فەوزی ڕەمزی : پیره‌كه‌ی خۆرماڵ و مووگهكانی .
له ماڵپه‌ڕه پرشنگداری خامه‌ی نووسه‌رانی كورد له هۆڵه‌ندا نووسینێكی مامۆستا و برای هێژام كاكه موسته‌فا سالح كه‌ریم / م له‌ژێر سه‌ردێڕی” ئه‌مسال پیره‌میرد له گردی یاره‌وه هاته‌وه بۆ وه‌یس ” له به‌رواری 16- 4 – 2008 دا به‌رچاوكه‌وت كه به‌ڕاستی سه‌رنجی ڕاكێشام . دوای ده‌ستخۆشی لێكردنی و خوازیاری ته‌مه‌ن درێژی بۆ به‌ڕێزیان . دوای هەفتەیەك ئه‌م چه‌ند ڕستانه‌م هه‌ر بۆ بیرهێنانه‌وه و خسته‌پاڵ نووسینه پڕسۆزهكهی و بڵاوم کردەوە .
له‌و ده‌مه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تێك به‌ناوی مه‌مله‌كه‌تی عیراق هاته دروستبوون، ئینگلیزه‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌شێكی كوردستانیان پێوهلكاند بێ ئه‌وه‌ی پرس‌وڕای كوردان وه‌ربگیرێت، بێ گوێدانه ئه‌و ناڕه‌زاییانه‌ی هاته گۆره‌پانی سیاسی میلله‌تی كورده‌وه . شێواز تێكۆشانێكی تری هێنایه ئاراوه و، هه‌ر له خۆپیشاندان و كۆكردنه‌وه‌ی واژو و چه‌ندین نواندنی دیکە، به‌ڵام وه‌ڵامیان به‌ئاگر و ئاسن ده‌درایه‌وه. بۆیه له هه‌مان كاتدا دژایه‌تی و به‌ربه‌ره‌كانی به‌رامبه‌ریان گۆڕا بۆ شــێوازێكی دیکە، ئه‌ویش شۆڕش .
ئه‌م شێوازه دژایه‌تیه هه‌موو شـار و شـارۆچكه و گونده‌كانی گرتبۆوه. له‌و شارانه‌ی كه زیاتر دژایه‌تی و به‌ربه‌ره‌كانی تێدا زۆر دیاربوو شـاری سـلێمانی بوو، ئه‌و شاره‌ی كه هه‌ر له سه‌ره‌تای دروستبوونیه‌وه مه‌ڵبه‌ندێكی ڕۆشنبیری و خۆبه‌ختكاری و سوری بهركاروانی شـه‌هیدان بووه. هه‌ر ئه‌مه‌یش بووه ســرۆبهخشێك بۆ كامه‌رانی شاعیر كه بڵێت : ســلێمانی…شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی .
هه‌ر له یه‌كه‌مین نووكه پاچی ئه‌و وه‌ستا باشیه‌ی میری به‌به { بابان } ، فه‌رمانی دروستكردنی شاری نوێی پێدا و به‌ر به‌ردی شــین و ســهوزباو و ســهختی مه‌ڵكه‌ندی كه‌وت، ئه‌و برووسكه و چه‌خماخه‌ی كه لێوه‌ی ده‌رچوو نه‌ك هه‌ر ده‌شت و ناوچه‌كه‌ی ڕۆشنكرده‌وه ، به‌ڵكو وه‌ك خۆرێكی پڕشنگداری تازه هه‌ڵهاتوو له ده‌م كه‌ل و ئاسۆ هه‌موو كوردستانی ڕووناككرده‌وه. شه‌وق و بریسكه و گڕوتینی هه‌موو كوردانی هه‌ژان و پێگه‌ی خۆی توندوتۆڵ كرد. خۆی له‌ناو شـارهگهورهكانی ئه‌وسه‌رده‌مه‌دا سـهلماند كه پایته‌ختـی كـوردانه، گزنگی ئه‌م خۆره چاوی چاوچنۆكی ئه‌هریمه‌نه‌كان و دێوه‌زمه‌كانی ده‌وڵه‌تانی ده‌ورووبه‌ری كوێر كرد. ئیتر هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌وه پلانی ڕقوكینیان به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت یه‌كخست بۆ به‌رگرتنی ئه‌و گزنگه به‌ره‌به‌ره ئه‌و گزنگه بووه جه‌رگه‌ی به‌رفراوانی ڕۆشـنبیری و زانسـت و زانین، له گشت لایه‌ك كه‌ڵه خوێنده‌وار ڕوویان تێكرد، چجای خاوه‌ن پیشـیار و مرۆی چاپووك كارامه‌ی ده‌سڕه‌نگین و خاوه‌ن داهێنه‌ری نوێ.
بنه‌ماڵه‌ی به‌به/ یش باوه‌شـی پڕ سـۆزیان بۆ كردنه‌وه و وه‌ك كه‌سێكی بنه‌ماڵه‌ی خۆیان حسابیان بۆ ده‌كردن و له خۆیانیان نزیكتر ده‌كردنه‌وه. ئه‌مه بووه هۆی كۆچكردنێكی زیاتر به‌ره‌و ئه‌و مه‌ڵبه‌نده نوێیه. چه‌ندین شـاعیر و نووسه‌ر و ئه‌فسه‌ری پایه بڵند له‌و شاره‌دا هه‌ڵكه‌وت .
هه‌زاران هه‌زار ڕه‌حمه‌ت له مه‌زار و گیانی پیرۆزتان ئه‌ی میرانی به‌به بۆ خۆتان ئه‌و دیارییه‌ی بە گه‌لی كوردستانتان به‌خشی .
بۆیه هه‌ر به دوای دامه‌زراندنی مه‌مله‌كه‌تی عیراق، زۆر له كوردی خاوه‌ن عه‌قڵ و هۆش و ئه‌زموون له ئه‌ستانه‌وه گه‌ڕانه‌وه بۆ خزمه‌تكردنی وڵاتی تازه پێكهاتوو. به‌پێی ئه‌و به‌ڵینانه‌ی درابوو، چاوه‌ڕێی زۆرشت ده‌كرا كه بۆ كورد بكرێت به‌ڵام هه‌زاران حه‌یف و مه‌خابن هیواكانیان له‌ته‌ك كۆمه‌ڵه به‌ڵێنه‌كانی ئینگلیز‌و ویلسۆنی سه‌رۆكی ئه‌مریكیدا به باچوو و هیچ ڕیزێكیان بۆ ئه‌و په‌ڕه كاغهزانه دانه‌نا كه بۆ كورد مكرابوو { سـوودی ئه‌و په‌یمانه چی بێت كه نرخی ئه‌و په‌ڕه كاغه‌زه‌ی نه‌بێت كه له سه‌ری تۆماركراوه } .
به‌هه‌رحاڵ … نیشتمانپه‌روه‌ران و په‌رۆشانی وه‌ك پیره‌مێردی دانا كه به گڵی پیرۆز و كلچێوكی عهنبهرینی وه‌فای كوردستان چاوانیان كلڕێژكردبوو، دڵ و گیانیان هه‌ر هه‌مووی پڕ هیوابوو به‌ڵام كه زانیان كارچۆن ده‌گوزه‌رێت، چاوه‌ڕێی هیچ له داگیركهرناكرێت ته‌نیا بۆ جێگیركردن و چه‌سپاندنی خۆیه‌تی و به‌س. بۆیه ڕوویان كرده‌وه شاره‌كه‌ی خۆیان و به ڕێز و ستایشه‌وه پێشوازیان لێكراو خرانه سه‌ر دیدان.
تۆ بڵێیت ئه‌م كهڵهمێرانه نه‌یانتوانیبێت پله‌وپایه به‌ده‌ست بهێنن !!
تۆ بڵێت ئەم مێرخاسانە نەیانتوانیبێت وەك هاوڕێکانی تریان خۆ ئەستۆکەچی پول و پارە و موڵک و ماڵ بکەن !!!!! هه‌رگیز … نه‌خێر !!
میری له‌و ســهردهمهدا … كۆلكه خوێنده‌واری له دار دادهتاشــی، ئه‌مجا چجای مێرخاس و کەڵەمێرێكی وه‌ك حاجی موسته‌فا پاشای یاموڵكی و پیره‌مێردی دانا…
پیره‌مێرد… به قامكی بزێو و پڕوزه‌ی، خامه‌ی ڕه‌نگینی قنجكردوه و به بیری ڕۆشنی كه‌وته دادان و تیژكردنی، ئینجا هێنایه نووسین. به‌ڵام چ نووسینێك ؟ نووسینێكی وا پرشنگدار و بهورشه كه مۆمی بێتوانای كزهتاو بكاته خۆرێكی پڕته‌وی تارنههێڵ. گڕوتینێكی وه‌های دا كه چه‌ندین مووگ به‌ده‌وری خۆرماڵهكهیدا كۆبوونه‌وه و هه‌ركه‌س به‌توانای خۆی و لێوه‌شاوه‌ی خۆی كه‌وته زهمزهمهكردن و بوونه گه‌ردانی ئه‌و خۆرماڵه. پیره زێوانی ئه‌و خۆرماڵهیش هه‌ر وه‌ك چۆن میرانی به‌به باوه‌شی پڕسۆزیان بۆ باپیره‌ی كردبۆوه، ئاوه‌ها به‌هه‌مان شێوه و دابونه‌ریت، ده‌ركی خۆرماڵ و قه‌له‌نده‌رخانه‌كه‌ی بۆ ئه‌و مووگانه واڵاكردهوه . ئه‌وانیش به ده‌وری گزنگ و بهرهكهتیدا گڕیانخوارد و به ڕۆشنگهی پڕ زانست و هونه‌ر و زانین و نیشتمانپه‌روه‌ریان دانا. گه‌ر ڕۆژانه ئه‌و مووگانه نهچووبایانه سه‌ردانی خۆرماڵهكهیان، وه‌ك له كارێكی زۆر گرنگ كهمتهرخهمیانكردبێت وابوو.
یه‌كێك له‌و مووگانه، ڕهوانشـاد ” ڕه‌مزی مه‌لا مارف ” بوو كه هه‌میشـه خۆی به شاگردێكی به‌وه‌فا ده‌زانی و هه‌ر وه‌ك خاڵه بێخودی ده‌یڕوانیه ئه‌و مێره مه‌زنه، له خۆشی و ناخۆشیدا شانی به شانیه‌وه بووه. گه‌ر سه‌یرێكی دیوانه‌كه‌ی بكه‌یت زۆر چاك بۆت ڕوونده‌بێته‌وه كه تا چه‌ند هۆگری بووه و خۆی به په‌روانه‌ی چرای پڕشنگداری ئه‌و زانا و پیرهدانایه زانیوه.
ئه‌و لاواندنه‌وه‌ی كه بۆ ڕۆژی ماته‌مینی چلهكهی كردی گه‌واهی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌ده‌ن. كه تا چ ڕاده‌یه‌ك پهروانهسووتاوی ئه‌و چرا پڕتهوه بووه. ڕه‌حمه خانی ڕه‌وانشادی كچیشی كه بۆ ئێمه وه‌ك پوورێكی زۆر دڵسۆز بوو تا له ژیاندابوو پێی پڕ ودم و به‌ره‌كه‌تی له ماڵی ئێمه نه‌ده‌بڕی. هه‌میشه ده‌یفه‌رموو كه ئێره وه‌ك ماڵه‌كه‌ی پیره‌میرد وایه بۆ من. بۆیه ئێمه‌ش به‌تایبه‌ت به‌نده هه‌تا به ڕه‌حمه‌ت چوو سه‌ردانیمان كردبووه ئه‌ركێكی پێویست. ده‌توانم ئه‌و شه‌ره‌فه وه‌ربگرم و بڵێم كه هه‌تا دواهه‌ناسه‌ی ئه‌و په‌رییه ئه‌ز به‌ده‌ستی خۆم دواقوفڵی ژووره‌كه‌یم له‌به‌رده‌م كاكه فائق هوشیار و مامۆستا سه‌عید شه‌فیق به‌گدا لێدا. دواماڵئاوایی له دواژیانی یه‌كه‌مین كهڵهژنیك بكه‌م كه توانیبێتی خاوه‌ن ئیمتیازی ڕۆژنامه‌یه‌كی كوردی وه‌رگرتبێت ئەویش هەفتەنامەی ژین بوو.
به‌ڵێ … سلێمانی توانی وه‌ك پێشه‌نگێك خۆی ده‌ربخات و ببێته كانگا وسهكۆیهكی ئه‌ده‌ب و زانست و زانین و نیشتمانپه‌روری. بۆیه ئینگلیزه‌كان و حكومه‌ته ده‌ستكرده‌كه‌ی كارامه‌ترین و چالاكترین و توند‌وتیژترین و دهمارگیرترین و….. ســیخوڕ و جلخـواریان بۆ ئیداره‌ی ئه‌و شـاره هه‌ڵده‌بژارد، به مه‌به‌ستی بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر خواست و ویستی خه‌ڵكه‌كه. له‌مانه مه‌یجه‌ر ســۆن، جلخوارانی وه‌ك مه‌جید یه‌عقووبی توندڕه‌و و ده‌مارگیر، حاجی ڕه‌مه‌زان پاشا كه هه‌رگیز خۆشـییان به‌و خۆرماڵه و مووگهكانی نه‌ده‌هات. چه‌ندین ڕاپۆرتی نهێنی بۆ سه‌ره‌ك وه‌زیران و وه‌زیری ناوخۆ و مه‌عاریف ده‌نێردرا سه‌باره‌ت به هه‌ڵسوكه‌وتی دانشمهندان و نیشتمان په‌روه‌رانی، ههلگهڕان بۆ چۆنیه‌تی فه‌رامۆشكردن و كوێركردنه‌وه‌ی چاووگه ڕۆشـنبیریهكانیان كه ژین و ژیان و كۆمه‌ڵه‌ی زانستی. بوون. یاخود ده‌مارگیرێكی وه‌ك عومه‌ر عه‌لــی تۆرانی سیفەت ، موتهسـهڕیف كه ته‌نیا بۆ شكاندنی شكۆمه‌ندی و لێدانی كه‌سایه‌تی مه‌لیكی كوردستان شـێخی حه‌فید و شێخ لەتیف و یاوه‌رانی و نیشتمان په‌روه‌رانی خه‌لكی شــار نێردرابوو. هه‌روه‌ها چه‌ندین موته‌سه‌ریف و موحافیز و كارگێرانیتری ده‌زگای پۆلیس و سیخوڕ و … هتد.
به‌ڵام دان به‌خۆداگرتن وهه‌وڵ و كۆشـشـی سـلێمانی وایكرد خه‌یاڵیان خاوكات و نه‌هێڵێت چیان بۆ بكرێت، چونكه ئه‌و بروسكه و چهخماخهیهی كه له یه‌كه‌مین زرنگانه‌وه‌ی نووكه پاچهكهی میری به‌به خۆراگری و بژێوییهكی به‌خشیه زه‌ویه‌كه‌ی كه بنبڕكردنی هه‌ر له خهیاڵخاویدایه.
یه‌كێك له‌و ڕووداوانه‌ی كه له‌به‌ر چاوه …. كاتێ ”ڕه‌مه‌زان پاشا ” ناهێڵێت ئاگری گڕوتینی نه‌ورۆز له گردی مامه‌یاره بكرێته‌وه، پیره‌كه‌ی خۆرماڵ به‌م چواربهیته شـیعره هه‌سـتی هه‌ڵقرچاوی خۆی ده‌رده‌بڕێت و ده‌فه‌رموێت :
یاخوا ئه‌و كه‌سه‌ی كه ئه‌م دووساڵه
لێم كه‌وته گیزه وه‌ك زه‌رده‌واڵه
نه‌ی هێشت ئاگری ( یاره ) بگڕێ
چه‌قۆی ئاهی من جه‌رگی هه‌ڵدڕێ
مووگهكانیش هه‌ریه‌ك له جێی خۆیه‌وه به‌رامبه‌ر به‌و زوڵمه‌ی كه له پیرێ و میلله‌ت ده‌كرێت، كه‌وتنه زه‌مزه‌مه‌ی ناڕه‌زایی و پشتگیریكردن له پیر. ڕه‌مزی مه‌لا مارف كه یه‌كێك بوو له هه‌میشه مووگ و هاونشینهكانی پیرەکەی خۆی، ئاوا به‌م چه‌ند به‌یته كه‌وته ههجوخوێندن له حاجی ڕه‌مه‌زان :
حاجی پاشا دوور له دینی هه‌ر له ئه‌لیاهو ده‌كا
هه‌ر ته‌ڵی موویێ له ڕیشی، ئیشی سه‌د جادوو ئه‌كا
بۆئه‌وه‌ی خه‌لقی بڵێن ئیسلامه، نوێژی زۆر ئه‌كا
دائیما بێ دینه باسی فائیده‌ی ڕۆژوو ئه‌كا
ناڵه‌ناڵی حه‌ق له‌ژێر پێ و چنگی ئه‌م ناجسنهدا
باوه‌ڕت بێ هه‌ر له ناڵه‌ی كۆتری هاقوو ئه‌كا
هه‌روه‌ها ده‌ڕوات له‌سه‌ر باسه‌كه ده‌فه‌رموێت :
بۆ سمێڵ و ڕیشی سۆفی بۆیه‌یه‌كی لایقه
ڕیخی ئه‌و گایه‌ی له ده‌شتی شاره‌زوورا گوو ئه‌كا
له پارچە شیعرێكی دیکەیدا ئاوا باس له ڕه‌مه‌زان پاشا ده‌كات :
هه‌یه ئایا وه‌كو ڕه‌مه‌زان … له عیراقدا ئه‌وه‌نده گه‌وج و نه‌زان
ئه‌م سوئاله‌م كه كرد له دانایێ … له ئه‌دیبێكی مه‌جلیس ئارایێ
بهزمانیكی وه‌ك شه‌كر شیرین … پێی ووتم ، ئه‌ی براده‌ری حه‌ق بین
موشكیلێ نیست كی نهباشهد حه‌ل … إن خیر الكلام ما قل و دل
پێت بڵێم كه‌ر له چاویا چۆنه … شێخول ئیسلامه،عالمی كه‌ونه
ئیتر به‌م چه‌شنه ئا له‌م جۆره كه‌سانه‌یان بۆ سـلهیمانی ده‌نارد و به ناشوكریش نه‌بیت گه‌ر كه‌سایه‌تیه‌كی لای خۆشمان خوانه‌خواستا بكرایه به شتێك، ئه‌وا كه‌س گوێی بۆ كلۆر نه‌ده‌گرد و ڕێزی لێنه‌ده‌گیرا { ئه‌مه بیر‌و بۆچونی كه‌سێكه كه كاتی خۆی له شـاری سـلهیمانی كاریكردوه‌و و به ڕاپۆرتێك بۆ سه‌روو خۆی ناردوه : ئه‌م شـاره ڕێز له كه‌سـێكی خۆیان ناگرن ببێته كارگوزاریان بۆیه گه‌ر ده‌تانه‌وێت كار وه‌ك پێویست بڕوا كهسـیكی غه‌یره بۆئه‌م شـاره بنێرن …. .}.
كاربه‌ده‌ستان چه‌ندین كه‌سیان هه‌بوو بۆ پڕوپاگه‌نده و چه‌واشه‌كردنی خه‌ڵك و سووكایه‌تیكردن به كه‌سانی خاوه‌ن ڕێز و خۆشه‌ویست، له‌وانه هه‌ر بۆ ئه‌و پیره دانایه چه‌ندین به‌ندوباو و قسه‌و قسه‌ڵۆكیان بۆ هه‌ڵده‌به‌ست. له‌وانه‌یش گوایا مووچه‌خۆری ئینگلیزه و چه‌ندین تاوانیتر. یه‌كێك له‌و تاوانه كه سیاسییه‌كی ئه‌وده‌مه دوایخستبو به جاسـوسكردكی پیره‌مێرد بوو كه وتبوی :
من خۆم ههویهكهیم دیوه له‌سه‌ر مێزی سه‌فیری ئینگلیز . ئه‌و پیره زانا و هۆشیارهیش هه‌ر زۆر هێمنانه و دانستانه له‌ناو خه‌ڵكدا به‌م كورته گوزاره‌یه وه‌ڵامی دابووه‌وه. دیاره ئه‌و لای ئینگلیزه‌كان له‌من گه‌وره‌تر و پلهوپایهدارتره ، ئه‌گینا چۆن توانیویه‌تی بچێته پشـت مێزه‌كه‌ی سـهفیر و ههویهكهی من ببینێت .
به‌هه‌رحال … پیره‌مێرد هه‌رگیز چاوشۆڕی ده‌وڵه‌ت نه‌بوو. خۆی به شــیاوتر له پیاوانی تازه ده‌وڵه‌ت ده‌زانی، لهدونانی ئه‌و جۆره بهندوباوانهیش ته‌نیا بۆ سـووكایه‌تی و شـكاندنی بوو له نێو جه‌ماوه‌ردا كه به چاوێكی پڕ ڕێز و سـتایشـهوه سـهیردهكرا، هه‌روه‌ك پیرێكی نوێبهخـش له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه سـهیردهكرا، بووبووه فریشته‌یه‌كی بوژێنه‌ر و نوێدهری چه‌ندین پریاسـكهی دێرین و ڕهسـهنی كوردهواری كه وه‌ك له یادچوو وابوون. ئه‌م زانا زرنگه ئه‌م كهرهسـهخاوانهی به پێی سـه‌رده‌م بیرازكرد و سه‌ر لاپه‌ڕه‌كانی ژین و ژیان/ ی پێئاوێزاند كه بووبوونه ترۆپكیكی ڕۆشن و گڕوتینی به سـهرانسهری كوردسـتاندا بوهشـێنێت. بۆ لاوانی خوێن گه‌رم و چرۆ تازه پێگهیشـتووانیش بووبوونه فه‌ریادڕه‌س و كانگایه‌كی زانین و هونه‌ر.
ئیتر چۆن … خۆمان به قه‌رزار و منه‌تباری ئه‌و پیرهدانایه نه‌زانین كه په‌روه‌ردگار كردبوویه فریشـتهیهكی سه‌رزه‌وی و له زێدی باوباۆپیرانی گیرساندییه‌وه تاكو بوژاندنه‌وه و نوێكردنه‌وه‌ی كه‌لتوور و فۆڵكلۆری نه‌ته‌وه‌كه‌ی پێــبسـپێرێت و ببێته پێشـهنگی هه‌موو شــادی و ناخۆشــییهكیان
هه‌زاران ڕه‌حمه‌ت به به‌رته‌قای گڵكۆی پیرۆزی سـهرمهزارت.
به ئه‌ندازه‌ی به‌یتی شیعر و په‌ند و ئامۆژگاریه‌كانت .
لاواندنه‌وه‌ی شه‌هیدانت و…..
به ئه‌ندازه‌ی بوژاندنه‌وه‌ی كه‌لتوور و دابونه‌رێته كوردییه‌كانت .
هه‌زاران و هه‌زاران دروود له گیانی فریشـتهییتان.
خودێـی مزدا به به‌هه‌شتی به‌رینتان شادكات.
ئه‌ی پیره‌كه‌ی خۆرماڵ .
ئه‌ی پیره‌مێردی دانا.
* خۆرماڵ / مەبەستم لەو قەلەندەرخانەیەی پیرەمێردە کە وەک ( خۆر ) بووە لە گشت بوارەکانیدا.