوخۆدا سەرەرای ناکۆکیەکانی لەگەڵ حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان و ناکۆکیەکانیان ، ملکەچی داواکاریەکانیان بوو تا ئێستا لەسەر داواوی ئەوان تەنانەت باسی سیستمی سەرۆکایەتی دواخستووە ، جگە لەکورد کە بە بەرژەوەندی خۆی نازانێت .
لە گەڵ ئێران بە هەموو شێوەیەک ئامادەی هاوکاریە و تەنانەت بۆ مانەوەی ئەسەد رازیە و جارێک شەرم دەکات بە راشکاوی باسی بکات یان نایەوێت هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی لێی زیز بن .
پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئۆرپادا هەر رۆژە و بە شێوەیەک بەرێوەدەبات تەنها ئامانجی پێشکەوتنە لە هەنگاوەکانی لە چونە نێو یەکێتی ئۆرپاوە و بە هەموو پەلەقاژەیەک هەوڵی مانۆر لەو بارەوە دەدات و تەنانەت فشار لە رێگەی بە لێشاو ناردنی پەنابەرانیش دەکات . دواتر دەست دەخاتە نێو دەستی میرکل و رێککەوتنی لەگەڵدا دەکات و وەک ئەوەی نا بای دیبێت نە باران .
ناکۆکیەکانی لەگەڵ عیراقدا لە پێناو هەندێک بەرژەوەندی تەسک کە بە مێژویی لەقەڵەمی دەدات ، تا ئەمرۆ خۆی گرتووە و بارودۆخەکە وا فەرز ناکات کە ملکەچ بێت ، بەڵام ئەگەر سبەینێ هاوکێشەکە یەکلایی بێتەو و موسڵ رزگار بێت و هیچ رۆڵێکی ئەوی تێدا نەمێنیت، بە زەحف دەروات بۆ بەغدا .
وتی ، ئا بەم شێوەیە دەیسەلمێنم کە ئەردۆگان بەڵێ لە رەفتاری سیاسیدا هەڵقونە ، بەڵام بەم هەڵقونیەکەشیەوە بەقەد ئەوانەی خۆ بە پابەند بە عورف و عادەت و ئەخلاقی سیاسیەزانەکانی لای خۆمان لە سەرکردایەتی کورد زەرەری بە گەلەکەی نەگەیاندووە . دواتر لە داخی دڵیەوە وتی ؛ کورە هەزار هەڵقونی و سەرەرۆیی نەک خۆ بە سەنگین زانی زەرەربەخش بە گەل و ئامانجەکان ، وەک رەفتاری سەرکردە ئاساکانی خۆمان .