شێرزاد شێخانی : گێژنەی هەولێریەكان .
مەرحەبا كونە باشن.. ئەوە ئەوجارەش هاتمە خزمەتتان لەو گۆشەیەم بەناوی ( هەولیریات) ، كە سارانی پێشتر دەمنوسیو ئێستاش لەسەر داوای هەندەك برادەر جارەكی دی دەست پێدەكەمەوە و حەفتانە رۆژانی جومعە لەسەر لاپەرەی ئەخیری ( كوردستانی نوی ) حەیاتەكە دەیخیننەوە .
خۆتان دەزانن چەند رۆژەك مایە لۆ گێژنەی قوربان ئەوەش مناسەبەیە لۆ ئەوەی هەندەك زیكرەیاتی گێژنەتان لۆ بگێڕمەوەو بیكەمە هەدییەی ئەو گێژنەم لۆ هەولێریەكان.. لەبیرتانە لەو هەولێرە حەیاتە لەسارانی شێست و حەفتاكان گێژنە چ مناسەبەیەكی خۆشبو خاسەتەن لۆ مندارەكان .. ئەو وەختی ئەمنیش مندار بوم زۆر درم بەگێژنە خۆش دەبو.. خۆ وەكی ئێستا نەبو هەر مندارەو ئایپادەكی بەدەستەوەیە بیستوچار سەعات خەریكی گەمەكانیتی، ئەو زەمان نەتەلەفزیۆن هەبو،نە فامیلیمۆل، هەبو نەبو سێ سینەمای شڕو شەق ئەوانیش ( حەمرا و سەلاحەدین و سیروان ) كە رۆژانی گێژنە جمەیان دەهات.
جارێ با لەشەوی گێژنەوە دەستپێبكەم، وەختی لەمزگەفتەكان دەستیان بە ( ئەللاهول ئەكبەر) دەكرد.. ئەمەی منداریش دەچوینە ناو مزگەفت ولەگەر پیاوان ئەللاهوئەكبەرمان دەكرد. ئەوجا دەهاتینە مارێ داكم خەریكی حازر كردنی خواردنی گێژنە بو، بۆنی فاسولیاو گۆشت ناو مارەكەمانی پر دەكرد.. ئەمنیش دەچوم جلكەكانی گێژنەم دەردەكردو تاقیانم دەكردەوە لۆ ئەوەی سوبەینی هیچ نوقسانییەكم نەبی. ئەوجا جلكەكان و قۆندرەكەشم دەخستە بن بالیفەكەم دەترسام شەو دز بێتو بیبات لەگێژنە مەحروم بم. لۆ سبەینەكەی داكم وبابم لەمزگەفتو سەرقەبران دەگەرٍانەوە، ئەوجا ئەمەیان هەردەستاندو نانی سبەینەی گێژنەمان دەخوارد. دوایی زۆر بە عەجەلە جلكمان لەبەر دەكردو دەستی داكو بابمان ماچ دەكرد وگیژنانەمان لێوەر دەگرتن كە ئەو وەختی درهەمەك و دوو درهەم بو، بێست درهەم دەیكردە یەك دینار. جا حیسابی خۆت بكە ئەو وەختی ئەو میللەتە چەندە فەقیرو كۆلەوار بو.
عەلاكولین یەكسەر غارمان دەدا لۆ سینەما، كە رۆژانی گێژنە 5 فلیمی ئیش پێدەكرد. فلیمی سەعات نۆ ـ دائیمەن دێو و دەرنجەكان بون وەكی كینگ كۆنگ و گودزێلاو سوندباد و هەرقەل و ماشستی، سەعات یازدەش فلیمی كاوبۆ وشەرە دەمانچە، سەعات دوش فلیمی كۆمیدی وەكی بۆدابود و نۆرمان و یزدەم و لورین و هاردی، سەعات چاریش فلیمی جاسوسی وەكی جیمس بۆند، سەعات حەفتی شەویش فلیمی عەرەبی عەبدولحەلیم حافز و فەرید ئەترەش.
ئەوجا لەناو قاعەی سینەما دەبوە هەراو بەزمەك نەسەری هەبو نەبن. مندارەكان بە دەمانچەی تۆمتەرەقە قاعەكەیان پر دەكرد لەبۆنی باروت. ئیدی ئەمن بەخۆم رۆژی سێ فلیمی گێژنەم دەدیت. لەبەینی فلیمەكانیش دەچوینە بن لەیلوگان كە ئەو وەختی لەناو قەبرستانەكەی چراخ بو نێزیك بازاری نیشتمانی ئێستا. لەوێ كچان سواری لەیلوكو چەرخوفەلەك دەبون، ئەمەی كورانیش خەریكی لگاو و ئەسپسواری دەبوین.. مام یوسفی رەحمەتیش كوبەی بروشی دانابو ، جار جار لەگەر سیفۆنەكی دەمانخوار.. لەولاش لۆری و گەلابە رادەوەستان مندارانیان بەپێنج فلس سوار دەكرد بەحساب دەمانباتە شێخ گەزنەی دەرەوەی شار، بەس هەمو جارەكە یەك فەڕڕەی پێ لێدەداین و لەفلكەی تەیراوە دەیگەراندینەوە. كە ئێواران دادەهات ئەمن خۆم دەچوم لۆجی سینەمام حیجز دەكرد لۆ فلیمە عەرەبیەكان لە گەر خوشكەكانم دەچوینە سینەما. ئەو وەختی كەس تەماشای كچی عالەمی نەدەكرد هەمو خەركی ئەخلاقیان هەبو. یەك شتم زۆر پێناخۆش دەبو لەگێژناندا، كاتەكی دوكاندرەكان لەرۆژی دوەمی گێژنەوە دوكانیان دەكردەوە زۆر ئیزعاج دەبوم چونكە گێژنە ئەوەی خۆش بو كە هەستی پێبكەی رۆژەكی جیاوازە لەرۆژانی دی.
ئیدی ئەوەندە بەسە چونكە مەجالی نوسینەكەم هەر ئەوەندەیە بەس وەعد لەژمارەكانی دادێ باسی هەولێری ساری شێستەكانتان لۆ بكەم كە زۆرجار لەگەر خۆم دەرێم خۆزگە ئەو رۆژە بمردبمایەو ئەو رۆژە رەشەی ئێستام نەدیتبایە.. باقی وەلسەلام .
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts