شێرزاد شێخانی : شەڕی خۆكوژی یەكێتییەكان .
لەگەڵ تەقینەوەی ناكۆكی باڵەكانی ناو یەكێتی بەدەركردنی بەیانی (ناوەندی بریار)، بەشێك لەنەیارانو دوژمنانی یەكێتی كەوتنەخۆیان بۆ خۆشكردنی ئاگرەكەو، لەژێر ناوی شرۆفەكاری روداوەكەو پێشهاتەكاندا باسیان لەتەرازوی هێزی عەسكەری هەردو باڵەكە ئەكرد.. ئەمە هەڵرشتنی ژەهری قیینەی ئەم نەیارانەیە بەرامبەر بەیەكێتی و، وەك ئیجاییەكیشە بۆ بەكارهێنانی هێز لەدژی یەكتر.. ئەمە لەكاتێكدایە ناكۆكی و ململانێیەكان هەر لەئەساسداو بەپێی خودی بەیاننامەكەی باڵی( ناوەندی بریار ) لەسەر دەسەڵاتی ناو یەكێتی و داراییەكەیەتی، كە بەلای باڵی ناوەندی بریارەوە قۆرخكاری تیا كراوە. ئەم بەیانەش ئەگەر بەشێك لەراستیشی تیا بێت، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیعدا بینیمان چۆن گۆرینی بەرێوەبەری ئاسایشی گەرمیان سەری نەگرت لەبەر ئەوەی باڵی ناوەندی بریار دەسەڵاتەكانی بەكارهێناو نەیهێشت ئەم گۆڕانكاریە سەربگرێ، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە كە ئەوانیش دەسەڵاتیان هەیە لەناو یەكێتی دا و ئەتوانن وەكو جێگر مومارەسەی بكەن.
قسەمان لەسەر هۆكاری ململانێكان نیە، چونكە ئەمە بەرهەمی رۆژێكو دوو رۆژ نیەو یەكێتی لەوەتەی هەیە ململانێی تیا بوەو هەر ئەشمێنێتەوە، قسەمان لەسەر هەوڵی ئەو دوژمنانەی یەكێتییە كە دڵیان بە تەقینەوەی ئەم ململانێیە خۆشبوەو، لەژێرەوەش هەوڵئەدەن ئاگرەكە خۆشكەنو یەكێتی بەرەو هەڵدێر بەرن بۆ ئەوەی خۆیان تاكە دەسەڵات و تاكە حیزبو هێز بن لەم كوردستانەو بەغیابی یەكێتی هەوڵی دامەزراندنی حوكمی دیكتاتۆرییانەی خۆیان بەسەر میللەتەكەماندا بسەپێنن. ئەمانە بۆ خۆشكردنی ئاگری ململانێكان باس لەتەرازوی هێزی هەردو باڵەكە ئەكەن، گوایە ئەم باڵە ئەوەندە سەركردەی عەسكەری و لیواو فەوجی لەگەڵدایە، ئەویتر ئەوەندە تەشكیلاتی ئاسایش و دژە تیرۆر و پۆلیس، وەكو ئەوەی ئێستا هەردولا خەریكی دارشتنی پلانە عەسكەریەكانیان بن و گردو تەپۆلكەكان بەسەر هێزەكاندا دابەشبكەن و خۆیان سازئەدەن بۆ شەڕی یەكتر كوژی. بەڵام خۆشبەختانە هەمو فەرماندە عەسكەری و هێزەكانی تر لەبەیاننامەیەكی راشكاوانەدا رەتیانكردەوە ببنە بەشێك لەو ململانێ و ناكۆكیانە..
پێشتریش لەگەڵ چەند هەڤاڵێكی سەركردایەتی یەكێتی گفتوگۆی بەستنی كۆنگرەمان كردوە بۆ كۆتاییهێنان بەم ململانێیانە، بەداخەوە هەندێجار لەوەڵامدا گوێبیستی گریمانی ئەوە ئەبوم كەوا لەكاتی كۆنگرەشدا دور نیە لایەنە ناكۆكەكان هانا بۆ هێزی عەسكەری بەرن دژی كۆنگرەش،كە ئەمە لای من گریمانەیەكی زۆر دورو نامەنتیقیشە، چونكە هیچكات گومانم لەوەدا نەبوە سەركردەكانی یەكێتی زۆر لەوە حەكیمترن ململانێكانیان بەهێز یەكلایی بكەنەوە، خۆ یەكێتی دەیان جاریتر توشی ململانێی زۆر لەوەش گەورەتر هاتون بەڵام تفەنگ هەمیشە بێدەنگ بوە. ئێستاش لەم هەلومەرجە نالەبارو سەختی ژیانی كولەمەرگی كۆمەڵایەتی و، لەم هەمو قەیرانی سیاسی و دارایی و ململانێی حزبەكان لەكوردستان و، بەو شەڕی داعشیشەوە كە وڵاتەكەمانی خستۆتە ژێر هەڕەشەی لەناوچونەوە، لەم خراپی وەزعی ئیقلیمی و دەولیەوە، تۆ بڵێی كەسێك تۆزی هەستی نیشتمانی و نەتەوەیی و ئینسانیشی هەبێت لەپێناو شەڕی دەسەڵات و پارەدا خۆی بەكوشت بدات ؟.. ئەمە نەك بەم حاڵ و وەزعەوە كارێكی ئەستەمە، بەڵكو ئەچێتە خانەی موستەحیلاتیشەوە، چونكە هەم ژینگەكە گۆڕاوە، هەمیش وەزعی خەڵكی لەوبارەدا نیە بۆ دەوڵەمەندبونی كەسێك یا گروپێك ئینسان خوێنی خۆی ببەخشێت، بەتایبەتیش ئەوانەی ساڵانێك خوێنی خۆیان لەدژی دوژمنانی كوردو كوردستاندا بەخشی ئێستا مناڵەكانیان كەوتونەتە سواڵەوەو روبعە موچەكەشیان پێ رەوا نابینرێ.
ململانێكانی نێوان هێزە سیاسییە تەقلیدییەكان خەڵكیان وەرس كردو گەشتنە ئەوپەڕى نائومێدیەوە، چ جای ململانێی ناو یەك حزب كە هەمویان هەڤاڵ و هاوسەنگەری یەكترن، خەڵك بێزار بونە لەناكۆكی و ململانێی پارتی و یەكێتی و حزبەكانی تری كوردستان، تاقەتی ئەوەشیان نەماوە لەسەر ململانێی یەك حزبیش دەست بخەنە بینەقاقای یەكتری بۆ بەرژەوەندی هەندێ بەرژەوەندخواز، بۆیە ئەبێ ئەم هەقیقەتە لای هەمو سەركردەكانی یەكێتی ئاشكرا بێت كەوا بژاردەی پەنابردنە بەرهێزی عەسكەری لەمێشكی خۆیان بسرنەوە چونكە كەس شەڕیان بۆ ناكات، لەجیاتی خۆ هەڵكیشان بەهێزەوە با ڕوو بكەنە سەر مێزی گفتوگۆ و رێكەوتن لەسەر دەسەڵاتەكان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حزب كە هەقی هەمو لایەك ئەدات، با لەناو كۆنگرەیەكی یەكگرتودا هەوڵی چارەسەری كێشەكانیان بدەن، ئەوەشیان لەبیر نەچێ كەوا هەمو هێزەكانی یەكێتی بە پێشمەرگەو فەرماندەییەكانی هێزی دژە تیرۆرو ئاسایش یەكدەنگ رەفزی بەكارهێنانی هێزیان كردوەو ئامادەش نین لەپێناو هیچ كەسێكدا دەست بكەن بە خوێنی یەكترا.
هێزەكانی یەكێتی، زامنی یەكێتی ناو یەكێتین، ئەوانەی دڵی خۆشیان بە ململانێكانی ناو یەكێتیەوە خۆشئەكەن، با بچن سەریان بدەن لەچیای سەفین، ئەو چیایەی مام فەرموی ” سەفین لەبن بێ، یەكێتی لەبن نایە “.
- Latest Posts by شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts