herokosrat-barham

شێرزاد شێخانی: كۆنگرەی تەوافوقی یەكێتی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەركردەو بنكردەی یەكێتی، قاعیدەو قەاوعیدەكەی، دۆستو دوژمنانیشی ( دۆستەكان بەئومێدی چارەسەری، دوژمنانیش بەئاواتی جیابونەوە )، هەمو ئەمانە كۆكن لەسەر ئەوەی كەوا كۆنگرەی یەكێتی تاكە رێگایە بۆ كۆتاییهێنان بەو ململانێو ناكۆكیانەی لەنێوان باڵەكاندایە.. هەرچەندە ململانێی باڵەكان لەناو یەكێتیدا دیاردەیەكی تەندروستەو دەمێكە بونی هەیە، بەڵام گۆڕانی سروشتی ململانێكان بۆ ناكۆكی، یەكێتی لاواز كردوە، ئەبێ دڵسۆزانی یەكێتی لەسەرەوە نەك لەخوارەوە پەرۆشی چارەسەری ئەم ناكۆكیانە بن، ئەگێنا بەم وەزعەی ئێستاوە روداوەكان بەرەو لێكترازانی زیاتر ئەڕۆن ئەگەر هەندێ لەسەركردەكانی نكوڵی لەوەش بكەن، بەڵام هێدی هێدی ئەم لێكترازانە ئەبێتە ئەمری واقیع.
هەردو باڵی ناكۆك لەناو یەكێتیدا لەدو بەیاننامەی جیاوازدا هەڵویستیان ئاشكرا كردوە كەوا لەگەڵ ئەوەن كۆنگرەیەكی شەفاف ببەسترێت، تەزویرو تەزویركاریی تیا نەبێت، چاوسوركردنەوەو هانا بۆ هێزی ئەمنی و عەسكەری نەبرێت، من لێرەدا چەند سەرنجێكم هەیە:
A – تێناگەم مەبەست لەم رستەیە چیە كە ئەڵێن نابێ هێزی ئەمنی و عەسكەری خۆیان بقورتێنە ناو كاروباری كۆنگرەوە، خۆ ئێمە شەڕ ناكەین تا هەر لایەك هێزی چەكداری خۆی تەیار بكات و دەبابەو مودەرعەكانی یەكێتی لەدەوروبەری هۆڵی كۆنگرەدا كۆ بكاتەوە، ئەمە كۆنگرەیەو حزب لە كێشەدایە لەسەر ئاستی باڵاترین دەسەڵاتی حزبدا ئەم كێشانە موناقشە ئەكرێن بەمەبەستی چارەسەركردنیان.
B – باڵی ناوەندی بریار وەكو لەهەندێ لێدوانیاندا دەركەوتوە باس لەكۆنگرەی تەوافوقی ئەكەن، تێناگەم مەبەستیان چیە لەتەوافوقات، خۆ ئێمە دو میللەتی جیاواز نین حوكمی وڵاتێ بكەین دەسەڵاتەكەی دابەشبكەین،ئەمەش كۆنگرەیەك نیە بۆ نوسینەوەی دەستور تا سەرجەم پێكهاتە نەتەوەیی وئایینیەكان بەتەوافوق لەسەری رێكبكەون.ئەمە كۆنگرەی حزبە ئەبێ هەمو ئەندامانی حزب بەبێ جیاوازی بەشداری لەبریارەكانی بكەن.
C – باس لەدابەشكردنی دەستەی سەركردایەتی ئەكەن بەتەوافوق و بەشێوەی 25 ئەندام سەركردایەتی بۆ هەر باڵێك. ئەمەشیان لە خاڵەكەی پێشتر سەیرترە، چونكە هەڵبژاردنەكانی ناو كۆنگرە بریار لەسەر ئەم سەركردایەتیە ئەداتو، دەرگای پاڵاوتن بۆ هەمو كەسێك ئاوەڵایە، خۆ ئەمە تەعییناتی وەزیرو فەرمانبەری دەوڵەت نیە تا بەشبەشێنی تیا بكرێ، ئەمە هەڵبژاردنە ئەندامانی كۆنگرە بەئیرادەی خۆیانەوە خەڵكی شایستە هەڵئەبژێرن.. رەنگە ئەندامانی كۆنگرە دەنگی زیاتر بدەنە كاندیدانی باڵێك و كەمتر بۆ ئەوەی تر، ئیدی ئەمە ئیرادەی دەنگدەرانی كۆنگرەیە بریار لەسەر دەستەی بەڕێوەبەری حزب ئەدات نەوەك تەعییناتی ئەمو ئەو.
D – وشەی تەوافوق تەنها ئەبێ ئەو كاتە بوترێت كە مەبەستەكەی تەوافوق بێت لەسەر رێزگرتن لەئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ناو كۆنگرە، تەوافوق بێت لەسەرخستنی كۆنگرەو پاراستنی یەكێتی ناو یەكێتی. ئەمە نە غەنیمەی حەربە نە داهاتی نەوتی دزراوە تا هەر لایەك بەشی خۆی تیا بێت، ئەمە كۆنگرەی حزبە كە پێویستە هەر چوار ساڵێك بەخۆیدا بچێتەوەو شەرعییەت بداتەوە سەركردایەتی حزب.
هەڤاڵ مام جەلال لەوەتەی یەكێتی دامەزراوە وەكو رەمزێكی یەكگرتوی ناو حزب رۆڵی گێڕاوە، ئەو وەكو رەمزو وەكو خاوەنی راستەقیینەی یەكێتیش هەمیشە چەتری كۆكەرەوەی یەكێتیەكان بوە بە سەركردایەتی و قاعیدەو جەماوەری یەكێتیشەوە، ئێستا كە ئەو نەخۆشەو ناتوانێ هەمان رۆل بگێڕێت، ئەبێ تەوافوقاتی ناو یەكێتی تەنها بۆ ئەوە بێت یەكێتی ناو یەكێتی بپارێزرێت وەكو وەفایەك بۆ رۆڵەكەی مام جەلال و چونەوە بۆ ژێر چەترەكەی ئەو.
چەندین پێشنیار هەبوە بۆ چۆنیەتی بەستنی كۆنگرەی چوارەم.. هەندێ وەكو ئێستا باسیان لەتەوافوقات ئەكرد بەوەی ئەندامانی بەشداربوی كۆنگرە دابەشبكرێن بەسەر سێ باڵەكەدا، ئێستاش بەحوكمی ئەوەی دوو باڵیان یەكیان گرتۆتەوەو بونەتە یەك باڵی ناوەندی بریار، باس لەدو بەشی یەكسان ئەكرێت، ئەم پێشنیارەش تەواو ناكۆكە لەگەڵ پەیڕەو پرۆگرامی حزب. چونكە ئەبێ نوێنەرانی كۆنگرە لەرێگای هەڵبژاردنەوە بێنە ناو كۆنگرەوەو لەسەر ئاستی مەڵبەندو كۆمیتەكان هەڵبژێردرێن بۆ ئەندامێتی كۆنگرە.
بۆ ئەوەی حەددی مومكین جۆرێك لەتەوافوق دروست ببێت بۆ بەستنی كۆنگرە، جیا لەم دو شێوازەی سەرەوە، پێشنیارێكی تر هەیە، كە من پێمباشەو رەنگە زۆربەی ئەندامانی یەكێتیش پەسندی بكەن، ئەویش ئەوەیە بە رێكەوتنی هەردولا ئەندامانی كۆنگرە دەسنیشان بكرێن بەمشێوەیەی خوارەوە:
1 – سەرجەم ئەندامانی سەركردایەتی بە ئیتحیاتەكانیشەوە. ئێستاو كۆنەكان.
2 – ئەندامانی ئەنجومەنی ناوەندی.
3- سەرجەم ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان و عیراق ئەوانەی خولی ئێستاو پێشوتر.
4 – ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكان خولی ئێستاو پێشوتر.
5 – ئەندامانی مەكتەبەكانی یەكێتی لەناوەوەو دەرەوە.
6 – ژمارەیەكی دیار لەرۆشنبیرانی حزب لەدامودەزگاكانی حكومی بەتەوافوقی هەمولایەك.
7 – ژمارەیەك لەپێشمەرگە دێرینەكانو مناڵانی شەهیدانو زیندانەسیاسییەكان.
بەمانە بەگشتی كۆنگرەیەكی یەكگرتو سازبكرێت بۆ ئەوەی یەكێتی بكەوێتەوە سەر سكەی ئاسایی خۆی، لەناو ئەم كۆنگرەیەشدا رێكەوتن بكرێت لەسەر ناوەندی بریاری سیاسی بەمەرجی ئەوەی پێگەی هەڤاڵ مام جەلال وەكو خۆی بمێنێتەوە وەك سكرتێری گشتی و لەسەر شێوازێكی تازە رێكەون بۆ هەڵبژاردنی دەستەیەكی نوێی سەركردایەتی یاخود دەسنیشانكردنی لێژنەی باڵای بریارەكان یا هەر شێوازێك كۆنكرە پەسندی بكات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت