Kameran-wrya

کامەران وریا قانع : كێ راسته‌؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هه‌مو چیرۆكێك سێ ڕووى هه‌یه‌، ڕوویه‌ك ئه‌وه‌ى خۆت ده‌یگێریته‌وه‌، ڕوویه‌كى تر ئه‌وه‌ى ئه‌وانى تر ده‌یگێرنه‌وه‌، ڕووى سێیه‌م راستى چیرۆكه‌كه‌ى خۆیه‌تى. ئه‌وه‌ى ئه‌م وته‌یه‌ى بیرهێنامه‌وه‌ چیرۆكى ژیانه‌ له‌م هه‌رێمه‌، كه‌ به‌ جۆرێكه‌ هه‌ر سێ رووه‌كه‌ى سه‌ره‌وه‌ى تێدایه‌.
دوێنى به‌ سه‌ردان له‌گه‌ڵ ماڵه‌وه‌ چوین بۆ سه‌یرانگه‌ى كونه‌ ماسى، بۆ به‌سه‌ربردنى چه‌ند كاتێك دوور له‌ هه‌واڵه‌ ناخۆشه‌كانى كوردستان و دوور له‌ جیهانى ئه‌لكترۆنى. ژماره‌یه‌كى زۆرى عه‌ره‌بيش له‌وێ بوون، من له‌به‌ر ئه‌وه‌ى عه‌ره‌بیه‌كه‌م باشه‌، زۆر جار گوێم له‌ هه‌ندێكیان ده‌بوو ده‌مزانى باسى چى ده‌كه‌ن.
ئه‌وه‌ى سه‌رنجى دام دوو گه‌نجى عه‌ره‌ب به‌ كامێراوه‌ ره‌سمى یه‌كتریان ده‌گرت و یه‌كێكیان وتى: به‌راستى ئێره‌ به‌هه‌شته‌، نه‌ك وه‌ك لاى خۆمان هه‌موو خه‌م و ته‌قینه‌وه‌یه‌ و نه‌بوونى ئاسایشه‌، به‌راستى كورده‌كان له‌ ژیانێكى و شوێنێكى خۆش ده‌ژین.
نموونه‌یه‌كى تر له‌ ته‌نیشت كه‌پره‌كه‌مان خێزانێكى عه‌ره‌بى لێبوو، ژنێكى به‌ته‌مه‌ن قسه‌ى بۆ ئافره‌تێكى تر ده‌كرد و ده‌یگوت : من له‌ به‌غدا كوڕه‌كانم ( سێ كوڕى هه‌بوو) زۆر گوناحن هه‌ر یه‌كيان دوو سه‌عات به‌ ده‌مانچه‌وه‌ له‌سه‌ربانن، شه‌وانه‌ حه‌ره‌سایه‌تى ده‌گرن تاكو كه‌س نه‌یه‌ته‌ سه‌رمان ، لێره‌ زۆر به‌ ئارامى ئه‌خه‌وین.
ره‌نگه‌ عه‌ره‌به‌كان ته‌نها ئه‌و به‌شه‌ى چیرۆك ببین یاخود گرنگى پێبده‌ن، كه‌ كوردستان به‌ گشتى شاره‌كانى ئارامتره‌ له‌ شاره‌كانى تر عێراق، به‌هۆى بوونى ده‌زگایه‌كى ئاسایشى به‌ هێز، به‌ڵام كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مه‌ هه‌مووچیرۆكه‌كه‌ نیه‌.
ئه‌وان ره‌نگه‌ بێئاگا بن، له‌وه‌ى هه‌رێم له‌ چ قه‌یرانێكى قورسى دارایی و ئه‌خلاقى سیاسیه‌، ئه‌وان نازانن موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى له‌م هه‌رێمه‌ چۆن لاقه‌ كراوه‌؟ كه‌س نازانێت ئه‌و هه‌موو داهاته‌ى كوردستان به‌ره‌و كوێ ئه‌روات. ره‌نگه‌ بۆ ئێمه‌ى كوردیش هه‌ر گه‌نده‌ڵى دارایی و نه‌بوونى مووچه‌ هه‌موو چیرۆكه‌كه‌ بێت.
به‌ڵام لایه‌نى راستیه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌، راسته‌ كوردستان قه‌یرانى دارایی و سياسى هه‌یه‌، به‌ڵام ئاسایش تا رایه‌ده‌كى باش دابین كراوه‌.
كه‌واته‌ هه‌مووان به‌شێك له‌ راستیه‌كه‌ ده‌بینین، واته‌ هه‌ر لایه‌نێك له‌ چیرۆكه‌كه‌ ئەوە باس ده‌كات كه‌ ونه‌ له‌ ژیانى خۆیی، به‌لام راستیه‌كه‌ تێكه‌ڵێكه‌ له‌ هه‌موو لایه‌نى چیرۆكه‌كان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت