فەوزی ڕەمزی : سویسرا بناسە ـ بەشی دووەم و کۆتایی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

چه‌ند زانیاریه‌ك له‌سه‌ر وڵاتی سویسرا

ئاهه‌نگه‌ که‌لتورییه‌کان

سویسرا گرنگی زۆر ده‌ده‌ن به‌ ئاهه‌نگه‌ که‌لتوورییه‌کانیان له‌وانه‌ ئاهانگی هاتنی به‌هار ، که‌ به‌ ده‌نگی لێدانی زه‌نگوڵه‌ی ملی چێڵ و ماڵاته‌کانیان و کراسی ئاودامانی سپێیه‌وه‌ هه‌ر له‌ زه‌ڕتای به‌یانییه‌وه‌ تا ئێواره‌ ناوچه‌کانیان ده‌‌هه‌ژێنن، ئاهه‌نگی پیاز و سیر که‌ له‌و ڕۆژه‌دا زوربه‌ی شه‌قامه‌کانی ناو شار داده‌خرێت و ده‌نگی میوزیکی میللی و جلوبه‌رگی ڕه‌نگاوڕه‌نگی پێشینه‌ی وه‌رزێره‌کان کە به‌ چه‌ندین شێوه‌ هه‌ر وه‌رزێره‌ یان جوتیاره‌ چه‌پکه‌ پیاز و سیره‌که‌ی ده‌ڕازێننه‌وه‌ وه‌ك‌ پرچ ده‌یهۆننه‌وه‌ و له‌سه‌ر گالیسکه‌ی کۆنی سه‌روده‌مانی دێرین دایده‌نێن که‌ به‌ڕاستی جوانکارییه‌کی تایبه‌ت به‌و ده‌سکانه‌ و به‌و شه‌قامانه‌ ده‌دات. له‌ ئاهه‌نگی په‌نیردا که‌ چه‌ندین جۆر په‌نیر په‌خش ده‌کرێت له‌وانه‌ جۆری Emmental یان Sbrinz که‌ هه‌ندێکیان به‌شێوه‌ی ده‌ستاڕی به‌ردین درووستی ده‌که‌ن به‌ تایبه‌ت خۆماڵییه‌کانیان چونکه‌ چێڵ گرنگییه‌کی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ و هه‌ر یه‌که‌یان پێناسی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ له‌ تۆمارگه‌کانی ده‌وڵه‌تدا. چه‌ندین جۆر کارگه‌ی وه‌ك Gruyeres بۆ درووستکردنی په‌نیر که‌ له‌ نزیك شاری مۆنترۆ دایه‌ به‌ یه‌کێك له‌ هه‌ره‌ به‌نێوبانگه‌کانی وڵات داده‌نرێت و بۆته‌ جێگه‌ی سه‌رنج ڕاکێشانی گه‌شتیاران تا ئاگاداربن له‌وه‌ی چۆن په‌نیری سویسری دروستده‌کرێت.

له‌ کانتۆنی سانت گاڵن که‌ ناوچه‌یه‌کی شاخاوییه‌ ئه‌شکه‌وتێکی گه‌وره‌ هه‌یه‌ به‌ ناوی کاڵتباخKaltbach که‌ بۆته‌ جێگه‌ی هه‌ڵگرتنی پێسته‌ و سه‌لکه‌ په‌نیره‌ سرووشتییه‌کانیان تا به‌ته‌واوی تێدا پێبگات و نرخێکی هێجگار گرانیان هه‌یه‌. هه‌ر شاره‌ یا شارۆچکه‌یه‌ك ڕۆژێکی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌ که‌ به‌ ڕۆژی شاره‌که‌ ده‌ناسرێت و تێدا ئاهه‌نگی جۆراوجۆر ده‌گێڕن و جلوبه‌رگی سه‌یروسه‌مه‌ره‌ له‌به‌رده‌که‌ن. سیما و ڕوخساری خۆیان به‌ شێوه‌ی گیانله‌به‌ر و باڵنده‌ ئه‌فسانه‌یه‌کان ڕووپۆش ده‌که‌ن و به‌ ده‌نگی‌ ده‌هۆڵ و موزیك که‌ تیپه‌ میللیه‌کان و خوێندکاری هه‌ندێك له‌ خوێندنگاکان نمایشی ده‌که‌ن کە بەڕاستی شار ده‌هێننه‌‌ له‌رزه‌. ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه ‌تێکڕژاوه‌ و که‌س به‌ که‌س نییه‌ هه‌ر یه‌که‌ به‌ جۆرێك خۆی ده‌نوێنێت و چه‌ندین پڕووشه‌کاغه‌زی ڕه‌نگاوڕه‌نگ به‌سه‌ر خه‌ڵکیدا هه‌ڵده‌درێت و په‌خشده‌کرێت، بەبێ ئەوەی‌ پێداهه‌ڵکژانێك،‌ هه‌وڵدان بۆ تێکدانی، یاخود‌ دڵگرانییه‌ك ببینرێت، هه‌مووان خه‌ریکی به‌سه‌ر بردنی ئه‌و ڕۆژه‌ خۆشه‌ن و ئه‌مه‌ تا ئێواره‌یه‌کی دره‌نگ داخایه‌نێت.

دڵڕفێنی و جوانی شاره‌کان

چه‌ند شارێك هه‌ن‌ ناو و پله‌ی تایبه‌تمه‌ندی خۆیان هه‌یه‌، له‌وانه‌ شاری زیوریخ كه‌ به‌ كۆڵه‌كه‌ و مه‌ڵبه‌ندی ئابووری وڵاته‌که‌ داده‌نرێت و له‌سه‌ر گۆماوێکی جوان و به‌رفراوندایه‌ و زیاتر له‌ 50 مۆزه‌خانه‌ی جۆراوجۆری و نزیکه‌ی 100 پیشانگای جیهانی هه‌مه‌ڕه‌نگه‌ی وه‌ك ئارایشتگا و جلوبه‌رگ و هونه‌ری، یاله‌خۆ گرتوه‌ که‌ بۆته‌ جێگه‌ی سه‌ردانی گه‌شتگوزاران بۆیان.

شاری جنێڤ كه‌وتۆته‌ سه‌ر گۆماوێکی فره‌ جوان دڵفڕێن و زنجیره‌ شاخه‌کانی ئاڵپ و یوورا ده‌وره‌یان داوه‌ و هێنده‌ی تر جوانی پێبه‌خشیوه‌. ئه‌م شاره‌‌ به‌ UN ی ئه‌وروپا داده‌نرێت و هه‌ر له‌ زۆر كۆنیشه‌وه‌ جێگه‌ و په‌ناگه‌ی گشت ئه‌و نیشتمانپه‌روه‌رانه‌ بووه‌ كه‌ له‌ ده‌ست زوڵم‌ و سته‌مکاری دیكتاتۆره‌كانی ئه‌وروپا هه‌ڵهاتوون، ئیتر ڕامیاری یا دینی بووبێت. هه‌ر ئه‌مه‌یشه‌ کە ئه‌و پله‌یه‌ی بۆ ڕه‌خساندووه‌ که‌‌ زۆرترین کۆبوونه‌وه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی تێدا سازبکرێت. هه‌ر له‌م شاره‌دا چه‌ندین که‌سانی به‌ توانا و ناودار هه‌ڵکه‌وتوون که‌ بوونه‌ته‌ سیمبوولێك بۆ ئه‌و شاره‌ له‌وانه‌ ژان ژاك ڕۆسۆ/ یJean-Jacques Rousseas 1778ــ 1712″ دانا که‌ تێیدا چاوانی به‌ ژیان هه‌ڵهێناوه‌، ئه‌وه‌ی سه‌رنج ڕاکێشه‌ له‌م شاره‌دا، یه‌کدگیربوونی هه‌ردوو ڕووباری ” ڕۆن و ئارف ” ـه‌ کە هه‌ر یه‌که‌یان به‌ ڕه‌نگی جیاواز تێکه‌ڵ به‌ویترده‌بێت و تا دوورییه‌کی به‌رچاو ئه‌م جیاوازی تێکه‌ڵ نه‌بوونه‌ دەبینرێت که‌ له‌ خۆیدا سرووشتیه‌ و هه‌ریه‌که‌یان خەستی و چڕییەکی جیاوازی هه‌یه‌ بۆیه‌ تا به‌ته‌واوی گه‌رده‌کانیان تێکه‌ڵ ده‌بن کاتێکی درێژخایه‌نی پێویسته‌. یان بینینی کاتژمێرێك له‌ باخێکدا که‌ هه‌ر هه‌مووی له‌ گوڵی گه‌شاوه‌ی جۆراوجۆر دروستکراوه‌، ( ئه‌م نه‌ریته‌ له‌ زۆرینه‌ی شاره‌کاندا ده‌بینرێت وه‌ك هێمایه‌ك بۆ پیشه‌سازیی کاتژمێر لە وڵاتەکەیاندا). یان بوونی چه‌ندین مۆزه‌خانه‌ و کۆشك و په‌یکه‌ری جیاجیا که‌ هه‌ر هه‌مووی  ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چه‌رخه‌کانی ڕابوردوو، هێندیی تر ئه‌و شاره‌ی ڕازاندۆته‌وه‌. شاری ڤێڤێ Vevey كه‌ له‌سه‌ر گۆمێی لیمان/ ی Leman زۆر جوان و ڕه‌نگینه‌ و په‌یكه‌ری ئه‌كته‌ری به‌نیوبانگ Charlie Chaplin شارلی شاپلین 1977 ــ 1889 ی لێ دانراوە کە دووا ژیانی لەوێ بردەسەر پاش ده‌ركردنی له‌ ئه‌مریكا به‌ تاوانی چه‌پڕه‌وی‌ و دژ به‌ به‌رژه‌وه‌ندییەکانی ئه‌مریكا. ڕۆژانه‌ سه‌دان كه‌س سه‌ردانی ماڵه‌که‌ی ده‌که‌ن که‌ کراوه‌ته‌ مۆزه‌خانه‌.

شاری بازڵ كه‌ که‌وتۆته‌ سێکوچکه‌ی نێوان ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نساو سویسراوه‌ و له‌سه‌ر ڕوباری ڕاین/ه‌ به‌ مه‌ڵبه‌ندی كیمیاگه‌ری و ده‌رمانسازی داده‌نرێت و له‌ جوانی و

پاکوته‌میزیدا بێ وێنه‌یه‌ و به‌ مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ر و میوزیك داده‌نرێت ، چه‌ندین کۆشك و ته‌ڵاری جوان و ڕازاوه‌ی تێدایه‌ که‌ له‌ ڕووی ئه‌ندازه‌گه‌رییه‌وه‌ بێ وێنه‌ن.

شاری بێرن/ی پایته‌خت یه‌کێکه‌ له‌ شاره‌ جوانه‌کانی سویسرا و شاره‌ کۆنه‌که‌ی وه‌ك خۆی پارێزراوه‌ و به‌یه‌کێك له‌ که‌له‌پووره‌کانی جیهان داده‌نرێت و خراوه‌ته‌ ناو لیستی ڕێکخراوه‌ی یۆنیسکۆوه‌ و که‌س بۆی نییه‌ هیچ ده‌سکارییه‌کی تێدا بکات .

بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە کلیک بکەرە سەر ــ سویسرا بناسە – بەشی دووەم و کۆتایی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت