دوو ئەسپ
گۆڕینی : محەمەد بەرزی
هەر تەنها تۆزێک لە سەرووی ماڵی خۆمانەوە باخ و بێستانێکی گەورەی رازاوە هەبوو ، کە دوو ئەسپی جوانی تێدا بوو . کاتێک لە دوورە تەماشاتدەکردن هەر وەک دوو ئەسپی ئاسایی دەردەکەوتن ، بەڵام کە لییان نزیکدەبووینەوە شتێکی سەرنج ڕاکێشمان دەبینی ، ئەویش ئەوەبوو ، کە یەکێک لە ئەسپەکان هەردوو چاوی کوێربوو . بەڵام خاوەنەکەی بارودۆخێکی هێمن و تەویلەیەکی وای بۆ ئامادەکردبوو ، ژیانێکی ئاسایی دەبردەسەر و ئەو کوێرییەی پێوە دیار نەبوو . ئەمەش خۆی لە خۆیدا کارێکی سەرسوڕهێنەری ناوازە بوو ، چونکە کاتێک لەو دوو ئەسپە نزیکدەبووینەوە ، گوێمان لە دەنگی زەنگۆڵەیەک دەبوو ، کە لە ئەسپە پچکۆلە چاوساخەکەی ناو بێستانەکەوە بەرزدەبۆوە . ئەم زەنگۆڵەیەش بریتی بوو لە زەنگێکی زەردی پچکۆلە و بە ملی ئەسپەکەدا شۆڕبوو بۆوە بۆ خوارەوە و ئەسپە کوێرەکەش بە دەنگی زەنگۆڵەکەدا دەیزانی ئەسپەکەی هاوڕیێ لە کوێدایە و بە ئاسانی دوای دەکەوت و دەیدۆزییەوە .
کاتێک لە نزیک ئەم دوو ئەسپەوە دەوەستاین ، بە ئاشکرا هەستمان بەوە دەکرد ، کە ئەسپە زەنگۆڵدارەکە بە چاکی چاودێری ئەسپە کوێرەکەی هاوڕیێ دەکات . ئەسپە کوێرەکەش زۆر بە باشی گوێی بۆ دەنگی زەنگۆڵەکە شلدەکرد و وردە وردە بەرەو ئەو شوێنە هەنگاوی دەنا ، کە ئەسپە چاوساخەکەی لێبوو ، دڵنیاشبوو ، کە لێی بزرنابێت . خۆ کاتێکیش سەرلە ئێواران ئەسپە چاوساخەکە دەگەڕایەوە بۆ تەویلەکەی ، زوو زوو دەوەستا و ئـــاوڕیی بــۆ دواوەی خــۆی دەدایەوە تــا لــەوە دڵنیابێت هـــاوڕیێکــەی نــزیـکــە لێی و گـویێ لـــە دەنگ و و زرنـگـانــــەوەی زەنگۆڵەکەیە .
بێگومان پەیامی ئەم چیرۆکە ئەوەمان پیێ دەڵێ : نابێ هەرگیز لە ژیاندا نائومێد بین ، چونکە خوای گەورە و میهرەبان هەمیشە ئاگای لە هەموومانە و هیچکاتێک فەرامۆشمان ناکات ، ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان وەیشوومەی شووم شەکەت و شپرزەی کردین ، یان لە تەنگانە و کێشە و مەترسی گەورەدابووین ، ئەوا کە سانێکی وەک خاوەنی ئەم ئەسپانە ، کە ڕاست و دڵپاک ڕسکاون ، دەهێنێتە ژیانمانەوە و بە هانامانەوە دێن … جا هەندێکجار ئێمە ئەسپە کوێرەکەین و زرنگانەوەی دەنگی زەنگی مرۆڤە چاکەکان تێکەڵ بە ژیانمان دەبن و دەستی کۆمەک و یارمەتیمان بۆ درێژدەکەن و کۆست و کەسەر و نسکۆمان لە بیردەبەنەوە . هەندێکجاریش پێویستە ئێمە ئەسپە چاوساخە ڕابەرەکەبین و لە هیچ چاکەیەک خۆمان نەبوێرین و بە هانا و هاواری ئەوکەسانەوە بچین ، کە لە تەنگانە و دەردی سەری و نە بوونیدا سەریان لێشێواوە .
نوسەری ئەم چیرۆکە ناوی نەنوسراو
- بابەتەکانی تری محەمەد بەرزی
محەمەد بەرزی: خــۆر..!
-محەمەد بەرزی: منداڵی ترسنۆک و شەرمن.
-محەمەد بەرزی: مـنـداڵ و نـوسـتـن.
- All Posts