دوکتۆر حوسێن عه‌زیز: با چی دیکه ، ئه‌زموونه قێزه‌ونه‌که‌ی جه‌نگی نێوخۆی میره‌کانی ( بابان )، چه‌ن بارهنهکهینهوه!
کورته‌یه‌کی مێژوویی
یه‌کێ له خه‌سڵه‌ته دزێوه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد ئه‌وه‌یه، هه‌میشه له نێوخۆدا، ناکۆک و ناته‌با بووه، مۆرکی دووبه‌ره‌کیی و ناپاکیی، به ته‌وێڵی زۆربه‌ی لاپه‌ره‌کانی مێژووی نه‌ته‌وه‌ی کورده‌وه، زۆر به ڕوونیی دیاره. له مێژوودا به‌ده‌گمه‌ن ڕوویداوه، دوو تیره و هۆز، دوو گوند، دوو سه‌رکرده‌ی کورد، دوو ڕێکخراوی پیشه‌یی، هونه‌ریی، وێژه‌یی، زانستیی، ڕامیاریی، تا سه‌ر پێکه‌وه گونجابن و ههڵیانکردبێ!
بۆیه نه‌ته‌وه‌ی کورد، ڕۆژی به ئه‌م ڕۆژهڕهشه گه‌یشتووه و تا ئێسته‌ش نه‌یتوانیوه، وه‌ک نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی سه‌ر ڕووی زه‌وی، ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ربه‌خۆی خۆی دامه‌زرێنێ. له‌به‌رئه‌وه ده‌بینین، یه‌کێکی وه‌ک ( خواجه سه‌عده‌ددین )، له په‌رتووکی ( تاج ئه‌لته‌واریخ ) دا نووسیوێتی: ( هه‌موو کوردێ، بۆ خۆی سه‌ربه‌خۆیه‌که و ئاڵای ملهووڕیی و زۆرداریی به‌رزکردووه‌ته‌وه، له نێو ئه‌و شاخ و کێوانه‌دا، به سه‌ربه‌ستیی ده‌ژی. گه‌ر سه‌رنج بده‌یه باری یهکدیگیریی و هاوبیریی و هاوکارییانه‌وه، ته‌نیا له شاده و ئیمانهێناندا نه‌بێ، له هیچ شتێکی دیکه‌دا یه‌کتر ناگرنه‌وه.)”1“
هه‌روه‌ها هه‌ر له کۆنه‌وه چه‌ندین هۆنه‌ری پایه‌بڵندی نیشتمانپه‌روه‌ری وه‌ک: ( ئه‌حمه‌دی خانیی، حاجی قادری کۆیی، مه‌لای گه‌وره، بێکه‌س …)، له‌ده‌س ئه‌و باره ناله‌باره‌ی نێوخۆی کورد دادوبێدادیانبووه! جگه له ئه‌وه‌ی چه‌ندین مێژوونووس، ڕووناکبیر و پیاوه ناوداره‌کانی کورد، له‌ده‌س ئه‌م په‌تا گه‌وره‌یه هاواریان لێ هه‌ستاوه. بۆ نموونه: مێژوونووسی گه‌وره‌ی کورد ( موحه‌ممه‌د ئه‌مین زه‌کی) نووسیوێتی: ( له سه‌ره‌تای مێژووه‌وه تا ئه‌وڕۆ، گه‌ر به وردیی بیربکه‌ینه‌وه، ده‌بینین: پهشۆکیی و ماڵوێرانیی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه، هه‌مووی ئه‌نجامی دووڕوویی و دووبه‌ره‌کییان بووه، تا ئه‌م بارودۆخه‌ش به‌رده‌وامبێ، هه‌میشه له‌ژێر ده‌سوپێدا ده‌چن)”2“
شاراوه‌ش نییه، یه‌کێ له هۆ سه‌ره‌کییه‌کانی تێکشکان و ڕوخاندنی هه‌موو میرنشینه کوردییه‌کان، بۆ بنه‌ماڵه‌یه‌کی فه‌رمانڕه‌وای جیاوازی چه‌ند میرنشینێ ده‌گه‌ڕێته‌وه. چونکه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌وایی ناکۆکبوون، به یارمه‌تی ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌کانی ئاغایان، په‌لاماری یه‌کدیان داوه، کوشتارێکی زۆریان له یه‌کدی کردووه، هه‌موو لایه‌کیشیان تووشی زیان بوون و ته‌نیا هه‌ر ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌کانیش سه‌رکه‌وتوبوون! هه‌روه‌ها هه‌موو شۆڕشه‌کانی کوردیش، هه‌ر له‌به‌ر هه‌مان هۆ، تێکشکاون و به ئامانج نه‌گه‌یشتوون!
ئاشکرایه، هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی به‌هێزبێ، نیشتمانه‌که‌ی خۆی خۆشبوێ، بۆ چاره‌سه‌رکردنی گرفته‌کانی نێوخۆ، هه‌رگیز په‌نا بۆ به‌کارهێنانی چه‌ک و توندوتیژیی نابا، گوێ له فه‌رمانی دوژمنه خوێنهخۆرهکهی ناگرێ و داوا له سه‌رانی ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌که‌ی ناکا، یارمهتییبدا و هێزی سه‌ربازیی بۆ بنێرێ، تا هاونیشتمانه‌کانی خۆی له‌نێوبه‌رێ! به‌ڵام به داخێکی زۆره‌وه، نه‌ته‌وه‌ی کورد ئه‌وه‌ته‌ی هه‌یه، ئه‌م کاره دزێوه‌ی به زیاده‌وه کردووه. هه‌م گرفته‌کانی خۆی، به جه‌نگی نێوخۆی کوردکوژیی یه‌کلاییکردووه‌ته‌وه، هه‌م داوای له ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌کانیش کردووه، هاوزمانه کورده دژه‌کانی بۆ له‌نێوبه‌رێ! چونکه هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی کورد زۆر لاوازبووه، هه‌رگیز ئازادیی ڕاسته‌قینه، له ( کوردستان ) دا نه‌بووه، تا ڕۆڵه‌کانی به سه‌ربه‌ستیی، بۆچوونی خۆیان ده‌ربڕن و ئابڕوومه‌ندانه وه‌ک مرۆ بژین!
بۆیه هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ک له مێژوودا نه‌بووه و نییه، هێنده‌ی کورد ناکۆک و ناته‌با بووبێ، هه‌ر خه‌ریکی یه‌کدی قڕکردن بووبێ، ئه‌و جه‌نگه کوردکوژییه، له‌کۆندا به شێوه‌یه بووه، برا چاوی برای هه‌ڵکۆڵیوه، برازا مامی خۆی سه‌ربڕیوه، خاڵ داوی بۆ خوارزای خۆی ناوه‌ته‌وه، باوک کوڕی خۆی کوشتووه، به دیاریی پیشکه‌ش به ده‌رباری دوژمنان و داگیرکه‌رانی ( کوردستان) ی کردووه. “3“
ئه‌م ڕووداو و ناسۆره جهرگبڕاوانهش هه‌موویان، زۆر به ڕاشکاویی، له ( شه‌ره‌فنامه) ی ( شه‌ره‌فخانی به‌دلیسیی ) دا تۆمارکراون. ئه‌ز پێم وایه، ئه‌م که‌لتووری یه‌کدی قڕکردن و سڕینه‌وه‌یه‌ش، له جێنشینه‌کانی عه‌ره‌ب و توورکه مه‌گۆله موسوڵمانه‌کانه‌وه فێربوون و به میرات بۆیان ماوه‌ته‌وه!
بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە کلیک بکەرە سەر ــ با چی دیکه ، ئه‌زموونه قێزه‌ونه‌که‌ی جه‌نگی نێوخۆی میره‌کانی ( بابان )، چه‌ن بارهنهکهینهوه!