كاردۆ محەمەد : تەسلیم بون ، یان چارەسەر؟
ڕەوشی کوردستان لە هەموو ئاستەکاندا، خراپترو خراپتر دەبێت و ئاسۆی دەرباز بونی لە قەیرانەکان زەحمەت تر دەبێت . لە شکستی حکومڕانیاندا خەڵک لەخراپترین ئاستدا دەژی .! لەم هەلومەرجە سەختەدا ؛ گۆڕان وەک هێزێکی سیاسی هاوچەرخ، جێگای ئومێدی خەڵکی کوردستانەو چاوەڕێی پلان و دەستپیخشەرییەکی ئەم بزووتنەوەیەیە بۆ دەربازبون لە قەیرانەکان. بە تایبەت ( نەوشیروان مستەفا ) لە ویستگە جیاجیاکاندا، هەمیشە خاوەن بۆچون و دیدی راشکاو بوە لە چارەسەری کێشەکاندا. لە هەنوکەشدا سیناریۆ بۆچون و پیشنیار زۆرە ، کە نەیتوانیوە چارەسەریی بنەرەتی کێشەکان بکات .
پێشنیارێکی نوێ بۆچارەسەر
گەوهەریی کێشەکە ململانێی دەسەڵاتە و ڕێکەوتن بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی و دابەشبونی دەسەڵاتی لێدەکەویتەوە، کۆ دەنگی نیشتیمانی بۆ بڕیارە سیاسی چارەنوسەکان دروست دەکات. کێشەی رابەرایەتیکردن گرفتێکی میژوویی ناو بزوتنەوەی سیاسی کوردستانە، لە یەکەمین هەڵبژاردنی کوردستانەوە تا ئێستا ئەم پرسە جێگەی ململانێ بووەو هەندێ جاریش ئەم پرسە بە پینەو پەڕۆ چارەسەر کراوە، بەهۆی گەلێک هۆکارە نەتوانراوە هەرێمی کوردستان بە سیستەماتیک بکرێت و چێرەسەری بنەڕەتی بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوە.
لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان چەند سەرکەردەیەک هەیە، بەرپرسیارێتی فەرمی و دەوڵەتییان هەبێت یان نا ڕۆڵی یەکلاکەرەوە دەبینن لە کێشە و بڕیارەکانی هەرێمی کوردستاندا، کەواتە جارێکی تر بۆ چارەسەری کێشە و پرسە گەرمەکانی ئێستای گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان، جەخت لەسەر پێشنیارێکی پڕۆژەیەکی پێشینەی خۆم دەکەمەوە، بە ئەزموون وەرگرتن لە سیستەمی سیاسی وڵاتان و تایبەتمەندییان، بە نمونە وڵاتانی ( فەڕەنسا و ئیتاڵیا ) کە لە تەنیشت ئەنجومەنی نوینەران، ئەنجومەنی سینات یان ئەنجومەنی دەستوریی هەیە و سەرۆک کۆمار دەسەڵاتی تەشریفاتیە و لە کاتی خانەنشین بوونیدا تا مردن دەچێتە ئەنجومەنەکە، لە عیراق بەپێی دەستوور، بۆ پرکردنەوەی ئەم بۆ شاییە ئەنجومەنە هەرێمیەکان داندراوە، بەبڕوای من یەکێک لە هۆکاری شکستی عیراق دروستنەکردنی ئەم ئەنجومەنە بوو، لە کوردستانیش پیویستە ئەنجومەنێکی لەم شێوەمان هەبێت.
لەڕووی هەڵبژاردنەوە دامەزرێت و سەرکردە خاوەن بڕیارەکانی ناو بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان بۆ ماوەیەکی دیارکراو ببنە ئەندام لەناو ئەنجومەنەکەدا، ئەندامانی تر لە هەر پارێزگایەک بە یەکسانی 3 نوینەریان هەبێت و ئەنجومەنەکە پایەکی گرنگی پاراستنی هاوسەنگی ئابوری سیاسی نێوان پارێزگاکان دەکات. هەروەها بە بونی نوێنەرانی راستە قینەی پێکهاتەکان دەتوانی پارێزەریی ڕاستەقینەی ماف و تایبەت مەندیەکانیان بیت. لەم ئەنجومەنە هەموو پرسە چارەنوسسازەکان بە هاوبەشی نوینەران بە فلتەری ئەنجومەنەکەدا تێدەپەڕێت. ئیدی کۆتایی بە ململانێی میژوویی رەوتە سیاسیە جیاوازاکان بەم شێوەیەی ئێستا دێت و ڕێز لە خەبات و تێکۆشانی هەمو لایەک بە پێی قەبارە کاریگەریی خۆی دەگیرێت. لە ڕابردووشدا هەمو هێزە سیاسییەکان توانیان بە هاوهەڵوێستی و کۆ دەنگی نیشتمانی لە پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاری ناردنی هێز بدرێت بۆ ( کۆبانی ) .
سەرەڕای ئەم بۆچونەش، چەندین بۆچونی تر هەیە کە وا دەکات نەتوانرێت چارەسەری کێشەکان بکرێت، لەوانە لامەرکەزییەت بە پێی دەقەکانی دەستووری عێراق، لامەرکەزییەت پرنسیپێکی بەڕیوەبردنە، پێویستە لە کوردوستانیش هەمواری یاسای پاریزگاکان لەسەر ئەم بنەمایە بکرێت بۆ بەڕێوەبردنێکی دیموکراتیانە و پاراستنی تایبەتمەندی هەر پاریزگایەک هەتا دەسەڵاتی دەرکردنی یاسای لۆکالیش، زەمینەیەکی باش و هەنگاویکی پیویستە بۆ دابەشکردنی دەسەڵات و بەرێوەبردنی خۆجێیەتی لە کوردستان گرفتیکی گەورەمان لەگەڵ پەیرەوکردنی ناوەندێتی هەیە . ئەم راستیە زۆر جیاوازە لە بیرکردنەوەی دوو ئیدارەیی و دوو هەرێمی، کە لەڕاسیدا ناتوانێ چارەسەریی بەنڕەتیی کێشە سیاسی و نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان بکات و بەپێی هەڵکەوتنی جوگرافیا و سیاسی ئەمڕۆ، ناتوانی هاوسەنگی ناوچە جیاوازەکان بەیەکسانی راست بکاتەوە و پارسەنگی هاوسەنگی و دادپەروەریی بپارێزێ.!
ڕێکەوتن و ئاشتەوایی لەگەڵ پارتی و پێکەوە کارکردن بۆ حکومڕانییەکی فرەیی و هاوبەش بنەمایەکی بەهێزە بۆ دەسەڵاتێکی دادپەروەرانە. دەستەبەرداربوونیش لەم بنەما هاوبەشەش، زاڵکردن و سەپاندنی بەرنامەی تاکڕەویی و تاک حیزبییە، کە بە پێچەوانەی سیستەمی پەرلەمانییە لە کوردستان. کە لە ئیستادا (پارتی) زۆربەی جومگەکانی بەڕێوەبردنی وڵاتی بەدەستەوەیە و لە سایەیدا خراپترین حاڵەتەکانی ژیانی سیاسی و ئابوری و بژێویدا دەژین و هەرێمی کوردستان لە ئێستادا لەبەردەم قەیرانێکی گەورەی مرۆڤایەتیدایە. بۆیە دەبێت بەهەمو هێزێکمانەوە دژی ئەم بۆچوونە تاک حیزبییە بوەستینەوە و جەخت لە هاوبەشی ڕاستەقینە و ڕێزگرتن لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان بکەینەوە .!
- Latest Posts by
کاردۆ محەمەد: گۆڕان چی دەوێت؟
-کاردۆ محەمەد: خیانەت بەخشینەوە!
-کاردۆ محەمەد: کشانەوە !
- All Posts