عەدنان سەید ئەمین : هێرشى ئەمریکا بۆ سەر ئەفغانستان و لێکەوتەکانى .
پێشەکى :
ئەمە لێکۆڵینەوەیەکى مێژوویی سیاسیە لەسەر جەنگى ( ئەمریکا – ئەفغانستان ) ، یان ( داگیرکردنى ئەفغانستان لە لایەن ئەمریکا) وە. ئەم ڕووداوە یەکێکە لە ڕووداوە گرنگەکانى مێژوو کە تاوەکو ئێستەش نوسین و توێژینەوەى بەردەوامى لەسەر دەکرێت و کاریگەرى گەورەى هەیە لەسەر ڕەوشى سیاسى ئێستاى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و چەند جەنگ و ململانێیەکى دیکەشى بەدواى خۆیدا هێنا.
ئەم ڕووداوە کتوپڕ نەبووە و لە ئەنجامى کۆمەڵى هۆکار بووە کە بنچینەکەى بۆ مێژوویەکى دورتر دەگەڕێتەوە. بۆیە پێویستە بۆ بەرچاوڕونى خوێنەر هەموو ئەوانە بە وردى باسبکرێت. هەر بۆیە لەم نوسینەدا بە وردى بارودۆخى ئەوکاتەى ( ئەفغانستان ) مان باسکردووە لەڕووى ( جوگرافى و سیاسى و ئاینى و کۆمەڵایەتى و ئابوورییەوە) وە، گرنگى ناوچەیى و خاکى ( ئەفغانستان) لەو کاتەدا و هەروەها ئەو داگیرکارى و پەلامارانەى کە بە درێژاى مێژوو ڕوبەڕووى بۆتەوە.
دەوڵەمەندى ئەو وڵاتە و باسکردن لە بەرژوەندییەکانى (ئەمریکا) لەو ناوچەیە . دواتر چۆنیەتى هاتنەسەر دەسەڵاتى کۆتا دەسەڵاتى پێش جەنگەکە و مەترسییان بۆ سەر ( ئەمریکا) و بەرژوەندییەکانیان. تێکچوونى پەیوەندییەکانیان و هۆکارەکانى هێرشى ( ئەمریکا) بۆ سەر (ئەفغانستان). دواتر باسکردن لە هێرشەکە و روخانى دەسەڵات لەو وڵاتە و پێکهێنانى حکومەت .
بۆ ئەم بابەتە سەرچاوەیەکى زۆرى (عەرەبى و فارسى) مان بەکارهێناوە کە بەشێکیش لەوانە سایت و ماڵپەرى ئەنتەرنێنتن. لەم باسەدا سەرچاوەى کوردى زۆر دەگمەنە یان دەتوانین بڵێین کە هەر نییە.
لەگەڵ بوونى کەم و کوڕییەکى زۆر تیایدا بەڵام هیوام وایە کارێکمان کردبێت کە جێگەى دڵخۆشى خوێنەرەکەى بێت و چێژ لە زانیارییەکان وەرگرێت . بەرچاو ڕونیەک بدات چونکە وادەزانین ئەم ڕووداوە پەیوەندییەکى زۆرى بە سیاسەتى ئێستەى (ئەمریکا) وە هەیە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا .
پێڕستى بابەتەکان :
بەشى یەکەم/ بارودۆخى ئەفغانستان و ناوچەکە
باسى یەکەم/ ئەفغانستان لەڕووى جوگرافیاییەوە
باسى دووەم/ ئەفغانستان لەڕووى ئاینى و کۆمەڵایەتییەوە :
باسى سێیەم/ لەڕووى کۆمەڵایەتی و دابەشبوونى دانیشتوانەوە :
باسى چوارەم/ ئەفغانستان لەڕووى ئابوورییەوە :
بەشى دووەم/ گۆڕانکارییە سیاسییەکان و جەنگەکە .
باسى یەکەم/ بارودۆخى سیاسى ئەفغانستان ناوچەکە .
باسى دووەم/ ئەمریکا و هۆکارەکانى هێرش بۆ سەر ئەفغانستان .
باسى سێیەم/ هێرشى (ئەمریکا) بۆ سەر (ئەفغانستان) .
باسى چوارەم/ ئەنجامەکانى جەنگەکە
ئەفغانستان لەڕووى جوگرافیاییەوە
ئەفغانستان سەر زەمینێکە بە ژمارەیەک شاخ دەورە دراوە و دەورا و دەورى وشکانییە، دەکەوێتە دڵى قاڕەى ئاسیاوە، ئەم سەرزەمینە لە نیوە گۆى باشورە و لە نیوە گۆى ڕۆژهەڵاتە، دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستەوە، ڕوبەرەکەى نزیکەى (652،225) کیلۆمەترى چوارگۆشەیە، (40) هەمین وڵاتى جیهانە لەڕوى زۆرى ڕوبەرەوە ، درێژى سنورەکانى ئەفغانستان نزیک بە (5800کم) .(2384کم) لە باکورەوە لەگەڵ وڵاتانى ( تاجیکستان – ئۆزبەکستان – تورکستان). وە هەروەها (2240کم) لە باکورى ڕۆژهەڵاتەوە لەگەلڕ(پاکستان). (73) یان(93کم) لەڕووى باکوریەوە بەتەنگەبەرى (واخان) و بە ناوچە موسوڵمان نشینەکانى سنجان (سین کیانگ) . لە جمهورى چین (855) یان (930کم).لە ڕۆژئاواشەوە لەگەڵ (ئێران) (619کم) لەگەڵ ناوچەى (خۆراسان) ـە.
بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە کلیک بکەرە سەر ــ هێرشى ئەمریکا بۆ سەر ئەفغانستان و لێکەوتەکانى