لاوک کونجرینی : کوردایەتیەکەی باشوور .
گەر سەیری پارتی دەکەیت ، یان هەر حیزبێکی تری باشور، پرسیارێکت لا دروست دەبێت ، ئەوەیش: ئایا ئەمانە لە ڕابردوودا بۆ ڕۆژێک کوردایەتییان کردووە ؟ .
کۆی هەوڵ و ئامانجەکانیان لە کۆمپانیایەکی فڕۆشتی وڵات و هەراجی نیشتمان دەچێت بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایەو ، لە کۆمەڵێک خەڵکی پۆلیسی دەچن بۆ بنیادنانی زیندانێکی گەورەو خەڵکە ڕەشوو ڕووتەکە لە کونجەکانی بخەزێنن ، وەک خزاندوویانە .
پارتی داوای ڕیفراندۆم و بەیانی دەوڵەت دەکات ، لەولاوە شەنگال بۆ داعش چۆڵ دەکات ، لەولاوە هێندە خۆی پچووککردۆتەوە لەئاست تورکیا ، وەک ڕێڕەوی هەناسە بەژیانییەوە بەستۆتەوە . لەسەرئاستی ناوخۆش، شتێک نەماوە بۆئەوەی گیراوەیەکی دەوڵەتی کوردی لێ بنیاد بنرێت، جومگە کۆمەلایەتییەکانی تێکوپێک داوە ، ئاشتی کۆمەڵایەتی بۆتە کارێکی گران ، پەڕلەمان و کۆی دەزگا گرنگەکانی شەکەت کردووەو، داوای سەربەخۆیی دەکات.
حیزبە ئیسلامییەکان، سێ شتیان کردۆتە ستراتیج .
یەکەمیان ـ خواناسی
دووەمیان ـ کوردایەتی
سێیەمیان ـ دەسەڵاتی شەریعەتی ئیسلام
لەئەنجامی لێکۆڵینەوە لێیان، بۆت دەردەکەوێت هەرسێ ستراتیجیەکەیان جگە لە درۆیەک لە پێناو وابەستەگی بەتورکیا و ئێران هیج ئاسۆیەکی تر نییە .
یەکێتی بە بەهەموو تەپۆڵکەو گردەکانییەوە، باڵی کۆسرەت و دکتۆر بەرهەم لاکەی تر تاوانبار دەکات بەمۆنۆپۆلی سەرمایەو دەسەڵات ، کەچی کۆی سەرمایەی دارایی و پێگەی دەسەڵاتی یەکێتی زۆرینەی لای ئەوانەو هەرکەسێکیان دەگریت ، لانی کەم سەرمایەکەی بەشی مانگیکی موچەخۆرانی هەرێمەو ، لەو لاشەوە باڵی هێرۆخان بە بنەمای مانەوەی پێشەلکارییەکانی پارتی ناوزەند دەکەن .
هەرچی باڵی هێرۆخانە، سێ گۆشانە مامەڵە دەکات :
1 ـ شانازخان و چەند کەسێکی تریان داناوە بۆ هێڵی هێرش بۆ سەر پارتی و حکومەت .
2 – قوباد تاڵەبانی لە تەنیشت نێچیری سەرۆکی حکومەتەوە، بەبێ ئەوەی دەسەڵاتی تەواوی هەبێت ، مۆری هاوبەشی هەموو تاوانەکانی پارتی ئەکات .
3 – هێرۆخان خۆی هاویشتۆتە بەرەی کاک نەوشیروان و چەمکی خۆساخکردنەوەو گرتنە دەستی کۆی دەسەڵاتەکانی یەکێتی بنیاد دەنێت .
جگە لەوەی کۆی جومگە گرنگ و هەستیارەکانی یەکێتی لەدەست هێرۆخاندایەو بەهۆی ئەوەی لەگۆشەی ململانییەکانی ناوچەکەدا ، بەشێکە لە بەرەی ئێران ، وەک هێزێکی کوردستانی ڕۆژ بەڕۆژ لەسەرپانتایی کوردستان لەنێو ململانییەکاندا خسراوەتە دەرەوەو، ئەو ململانییەی بۆ پارتی و پەکەکە جێهێشتووە . دەکرێت لەم ئەگەرەدا ، ململانییەکانی ناوخۆ و باڵادەستی پارتی بەهۆی ئەمریکا و تورکیا و هێزە کاریگەرییەکانی ناوچەکە ، هۆکاری کشکردنی یەکێتی بێت لە ململانییە گەورەکانی ماڵی کوردی و بۆتە هێزێک ، تەنها فریایی ململانییەکانی ناوخۆی خۆی بکەوێت .
هەرچی بزوتنەوەی گۆڕانە ، بەهۆی ئەوەی دەمی لە کۆی جومگە هەستیارەکانی ناوخۆی هەرێم داو پارتی ڕاچڵەکاند ، لەوە نەگەیشت ، لەم هەرێمەی ئێمە چەسپاندنی دەسەڵات بە هێزی چەکە ، نەک بەزۆری دەنگی سنوقەکان . نەشی توانی وەک هێزێکی فێڵباز و بنیادنەریی هێزی تر لە منداڵانیدا بەنهێنی بۆ ئەوەی بتوانێت ببێتە هێزێكی یەکلاکەرەوە .
ئەوەی لێرەدا مەبەستە ، ئەمانە چیان پێدەکرێت و بۆچی لەدەسەڵاتدان ؟. ئایا کورد لەم هەرێمەو لەسەرئاستی کوردستان چ پێویستییەکی بەمانەیەو ، ئەمانە چی بۆ ئەم گەلە بەرهەم دێنن ؟. ئەوسا بۆمان دەردەکەوێت ئەوەی غیابە کوردایەتییەو ، ئەوەی ئەوان مەبەستیانە مانە لە پێناو دەسەلات و کەڵەکەکردنی سەرمایە . ڕەوەکەی خوارەوەش دەبێت وەک توتی، وەک عەبە خەیاڵ، پڕوپاگەندەو درۆودەلەسەکانی سەرەوە بڵێنەوەو، خەیاڵ لەشتێ بکەنەوە لەگەڵ خۆیاندا بۆکۆتا تەمەنی ژیانیان هەڵی بگرن .
- بابەتەکانی تری لاوک کونجـــــــرینی
لاوک کونجرینی: بەم سیستەمەی دادگای فیدراڵی بڕیاری لێداوە بۆ هەڵبژاردن، بۆچی پارتی دڵشکاو و یەکێتی دڵخۆش؟ – بەشی کۆتایی.
-لاوک کونجرینی: بەم سیستەمەی دادگای فیدراڵی بڕیاری لێداوە بۆ هەڵبژاردن، بۆچی پارتی دڵشکاو و یەکێتی دڵخۆش؟ – بەشی دووەم.
-لاوک کونجرینی: بەم سیستەمەی دادگای فیدراڵی بڕیاری لێداوە بۆ هەڵبژاردن، بۆچی پارتی دڵشکاو و یەکێتی دڵخۆش؟ – بەشی یەکەم.
- All Posts