شەریف هەژاریی: نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ به‌كارهێنانی یه‌كێتی، گورزی له‌ پارتی سره‌واند!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ هوشیار زێباری، ته‌نها لایه‌نه‌ عه‌ره‌به‌ شیعه‌ و سوونه‌كان به‌شدار نه‌بوون، بگره‌ ئیسلامییه‌كانیش به‌تایبه‌ت كۆمه‌ڵ و هه‌روه‌ها گۆڕان و یه‌كێتیش به‌شداربوون.

پێشتر پارتی گورزی شوێندانه‌ری له‌ گۆڕان له‌ هه‌رێم سره‌واندبوو، هه‌م سه‌رۆكی په‌رله‌مان و هه‌م وه‌زیره‌كانی ناردبووه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌، ئه‌مانه‌ هه‌مووشی ته‌نانه‌ت كاریگه‌ریشیان هه‌بووه‌ له‌وه‌ی كه‌ گۆڕان گرفتار بێت له‌ چۆنیه‌تی به‌كارهێنانی مافی یاسایی خۆی له‌ پۆستی پارێزگای سلێمانیش دا.

له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌‌، ڕوونه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا سیاسییه‌كی شه‌رقییه‌ و تۆڵه‌ ئه‌كاته‌وه‌، ئه‌و پارووه‌ی كه‌ زۆر ئاسان بوو به‌كاریی بێنێت ئه‌وا: یه‌كێتیی بوو، له‌مه‌دا نه‌وشیروان به‌ پلانی سیاسییانه‌ ماڵه‌ی كرد، هات له‌گه‌ڵ ئه‌و یه‌كێتییه‌ی كه‌ دۆخی ناوخۆی یه‌كگرتوو نییه‌ له‌گه‌ڵیدا ڕێكه‌وت بۆ ئه‌وه‌ی فشار له‌سه‌ر پارتیی درووست بكات. ئه‌نجامه‌كه‌شی زۆری نه‌برد دیمان، ئه‌وه‌بوو كه‌ له‌ ڕێی به‌كارهێنانی ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتاره‌كانی یه‌كێتیی له‌ به‌غداد ئه‌وا نه‌وشیروان تاڕاده‌یه‌ك تۆڵه‌ی خۆی له‌ پارتیی كرده‌وه‌.

له‌مه‌دا، ئه‌وه‌ی زه‌ره‌رمه‌ند ئه‌بێت، یه‌كێتییه‌، له‌داهاتووش دا ئه‌یبینین!

به‌ڵام به‌ڕاستی ئه‌مجاره‌ نه‌وشیروان مسته‌فا زانی چۆن یاری له‌گه‌ڵ پارتیی دا ئه‌كات!!

سه‌باره‌ت به‌ لایه‌نی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌م پرسه‌ ( پرسی سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ هوشیار زێباری )؟ ئه‌وا ئاشكرایه‌ عه‌ره‌به‌كان به‌تایبه‌ت شیعه‌كان ده‌یانه‌وێت زیاتر نێو ماڵی كورد په‌رته‌وازه‌ بكه‌ن، به‌ڵام نابێت ئه‌وه‌مان له‌ به‌رچاو نه‌بێت و ئه‌مه‌ حه‌قیقه‌ته،‌ كه‌ بۆ دوو ساڵ ئه‌چێت به‌هۆی شڵه‌قانی دۆخی سیاسیی هه‌رێمه‌وه‌ ئه‌وا هیچ لایه‌نێكی كوردی له‌ به‌غداد شه‌ڕی قووت و بژێوی خه‌ڵكی كوردستان و پرسی نه‌ته‌وه‌یی كوردی نه‌كردووه‌ ( به‌ پارتیی ، یه‌كێتیی ، گۆڕان ، یه‌كگرتو و كۆمه‌ڵ ) ه‌وه‌. به‌ڵكوو زیاتر هه‌ر یه‌كێكیان له‌ خه‌می كورسی و پۆست و پاره‌ دا بوون.

ئه‌مجاره‌ نه‌وشیروان گۆڵی له‌ پارتیی كرد، پارتیش وه‌ك هێزێكی بیر-خێڵه‌كیی، دڵنیام تۆڵه‌ی سیاسیی له‌ یه‌كێتیی ئه‌كاته‌وه‌ ( ئه‌وه‌ گۆڕان لای پارتیی ئێستا بووه‌ته‌ ڕه‌ش و سپی !). به‌وردی با ڕامێنێین بزانین پارتیی چی ئه‌كات !!

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت