بورهان شێخ ڕەئوف: خۆپیشاندانەکانى 27- 9 وێنەیەکى جوان .
خۆپیشاندانەکانى ئەمڕۆ 27 ى ئەیلولى 2016 لە بەشێکى گرنگ و زیندووى هەرێمى کوردستان کە لە مێژوویشدا زۆر جار دەستپێک و پێشەنگى زۆربەى بزوتنەوە و چالاکى شۆڕش و بەرخۆدان و سەرهەڵدانەکان بووە تا ئێستە ئەوەى من لە سەرلە بەیانى ئەمڕۆەوە چاودێرى دەکەم بە شێوەیەکى زۆر هێمنانەو شارستانیانە بەڕێوە چوو، جگە لە چەند تایەیەک کە لە قەڵادزێ بینیم ئاگرى تێبەردرابوو ئەوەش خاڵێکى هێندە گرنگ نیە شایانى باسکردن بێت .
ئەوەى مەبەستمە لەم نووسینە کورتەدا بیڵێم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانى ئەمڕۆى خەڵکى کوردستانە نەوەک قەیرانەکان چونکە لە ماوەى ڕابردوودا کەم و زۆر قسەمان لەسەرکردووەوە پێویستى بە پێناسەو وەبیرهێنانەوە نیە و بووەتە مۆتەکەو هاوبەشى ژیانى خەڵکى ئەم وڵاتە .
ئەمڕۆ مامۆستایانى سەربەرزو زۆرێک لە چین وتوێژە جیاوازەکانى گەل بە شێوەیەکى شارستانیانەو یاساییانە و بە مۆڵەت ڕژانە سەرشەقامەکانى پارێزگاى سلێمانى و پارێزگاى هەڵەبجە وئیدارەى گەرمیان و ئیدارەى ڕاپەڕین و کۆیەش لە پارێزگتى هەولێر و لە کاتى یاسایى خۆیدا کۆتاییان بە خۆپیشاندانەکان هێناو داواکارییەکانیان دا بە کاربەدەستانى ئیدارى ناوچەکان و لە هەمووى جوانتر لە دواى خۆپیشاندانەکانیش هەندێک لە چالاکوانەکان گۆڕپان و شوێنى گردبوونەوەکانیان پاک کردەوە .
وەلێ تائێرە بەرەى خەڵک بە شێوەیەکى جوان و یاسایى مەسجى خۆیان گەیاند ئەوەى ماوەتەوە جیاوازى ئەمجارەى خوپیشاندانەکان بوو لەوانەى پێشووتر کە ڕێڕەوەى خۆپیشاندانەکان ڕوو لە هیچ حزب و لایەنێک نەبوو ڕوو لە دامودەزگاکامى حکومەت بوو ئەگەر جاران خەڵکى ناڕازى و خۆپیشاندەر بە دەسیسەى و پیلانى فڵان و فیسار لایەن ناوزەد دەکرا و گوێ لە داواکارییەکان نەدەگیرا ئەوا ئەمجارە هیچ بیانوو و پاساوێک نیە بۆ وەڵام نەدانەوەى داوا ڕەواو بەرهەقەکانى خەڵکى ستەمدیدەى کوردستان .