ناكام محمود گەڵالەیی : كورسی پەرستی .
لەكۆمەڵگای خۆرهەڵاتیەكاندا ، دەستاو دەستكردنی دەسەڵات بەشێوەیەكی ئاشتیانە ، زەمەنێكی زۆری ماوە . هەوڵدانی سەركردە و سیاسیەكان ، هێندە لەبەرژەوەندی خۆیان و مانەوەی خۆیانە ، هێندە لەبەرژەوەندی كۆمەڵگانییه، كۆمەڵگای كوردیش بێبەش نییە لەو جۆرە سەركردە و سیاسیانە .
سیستمی حوكمڕانی كۆمەڵگا دواكەوتووەكان ، یەكێك لەكارە سەرەكیەكانی بێ ئاگایی و ناڕۆشنبیری تاكە، چونكە تا كۆمەڵگا دواكەوتوو بێت تەمەنی مانەوەی دیكتاتۆرەكان زیاتر دەكات، ئەونمونەیەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست شانازی پێوەدەكات و ، بەدیموكراسی ترین ووڵاتی ئەم ناوچەیە دادەنرێت توركیایە، كە گەورەترین نیشانەی نادیموكراسی بوونی ڕوودانی كودەتایە سەدان پێشێلكاریی دژبە چالاكوانان و نەتەوە و دین جوداكانی تر ئەنجام دەدات، كەواتە دیموكراسی و ئازادی تەنیا دروشمە دەبینن سەرۆك كۆماری ئێستا لەهەوڵی گۆڕینی دەستورە بۆ مانە و و بەردەوام بوونی وەك سوڵتان ، بەهەموو پێناسەیەك هەوڵدانی گەرانەوەیە بۆك ورسی پەرستی .
خود ئەڤینی ـ نرجسیە
خۆپەرستی وەك نەریتی سەركردەكانى كورد، مانەوە لەسەر كورسی دەسەڵات خەونی هەموو سەركردەكانە بەبێ جیاوازیی، كێشەی ئەم سەركردانە لەوەدایە كە كورسیەكانیان بۆ هیچ هاونیشمانیەك چۆڵناكەن ، ئەگەر بۆیان بكرێت . لەوەش سەیرتر نەك تەنیا پۆستی حكومی ، بەڵكو بەڕەوای نابینن بۆ ئەندامانی حیزبەكەی خۆشیان كورسیەكەیان چۆڵبكەن .
خۆپەرستی ـ من وەك نەخۆشی دەرونی ناوی دەبەم ، كە سەركردە و حوكمڕانەكان توشی دەبن . هێندە عاشقی خۆیان و مانەوەیان دەبن لەسەركورسی دەسەڵات ووڵات و كۆمەڵگا توشی دەردەسەری و هەژاریی و نەداریی دەكەنەوە، كەس لەخۆیان بەشیاوتر نازانن . پێیان وایە ، تەنیائەوانن دەتوانن خزمەت بكەن . ئەم خۆپەرستیە بەجۆرێكە كە لەپێناو مانەوەی خۆیان ، دۆستەكانيان دەرەنجێنن و ، نەیارەكان دەكوژن و ، چالاكوانان دەكوژن و ، دەستور و یاسا دەگۆڕن و ، هەڵبژاردن و دیموكراسیەت دەكەنە قوربانی كورسیەكەی خۆیان، وەك سوریا و میصرولیبیاو … هتد .
لەحیزبەكانەوە بۆتان باس ئەكەم ، پارتی لەسەرتای دروست بوونیەوە تا ئێستا باوك و كوڕ سەرۆك حیزبن . یەكێتی لە سەرەتای دروست بوونیەوە تائێستاش ، مام جلال تاڵبانی سكرتێری ئەو حیزبەیە . سۆشیالیست بەهەمان شێوە . كۆمەڵی ئیسلامی بەهەمان شێوە . تەنیا حیزبێك كە تۆزێك گۆرانكاری لەم نەریتەدا كرد، یەكگرتووی ئیسلامی بوو. بەڵام ئەویش لەوە تێگەیشت كە حیزب له كۆمەڵگای داكەوتوودا دەبێت تامردنی یەك كەس سەرۆك بێت. مام جلال پاش چونی بۆ بغداد و بوون بەسەرۆك كۆمار، بەرەوای نەبینی پۆستی سەرۆكی حیزبەكەی بدات بەكەسێكی تر، سەرەنجام بەكەرت بوونی یەكێتی كۆتاییی هات . مسعوبارزانیش نە ئامادەیە دەستبەرداری سەرۆكی هەرێم ببێت ، نەسەرۆكی حیزبەكەی . كۆمەڵگای كوردی لەهەرچوارپاچەى كوردستان گیرۆدەبوون بەدەستیەوە.
چارەنوسی پارتی لەیەكێتی خراپتر دەبێت ، چونكە دوای نەمانی بارزانی سەرۆكایەتی ئەوحیزبە ناكۆكی بنەماڵەیی لێدەكەوێتەوە . پرسی بەردەوام بوونی نەوشیروان مستەفاش ئەگەر تەندروستی بهێڵێت ، كەمتر نابێت لەو دووكەسەی تر . ئەم خودئەڤینیە یان ئەم كورسی پەرستیە بەجۆرێكە كە چارەسەری تەنیا مەرگە . هەموو حیزبەكانیش لەوە تێگەیشتوون كە دروستكردنی كەسایەتی و سەركردە بەهۆی دواكەوتوویی كۆمەڵگاوە ئەستەمە . لەگەڵ نەمانی ئەم سەركردانە، پێگەی حیزبەكانیان لاواز دەبێت . هۆكاری ئەمەش زۆر ڕوونە، كۆمەڵگایەكی سەركردە پەرست، سەركردەیەكی خۆپەرست و ، كورسی پەرست بەهەم دێنێت .