ڕەسوڵ بۆسکێنى : ڕزگارکردنى موسڵ و مەترسى شەپۆلێکى ترى ئاوارەبوون .
لەدواى کۆتایى هاتنى حوکمى بەعس تاکو ساڵى 2013 هەزاران عەرەب بەتایبەت سوننە بەهۆى زەق بوونەوەى کێشەى تائیفى و مەزهەبى لە عیراق هاتنە کوردستان و نیشتەجێ بوون و تێیدا مانەوە، زۆربەشیان وەکو پزیشک و مامۆستا و ئەندازیار و فەرمانبەر لە دامودەزگاکانى حکومەت دەست بەکار بوون، هەندێکیشیان کارى سەربەخۆیان دەکرد، لە هەموو بارێکدا بژێوى ژیانیان لە زۆرێک لە هاووڵاتیانى هەرێم مسۆگەر تر بوو، هەرچەندە هەموو شەپۆلێکى کۆچبەرى وڵاتى خانەخوێ دەخاتە تەنگانەوە، بەڵام هەرچۆنێک بێت هەرێمى کوردستان بەو شێوەیە کاریگەرى لەسەرى نەبوو تاکو کۆچ و ئاوارە بوونى عەرەبەکان بەهۆى هاتنى داعش بۆ ناو خاکى عیراق و داگیرکردنى موسڵ و بەشێکى فراوان لەخاکى عیراق و کوردستان، لەگەڵ هێرشەکانى ڕێکخراوى تیرۆرستى داعش بۆ سەر عیراق و کوردستان ژمارەیەکى زۆر لە هاووڵاتیانى ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى داعش بەهەموو نەتەوە و مەزهەبەکانەوە تووشى کارەسات و ماڵوێرانى و ئاوارەیى بوون، بۆ پاراستنى ژیانیان بەناچارى ڕوویان لە هەرێمى کوردستان کرد، ئەمەش کۆمەڵى کاردانەوەى بەبارى نەرێنى و نەرێنى دا لێکەوتەوە، چەندین کەمپینیان لە دژ پێکهێنرا و کەمیش نەبوون ئەوانەى داوایان دەکرد هاوکارى بکرێن، چونکە کورد هەم خۆى ئاوارەیى زۆرى بینیوە و هەمیش وەک نەتەوەیەکى تینوى دیموکراسى و مافى مرۆڤ دەیویست ئەو ئاوارانە باشترین مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، لەو ڕوانگەیەوە کۆمەک و هاوکارى زۆریشیان کرا. بەڵام پێویستە ئارامى و ئاسایشى هەرێم لەبەرچاو بگیرێت.
بەهۆى جەنگى داعش و گوشارە تائیفیەکانى شیعە بەرامبەر عەرەبى سوننە، ئیتر کۆچ بووە دیاردە و ئاوارە بەلێشاو ڕووى لە هەرێمى کوردستان کرد، زۆرى ئاوارە و کەم توانایى ئابوورى و ئیدارى حکومەتى هەرێم نەیتوانى لە کامپى تایبەت دا کۆیان بکاتەوە، ئەمە کارێکى واى کرد ئاوارەکان لەگەڵ دانیشتوانى شار و گوندەکانى هەرێم تێکەڵ بوون، ئێستا هەموویان جێگیر بوون و هەندێکیان بوونە خاوەنکار و بەرژەوەندى تایبەتى خۆیان، هەموویان ژیانیان پارێزراوە و کەوتونەتە ژیانێکى ئارام، هەر نەبێت بەراورد بەژێر دەسەڵاتى شیعە، ئەگەر هەندێ کەس نیشتەجێ بوونى ئاوارەیان بەم شێوەیە بەلاوە ئاسایى بێت، ئەوەى ئاسایى نیە بۆ هەرێمێکى بچووکى چوار پارێزگایى وەک هەرێمى کوردستان ئەو ڕێژە زۆر و بێ بەرنامەى لێشاوى ئاوارە عەرەبە سوننەکانە کە بەپێى ئامارى (وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عیراق) تا 1-5-2015 کۆى گشتى ئاوارە گەیشتۆتە (555772) خێزان و (2،834،437) کەس بووە، ئەمەش بۆ هەرێمى کوردستان ناهاوسەنگیەکى زۆر هەیە لەگەڵ ناوچەکانى ترى عیراق، قورساییەکى زۆر کەوتۆتە سەر هەرێمى کوردستان، سەرەڕاى سەرهەڵدانى هەموو ئاکامەکانى ئەم دیاردەیە هەر لە کێشە کۆمەڵایەتیەکانەوە بگرە تا هەڵاوسانى نرخ و کرێى عەقار و کاڵاکان و دابەزینى کرێى کار و پەرەسەندنى دژایەتى و دەرکردنى بێگانە، بەرزبوونەوەى ڕێژەى مەترسى بۆ سەر ئاسایشى نەتەوەیى و بڵاوبوونەوەى دیاردەى گەندەڵى و بەرتیل وەرگرتن لەناو دامودەزگاکانى حکومەت و سەرهەڵدانى چەندین کێشەى هاوشێوەى ئەمانە، لەلایەکى تریش لەڕووى ئەو قەبارە زۆرەى ئاوارە و بارە قورسەى لەسەر حکومەتى هەرێمى کوردستان کێشەى لایەنە خزمەتگوزاریەکانى وەک تەندروستى و ئاو و کارەبا و پەروەردەو … هتد ، کێشەیەکى گەورەیە لەسەر شانى حکومەتى هەرێمى کوردستان.
ئەوەشى لێ دەفامرایەوە، پێشچاو دەخرا بەهۆى هاتنى ئاوارەکان چەندین کێشە سەرى هەڵداوە، سەرەڕاى بەرزبوونەوەى نرخى شتومەک و خواردەمەنى و بەرزبوونەوەى کرێى خانوو و کەم بوونەوەى هەلى کار و دروست بوونى چەندین کێشەى کۆمەڵایەتى و نانەوەى پشێوى و نائارامى، لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژە کرا بوو: ئێستا لەڕووى هاوسەرگیرى و پێکهێنانى خێزان خەڵکى کورد لە هەرێم زیاتر داواى کچى عەرەب دەکەن، چونکە ژن و کچى عەرەب خەرجیان کەمە و لەڕووى سێکسیشەوە بەهێزترن، ئەو پیاوانەى داواى کچ و ژنى عەرەب دەکەن زۆربەیان ژنیان هەیە. ئەوەش بۆخۆى کێشەیەکى ترە لەبەر ئەوە پێویستە کارى ئاوارەکان بەیاسا ڕێک بخرێت و لەدەرەوەى شارەکان کەمپى نیشتەجێ بوونیان بۆ بکرێت بۆ دابین کردنى ژیانێکى ئاسوودە، لەلایەکى تر سەرهەڵدانى چەندین کێشەى کۆمەڵایەتى کەبە کەلتوورى کورد نامۆن، بەپێى ڕاپۆرتێکى کەناڵى ئەلجەزیرە بەشێک لە ئاوارە عەرەب و فەلەستینیەکان لە هەرێمى کوردستان دەستیان داوەتە فرۆشتن و بازرگانى کردن بەئەندامى جەستەى خۆیان بەتایبەت گورچیلە فرۆشن، بەهۆى نەبوونى یا هەر هۆیەکى ترەوە ئەو کەسانە ناچارن بۆ پارە ئەندامى جەستەیان دەفرۆشن، ئەم جۆرە ئاکارانە بەکۆمەڵگاى کوردى نامۆن و کاریگەرى خراپى لەسەر کۆمەڵگاى کوردى دەبێت.
تا ئێرە پەیوەندى بەمافى مرۆڤ و ئاوارەییەوە هەیە، ئەى داهاتووى ئاوارە عەرەبەکان چى بەسەر دێت، هەر بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت یاخود حکومەتى هەرێم پلان و بەرنامەى داهاتووى هەیە بۆ چارەسەر کردنى ئەم کێشەیە، ئێستا بەشێک لە شار و گوندەکانى ژێر دەسەڵاتى داعش ڕزگار کراون، بەڵام هیچ پێناچێت ئاوارەکان مەیلى گەڕانەوەیان هەبێت بۆ زێد و شوێنەکانى خۆیان، حکومەتى عیراقیش هیچ پەرۆشیەکى بۆ ئەم کارە نیە، چونکە لەم بارودۆخەى عیراق هاتنى ئاوارە بۆ هەرێمى کوردستان لەجیاتى شارەکانى ترى عیراق کێشەیەکى زۆرى لە کۆڵ حکومەتى عیراق کردۆتەوە، پێویستە حکومەتى هەرێم جەخت بکاتەوە لە گەڕانەوەى ئەم ئاوارانە، چونکە ئەمانە بەهۆى جەنگ و تێکچونى ماڵ و شوێنى حەوانەوە، بەمەبەستى دەربازکردنى گیان لە نەهامەتیەکانى جەنگ ئاوارە بوون، بەهیواى ئەوەى ڕۆژێک ناوچەکانیان ئازاد بکرێت و شەڕ کۆتایى بێت بگەڕێنەوە ناوچەکانى خۆیان، ئاوارەیى ئەمانە بەهیچ پێوەرێک ناچێتە خانەى پەنابەرى سیاسى یا مافى مانەوەیان لەناو شار و گوندەکانى کوردستان هەبێت، تا ڕادەى داواکردنى هاووڵاتى بوون، چونکە بەپێى دەستوور ئەوان خەڵکى عیراقن حیسابى پەنابەریان بۆ ناکرێت، ئاوارەیى ئەم عەرەبانە کاریگەرى نەرێنى زۆرى کردۆتە سەر هەرێمى کوردستان، سەرەڕاى لایەنى کۆمەڵایەتى و ئابوورى و کەلتوورى و زۆر لایەنى تر، هەرێمى کوردستان خۆى لایەنێکى گرنگ و کاریگەرى جەنگى دژى داعش و تیرۆرە، ئەگەرى ئەوەى هەیە بەبەرنامەى داعش و لایەنە نەیارەکان کورد بەرەو ڕووى کێشەى سیاسى و خراپەکارى نهێنى ئەندامانى ڕێکخراوى تیرۆرستى داعش ببێتەوە، دژەکان لەژێر پەردەى ئاوارەیى دا ئەندام و لایەنگرانى خۆیان بخزێننە ناو ئاوارەکان بەمەبەستى ڕێکخستن و کارى نهێنى و چاندنى شانەى نووستوو بۆ ئەنجامدانى کارى تیرۆریستى لە کوردستان، لەژێر سەرنجى ئەوەى کوردستان خۆى کۆمەڵگایەکى ئیسلامیە چەندین لایەنى ئیسلامى و ڕێژەیەکى نەزانراوى کوردانى سەلەفى توندڕەو بوونیان هەیە، بیر و بۆچوونى تیرۆریستى داعشیانەیان هەیە و دڵسۆزانە بوونەتە لایەنگرى داعش و بەدلسۆزیەوە پشتیوانى تیرۆرزمى ئیسلامى دەکەن، ئامادەن بەهەر شێوەیەک هاوکارى کار و چالاکى تیرۆرستى و داڵدەدانى شانە نووستووەکانى داعش بکەن، ئازاد کردنى موسڵ و ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى داعش ئەگەرچى کۆتایى بەجەنگى تیرۆرستى و کێشە تائیفیەکان ناهێنێ، بەڵام لانى کەم دەبێتە هۆى گەڕانەوەى ئاوارە عەرەبەکانى جەنگى داعش بۆ شوێنى نیشتەجێ بوونى ڕابردووى خۆیان، ئەگەر خۆیان و حکومەتى عیراق بیانەوێت، پێویستە حکومەتى هەرێم ئەم کارە بەهەند وەربگرێت، چونکە تا کێشە و ململانێ تائیفیەکان بەردەوام بن هاتنى ئاوارەکانیش بۆ کوردستان درێژەى دەبێت، بەتایبەتى سیاسەتى ئێستاى عیراق دژ بە عەرەبە سوننەکان وەک دووەمین پێکهاتەى تائیفى لە عیراق، بریتیە لە زنجیرەیەک سیاسەتى پلان بۆ داڕێژراو لەلایەن شیعەوە بەمەبەستى پەراوێزخستن و کەنارگیرکردنى سوننە لە پرۆسەى دەسەڵات و سەپاندنى دەسەڵاتى ڕەهاى شیعە لەناوەند و سەپاندنى بەسەر هەموو پێکهاتەکانى عیراقدا، لەلایەکى تریش بەهۆى ڕەفتارە توند و تیژیەکانى حەشدى شەعبى ئاوارەکان ناتوانن بگەڕێنەوە شوێنى زێدى خۆیان بەتایبەت ئەو ناوچانەى شیعە تیایدا باڵادەستە. لەلایەکى تر ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى داعش کاتێک ئازاد دەکرێن حەشدى شەعبى شار و گوندەکان وێران دەکات، بۆ ئەوەى ئاوارە سوننەکان بەئاسانى نەتوانن بگەڕێنەوە شوێنەکانى خۆیان، ئەم سیاسەتە دژەمرۆییە بەرامبەر بە ئاوارە سوننەکان ئەگەرچى بەئامانجى سیاسەتى دژە تائیفى ئەنجامى بدەن، بەڵام ناڕاستەوخۆ کاریگەرى خراپى بەسەر هەرێمى کوردستانەوە هەیە، چونکە بەشى زۆرى ئاوارەى ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى داعش لەهەرێمى کوردستان داڵدەدراون و لەداهاتووش ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و خانووە ڕووخاوەکانیان.
لەوەش خراپتر بەرامبەر بەهەرێمى کوردستان ئەو بڕیارەى حکومەتى بەغدا بوو کەلە مانگى تەموزدا دەرى کرد وەک بەرنامەیەکى تازەى پاکتاوکردنى تائیفى، بڕیارەکە جەخت لەوە دەکاتەوە هەر کەسێکى عیراقى بێت مافى ئەوەى هەیە کۆبۆنى خۆراک بۆ هەر شوێنێک لە عیراق بگوازێتەوە کە خۆى مەبەستیەتى، دواى پێج ساڵیش لەنیشتەجێ بوون لەو شوێنە دەتوانێت ناسنامەى بارى کەسێتى بگوازێتەوە بۆ شوێنى نیشتەجێ بوونى، ئیتر دەبێت بەخەڵکى ئەو شوێنە، وەک هاووڵاتیەک دەتوانێت مامەڵەى ژیانى ئاسایى خۆى بکات بەهەموو ئەرک و ماف و پاداشتەکانیەوە، ئەم بڕیارە لەلایەک لەدژى ئاوارە سوننەکان ناوەرۆکێکى دژە تائیفى بێزراوى هەیە، لەلایەکى تر بوار خۆش دەکات بۆ ئەوەى ئاوارە سوننەکان نەگەڕێنەوە شوێنى ڕابردووى خۆیان، بەهۆى مەترسى لەسەر ژیانیان وەک پاکتاوى ڕەگەزى و لەلایەکى تریش گوند و شار و خانووەکانیان وێران کراون، ئیتر زیاتر هان دەدەرێن بۆ ئەوەى ئارەزووى گەڕانەوە نەکەن بۆ زێدى خۆیان، لەلایەکى تریش بڕیارێکى شۆڤینیانەیە بەرامبەر بە نەتەوەى کورد و گۆڕینى بارى دیمۆگرافى نیشتمانەکەى، وەک درێژەدان بەسیاسەتى بەعەرەب کردن لەبەرگ و قاڵبێکى تازەدا، بەتایبەت تەعریب کردنى ناوچە جێ ناکۆکەکان و پارێزگاى کەرکوک بەهۆى شەڕى ئەم دواییەى داعشەوە ئاوارەیەکى زۆرى سوننە ڕووى کردۆتە پارێزگاى کەرکوک، بەشێوەیەکى خێرا ڕووى لە زیاد بوونە، دەبێ حکومەتى هەرێم و بەرپرسان ئەم هۆکارانە لەبەرچاو بگرن، بەهەر شێوەیەک بێت بەر لەهاتنى ئاوارە بگرن، چارەسەر و هەوڵى گەڕانەوەیان بدرێت بۆ شوێنەکانى خۆیان کەلەژێر دەستى داعش ڕزگار کراون، لەبەرژەوەندى ئاوارەکان بۆ دەست پێکردنەوەى ژیانى ئاسایى خۆیان، لەلایەکى تریش لە بەرژەوەندى کورد بۆ کەم کردنەوەى هەموو ئەو کاریگەرى و ئەگەرانەى ئاماژەمان پێدا.