ده‌روێشیان ، ڕووناکبیرێک هه‌ڵقوڵاو له هزری چه‌پ .
بۆ ساڵیادی له‌دایکبوونی ” ئه‌لی ئه‌شره‌ف ده‌روێشیان
سووکه ئاوڕێک بۆ سه‌ر ژیان و به‌رهه‌مه‌کانی
له فارسییه‌وه : هۆمه‌ر نۆریاوی
وه‌رگێڕ و چه‌ند په‌یڤێکی پێویست :
ده‌مێکه ئاشنا به هاژه‌ی ڕۆحێکم،هه‌تا دێت زێتر وه‌به‌ر شه‌پۆلانی گیانه بێگه‌رده‌که‌ی ده‌که‌وم. له‌و ده‌مه‌وه‌ی بۆ یه‌که‌مجار گیان، ئاشنا به ده‌ڤه‌ره‌کانی ده‌روونی ئه‌م زاته نیگا ئه‌رخه‌وانییه بوو هه‌تا ئه‌و ساته‌ی له نێزیکه‌وه چاوم به فرمێسکی نیگای که‌وت، به‌رده‌وام هه‌ر ڕێبوارێکی شه‌یدا به لق و پۆی دارئه‌رخه‌وانه‌کانی ئه‌و هه‌ناسه پاکه بوومه. هه‌نووکه ، گه‌لێک ساڵان به‌سه‌ر ئه‌و ڕۆژانه و ئه‌و ده‌مانه‌دا تێپه‌ڕیوه و ئیدی وه‌ک جاری جاران، کوا بۆم ده‌لوێت، له‌ژێر نسێی گیانیدا،تاوێک به‌ده‌م گفتی دڵپاکانه‌یه‌وه، ئۆقره‌یه‌ک به‌م گیانه شه‌که‌ته‌م ببه‌خشم!! به‌ڵام هه‌ر جاره‌و له‌ودیو شووشه‌ی نیگارینی دڵستانه‌که‌ی کتێبه‌وه، چاوم به تیشکی هه‌ساره‌یه‌کی ده‌کرێته‌وه (ده‌گه‌شێته‌وه)، ئۆخژنێکم دێتێ و پڕ به گیان، له هه‌ناسه‌کانی ئه‌و هه‌ساره ڕووناکه هه‌ڵده‌مژم و له بۆنی دارئه‌خه‌وانه‌کانی پێ بناری ڕۆحی، مه‌ستی مه‌ست ئه‌بم. ئه‌م چه‌ند په‌یڤه‌ی نێو ناخ، ڕووی له نووسه‌ری تا سه‌ر ئێسقان مرۆدۆست و نیشتمانپه‌روه‌ر ” ئه‌لی ئه‌شره‌ف ده‌روێشیان ” ه .
ئه‌لی ئه‌شره‌ف ده‌روێشیان” ڕۆژی سێهه‌می خه‌رمانانی ساڵی 1320ی هه‌تاوی (1941 زایینی ) له کرماشان دیده‌ی له ڕووی ژیان هه‌ڵێناوه. پاش ته‌واوکردنی خوێندنه‌که‌ی له فێرگه‌ی مامۆستایان، ڕوو ده‌کاته پیشه‌ی مامۆستایی قوتابخانان و له فێرگه و قوتابخانه‌کانی ئاوایی و گونده‌کانی گیلانی ڕۆژاوا و شاباد خه‌ریکی وانه‌وتنه‌وه ده‌بێت که هه‌ر دۆخی تایبه‌تی ئه‌و ناوچانه و هه‌ژاری و ده‌ستکورتی خه‌ڵکه‌که‌ی ئه‌و ناوه، ده‌بێت به هه‌وێنی چیرۆکه‌کانی. ئه‌لی ئه‌شره‌ف ده‌روێشیان پاشان له به‌شی وێژه و ئه‌ده‌ب له زانستگه‌ی تاران درێژه به خوێندنه‌که‌ی ده‌دات. بۆ ته‌مه‌نێک ده‌ڕوات خزمه‌تی بواری ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیری ده‌کات و له باری هه‌ره ئاڵۆزی ته‌ندروستیی ئێستایشیدا دیسانه‌وه هه‌ر مژول و خه‌ریکی نووسین و لێکۆڵینه‌وه‌یه. بۆ وتن ده‌شێت مامۆستا ده‌روێشیان ده‌رچووی به‌شی دهروونناسیی په‌ره‌وه‌رده و هه‌روه‌ها به‌شی ڕاوێژکاریی خوێندن به پله‌ی بکالۆریۆس و ماسته‌ره. چه‌ند به‌رهه‌مێکی وه‌ک ” هه‌وره ساڵان ” و “چیرۆکی وان ساڵان ” ی ئه‌م نووسه‌ره چه‌ندین جار له چاپ دراونه‌ته‌وه.
ده‌روێشیان، فه‌رهه‌نگی ئه‌فسانه‌کانی گه‌لانی ئێرانی به یارمه‌تی و هاوکاری ڕه‌زا خه‌ندان له چاپ داوه که نزیکه‌ی 20 به‌رگه. هه‌روه‌ها ئاواتی قاقه‌زین، به‌رهه‌مێکی دی نووسه‌ره که په‌خشکاری “چه‌شمه ” ئه‌م کتێبه‌ی چاپ و بڵاو کردۆته‌وه. له به‌رهه‌مه‌کانی دی ده‌روێشیان ده‌کرێ ئاماژه بکه‌ینه : ” له‌م هه‌رێمه‌وه “، “په‌ڕه‌مووچ “، که داگری نزیکه‌ی 12-10 کورته چیرۆکێکه،”ئاوشووران “، “فه‌سڵی نان ” و ” هاوڕێی گۆرانییه‌کانی باوکم” که گه‌لێک جاران له چاپ دراونه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها چه‌ندێک له به‌رهه‌مه‌کانی ده‌روێشیان ده‌چنه خانه‌ی وێژه‌ی مناڵان ؛ له‌وانه‌ش ده‌کرێت ئه‌م به‌رهه‌مانه نێو به‌رین: بۆره هه‌وری هه‌زار چاو، ڕه‌نگینه، ڕۆژنامه‌ی دیواری قوتابخانه‌که‌ی مه ( ڕۆژنامه‌ی دیواریی خوێندنگه‌که‌مان )، کاکه گیان که‌ی ده‌گه‌ڕێیته‌وه؟ ، گوڵ ته‌ڵا و کڵاشی سوور و کۆمه‌ڵه کتێبێک بۆ مناڵان و مێردمناڵان .
مامۆستا ده‌روێشیان به‌م ساڵانه خزمه‌تێکی شیاوی زمان و وێژه‌ی کوردیشی کردووه و به له چاپدانی چه‌ند به‌رهه‌مێک، ئه‌وپه‌ڕی دڵسۆزی بۆ گه‌له‌که‌ی به ئه‌نجام گه‌یاندووه. مامۆستا ده‌روێشیان به وه‌رگێڕانی هه‌ڵبژارده‌ی کورته چیرۆکی هاوچه‌رخی کوردی، هه‌ستی نیشتمانپه‌روه‌ری خۆی به‌و چه‌شنه لای هه‌موووان ده‌سه‌لمێنێت. ئه‌م نووسه‌ره کۆڵنه‌ده‌ره خاوه‌نی چه‌ندین به‌رهه‌می توێژینه‌وه‌ییشه، له‌و به‌رهه‌مانه‌شی ده‌کرێت ئیشاره‌تێک به‌مانه بده‌ین : کۆمه‌ڵه وتار، چلۆن و بۆچ، کورته چیرۆکه‌کانی له‌به‌ردڵانی لام له 8 به‌رگدا به هاوکاری ڕه‌زا خه‌ندان، بیره‌وه‌رییه‌کانی سه‌فه‌رخان، یاده‌وه‌ری سه‌مه‌د بێهڕه‌نگی، قامووسی کوردی- فارسی(که‌ڵهوڕی)، کتێبی بێستوون و سه‌مه‌د چووه ڕیزی نه‌مران. به‌شێکی فره له به‌رهه‌مه‌کانی مامۆستا ده‌روێشیان له لایه‌ن ده‌یان نووسه‌ر و وه‌رگێڕی کورده‌وه کراون به کوردی. نموونه‌ی هه‌ره به‌رچاویش دوو به‌رهه‌می “هه‌تاو ” که داگری کۆمه‌ڵه کورته چیرۆکێکی ئه‌م نووسه‌ره‌یه و مامۆستا “عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌نزاده ” به‌رگی کوردی کردووه‌ته وه‌ر و ساڵی 1990 چاپخانه‌ی “حه‌وادیس” له به‌غا چاپی کردووه و ڕۆمانی دوو به‌رگیی “ساڵانی هه‌ورین”ه که نووسه‌ر و وه‌رگێڕی ناوئاشنای کورد “عه‌زیز گه‌ردی” له فارسییه‌وه به‌رگی کوردی کردۆته به‌ر و ئه‌م به‌رهه‌مه‌ش ساڵی 2015 له لایه‌ن ناوه‌ندی ” غه‌زه‌لنووس”ه‌وه له سلێمانی له چاپ دراوه. جێی خۆیه‌تی ئاماژه به‌و خاڵه‌ش بده‌ین که مامۆستا ده‌روێشیان له ساڵی 1350 ی هه‌تاوییه‌وه ده‌که‌وێته زیندانی ڕژێمی شا به‌ڵام به سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی گه‌لانی ئێران ،ساڵی 1357 ی هه‌تاوی له به‌ندیخانه به‌ر ده‌بێت. ئه‌وه‌ی ده‌خرێته به‌رچاوی خوێنه‌ر، چه‌ند کورته نووسینێکی فارسییه بۆ ساڵیادی له‌دایکبوونی ئه‌م نووسه‌ره مرۆڤدۆسته که بۆ یادی 74 ساڵیی ئه‌م زاته‌یه و نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه وه‌ریگێڕاوه‌ته‌وه سه‌ر زمانی کوردی. “ده‌روێشیان”ی مه‌زن وا ئێستا پێی ناوه‌ته نێو ته‌مه‌نی 75 ساڵییه‌وه و ئه‌م چه‌ند په‌یڤه به نیشانه‌ی وه‌فا به‌رانبه‌ر به‌و که‌سایه‌تییه په‌رۆش و خه‌مخۆره، پێشکه‌شی ده‌کرێت.
***
ده‌روێشیان له به‌رهه‌مه‌کانیدا ڕوخساری بێبه‌زه‌ییانه و ئاوێته به زه‌بر و زه‌نگی هه‌ژاریی و به‌له‌نگازی ده‌خاته به‌ر دیده و چه‌نده جوان، هه‌ژێنه‌ر و کاراش ده‌ست بۆ خامه‌که‌ی ده‌بات.
ڕۆژێک مامۆستا به قوتابییان ده‌ڵێت خه‌وه‌کانیان بگێڕنه‌وه. ” نیاز ئه‌لی” خه‌وێکی سه‌رنجڕاکێش ده‌گێڕێته‌وه. خه‌وی بینیوه که خۆی و باوکی بوون به چۆله‌که و خه‌ریکه ده‌فڕن و دایکی ده‌گریی و له‌پڕێک، مه‌شه‌یی باقر که پێشتر هه‌رمانی بۆ کردوون له سیمای ئه‌ژدیهایه‌کدا ده‌بینێت و له ترساندا، گورج گورج ده‌ست ده‌کات به پستهتهقاندن و خوێن،له ده‌م و ددان و پووکی ده‌چۆڕێت ( ده‌ڕژێت ، فیشقه‌ی دێت ). پسته‌کان ده‌ست به ده‌ستی یه‌که‌وه ده‌ده‌ن ده‌م بقوچێنن (بقوجێنن) تا مه‌شه‌یی باقر دڵی ڕێش نه‌بێت . مه‌شه‌یی باقر، چاوی به نیاز ئه‌لی ده‌که‌وێت و ده‌یه‌وێت بیگرێت، یه‌ک له پسته‌کان بۆی ده‌بێته بالۆن و له‌گه‌ڵ خۆیدا بۆ ئاسمانی به‌رز ده‌کاته‌وه. له‌وێنده‌رێ گه‌ره‌کیه‌تی هه‌ساره‌یه‌ک دابگرێت (هه‌ساره‌یه‌ک له ئاسمان بکاته‌وه)، به‌ڵام به‌ر ده‌بێته‌وه و له خه‌و ڕاده‌چڵه‌کێت. چه‌ند ڕۆژ دواتر نیاز ئه‌لی،له‌سه‌ر پۆله‌که‌ی ئاماده نابێت. مناڵانی قوتابی ده‌ڵێن: دوێنێ ئێواره له سه‌رماندا مرد که‌چی به‌رده‌وام ئه‌یوت، هه‌ساره‌م گه‌ره‌که، هه‌ساره‌م گه‌ره‌که، هه‌ساره‌یه‌ک بۆ دایکم”.
ده‌قی سه‌ره‌وه به‌شێک بوو له چیرۆکی ” نیاز ئه‌لی نه‌دار” به خامه‌ی چه‌له‌نگ و به‌پێزی ئه‌لی ئه‌شره‌ف ده‌روێشیان، ئه‌و که‌سایه‌تیی و سیمایه‌ی به یه‌ک له ئه‌ستوونه‌کانی تۆره و وێژه‌ی هاوچه‌رخی ئێمه (فارسی) داده‌نرێت و چه‌نده دڵهه‌ژێنه که ئه‌و ئێستا له سه‌ره‌تای ته‌مه‌نی 74 ساڵاندا ،ده‌بێت چهمهڕای لهچاپدرانی به‌رهه‌مه‌کانی بێت که هێشتا هیچ هه‌واڵێک له بڵاوبوونه‌وه‌یان به‌رگوێ ناکه‌وێت.
***
به‌رهه‌مه‌کانی ده‌روێشیان دژایه‌تی دیکتاتۆر ده‌که‌ن
ده‌روێشیان، نووسه‌رێکی هزرڕوون و ڕووناکبیره که به درێژایی ته‌مه‌نی، به‌ره‌نگاری دیکتاتۆرییه‌ت و ملهوڕییهتی بۆته‌وه. ساڵی 1320ی هه‌تاوی (1941)له خێزانێکی کرێکاری گه‌ڕه‌کی ” ئاوشووران” ی شاری “کرماشان” دیده‌ی له ڕووی ژیان هه‌ڵهێناوه. ساڵی 1337ی هه‌تاوی (1958) خوێندنی خانه‌ی مامۆستایان کۆتایی پێ دێنێت و پاشان بۆ مامۆستایه‌تی، ڕه‌وانه‌ی ئاوایی و گونده‌کانی ده‌وروبه‌ری کرماشان و گیلانی ڕۆژاوا ده‌کرێت. ساڵی 1345ی هه‌تاوی (1966) له به‌شی وێژه و ئه‌ده‌بی فارسیی زانستگه‌ی تاران ده‌ست به خوێندن ده‌کات و دوای وه‌رگرتنی بڕوانامه‌ی بکالۆریۆس، له به‌شی دهروونناسیی په‌روه‌رده دا درێژه به خوێندنه‌که‌ی له خولی ماسته‌ردا ده‌دات و هاوکاتیش له خوێندنگه‌ی باڵای تاران له به‌شی ڕاوێژکاریی و ڕێنمایی فێرکاری درێژه به خوێندنه‌که‌ی ده‌دات. ساڵی 1352ی هه‌تاوی (1973) یه‌که‌مین کۆمه‌ڵه‌ی چیرۆکی بڵاو ده‌بێته‌وه. له ساڵی 1350 تا 1357(1971 تا 1978)ه‌وه له‌به‌ر نووسینی کتێبی ” له‌م هه‌رێمه‌وه ” و چالاکیی سیاسی، سێ جار قۆڵبه‌ست و خامه‌ی یاساخ ده‌کرێت. یه‌که‌مجار له کرماشان‌دا بۆ ماوه‌ی 8 مانگ ده‌خرێته به‌ندیخانه‌وه، دواتر ده‌روێشیان له تاران ده‌رده‌ست ده‌کرێت و 7 مانگ له گرتووخانه‌دا ده‌مێنێته‌وه. ده‌روێشیان هه‌روه‌ها دوابه‌دوای ئه‌م پرسه له زانستگه ده‌ر ده‌کرێت و له پیشه‌ی مامۆستایه‌تیش دوور ده‌خرێته‌وه. دواتر ساڵی 1353ی هه‌تاوی (1974)هه‌مدیس قۆڵبه‌ست ده‌کرێته‌وه و 11 ساڵ زیندانی بۆ ده‌بڕدرێته‌وه. ده‌روێشیان ئیدی له‌و ده‌مه‌وه ده‌خرێته به‌ندیخانه و تا سه‌رده‌می سه‌رکه‌وتنی شۆڕش له زینداندا ده‌مێنێته‌وه.
ده‌روێشیان له به‌رهه‌مه‌کانیدا ڕوخساری ئاوێته به زه‌بر و زه‌نگ و بێبه‌زه‌ییانه‌ی هه‌ژاریی و به‌له‌نگازیی ده‌خاته به‌ر دیده و چه‌نده جوان،هه‌ژێنه‌ر و کاراش ده‌ست بۆ خامه‌که‌ی ده‌بات. ئه‌و زۆر جوان په‌ی به هه‌ژاریی ده‌بات و ده‌یناسێت، ساڵه‌های ساڵ به‌لای مناڵانی گونده‌وه ژیان وه‌پشت سه‌ر ده‌نێت و ڕه‌نج و مه‌ینه‌ت و چه‌رمه‌سه‌ریی ئه‌وان به‌رده‌وام گیان و ناخی وه‌ژان ده‌خات. زۆر چیرۆکی ده‌روێشیان شه‌رح و ڕاڤه‌ی ئه‌و وێنه دڵهه‌ژێنانه ده‌کات که به درێژایی ژیان به‌ر دیده‌ی که‌وتوون؛ چ ژیانی خۆی و چ ئه‌و ڕه‌نج و ئازاره‌ی که خه‌ڵکانی دی له‌به‌ر ڕژێمه دیکتاتۆرییه‌کان به تووشیانه‌وه بووه و ئه‌م هه‌موو مه‌ینه‌ته له نێو به‌رهه‌مه‌کانیدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه. جگه له‌مه، ده‌روێشیان، مامۆستای فه‌رهه‌نگی جه‌ماوه‌رییه و له‌م بواره‌شدا خاوه‌نی چه‌ندین به‌رهه‌مه. بۆ خۆی زۆر جار ڕایگه‌یاندووه که هۆکاری سه‌ره‌کی هۆگریی به فه‌رهه‌نگی جه‌ماوه‌ری،چیرۆکه‌کانی داپیره‌یه که بۆی گێڕاوه‌ته‌وه بۆیه له‌م سۆنگه‌وه خۆی به قه‌رزباری ده‌زانێت.
***
ڕیالیزمی ده‌روێشیان، ڕیالیزمێکی سۆزدارییه
ڕه‌زا خه‌ندان مه‌هابادی
ساڵیادی له‌دایکبونی ئه‌لی ئه‌شره‌ف ده‌روێشیان پیرۆز ده‌که‌م. ده‌روێشیان له‌و ده‌سته مرۆیانه‌یه که تا نموونه‌ی له‌م جیهانه‌دا زۆرتر بێت، باشتره. ئه‌و بۆ جوانترکردن و مرۆییترکردنی ئه‌م جیهانه هه‌نگاوی ناوه و گه‌ر به‌رهه‌مه‌کانی باس له کوێره‌وه‌ریی و تاڵییه‌کانی ژیان ده‌کات، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌یه جوانییه‌کانی ژین زێتر بخاته به‌رچاوان. ده‌روێشیان ئه‌و که‌سه‌یه که له‌بن کارتێکه‌ری کهشوبای ئه‌ده‌بیی و ڕه‌وتی ڕووناکبیریی چه‌پدا که چه‌کێک بۆ خه‌بات و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دیکتاتۆرییه‌ت دێته ئه‌ژمار، بوو به‌و نووسه‌ره‌ی که به‌رده‌وام به‌ره‌نگاری هه‌لومه‌رجی زاڵی سه‌رده‌می خۆی ده‌بووه‌وه.
ده‌روێشیان له خێزانێکی هه‌ژاری کرماشانییدا له‌دایک ده‌بێت و له دۆخ و ڕه‌وشێكی هه‌ره‌سه‌خت و ئاڵۆزدا گه‌وره ده‌بێت. ته‌مه‌ن 18 ساڵان ده‌بێت که له گونده‌کاندا ده‌بێته مامۆستای قوتابخانه و سیمای دڵهه‌ژێنی هه‌ژاریی به‌ر دیده ده‌که‌وێت. ڕه‌نگه هه‌ر له‌به‌ر تێگه‌ییشتن بۆ ئه‌و جۆره ژیانه بێت که دواتر ده‌روێشیان، ئینسان و که‌سایه‌تییه‌کی ئارمانجخوازی لێ ده‌رده‌چێت. ئه‌و جیاوازییه چینایه‌تییه‌ی که له‌و سه‌رده‌مه‌دا بوونی هه‌بووه و هه‌ستی پێ کردووه، کار له‌سه‌ر هه‌ست و نه‌ستی مرۆیی ده‌روێشیان ده‌کات. له ئاخر و ئۆخری چله‌کانی هه‌تاوی (کۆتایی شه‌سته‌کان)ه‌وه چالاکیی و خه‌باتی نووسینی خۆی ده‌ست پێ ده‌کات و سه‌ره‌تای په‌نجاکان(هه‌فتاکانی زایینی) ده‌بێت که یه‌که‌مین کۆمه‌ڵه کورته چیرۆکی خۆی بڵاو ده‌کاته‌وه. له به‌رهه‌مه‌کانی ده‌روێشیاندا تایبه‌تمه‌ندییه‌ک زۆر به زه‌قی به‌رچاو ده‌که‌وێت. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که نووسینه‌کانی له به‌رگێکی سۆزدارییه‌وه خۆ ده‌نوێنن. ده‌روێشیان ئه‌وه‌ی له چوارته‌نیشتی خۆیدا ده‌یبینێت، هه‌ست و سۆزی دڵه‌که‌ی ده‌خاته سه‌ر و له ڕێی نووسینه‌کانیه‌وه، بۆ خوێنه‌ری ده‌گوێزێته‌وه. هه‌ر له‌به‌ر تێپه‌ڕبوونی به‌رهه‌می ده‌روێشیان به‌و فیلته‌ر و که‌ناڵه سۆزدارییه‌دا، نووسینه‌کانی زۆر هه‌ستناکن. ته‌نانه‌ت گه‌ر به‌رهه‌مه‌که لۆژیکیانه و به‌ڵگه‌ییش بێت. بوونی هه‌مان فیلته‌ر بۆته هۆکار تا به‌رهه‌مه‌کانی زۆر کاریگه‌ر بن. له ڕاستیدا ده‌کرێ بڵێم که ڕیالیزمی ده‌روێشیان، چه‌شنه ڕیالیزمێکی سۆزدارانه‌یه. خۆزی ئه‌وه‌نده زیندوو بمێنێته‌وه و ته‌مه‌ن یارمه‌تی بدات تا به‌و جیهانه‌ی بگات که بۆ کۆمه‌ڵگه‌که‌ی به‌تایبه‌ت بۆ مناڵان به‌ئاواتی ده‌خوازێت “.
ژێده‌ر: ئاژانسی هه‌واڵی کاری ئێران(ئیلنا)