رێبوار حەمەوەیس: جوڵاندنى شەقام لە پێناوى چیدا .
زۆرجار پەرلەمانتاران و کەسانى حزبى بەتایبەت ئەوانەى حزبەکانیان بە مەغدورو پەراوێزخراو دەزانن بەهۆى سیاسەت و مامەڵەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان، داوا دەکەن خەڵک برژێتە سەر شەقام و خۆپیشاندان بکات ، بۆ ئەوەى پارتى دەست هەڵگرێت لە پەراوێزخستنیان و وەک جارى جاران بیانکاتەوە بە برا بەشى سامان و قوتى دزراوى ئەم وڵاتە، نەک بۆ کۆتایى هێنان بەو قەیرانانەى ماوەى دوو ساڵە بە ئەنقەست و لە دەرئەنجامى ململانێ و هەوڵدان بۆ شکاندنى یەکتر، دووچارى خەڵک کراون.
قەیرانەکانى هەرێمى کوردستان بە جۆرێک قوڵ و سەختن لەهەر وڵاتێکى دونیا بوایە نەک خۆپیشاندان و جەماوەرى بەڵکو راپەڕینى سەرتاسەرییان لێدەکەوتەوەو دڕندەترین دەسەڵاتیان تەفروتونا دەکرد. بەڵام ئەوەى مایەى تێڕامان و هەڵوەستە لەسەرکردنە، بێدەنگى خەڵکى کوردستانە دەرهەق بە دەسەڵاتداران. ئەمەش بۆخۆى پرسیارو بەدواداچونى زۆر هەڵدەگرێت و بەر لەوەى خەڵکى ئاسایى بەدواى هۆکارەکەیدا بگەڕێت، پێویستە حزبە سیاسیەکان خۆیان بچنە بەر ئاوێنە و لەخۆیان بپرسن چى وایکردوە هەمان ئەو خەڵکەى دڕندەترین رژێمى لە ساڵى 1991 رووخاند کەچى ئێستا بۆ مافەکانى خۆشى بێدەنگە.
ئەزمونى حوکمڕانى 25 ساڵى رابردووى دەسەڵاتدارانى هەرێمى کوردستان تاڕادەیەکى زۆر خەڵکى هوشیار کردۆتەوەو جارێکى تر ئامادەنیە بە خوێنى خۆى ئاشى حزبەکان بگێرێت، هاوڵاتیانى کوردستان باش لەوە گەیشتون حزب ئامرازێک نەبوە بۆ خزمەتکردنى کۆمەڵگاو بەرەو پێشبردنى پرۆسەى سیاسى ودیموکراسى، بەڵکو جێگەى زۆر ئامانجى نەتەوەیى و نیشتمانى گرتۆتەوە.
بێدەنگى هاوڵاتیان واتاى ئەوەنیە ئاستى هۆشیارى سیاسى و کۆمەڵایەتیان لاوازەو هەست بە بەرپرسیارێتى ناکەن بەرامبەر بە مافەکانیان. بە پێچەوانەوە کۆى چین و توێژەکانى کۆمەڵگا چیتر نایانەوێت لە رێگەى هیچ جۆرە چالاکیەکى سیاسى و جەماوەرى ببنە بەشێک لە ئەجێنداو بەرنامەى تایبەتى حزبە سیاسیەکان، ئامادەش نین ببنە قەڵغان و پارێزەرى هیچ حزبێک کە دواتر لەسەر مێزى گفتوگۆ مامەڵە بە ماف و داخوازییەکانیەوە بکات.
بێدەنگى هاوڵاتیانى کوردستان هەرگیز بە ماناى رازى بوون نایەت وترسیش نیە لە هیچ هێزو دەسەڵاتێک، جۆرێکە لە پەنگخواردنەوەى توڕەیى کە هەر کاتێک بێت کۆى ئەو دەسەڵات و سیستمە ڕادەماڵێت کە ئەمرۆ لەبرى خزمەتکردن بۆتە ئامرازێک بۆ چەوساندنەوەو برسیکردنى خەڵک.
بێدەنگى خەڵکى کوردستان پێمان دەڵێت حزبە سیاسیەکان بە بێ جیاوازى ئەوەندە متمانەیان لە دەستداوە تەنانەت ناتوانن کادرەکانى خۆشیان بهێننە سەر شەقام ، ئەزمونى دوو ساڵى رابردووش راستى ئەم قسەیەى دەریخستوە.