شەماڵ عادل سەلیم : حکومەتی هەرێمی کوردستان … ناوێکی گەورەو ناوەڕۆکێکی وێران .
هەروەک بۆ هەموو لایەک روون ئاشکرایە لە هەموو دونیادا ئەرک و کاری سەرەکی حکومەت بەڕێوەبردنی کارووباری وڵاتە، دانانی پلانێکی تۆکمەو درێژخایەنە بۆئارامی وسەقامگیری وڵات ، هەوڵدانی جدیە بۆ سەقامگیرکردنی یەکسانی و دادپەروەری ، کارکردنە بۆ حزمەتکردنی هاوڵاتیان وبوژانەوەی ئابووری و زیادکردنی داهاتی نیشتمانی لەپێناو خۆشگوزەرانی و ڕەفاهیەتی هاوڵاتیان ، ڕێک پێچەوانەی ئەوەی حکومەتی هەرێمی بەتەمای خودا لە هەرێمە بێ نازەکەمان ئەنجامی دەدات، یان باشتر بڵێم حکومەتی ( پارتی و یەکێتی ، کە لەناو پارتی و یەکێتی ) شدا چەندین (کێخواو باڵ و سەرو دەستی باڵاو بەهێز هەن ) 25 ساڵی ڕەبەقە هەموو کایەو جومگەو دەسەلاتەکانیان قۆرخ کردووە بۆ زیاتر دەوڵەمەند بوون و کەڵەکەکردنی سەرمایەکانیان .
هەر بۆیە ئەو دەست رۆیشتوانەی هەردوو زۆنی ( زەرد و سەوز ) کە ناویان لەخۆیان ناوە ( حکومەت ) نەک تەنها پلانی ئەلتەرناتیڤ یان ( B ) یان نەبووە بۆ دەرچون لەو قوڕاوەی کە هەرێمی تێی کەوتووە ، بەڵکو لەسەرەتاوە ئەو ( نا حکومەتە ) دەسەڵات و سامان و داهاتی هەرێمی قۆرخ کردووە و، هەوڵی لەخشتەبردن و بێدەسەڵات کردنی پرسۆنالی کوردیی داوەو تارادەیەکی زۆریش تیایدا سەرکەوتوو بووە .
لەهەرێمی بەتەمای خودادا ، حکومەت ناوێکی گەورەو ناوەڕۆکێکی وێرانە ، موفلیسە ، قەردارە ، گەندەڵە ، بێ پلانە ، ئەرکی ئەو( ناحکومەتە ) تەنها بۆتە بڵاوکردنەوەی خشتەی دابەش کردنی ( نیو یان چارەگ ) ـە مووچە کە هەر سێ مانگ جارێک وەک ( سەدەقە ) بەسەر مووچە خۆران دابەشی دەکات ، ئاوێ بینەو دەستان بشۆ.
لە هیچ شوێنێکی ئەم دونیا پانوبەرینە دا نەبووەو ناش بێت، هەرێمێکی سروشت دەوڵەمەند وەک هەرێمی کوردستان کە نەوتەکەی 4%ی یەدەگی نەوتی جیهان پێكدێنێ، ئەمە سەرەڕای داهاتی تەواوی نەوت و گاز و گومرگ و فرۆکە خانەکان و زەریبەی ناوخۆو خاڵە سنوریەكانی ، کەچی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قەرزەکانی قەبەتر و زەبەلاح تر دەبێت و قەیرانی دارایی و نەبوونی مووچە و بێكاریش تەنگ بە هاوڵاتیان هەڵدەچنێت ، حکومەتیش خۆی لەگێلی داوەو هەروەکو نەبای بێ و نەباران .
لێرەدا چەند پرسیارێک دێنە پێشەوە : هەتا کەی هاوڵاتیانی هەرێمی بەتەمای خودا ، باجی بێ پلانی حکومەتێک بدەن کە تەنها خەمی گیرفانی خۆیی و چواردەورەکەی بێت ؟ هەتا کەی هاوڵاتیان برسی و بێ بەش بکرێن لە مافە سەرەتاییەکانیان ؟ هەتاکەی هاوڵاتیان باجی سیاسەتی سەقتی نەوت و گازی هەرێم بدەن ، ئەو نەوتەی کە بۆتە سەرچاوەی نەگبەتی بۆ خەلکی کوردستان لەبری خۆش گوزەرانی ؟
لەکۆتایدا بەزمانیکی سادەو ساکار دەڵێم :
پەرلەمان وحکومەت هەبن یان نەبن هیچ لەژیانی خەڵکی هەرێمی بەتەمای خودا ناگۆرێت ، چونکە ئەوە هاوڵاتیانن ئەمرۆ لەبری پەرلەمانی بندیوار و حکومەتی تالانکار لەم قۆناغە چارەنووس سازەدا قۆڵیان لێ هەڵماڵیوەو بەئیرادەو خۆراگریی و دڵسۆزییان هەرێم بەڕێوە دەبەن .
ئەوە پێشمەرگە یە ، پۆلیسە ، فەرمانبەرە، مامۆستایە ، خەڵکی خۆبەشە ، بەهێزی و ئیرادەی پۆڵاینیان ، بەخوێن و ماندووبوونیان ،بێ منەتانە و بێ بەرامبەر بەرگری لە خاکی وڵاتەکەیان دەکەن .
ئەوە خەڵکی بەشمەینەتی هەرێمی بەتەمای خودایە باجی تاڵانکاری و قەردی بەرپرسانی حزبە دەسەڵاتدارەکان وکۆمپانیا مشەخۆرەکانیان دەدەنەوە .
ئەوە هاوڵاتیانن ، باجی گرێ بەستی ئابوری( پەنجا ) ساڵەی نێوان تورکیای (دۆستمان ) و حکومەتی هەرێمی بەتەمای خودا دەدەن !!
بۆیە دەڵێم : ئێمە حکومەتێکمان هەیە ، یان ڕاسترو ڕاشکاوانەتر بڵێم : ئێمە ( دوو کۆمپانیای دەسەلاتدارمان هەیە کە چەندین کێخوای پۆشتە وکەشخە بەرێوەی دەبەن ولەهیچ شوێنێکی دونیادا نمونەیان لە گەندەڵی و مشەخۆری و تاڵانکاریدا نییە و ناشبێت .
کاک نێچیرڤان لەوەیان ڕاستی کرد ، کاتی گوتی : کێشەی ئێمە لەهەرێمی کوردستاندا ، کێشەی زۆری کێخواییە . بەلێ کاک نێچیرڤان ڕێک وایە ، بەڵام چارە چییە ؟