دکتۆر ئەحمەد خەليل: سەركردايەتی و كەسايەتیی سەركردەی كوردستانی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەرگێڕانی بە دەستكارييەوە/ ئەســـعەد قەرەداخـــــــــی

بەڵێ بۆ سەرۆك ….. نەفرەت بۆ زۆردار

ئەو گەلانەی شانشينی و ئيمپراتۆترێتيان دامەزراند، و نيشتمان و پێناسەيان پاراست، ئەوانەن كە سەركردەی باڵا و كاريزمە وەبەرهەم دێنن و شوێندەستيان لە مێژوودا تۆماردەکەن، لەوانە كە لە خاوەری دێريندا ديارن: سەگۆنی يەكەمی ئەکادی، حەمورابیی بابلی، تحوتحموسی يەكەمی فيرعاونی، شا سلێمانی عيبرانی، ئاشوربانيپاڵی ئاشووری، بەختەنەسری كلدانی، كۆرۆشی دووەمی فارسی، خەليفە عومەری كوڕی خەتابی ئيسلامی، جەنگيزخانی مەگۆلی، توگروبەگی سەلجوقی، ئورخانی عوسمانی و گەلێك زۆر لە ماننديان.

لە مێژووی ئێمەی كوردستانيمانيش چەندين شانشينی بەهێز دامەزران، كە فرايستەيان هەبووە لە مانەوەی نەتەوەمان كە بتوانێت لەسەر پێی خۆی تاكو ئێستا بوەستێت و بەرخودی ئەو شاڵاوە سەختو نالەبارانەی دوژمنان بكات، لەوانەيش: پاشای گوتی سارلاگاب Sarlagab، پاشای كاشی گاندێش Gandash، پاشای ميتانی شوتتارای يەكەمShuttarna 1، پاشای ئورارتی سەردور(سەردار)Sardor I، پاشای ميدی دياكۆ Daiku و كەيخەسرەوی كوڕەزاكەیKai-Khasru، سوڵتان سەڵاحەدينی ئەيوبی هەرچەندە پڕۆژە سياسييەكەی ئيسلامی بوو نەوەك كوردستانی.

سەركردەكانی سەردەمانی دێرين، پێشەوايەكی تاكڕەو بوو، هەر خۆی بوو و بەس، كەس نە بۆی هەبوو و نە دەوێراخۆی بدات لێی. بەڵام چەرخی ئێستامان لەبەر پێشكەوتنی زانياری و ژيار، بڵاوبوونەوەی ڕۆشنبيریی ديمۆكراسی، تاكە سەركردەی باڵادەسەڵات، ڕابەر و زۆردار پەسەند نييە و ناكرێت بە تەنيا بير لە ژينباری گەل بكاتەوە، بڕيارە نيشتمانييە باڵاكان بتەنێت و هەر لەنێودەستی خۆيدا گەمەی پێبكات، زۆر كەم هەيە لە خاوەری ناوەنددا دەسەڵاتی زۆردار و زاڵم و گەڕداس (طاغي) وەبەرهەم نەهێنێت. ئەگەر لەم سەردەمەدا هەر سووربين لەسەر پێگەياندنی زاڵم؛ ئەوا ئێمە دژی ڕەوشی مێژوو دەوەستين، لەبری ئامادەكردن بۆ ڕزگاری كوردستان …. گەل هەڵدەدەينە نێو کەڵبە خوێناوييەكانی شەڕەناوخۆييەكان.

بێجگە لەمە، دەروونگەری چيانشينی لە كەسايەتی و هۆشمەندی سياسیی لە كورددا، نەفرەت لە زوڵم و زۆرداری دەكات، هەر لە سەدەمی گوتیيەكانەوە، بە سەردەمی هۆريەكان، مەننایيەكان، ئۆرارتی و تا دەگاتە ميدیيەكان، بڕيارە باڵاكان بەزۆری لەلايەن پسپۆڕانی گەورەبژاردەكانی دەسەڵاتەوە دەردەچوون. ڕوخاندنی شانشينی ميتانی بەرابەر حيثیيەكان و ئاشووریيەكان، ڕوخاندنی شانشينی ميديا بە دەستی فارس، بە پلەی يەكەم دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕينی ڕەوش و ڕەفتاری پاشا بۆ سروشتی زوڵم و زۆرداری. ئەو پيلانە دوو قۆڵييەی نێوان فەرماندەی ناپاكی ميدی هارپاك و كۆرۆشی دووەم لە دژی پاشا ئەژدەهاك (ئەستياك) بەڵگەيەكی ديار و ڕوونە بۆ ئەو بارودۆخە.

سەركردايەتی لە كوردستان

دەبوايە لەم چەرخەی ئێستاماندا، بڕيارە نەتەوەيی و نيشتمانييەكان لە كوردستان لە دەست پسپۆڕانی ژێدەری نيشتمانی ياخود بڵێين دەستەی سەركردايەتی باڵا بوايە، تاكە كەسێك تاكڕەوی تێدا نەكات ئەگەر ئەوپەڕی بليمەتيشی لێ بوەشێتەوە. ئەگينا هەر بەدەستی خۆمان زۆردار دروست دەكەين، چارەنووسی گەلێك دەکەوێتە دەست تاكە كەسێك. بە گوزارەيەكی ديكە بڵێين؛ هۆش كۆيی نەتەوە پشتگوێ دەخەين و چارەنووسی هۆشوگۆشی خۆمان دەخەينە دەست تاكە كەسێكەوە. ئەو كاتە گەل دەبێتە ڕانەمەڕێك و توانای بيركردنەوەی لەكيس دەدات. ئەمەيش لە ڕاستيدا هەرگيز لە بوياری ئێستادا نەك هەر ناگوەنجێت بەڵكو چارەنووسی گەل دەكەوێتە بارێكی زۆر ناهەموار و ترسناكەوە.

بەڵی تا زووبێت درنگە بۆ دامەزراندی ژێدەرێكی كوردستانی وەك دەسپێكی يەكەم، ئينجا هەر لەو ژێدەرەوە سەركردە هەڵبژێردرێت و ببێتە نوێنەری گەل لە ناوخۆ و دەرەوە، نموونەی پێشەنگی جەنگی بەرگری بێت لە بوون و نيشتمان و ناسنامەدا. پشتبەستووبێت بە ڕاوێژكاران و ياوەرانی لە دەستەی ژێدەر.

ئەم ديمەنە لەلايەن پەندی پێشينانمانەوە بەم شێوەيە گوزارەيان لێكردووە: ئەوەی گەورەيەكی نەبێت … با بەردێكی زل بكاتە گەورەی خۆی.

لە ڕاستيدا هەر لە ڕووخاندنی شانشينی ميدا بە دەستی فارس نزيك ساڵی550پ.ز تاكو ئێستا، نەتەوەی ئێمە لە ژيانێكی گێرمەوکێشە گوزەران دەكات و وێڵە بەدوای سەركردەيەك لەسەر دوو ئاست:

A – زۆر لە سەركردەكان گەل/ يان بە منانێی خۆيی، بنەماڵەيی، خێڵەکی، دينی، ڕێبازگەری و ئايديۆلۆجی يەوە نغرۆبوون.

B – زۆر كەم تێياندا پڕۆژەی نيشتمانييان هەبووە، بەڵام هەر لە ماوەيەكی كورتدا خاوەن دەروونانی ناپاك، كەسانی ڕالەخۆ و خۆپەرست، بنەماڵەويست، خێڵەکی، دينی، ڕێبازگەری و ئايديۆلۆجی بەچەند بيانوو و شێوازی ديكە پیلانی لەناوبردن و لەباربردنی پڕۆژەيان بۆ داڕشتووە.

لەبەر ڕۆشنايی ئەم دوو ئاستەوەڕا، دەكرێت هۆكارەنی كێشەی سەركردە لە كوردستاندا لەچەند خاڵێكدا كۆبكرێتەوە:

يەكەم/ دەروونگەری چيايی، ژيواری چيا سەركێشی لە کەسايەتی كورددا چاندووە، باوەڕ بەخۆ و ڕاپەرموون بەخۆ، بەجۆرێك كە بيگەيێنێتە پلەی ڕالەخۆ و خۆزلی، دوورەپەرێز لە دەسەڵاتی ناوەندی، چاوچنۆكی و پڕكێشی بۆ پێشەوايی. ئەمە بەسەر زۆر لە كەسانی كورددا دەسەپێت كە دەڵێن: ميرايەتی دەكەم ئەگەر لەسەر بەرديش بێت .

دووەم/  ڕۆشنبيریی بەزين، سەردەمانی داگيركردن لە زۆرينەی كورددا، ئەم هۆكارەی چاندووە. ناشيرينترين و ڕيسواترين دياردە بوونی ئەو خاوەن دەروونە نزم ڕۆشنبيرە بەزيوانەيە كە خۆيان كردۆتە قوربانی لەخزمەتكردنی داگيركەری دەسەڵاتڕەو و پشتدەكەنە دەسەڵاتی ڕاستينەی كوردستانی.

سێيەم/ لاوازی هۆش و هەستی نەتەوەيی، سەردەمانی داگيركەر، وای لە زۆربەی كورد كردووە كە شوانكار و گوندەكی بن، دووربن لە تێكەڵبوون لەگەڵ ڕۆشنبير و ژيار، ئەمەيش وای لێكردوون كە هەستی نەتەوەييان لاواز بێت، خۆبەندييان بۆ خۆ و خێڵ و دين و بنەماڵەوە هەبێت.

چوارەم/ ململانی لەسەر دەسەڵات، داگيرکەران، كوردستانيان كردۆتە زيندانێكی گەورە، پارووی  خۆخۆرييان لەو زيندانەدا هەڵڕشتووە ، زۆربەی سەرانی دروستكراوی كورد وەك بلقی سەرئاو  لەسەر ئەو پارووە بەرەكەتە دەكەونە ململانێ و شەروپێكادان لەپێناوی زياتر خۆخۆنزيكردنەوە لە داگيركەر. جا هەركاتێك سەركردەيەكی دڵسۆز دەربكەوتايە و ڕێی خەباتی بۆ ڕزگار بگرتايەبەر، يەكسەر كەسانی گەنيو بە ڕۆشنبيری بەزاندن بۆی دەردەپەڕين و دەبوونە هاوكار و پێلانگێڕ بۆ نەمانی.

لە تايبەتمەندييەكانی سەركردەی كوردستانی

لە ڕاستيدا، سەركردايەتی بەهرەيە، زانست و شارەزاييە، سەرۆكايەتی گەلان ئەركێكی زۆر سەخت و گرانە، لەبەرئەوەی دەكرێت پلەوپايەكی وەها بە چەند تايبەتمەندييەكی تێدا هەبێت، لەوانەيش:

1 – بيروباوەڕی نيشتمانپەروەری، سەركردەی دڵسۆزی لەخۆبورد، خاوەن بيروباوەڕی نەتەوەيی و نيشتمانی دەخاتەپێش هەموو بيروباوەڕێكی ديكە، ئیتر هەر پيروباوەڕێك بێت. بەرژەوەندی گەل و نيشتمان لەسەروو هەموو شتێكەوەيە.

2 – دانايی، سەركردەی دانا و هۆزاكی دووربين، كاری گونجاو لە كاتی گونجاودا دەكات، بە چۆنێتييەكی گونجا و هەڵسانگاندیكی گونجاو، گەل ئامادەدەكات بۆ ڕووداوەكان بەر لە گيرۆدەبوون پێوەی. جا سەركردەی هەڵەشە و گێل دەبێتە فسفسپاڵەوان و بەڵا بۆ سەر گەل.

3 – كارەساتی سەرکردەی نەزان و گەلۆر. لە سەردەمانی زوودا سەركردەی نەخوێندەوار پەنای بۆ كەسانی زانست و زانيار دەبرد، بەڵام لەم سەردەمەی ئێستاماندا دەبێت خۆی ڕۆشنبير بكات و پەنا بۆ ڕاوێژكاران بەرێت لە هەموو بوارێكدا، هەميشە نزيكيان بێت تاكو لەكاتی پێويستدا بڕياری بەسەند بدات. جا سەركردەی نەزان و نەخویندەوار لە سەردەمەدا كارەساتی نەهامەتی بۆ گەلەكەی دەهێنێت، لای خۆی وايە كەسێكی حەوت دەستڕەنگينە بەڵام نازانێت کە حەوت بەڵا و نەهامەتی بەدوای خۆەدا دەهێنیت. ئەوەيشی بە گەڕوبەريدان هەموو كاوێژكارن نەوەك ڕاوێژكار.

4 – دادوەری، دەڵێن: جارێك فەرمانڕانی شارێك داوا لە پاشا دەكات دارندەی بكار بۆ بێناكردنی سوورايەك بەدەوری شارەكەدا بۆ پاراستنی لە دز و جەردە. وەڵامی پاشا بۆی: بڕۆ بە شوورای دادوەرەی بيپارێزە. بەڵی سەركردە دادوەر گەل و نيشتمان دەپارێزێت لە ململانێ و بەرەنگاربوونەوەی دوژمنان.

5 – بويارێتی (واقيع بين)، سەرکردەيەك خۆی لە بوياری ژيانی گەلەكەی جيابكاتەوە، لە خەياڵدا بژی ، گوێ نەداتە بارودۆخی و گوزەرانی ناوخۆ و بە ئارەزووی خۆی لەگەڵ بارودۆخی هەرێمی و دەوڵەتيدا رەفتاربكات، گەلەکەی بۆ شەڕی دۆراو ڕاپێچبكات، بەرەو مەڕەی وێرانی و داڕمانی دەبات.

6 – پراگماتگەری، سەركردە دەبێت کەسايەتييەكی پراگماتکار بێت، بتوانێت پێشکارەكانی ديار و سنوورداربكات، لێزانێكی نەرم بێت، پێشڕەو و پيشەگەل بێت لەكاتی پێويستدا، سوود و زيان لەيەكتر جيابكاتەوە. بزانێت كام كار سوودی زياترە و زيانی كەمترە. ئەم ڕەوش و ڕەفتارە زۆر گرنگە لە ژيانی ڕۆژانەيدا.

7 – ئازايەتی، سەركردەی ئازا و نەبەرد، بوێرانە دەتوانێت ڕووبەڕووی كێشە و تەنگژەكان ببێتەوە، نابێت لەسەر هەژماری گەل بەچۆكدا بێت بۆ دوژمن. ئەو سەركردە ئازايەی ئامادەيی قوربانی تێدا نەبێت، گەل بەرەو دۆڕان دەبات، لافوگەزافی قوربانیدانی بنەماڵە و تيرەی بەسەر گەلدا لێنەدات.

8 – ئەزمەنديی و پێداگيری، سەركردەی ئەزمەند و پێداگر لە بەڕێوەبردن، دەبێت تەگبير و پێداويستييكانی لەبەرچاوبێت بۆ چارەسەركردنی كێشە و كاروبارەكان. چاوپۆشی لەوانە نەكات كە ياری بە چارەنووسی گەلەوە دەکەن. بێگومان سەرۆكێك خۆی بەو ڕەفتارانە ڕانەهێنێت، هەرگيز ناتوانێت بەئەزمەند بێت لە بەڕێوەبردندا.

9 – پاكڕەوی و خۆنەويستی، چ گەورە و مەزنييە بۆ سەرۆكێك كە ژيانێكی سادە گوزەرانبكات، دووربێت لە تەنتەنە ڕابواردن و دەستپاك و چاودیر بێت بەسەر سامانی گەل و نيشتمانەوە. گەل نەباتەوە سەر ئەو پەندە پێشينانەی كە دەڵێت: خەڵكان لەسەر دينی پاشايانن . ئەگەر سەركردە كەوتە نێو ڕابواردن و سامان دزين لە گەل، دەستوپێوەندی لە دەوروبەریخۆی زۆركرد، گەلی کردە چاولەدووی خۆی و فێری خاوخليچكی كرد لە ژيانی ڕۆژانەيدا، ئەوە وەك ڕووخاندنی شانشينی ميديا لەنزيك سەتەی شەشەمی پێش. زايين و دەوڵەتی دۆستەكی نزيك سەتەی يانزەی زايينی لێ بەسەرد دێت.

10 – هاوژيانی جەماوەری، سەركردەی گۆشەگيری دوور لە گەلەکەی، دوور بێت لە خۆشی و ناخۆشييان، بێئاگابێت لە برسێتی و ڕووت و ڕەجاڵ و منداڵان و بێوەژنانی بێكەس و زوڵملێكراوان، شياوی ئەوە نييە سەرۆك و سەركردەبێت.

لە پێشبينييەکانی پيرەمێردی دانا كەئەم بارودۆخەی كوردستانی باشوور، دەفەرموێت:

زۆر کەم دەمێنێت نوێژی جەماعەت              لە ئەمانەتيش ئەكەن خيانەت

عيزەت ئەچێتە لای پياوی زاڵم                 قەدرو ئيمانی نامێنێت عالم

برەو ئەسێنی شەراب و قومار                      ماڵ گران ئەبێت لە بازاڕ و شار

كوشتن و دزی و تاڵانی و درۆ                  فەقير و هەژار ئەخاتە ڕۆڕۆ

دەوڵەمەند زەكات نادات بە ئيحسان                     ڕاستی نامێنێت زۆر دەبیت بوختان

گۆرانی سوك و قسەی ناڕەوا                        پەسەندتر ئەبێت لە زێكری خوا

دايكوباوك قەدريان لای كور نامێنێت                      كەس لە مەكتەب قورئان ناخوێنێت

پێت و بەرەكەت ئەڕوا لە ئەرزی                   ئەمەيە نيشانەی ئاخر زەمان

 

ئای كە خواروخێچين، هيچ پەند لە ڕۆژگار وەرناگرين. بەڵام هەر لەگەڵ ئەوەيشدا:

چەندە ڕێگەمان سەخت و گران بێت       چەندە دوژمنيش هێز و توانای بێت

چەندە سەركردەيش دز و جەردە بێت        ميللەت فرۆش و پاشكۆ پەرست بێت

سامانی ميللەت بە بە فێڕۆ بەرێت           گەندەڵ پارێز و كورسی بۆ خۆ بێت

چەندە بارودۆخ لەوە لەنگتر بێت             دەبێت كوردستان هەر ڕزگاری بێت

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت