پاراستنی پارتی ناوی 13 نوسەرو رۆژنامەنوسی خستۆتە لیستی تیرۆركردنەوە .
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
تایبەت بە وتاریكورد
سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو لەرێكخراوێكی كوردی داكۆكیكار لەبواری مافی مرۆڤەوە پێی راگەیاندین ” دەزگای پاراستنی پارتی دیموكراتی كوردستان لیستێكی رەشی دەركردوە بەناوی (13) نوسەرو رۆژنامەنوسی كوردی دانیشتوی هەرێمی كوردستان بۆ تیرۆر كردنیان، لەناویاندا بەشێك لەنوسەرو رۆژنامەنوسە هەرە دیارەكانی كوردستانی تیایە كەناسراون بەدژایەتیكردنی سیاسەتەكانی پارتی و، پاراستنی پارتی . بەنیازە پلانی كوشتنیان بۆ دابرێژێت و بەشێكی زۆری ئەم نوسەرانە لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی خۆیەتی لە هەولێر و دهۆك و ناوچەكانی، بەشێكیشان لەسلێمانی و كەركوك نیشتەجێن”. سەرچاوەكە تەئكیدی كردەوە كەوا ناوی هەر 13 نوسەرو رۆژنامەنوسەكان گەیشتۆتە ئەم رێكخراوە داكۆكیكارەی مافی مرۆڤ لەئەوروپاو ئەوانیش بەكاریی پەلەی خۆیان هەڵساون بە ئاگاداركردنەوەی ئەم نوسەرو رۆژنامەنوسانە لەرێگەی ئیمەیل و پەیوەندی راستەوخۆوە . لەلایەكی تریشەوە ئەم لیستەیان گەیاندراوەتە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاو رێكخراوە نێو دەوڵەتیەكانی وەك رێكخراوی لێبوردنی دەوڵی( أمنیستی ئەنترناشنال) و( رێكخراوی هیومان رایتس ووتش) و ( نوسینگەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان لە وڵاتانی ئەوروپا) و( باڵوێزخانەی وڵاتە زلهێزەكان) و هەمو ئەم لایەنانە ئاگادار كراونەتەوە لەم هەڕەشەیەی پارتی بۆ ئەوەی بەهانای ئەم نوسەرو رۆژنامەنوسانەوە بچن و پارێزگارییان لێبكەن و هۆشداریی بدەنە پارتی بەهەر تاوانێك دژ بەم كەسانەوە بكرێت .
بەگوێرەی سەرچاوەكە : ئەو رێكخراوەی لیستی ناوەكانی پێگەشتوە جگە لەئاگاداركردنەوەی لایەنە نێودەوڵەتیەكان، هۆشداریشی داوەتە دەزگا ئەمنیەكانی تری غەیرە پارتی لەهەرێمی كوردستان و لایەنەسیاسیەكان و ئاگاداری كردونەتەوە لەم پیلانەی پاراستنی پارتی، بەم شێوەیەش هەمو لایەك ئاگادار كراون لەهەر ئەگەر و پێشهاتێك لەم بارەیەوەو مەسئولیەتی هەر كارێكی تیرۆریستی پارتی ئەكەوێتە سەرشانی ئەوانیشەوە”.
سەرچاوەكە لەكۆتاییدا وتی: ئێستا وەزعی پارتی زۆر خراپ بوەو بەرەو خراپتریش ئەچێت، بەتایبەتی ئێستا تووڕەیی خەڵك گەیشتۆتە ترۆپكەوەو چاوەڕێ ئەكرێ لەم رۆژانەو دوای جەژنی قوربان وەزعەكە بەروی پارتیدا بتەقێتەوە، بۆیە هەر تاوانێك دژ بەم كەسانە بكرێت لەوانەیە وەزعەكە بەتەواویی بشڵەژێت و تووڕەییەكان زیاد بكات، بۆیە دور نیە پارتی پێشتر كەسانێك لەم ناوانە بگرێت و بیانخاتە زیندانەكانیەوە ئەگەر بێدەنگیان لێكرا ئەو كاتە تەسفیەیان بكات”.
شایەنی ئاماژە پێكردنە بەهۆی سیاسەتە چەوتەكانی پارتی لەبرسیكردنی میللەت و تەسكركردنی مەودای ئازادییەكان بەتایبەتیش ئازادی ڕادەربڕین، زۆربەی رەخنەكان لە دەسەڵات ڕووبەڕووی پارتی ئەكرێنەوە لە وتارەكان و بەرنامە تەلەفزیۆنیەكان بەئاشكرا هێرشی توند ئەكرێتە سەر ئەم حزبەو ئیدارەدانی هەرێمی كوردستان، پارتیش لەلای خۆیەوە ژمارەیەك لەنوسەر و رۆژنامەنوسانی تیرۆر كردوە وەك سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان و عەبدولسەتار تاهیر شەریف و لەدوایین تاوانیشدا تیرۆركردنی رۆژنامەنوس وەدات حوسین بو لە ناو جەرگەی بازاری شاری دهۆك.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە